ئەوەی بێگانە دایپۆشێت بێ پۆشاك چاوئەنێتەوە
Thursday, 03/07/2014, 12:00
لەو رۆژەی كوردستان كەوتۆتە قۆناغێكی گواستراوە لە خەباتی رزگاریی نیشتمانیدا، لایەنەكان لە ململانێكانیاندا بەرادەیەكی زەقتر پشت بە هێزی دەرەكی دەبەستن، تا ئەوحەدەی لە بەرامبەر یەكتردا، هێزی دوژمنانیشیان بۆ كوردستان پەلكێش كرد، كەئەمە لوتكەی دوركەوتنەوەیە لە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی و، تاسەر ئێسقان خۆپەرستی و خستنە پێشەوەی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی و، دەچێتە خانەی ناپاكیەوە .
پاش روخانی رژێمی دكتاتۆری لە عیراق، هاوكێشەكان بە شێوەیەك گۆڕان، كە ئەم جارە پەیوەندیە دیبۆماسیەكان و بەرژەوەندیە ئابوری و سیاسیە تیكەڵاو و لێكدراوەكان لەگەڵ وڵاتانی دەروبەر جێگەی ململانێی عەسكەری گرتۆتەوە و، ئێستاش كێبركێكان بە شێوەیەك بەرێوەدەچن، كە هەر لایەك بەرژەوندیی لە لایەنگری خۆی لە بلۆكێكدا دەبینێتەوە، بێ ئەوەی پشت بە ئەوە ببەستن كە ئامانج و رەفتار و بۆچونی كام لەو بلۆكانە لەخزمەت گەلی كورد دەبێت و دەرئەنجامی هاوكێشە و كارلێكە هەمیشە گۆڕاوەكان لە قازانجی كێ دەبێت، واتە سیاسەت لە سەر بنەمای خۆ لكاندن بە هێزێكی دەرەكی لەبەرامبەر ئەویتری نێوخۆیی، نەك دیاریكردنی هاوپەیمانی دەرەكی لەسەر بنچینەی كامەیان لەقازانجی بەدیهێنانی ئامانجە ستراتیجیەكانی كورددایە . گرنگترین بەڵگەش دابەشبونی هەردوو زلهێزی كوردستان بەسەر هەردوو بلۆكی سونە و شیعەدا . واتە هەر یەكەو هێلكەی خۆی خستۆتە سەبەتەی بێگانەیەكەوە، دوور لەوەی بیر لەپێگە سەرەكیەكانی نەخشەكێشان و بەرێوەچونی ستراتیجیەتی سیاسەت و ئابوری كوردستان لەسەر بنەمای خودئیكتیفا بكەنەوە . بەواتایەكی تر، ئێمە لە حاڵەتێكدا ماوینەتەوە كە هەر كاتێك هاوپەمانە دەرەكیەكانمان رێككبكەون و پشتمان لێ بكەن بەرگەی ماوەیەكی كورت ناگرین .
حاڵی حازریش، پاش هاتنی داعش و، گوێبیتسی چەندین لێدوانی نابەجێ و رەفتاری بێ دیراسەت،لە لایەن زۆرێك لە لایەن وبەرپرسەكانەوە، تا دێت خەڵك لە دڵە راوكێی زیاتردا دەبێت نەك دڵنیابون لە بارودۆخەكە، چونكە لەوباوەرەدایە كە هیچ هەنگاوێكی پۆلایینمان نەناوە و، زیاتر پرۆسەكەمان تا ئەمرۆش بەدەست قەدەرەوەیە و، هەموو ئەگەرێكی خراپ و كارەستبار لە ئارادایە . بە سۆز و عاتیفە كار كردن، لە لێدوانی بەرپرسە باڵاكانماندا دەردەكەوێت، كە هەر رۆژێك بە شێوەیەك رابۆچونیان دەردەبرن و تا رادەیەكیش بۆ رۆژی دوایی و پاش بیستنی هەڵوێستی توند لە لایەنە دەرەكیەكان، پەشیمان دەبنەوە .
بۆیە گرنگترین بۆچون لەم كاتەدا ئەوەیە، كە دوور لە پشتبەستن بە هێزی دەرەكی لە هەموو بوارەكاندا، هەوڵی تۆكمەیی نێوخۆ بدرێت لە رووی ئابوری و سیاسیەوە، ئەگینا هەر شكستێك لەهەر هەنگاوێكی چارەنوسساز بۆ دواوە دەمانگێرێتەوە و خەڵك و رەی نامێنێت و هێزە دەرەكیەكان دەتوانن رەوشەكە بقۆزنەوە و مەرجەكانی خۆیان بەسەرماندا فەرز بكەن .
تا ئێستاش، رێگەكان زۆرن، بەڵام گرتنەبەریان و بەكارهێنانی ئامرازی شیاو، لەسەر پێگەكان زەروریەكان وەستاوە كە تاچەند ئیشیان لەسەر كراوە و بنیاتنراون و، بارودۆخەكەش ئەوەندە هەستیارە كە لە ماوەی چركەساتێكدا دەكرێت هەموو هاوكێشەكان سەروخوار ببنەوە و ئەوەی چەندین ساڵە كارمان لەسەر كردوە بسرێتەوە .
ئیستاشی لەگەڵدا بێت، كە ئێمە چاوەرێی دەستی ئەم لاو ئەولا ین و ئەوان رێبەر و چاوساغمانن و لە بریارێكی بچوكیشدا پرسیان پێ دەكەین، بێگومان زۆر درەنگ دەبینە بریاری راست و دروستی تایبەتی خۆمان كە بە رەهایی لە بەرژەوەندی میلەتەكەمان بێت . زۆر بە داخەوەم كە هەمیشە فركان فركی ئەم بەرپرس و ئەویتر دەبینم بۆ دەرەوە و، چەندین جار لە سەر سفرەی بێگانە بریاری چارەنوسسازی گەلەكەمان دەدەن و، لە نێو خۆیاندا ركابەری یەكتر دەكەن كە كامەیان زیاتر دڵی ئەم دەرودراوسێیانە رادەگرن . ئەگەر سەركردایەتیەك لە سەروی دەسەڵاتی كوردەوە لە دەرەوە بریاربەدەستی سەروی كورد بێت، جا چۆن هەمیشە ئێمە لە دڵەراوكێدا نەبین و ئاسۆمان روون بێت، ئەگینا مەعقولە كە تا ئێستا دەوڵەت نیت و شانازی بەوەوە بكەیت كە رێككەوتنی پەنجا ساڵیت ئیمزا كردووە لەگەل وڵاتێكی ناتۆدا . ئەم قسانەش تەنها دەسەڵات و حزبە عەلمانیەكان ناگرێتەوە، بەڵكو ئەگەر حزبەكانی دەسەڵات لە رووی سیاسیەوە ئەم رەفتارە بكەن ئەوە حزبەكانی ئیسلامی سیاسیش لە ناوەرۆكی كار و رێباز و رەفتار و تەنانەت ئایدیۆلۆژیەتیشیاندا چاویان لە رێگەی دەرەكیە، یان بە ناراستەوخۆ بە بۆچونی ئەوان دەچنبەرێوە، یان زۆر لە فەرمانەكانی ئەوان جێبەجێ دەكەن .
لێرەدا زۆر پێویستە بڵێم؛ ئەوەی بێگانە دایپۆشێت لە دواجاردا بێ لەحاف و سەرپۆش چاو دەنێتەوە .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست