کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گۆڕان بەرەو سەنترالیزم

Monday, 11/07/2011, 12:00






گۆڕان لەسەرەتاوە وا خۆی نمایش کرد کە گەلێ لەو پارت حزبانەی ئەمڕۆی کوردستان هەن، جیاوازن. ئەم جیاوازیەشیان خۆی لە گەلێ بواردا دەرئەخست، بەجۆرێ کە گۆڕان هیچی لەیەکێتی و پارتی ناچێ و پێویستیشە چاو لەوان نەکەن و هەمان ڕێساو یاسای ئەوان دووبارە نەکەنەوە. چەندین جار گوێبیستی ئەوەبووین ، کە گۆڕان بەتەمایە خۆی لەتارمایی ئەو شێوازە ستالینیە بەدوور خات کە حزبە کوردیەکان چەندین ساڵە پابەندن پێوەی و لەسەری ئەڕۆن، ئەمان ئەیان ووت ؛گەر حزبایەتی وەك ئەوەی پارتی و یەکیتی بێ، ئەمان خۆیانی لێ بەدوور ئەگرن و؛ بەتەماشن مۆدێلێکی نوێی سیاسی لەکوردستان بێننە کایەوە ، کە بەشێوەیەك مۆدرێن و شێوازی نوێی کارکردنی تیابێ کە بێتە مایەی سەرفرازی بۆ نەوەکانی دا دێ .

یەکێک لە خاڵە هەرە زەق و دیارەکانی پەیڕەوی ناوخۆی گۆڕان ئەوەیە، کە پێوستە ئەندامان و لایەنگرانی ئەم (بزووتنەوە، لیست، حزب وەیان هەر ناوێکی تر) لامەرکەزی لەکارکردن و بڕیارداندا،بێ. بۆ نمونە هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، ئەوانەی کاریان بۆ گۆڕان کرد، دیارە بەخودی خۆشمەوە، بەبێ بوونی هیچ بەرنامەو پرۆگرامێك، وەیان بەبێ هیچ پەیام و ڕاسپاردەیەك لەلایەن کەسێکی دیاری کراوە، هەستاین گوژمێکی بەتینمان دایە پاڵ ئەم بزووتنەوەیەو ، وویستمان هەر چۆنێك بێ شتێکی وای لێ دروست بکەین کە بتوانێ ئەو کەلێنە پڕبکاتەوە کە هەردوو مافیاکە (جەلال و مەسعود) دروستیان کردبوو. وەیان لەکەمترین حاڵەتدا بتوانێ ململانێی هەندێ لەو کێشەو قەیرانانە بکات کە هەن، لێ بەداخەوە لەوەدا کورتمان هێناو هەوڵەکەمان هەر زوو لە بار برا.

کاك نەوشیروان پێی وابوو لەڕێگای پەرلەمان و شاندی گۆڕانەوە ئەتوانێ ئەو گۆڕانکاریە بکا کەخۆی بەهیوابوو ڕوو بدا، ئەگەر چی لەڕاستیدا ، ئەو ئەندامانەی لیستی گۆڕان بەڕاستی خەڵکانی پاك و بوێرو جوامێر بوون و بەو گیانەوە ڕویان کردە هەولێر کەبتوانن داکۆکی لەخەڵکی کوردستان بکەن. چەندین نمونەی لەو جۆرە هەن کە تیایدا ، ئەندام پەرلەمانی لیستی گۆڕان بەهۆی ئەو هەڵوێستانەی نوانیاند، توشی تانەو تەشەرو لێدان و ئەشکەنجە بونەوە،، کە بەڕاستی ئەمە بەشێکی ئەو خەباتەیە کە ئەوان کردیان .

لەدوای ئەوەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی یەکێتی و پارتی بەهۆی بەکارهێنانی چەکەوە توانیان کۆنترۆڵی شەقام : ؛بۆ ماوەیەکی کاتی:؛ بکەن. ئێدی گۆڕان جۆرێك لەو سیاسەتی لامەرکەزیەتەی لای ئەندامانی پێشێل کردوە کە لەوەو پێش وا نەبوو. بۆ نمونە لەزاری پەرلەمانتار دکتۆر شاهۆ ، کە بەنیازی بایکۆتکردن بوون لە دیوەخانەکەی قادر دوبزی ، بەڵام کاك نەوشیروان داوایان لێ ئەکا ، کاری وا نەکەن بەپاساوی ئەوەی هەنووکە دانوستان لەئارادایە. ئەمە بۆ خۆی دەست تێوەردانە لەکارو باری ئەندام پەرلەمانەکانی لیستی گۆڕان و هیچی کەمتر نیە لەوەی کە هەردوو مافیا بڕیاری کۆتایی سیاسی هەردوو (م.س) ئەدەن لەمەڕ هەر پرس و دۆزێك.

بۆیە بەبڕوای من ، ئەو بڕیارەی کاك نەوشیروان کە بۆ درێژە پێدانی دانووستان و بایکۆت نەکردنی کاری سیاسی لەگەك ئەم دەسەڵاتە،جگە لەوەی شەرعیەت دانە بەم دەسەڵاتەی کە پێشتر خۆی چەندین جار بە ئێکسپایەر و ناشەرعیەت ناوزەندی ئەکردن، ئەوا لەهەمان کاتیشدا ، چەمۆڵەیەکە لەنێو چەوانی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی کە بەنیاز بوون چەند فشارێك لەسەر دەسەڵات بنێن بۆ داوا ڕەوەکانی خەڵکی کوردستان.. لێرەوە ، ئەمە سەرەتای خاڵی لەیەك چووی هەریەك لە پارتی و یەکێتی و گۆرانە ، سەبارەت بەوەێ کێیە بڕیاری ئەوەڵی و کۆتایی دەر ئەکات. ئێدی چی تر لامەرکەزیەت لەنێو گۆڕان نەما و لەمەو دوا کاك نەوشیروان، ئەگەر چی تا ئێستا هیچ کۆنگرەیەك نەکراوە بۆ دەست نیشانکردنی نێوەندی بڕیار، کەچی بێ ئەوە ئەو مافەی دا بەخۆی و وەك جەلال و مەسعود بڕیاری کۆتایی دا.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە