کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عه‌دنان سه‌راج: له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خاڵه‌كانی‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراقدا پۆستی‌ وه‌زاری پێده‌درێ

Wednesday, 08/12/2010, 12:00


ئه‌ندامێكی هاوپه‌یه‌مانی‌ نیشتمانی‌، (كوتله‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ راسپێردراو به‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراق) ته‌ئكیدی له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌و خاڵانه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌یه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، بزوتنه‌وه‌كه‌ وه‌زاره‌تێكی له‌ كابینه‌ی‌ نوێی‌ حكومه‌تی عێراقدا پێده‌درێت، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری فراكسیۆنی گۆڕانیش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت پشكی كورد بچه‌سپێنن له‌ بونیادنانی عێراقی نوێدا.
عه‌دنان سه‌راج، ئه‌ندامی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی، له‌ لێدوانێكدا بۆ (سبه‌ی‌)، وتی: له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خاڵ و به‌پێی‌ ئه‌و خاڵانه‌ی‌ هه‌یه‌تی‌، بزوتنه‌وه‌ی گۆِران له‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تی داهاتوی‌ عێراق، پۆستی‌ وه‌زاری به‌رده‌كه‌وێت، هه‌روه‌ك چۆن سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێك له‌ لیژنه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی پێدراوه‌.
ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد: سبه‌ینێ‌ یان دو سبه‌ی‌، رێژه‌ی‌ ئه‌و خاڵانه‌ی‌ پێویستن بۆ وه‌رگرتنی وه‌زاره‌ته‌كان، ئاشكرا ده‌كرێت.
به‌پێی‌ ئه‌و خشته‌یه‌ی‌‌ بۆ ئه‌ژماركردنی كورسی كوتله‌كانی‌ ناو په‌رله‌مان له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی‌ نیشتمانی‌ ئاشكراكرا، هه‌ر خاڵێك به‌ 2.24 كورسی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌ژماركراوه‌.
هه‌ر به‌گوێره‌ی‌ خشته‌كه‌: پۆسته‌كانی‌ سه‌رۆكایه‌تی به‌ 10 خاڵ ئه‌ژماركراوه‌ و (وه‌زاره‌ته‌ سیادیه‌كان) 3 خاڵیان پێویسته ‌و هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی (بازرگانی‌ و كاره‌باو چه‌ند وه‌زاره‌تێكی دیكه‌)ش، 2 خاڵیان بۆ ده‌ستنیشانكراوه ‌و بۆ وه‌رگرتنی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ته‌كانی‌ دیكه‌ش، 1.5 خاڵ پێویسته‌. ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ش هی ده‌وڵه‌تن و هیچ دام و ده‌زگایه‌كیان نیه‌ و یه‌ك خاڵیان پێویسته‌ بۆ وه‌رگرتن.
به‌پێی‌ ئه‌م دابه‌شكردنه‌ی‌ وه‌زاره‌ته‌كانی‌ حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ عێراق له‌گه‌ڵ پۆسته‌ سیاده‌كاندا، به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كابینه‌ی‌‌ رابوردوی‌ حكومه‌ت، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو رێژه‌ی‌ پۆسته‌كانی‌ كورد له‌ ناو وه‌زاره‌ته‌كاندا كه‌مده‌بێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ ئێستادا هاوپه‌یمانی‌ كوردستان كه‌ خاوه‌نی 43 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌، 19.5 خاڵی‌ به‌ركه‌وتوه‌ و به‌هۆی‌ وه‌رگرتنی پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و فراكسیۆنه‌وه‌، 15 خاڵی‌ بردوه ‌و ته‌نها 4.5 خاڵی‌ ماوه‌.
هاوكات به‌پێی‌ ئه‌م دابه‌شكردنه‌، لیستی‌ گۆڕان كه‌ خاوه‌نی 8 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌، رێژه‌ی‌ خاڵه‌كانی‌ 3.58 خاڵه‌.
هه‌ریه‌كه‌ له‌ (یه‌كگرتوی‌ ئیسلامی كوردستان)ش كه‌ خاوه‌نی 4 كورسیه‌، خاڵه‌كانی‌ ده‌كاته‌ 1.79 خاڵ، كۆمه‌ڵی ئیسلامیش كه‌ خاوه‌نی 2 كورسیه‌، خاوه‌نی ته‌نها 0.90 خاڵه‌.
سه‌باره‌ت به‌ گفتوگۆكانی نێوان فراكسیۆنی گۆڕان و لیستی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی كه‌ بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت راسپێدراون، دكتۆر شاهۆ سه‌عید، سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری فراكسیۆنی گۆڕان له‌ به‌غدا به‌ (سبه‌ی) راگه‌یاند: ئێمه‌ له‌ رێكه‌وتی 29/10 له‌ فراكسیۆنی لیسته‌ كوردستانیه‌كان جیابوینه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ستمانكرد له‌ كایه‌ی سیاسی عێراق و میدیای عه‌ره‌بی هێشتا ئه‌وه‌ رون نه‌بو كه‌ ئێمه‌ فراكسیۆنێكی سه‌ربه‌خۆین و ده‌مانه‌وێت وه‌كو شاندێكی سه‌ربه‌خۆ به‌شداری له‌ پێكهێنانی حكومه‌تدا بكه‌ین.
دكتۆر شاهۆ باسی ئه‌وه‌شیكرد: به‌ لایه‌نه‌ عێراقیه‌كانمان وت: ئێمه‌ كێشه‌مان ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ پشكی وه‌زاره‌تێك یان چه‌ند وه‌زاره‌تێك وه‌ربگرین، به‌ڵكو مه‌به‌ستمانه‌ به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا بكه‌ین و كاربكه‌ین بۆ گۆڕینی سروشتی په‌یوه‌ندی نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری فراكسۆنی گۆڕان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: به‌ شاندی هاوپه‌یمانی نیشتیمانیمان راگه‌یاند، كێشه‌ی ناوچه‌دابڕواوه‌كان بنچینه‌ییه‌ له‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێمدا، هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی ته‌نها خزمه‌تی لایه‌نه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌كات، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ش كه‌شێك ده‌خوڵقێنێت كه‌ هه‌مو پێكهاته‌كانی عێراق پێكه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مانی شه‌راكه‌ت وڵاتێكی فیدراڵ پێكه‌وه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن.
وتیشی: پێشمان راگه‌یاندن، گه‌لی كورد ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی كارا كاربكات بۆ بنیادنانی عێراق نوێ و چاره‌سكردنی گرێكوره‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
دكتۆر شاهۆ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: داواكارییه‌كانمان پێشتریش داواكرابون، به‌ڵام دواتر كرابونه‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی به‌ده‌ستهێنانی پشك، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌رله‌وه‌ی داوای پۆست بكه‌ین یان قسه‌ له‌سه‌ر پشكی كورد بكه‌ین له‌ حكومه‌تی داهاتودا، ده‌مانه‌وێت باس له‌ پشكی كورد بكه‌ین له‌ بونیادنانی عێراقدا بۆ چه‌سپاندنی چه‌مكی شه‌راكه‌تی نیشتیمانی، له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واوكه‌ر.
هه‌روه‌ها وتی: ئێمه‌ روئیا و گوتارمان رۆشنه‌، به‌هه‌مان ئه‌و پێوه‌ره‌ی له‌ عێراقدا داوای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌ین، به‌هه‌مان پێوه‌ریش له‌ كوردستان داوا ده‌كه‌ین ده‌سه‌ڵات دابه‌ش بكرێت، واته‌ به‌هه‌مان ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌كی كه‌ دژایه‌تی مه‌ركه‌زییه‌ت ده‌كه‌ین له‌ به‌غدا، به‌هه‌مان شێوه‌ روبه‌ڕوی مه‌ركه‌زیه‌تیش ده‌بینه‌وه‌ له‌ كوردستاندا.
سه‌باره‌ت به‌ ئاستی تێگه‌یشتنی لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان له‌ گوتاری فراكسیۆنی گۆڕان، دكتۆر شاهۆ سه‌عید وتی: لایه‌نه‌ عه‌ره‌بییه‌كان گوتاره‌كه‌مان به‌شتێكی زۆر تازه‌ ده‌بینن، هه‌روه‌ك چۆن به‌شێكی زۆری عێراقیه‌كان پێیان وایه‌ تائێستا روئیایه‌كی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نی كوردستانی و عێراقیدا دروستنه‌بوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی عێراق له‌ وڵاتێكی تاك شوناسیه‌وه‌ ببێته‌ وڵاتێكی فره‌شوناسی.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە