کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


كورد لە نێوان دەوڵەت و ئازادی دا

Saturday, 12/01/2013, 12:00






بەدڵنیایەوە نەك تەنها نەتەوەی كورد، بەڵكو ئەو نەتەوانەی تێكۆشانی "رزگاری نەتەوەیی" یان لە بەرامبەر سیستەمی داگیركاری دا بەرێوە بردووە، ئامانجیان بەر لەئەوەی بنیادنانی "دەوڵەتی سەربەخۆ" بێت ئازادی و یەكسانی بووە. لە سەرەتادا بەرهەڵستكاریان لەبەرامبەر " ستەمكاری و دیكتاتۆری و نادادپەروەری كۆمەڵایەتی بووە، بەڵام بەداخەوە دوای بەدەس هێنانی دەسەڵات و "بوون بە دەوڵەت" ئاكامیان جیاواز نەبووە لەوەی كە لەدژی تێكۆشانیان كردووەو بوونە بە هەمان شت كە لەبەرامبەری قوربانی گەورەیان داوە. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چارەسەر نەكردنی ناكۆكیەكانی نێوان دیاردەی " دەوڵەت و دەسەڵات و ئازادی". چون دەوڵەت و ئازادی، یان دەسەڵات و دادپەروەری دوو دیاردەی دژە یەكن و بە یەكێكیان ناتوانرێت ئەوی تریان بە دەسبخرێت. واتا بە دەوڵەت ئازادی بەدی ناكرێت،یان بە ئازادی دەوڵەت بەدی ناكرێت. وەك شەو و رۆژ یان باشەو خراپە. بۆ نمونە من دەتوانم بە سەدان و هەزاران شۆرشی جیهانی لەم بابەتەدا باس كەم كە سەرەڕای ئەوەی قوربانی زۆریان بۆ ئازادی داوە بەڵام ئەم ئامانجە پیرۆزە بە هۆی "میتۆدی" هەڵە یان نەدۆزینەوەی رەمزەكانی دەوڵەت و دەسەڵات بە لارێدا چووە. لەبەر روون بوونی بابەتەكە زۆر بەپێویستی نازانم زۆر قوڵایەكانی مێژوو باس كەم، گەرانەوە بۆ سەدەكانی (16و17و18و 19و20) دتوانێت زۆر راستیمان پیشان بدات كە دیاردەی دەسەڵات چون توانیویە شۆرشەكان كۆنتروڵ بكات و بیخاتە ژێر كاریگەری خۆیەوە. شۆرشی رێنیسانسی سەدەی 16ی ئەوروپا كە بە شۆرسی بەریتانیا و فەرەنسا لە سەدی 17و 18 گەیشتە ئەنجام،گەلان وا بیریان دەكردەوە كە بە روخاندنی دەوڵەتێك و بنیادنانی دەوڵەتێكی تازە ئازادیان گەرەنتی كردوە، بەڵام ئەوكاتە لە خەو راچەڵكین كە هەمان كارەسات لە لایەن دەوڵەتە تازەكانەوە بەسەریاندا هات. شۆرشی فەرەنسا لە دژی لویسەكان قوربانی گەورەی دا و توانی دەسەڵات بەناوی" نەتەوەی سەربەخۆەوە" تومار بكات ،بەڵام هێشتا شۆرش كۆتایی پێنەهات بوو "قۆناغی تیرۆر لە لایەن هێزە شۆرشگێرەكانەوە لە بەرامبەر خەڵك دەستی پێكردو بەناوی سەروەری یاساو دەسەڵاتەوە بە هەزاران كەس سەریان لە جەستەیان جیاكرایەوە. ئەوكاتە گەل لە بوونی ئازادی و یەكسانی گومانیان كردو پێداچونەوەیان لە ئامانج و رێبازەكەیاندا كرد.شۆرشی روسیا كە چەند ملیۆن كەس گیانی خۆیان لەپێناویدا بەخت كرد بەناوی عیلمانێت و سۆشیالیزم و یەكسانیەوە خەڵك كاتێك لەناو جیهانی خەیاڵ ئاویدا خەبەری بووەوە كە لەناو سیستەمی دیكتاتوری پۆرۆلاتاریدا ژیانی بەسەر دەبرد. خەڵكی كوبا ئەلجەزایر و ...هتد بە هەمان شێوە. پێش ئەمانیش دەوڵەت بە ناوی ئایین و پیرۆزیەكانەوە توانی شۆرشی مەسیحیەكان و ئیسلام و سەرجەم ئایینەكان كۆنترۆڵ بكات و بە لارێاندا بەبات.لە كاتێكدا كە مەسیحیەت سێ سەد ساڵ بە نەهێنی لە بەرامبەر ئیمپراتوری ڕۆم تێكۆشانی كرد و وەك هێزێكی دادپەروەر و "دژەی ستەمكاری" دەناسرا، بەڵام دوای ئەوەی كە خۆی بوو بە هێزی سیاسی و "دەوڵەتی مەسیحی بنیادنرا،بوو بەهەمان دیكتاتوری پێشو و تەنانەت درندانەتر خەڵكی لەناو ئاگردا بەزیندوویی دەسوتاند.واتا ناكۆكی دەوڵەت و ئازادی زۆر ناكۆكیەكی كۆن و ئاڵوزە كە هێشتا لایەنی نهێنی و شاراوەی زۆرە.دەوڵەت بە درێژایی مێژوو توانیویە خۆی لە پشت پەردەی "ئیسلام، مەسیح، دیموكراتی، سۆشیالیزم و سەرجەم ئایدۆلۆژیاكانەوە خۆی حەشار بدات و بەناوی بەها پیرۆزەكانەوە بە ئاسانی هەستی گەلان كۆنتروڵ بكات.
كاتێك باس لە دەوڵەت ئەكەم مەبەستم سەرجەم جۆرەكانی دەوڵەتە،واتا دەوڵەتی عەشیرە، نەتەوە،دەوڵەتی ئیسلامی،دەوڵەتی كریستیانی،دیموكراتی، سۆشیالیستی، بنەماڵەیی، تاكەكسیی.
بەرجەستەترین نمونە بۆ گەلی كورد دۆخی باشووری كوردستانە. سەرەرای ئەوەی كورد بۆ بنیادنانی "دەوڵەتی سەربەخۆ" كیمیاباران و ئەنفال كراو بە هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی شەهیدكرا، توانی نیوچە دەوڵەتێك ئاوا بكات، بەڵام ئایا تەنانەت بۆ باشووری كوردستان یش ئازادی بەدی هات.؟؟؟ ئایا ئەگەر "دەوڵەتی گەورەی كوردیش" بەرهەم بێت ئایا ئازادی و یەكسانی تا چەن گەرنتی كراوە.؟؟؟
من جیاواز لە ئەزمونی باشوری كوردستان ئەمەوێت باس لە مۆدیلی "كۆنفدرالیسمی دیموكراتی" یان سیستەمی كەجەكە بكەم كە (پەكەكە) وەك ئاڵترناتیفی دەوڵەت هەڵیبژاردوە. پەكەكە پێوایە كە بە بنیادنانی دەوڵەت وەك لە باشووری كوردستانیش ئاشكرا بوو،ئازادی بەدی ناێت. بۆیە كەجەكە پارتی نییە.سیستەمێكە كە بە دەهان پارتی لەخۆ دەگرێت. لەبەر ئەمەیە كە بە توندی پەكەكە دەوڵەت رەد دەكاتەوە.بەڵام ئەوە ناگەێنێت كەپەكەكە وازی لە "نەتەوەو وڵات و ئازادی هێناوە.بە پێچەوانەوە لەپێناو ئازادی وازی لە دەوڵەت هێناوە. چون بێ دەوڵەتیش نەتەوە هەر بوونی دەبێت و ئازادیش هەر بوونی دەبێت. گەورەترین چەواشەكاری لەوەدایە كە هەتا ئێستا بوونی "دەوڵەت"یەكسان لە گەڵ ئازادیدا بینراوە.
تەنانەت شۆرش و شۆرشگێریش تەنها بۆ رێگاخۆشكەری كۆمەڵگا بوونیان هەیە،نەك وەك مالیكی و شۆرش و دەسكەوتەكانی. بۆیە لە سیستەمی (كەجەكە)دا ئاكتەری سیاسی و بریاردان پارتی و حزب نییە.بەڵكو خودی كۆمەڵگایە. بۆ نمونە پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان وەك یەكێك لە ئەندامانی (كەجەكە) سەرەرای ئەوەی كە پێوەندی لە گەڵ (كەجەكە) داهەیە، بەڵام هەرگیز كەجەكە سەبارەت بە خەباتی باشوور تەداخول ناكات،چون ئەوكاتە پارتی چارەسەری بێ كاریگەر دەبێت. ئەمە لە هەمان كاتدا بۆ (پەژاك) و (پەیەدە)و (بەدەپە)ش هەر وایە. زۆر كەس رەخنە لە كەجەكە دەگرن كە بۆچی لە سەر روداوی (سەردەشت عوسمان) و گەندەڵیەكانی حكومەتی هەرێم وسیستەمی بنەماڵەیی و دووبەرەكی پارتی و یەكێتی و هەروەها ئەو كێشەكانی تری باشوور قسە ناكات. بەڵام ئەوە لەبەرچاو ناگیرێت كە (پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان) بۆ سەرجەم كێشەكانی باشووری كوردستان خاوەن پرۆژەو پلانە.ئەم بەرنامەو پلانانە لە هەمان كاتدا پرۆژەی (كەجەكە)یە. پارتی چارەسەریش بێ خەڵك ناتوانێت هێزی بریاردان و سیاسەت بێت.
كاتێك پارتی چارەسەری لە سەر ناوچە كێشەلەسەرەكان پرۆژە پێشكەش دەكات بۆچی وەكو پرۆژەی (كەجەكە) نابینرێت.؟
بە رای من هێشتا شۆرشی كۆمەڵایەتی و كلتوری و عەقلیەتی لە باشوری كوردستان نەكراوە. راستە كە تێكۆشانێكی گەورە كراوە و قوربانی زۆری بۆ دراوە بەلام تەنها لە بواری سەربازی و ئابووریەوە بووە، ئێستا گەلی باشووری وڵات لە قەیرانێكی گەورەدا ئەژین، كە عەقڵیەتی پارتی و یەكێتی بەرهەمیان هێناوە. بە رای من دیاردەی "ئۆپۆزۆسیونیش " گەمەیەكی سیاسیە. چون ئامانجی ئۆپۆزۆسیون بە دەس هێنانی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووریە، نەك دیموكراتیزەكردنی بنەماكانی سیاسی،ئابووری و پەروەردەیی و ئیداری.
وەكو گەلی كوردیش ئێمە بەرهەم هێنەری "ئەحزابی" پارتی و یەكێتی و ئۆپۆزۆسیونین. چون ئەگەر ئێمە خاوەن لە خوێنی شەهیدانمان دەر كەوین ئەوا بۆ یەك رۆژیش ئەم حزبانە ناتوانن خۆیان بەسەر ئێمەدا بژێنن. بو نمونە لە هیچ شوێنێكی جیهان سەردەمی "بنەماڵەگەرایی" وعەشیرەگەرایی و تەریقەتگرایی نەماوە،ئەی بۆچی بە ئاسانی بنەماڵەیەك لەسەر چارەنوسی نەتەوەیەك قسەئەكات.؟؟ چون ئێمە ئەو سیستەمەمان قەبوڵ كردووە. لە سیستەمی (كەجەكە) ئەوە حزب نییە كە بریاردەرە،ئەوە پەرلەمان نییە كە دیاركەر و یاسا رێژە، بەڵكو سیاسەت كاری ئەندامان وهاولاتیانە. لە سیستەمی كەجەكەدا نەك بە قسە بەڵكو بە كردەوە كار بۆ لاواز كردنی دەسەڵاتی حزبی،دەوڵەتی و ..هتد دەكرێت، لەبەرامبەردا تاك و كۆمەڵگا ئەكرێت فاكتەری سیاسی و یاسارێژە. لەوانەیە بوترێت بێ دەوڵەت و حزب چۆن ژیان بەرێوە ئەچێت.؟ بەڵام چۆن مرۆڤ كەم بیر لە ژیانی بێ دەوڵەت ئەكاتەوە پێیوایە تەنها رێگای سیاسەت حزب و پەرلەمان و بنەماڵەكانن.نا بە دڵنیایەوە سیاسەت كاری مرۆڤە ئاسایەكانە.چون ئەوان لەنا كێشەكاندا ئەژین نەك كاك مەسعود و حزبەكان.بۆیە هەر ئەوان رێگا چارەكان باشتر ئەزانن.تا كاتێك هاوڵاتی سیاسەت تەنها بەكاری حزب بزانێت و خۆی وەك گوێ رایەڵی سیاسەت، ئەوا بارزانیەكان و عەلیەكان و گەندەلیەكان هەر بوونی ئەبێت.
پەكەكە هەستی بەوەكردوە كە ئەگەر گەل نەكاتە خاوەنی راستەقینەی شۆرش و سیاسەت ئەوا ناتوانێت لەبەرامبەر دواكەوتویەكانی تاكی كورد خۆی بپارێزێت. ئەم مۆدیلە بەر لەوەی شۆرشی ڕۆژئاوا كرداری بێت هەندێك بۆ خەڵك نامۆ بوو، بەڵام لە ڕۆژئاوا ئاشكرا بوو كە خەڵك باشتر لە حزب و بنەماڵەكان ئەتوانن سیاسەت بكەن.هەروەها بۆی دیار بووە كە ئازادی بە تیكۆشان لەدژی كۆنەپەرستی و دواكەوتویی تاك و كۆمەڵگای كورد و هەروەها بە بەرزكردنەوەی ئاستی سیاسی و بریاردانی تاكی كورد بەدی ئەكرێت. لەم پێناوەدا حزب دەتوانێت رێگا خۆشكەر و یارمەتی دەر بێت نەك دەسەڵاتی موتڵەقی بریاردەر. راستە كەلە باشووری كوردستان گەندەڵی و قۆرخكردنی دەسكەوتەكانی خەڵك و شەهیدان لەئاراداییە،بەڵام چەندە ئەو حزبانەی كە رەخنە ئەكرێن بەرپرسن، ئەوندەش كۆمەڵگاو تاكی كورد بەرپرسن لە بارۆدخی هەنوكەیی.
بێ هیچ گومان و دڵەراوكێكەوە ئەتوانم بڵیم نەك یەك دەوڵەت، سێ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیش، كورد ناگەێنێت بەئازادی و یەكسانی. بۆ نمونە عەرەبەكان خاوەن(22) دەوڵەتی بەقسە سەربەخۆن،بەڵام ئازاد نین، میسر خۆ خاوەن دەوڵەت بوو، ئەی بۆچی ئێستا لەبەرامبەر ئەو دەوڵەتەی كە كاتێك شەهیدیان بۆی داوە شۆرش ئەكەن.؟ خۆ فارسەكان و توركەكان خاوەن دەوڵەتی بەهێزن ئەی بۆچی ئازاد نین و لە ژێر چەتری دیكتاتوری دا ئەژین.؟
ئەو دیاردەیەی كە پێی ئەوترێت "خۆبەرێوبەری دیموكراتی" یان كۆنفیدراڵی دیموكراتی لەلاێكەوە دەسەڵاتی دەوڵەت و پەرلەمان بەرتەسك ئەكاتەوەو لە لاێكی ترەوە پێگەی سیاسی و دەسەڵاتی خەڵك بەهێز ئەكات. ئەو دەسەڵاتەی كە بە دەستی پەرلەمانەوەیە دابەشی ئەكات بەسەر پارێزگاو قەزاو ناحییە و گوندەكاندا، واتا هەر پارێزگاو قەزاو ناحیەیەك خۆی خاوەن جۆرێكی پەرلەمان ئەبێت. ئەم سیستەمە هەتا ناخی گەرەك و بنەماڵەو تاكەكانیش دائەبەزێت و لە تاكەكانی كۆمەڵگادا سیاسەت بەرهەم ئەهێنێت. كۆنترۆلی سیاسەت ئەكەوێتە دەستی ئەنجومەنەكانی ناو شەقام ،لەم دۆخەدا تاك و حزب و بنەماڵەكان ناتوانن "خاوەن دەسەڵاتێكی رەهابن"و بەهەر جۆرێك كە بەرژەوندیان تێدا بێت بجوڵێنەوە. بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم دەزگاكانی "پەروەردەیی"(سیستەمی خوێندن، راگەیاندن، ئینتەرنێت،)و تەنانەت ئەنجومەنی گەرەكەكان خەباتی پەروەردەیی و هۆشیاری كۆمەڵایەتی و هەروەها بەشداركردنی تاك و كۆمەڵ لە پرۆسەیی سیاسی دا دەخەنە گەر، بۆیە كار لە سەر عەقلیەت و ئاستی روشنبیری و كلتوری كۆمەڵگا ئەكرێت. لەم سیستەمەدا تاك ئازادی خۆی لە ئازادی تاكی تردا و تاكی تریش ئازادی خۆی لە ئازادی كۆمەڵگادا ئەبێنێت. ئەوكاتە كاك مەسعود و نێچیرفان و یەكێتی و پارتی بە ئاسانی ناتوانن گرێبەستی ئابووری لەگەڵ هەر كۆمپانیا و دەوڵەتێك دا ببەستن،چون دەسەڵاتی ئابووریش بەدەستی ئەنجومەنەكانەوە ئەبێت، ئەنجومەنەكانیش بە دەستی ئەنجومەنی خواروترەوە ئەبێت و بەم شێوەیە هەر كەس ئەویتر كۆنترڵ ئەكات. ئەم مۆدیلە لە باكور و خۆرئاوای كوردستان ئێستا ئیشی لەسەر ئەكرێت، لە باشوور و ڕۆژهەڵاتیش ئیشی لەسەر ئەكرێت،بەڵام هەر بەشێك لە كوردستان لەئاستێكی جیاوازدایەو ئاستی گەشەكردنیشی جیاوازە. من پێم وایە ئێمە ناچار نین هەمان رێگا بگرینەبەر كە شیخ سەعیدی پیران و شیخ مەحمودی بەزنجی و بارزانییەكان و یەكێتی گرتویەبەر، واتا لە دیاركردنی چارەنوسماندا ئازادانەتر ئەتوانین بیر كینەوە، كاتی خۆی (پەكەكە)ش بۆ بنیادنانی "دەوڵەتی سەربەخۆ" شەری ئەكرد،بەڵام لەناو تێكۆشاندا تێگەیشت كەبە "دەوڵەت ئازادی بەدی ناێت"،بەپێچەوانەوە ئازادی لە دەس ئەدرێت. هەر حزب و تاك و رێكخراوێك ئامانجی" بەدەسهێنانی دەسەڵات بێت" بێ هیچ گۆمانێك باشتر لە یەكێتی وپارتی لێ دورسنابێت، من ئەو حزب و تاك و بنەماڵانە تاوان بارناكەم، ئەگە منیش لەجیاتی ئەوان ببوما لەوانەییە زۆر جیاوازتر نەبووما.لە كۆمەڵگایەك وەك كوردستان كە تەنانەت "سیستەمی پەروەردەكەشی" گەندەڵەو ماموستاكان دەسدرێژی سێكسی ئەكەنە سەر قوتابیەكانیان و كەسایەت لە ئەوپەری "بێ پەروەردەیدا "ئەژیت،ئایا دەتوانین چاوەروانی چی بین.؟؟؟
بۆیە لەم قۆناغەدا كۆمەڵگاو تاك و تەنانەت حزبەكانیش ئەبێت ڕیشەی كێشەكان باش بدۆزنەوە، هیچ نەتەوەیەك بە بونیادنانی دەوڵەت ئازاد نەبووەو نابێت،با بیر لە رێگاچارەیەكی تر بكەینەوە..؟؟ ؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە