شێركۆ بێكهس كۆچی دواییكرد... وەسێتنامەکەی (نوێکراوەتەوە)
Sunday, 04/08/2013, 12:00
ئەمڕۆ رۆژی 04 - 08 - 2013 کاتژمێر (3:10)ی پاش نیوەڕۆ به كاتی سوید شێركۆ بێكهس لە نەخۆشخانەی کارۆلینسکا لە ستۆکهۆڵم پایتەختی وڵاتی سوید، بە نەخۆشی شێرپەنجەی سیی، کۆچی دوایی کرد. شێركۆ، لە (2/5/1940) لە شاری سلێمانی لەدایکبووە.
شایانی باسە شێركۆ بێكەس بەهۆی كێشانی زۆری جگەرەوە توشی شێرپەنجە بووە، پاش ئەوەی بە ماوەیەك دەنگی دەنوسێت، رۆژی (17)ی نیسانی (2013)، بۆ سوید دەگەڕێتەوە، ههفتهی رابردووش بە تەواویی باری تهندروستی ناجێگیر دەبێت.
بۆ خوێندنهوهی وهسێتنامهکهی شێرکۆ کلیکی ئهو لینکهی خوارهوه بکه، تێێدا
چهند کهسێکی تریش قسهیان لهسهری کردووه:
https://www.kurdistanpost.nu/biz/pdf_kp/Sherko_bekes/weseyetname.pdf
ئەمەی خوارەوەیش ئەو بەشەیەتی کە باس دەکات لە کوێ بینێژن
من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (1963)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكەو ژن و پیاوی شارەكەم و دەنگی مۆسیقا و گۆرانی و هەڵپەڕكێ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم.
با كتێبخانەكەمو دیوانەكانم و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆئەوەی شاعیران و نوسەران و كچ و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست