مامه ڕیشە هەمیشە دەیگووت: شه‌هید پاسپۆرتی ئازادییه
Sunday, 06/11/2011, 12:00
ئه‌گه‌رچی مامه‌ڕیشه خوێنده‌واریی نه‌بوو، به‌ڵام کاتێک داوای لە هاوڕێکانی دەکرد، نامه‌یەکی بۆ بنووسێ، مامە ڕێشه پێی دەگووتن: له‌ناوه‌ڕاستی نامه‌که بنووسە: (شه‌هید پاسپۆرتی ئازادییه) له کۆتایشدا ده‌یووت بنووسە (براتان، مامه‌ڕیشه عاشقی خاکی کوردستان).
به‌ر له‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه تکایە کلیکی ئەو ڤیدیۆیە بکە، که مامه ڕیشه باسی کۆمه‌ڵێک شه‌ڕمان بۆ ده‌کات، کە خۆی تێیدا بووە، چاک گوێی بۆ رادێرە و بزانە شەرەکانی مامە ڕیشه چوونەتە خانه‌ی ئه‌فسانه‌وه! به‌عسییەکان ناهه‌قیان نه‌بوو، کە مامە ریشەیان ناو نابوو: پیاوە ئاسنینەکە (الرجل الحدیدی).
مامه‌ڕیشه له سه‌ره‌تادا، باوه‌ڕیان پێنه‌کردووه، وه‌ک سیخوڕێک مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا کردووه و ئازاریان داوه‌و دڵیان ڕه‌نجاندوه، لێ ئه‌م که‌سایه‌تییه، چونکە خۆی ووته‌نی: (عاشقی بۆ خاکی کوردستان) وای لێکردوه، که ئه‌و ئازاردانه نه‌کاته بیانویه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی پشت لە نەته‌وه‌که‌ی بکات، به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه لەو گه‌رمیانه سه‌رسه‌خته‌دا بڕیاری ئه‌وه ده‌دات ته‌نها درێژه به شۆڕش بدات، تا متمانه دروست بکات بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی پێبکه‌ن.
ده‌ڵێن ڕاستی هه‌ر سه‌ر ده‌که‌وێت، کاتێک مامه ڕیشه ته‌نها دوور له شۆڕش به گونده داگیرکراوه‌کاندا ده‌گه‌ڕێ و باسی شۆڕش و په‌یامی شۆڕش به‌خه‌ڵکی ده‌گه‌یه‌نێت، ئیتر بۆ شۆڕش هیچ گومانێک نامێنێته‌وه، که ئه‌م که‌سه تا سه‌ر ئێسقان شۆڕشگێره و خاک و نیستمان و نەتەوەکەی له ئامێز دە‌گرێت. دایه هه‌یبه‌ت، دایکی مامه ڕیشه ده‌ڵێ: به منداڵیش ڕیشه هه‌ر چاوی له‌سه‌رکه‌وتن بوو، له یارییەکاندا، ئه‌و هه‌میشه ڕووی ده‌می له منداڵانی ئاوایی ده‌کرد ده‌یووت کێ له‌گه‌ڵ منه؟ نەیدەگووت من لەگەڵ کامتاندا بم؟ ئەمەی نیشانەی بڕیاردەر و سەرکردەی تێدا بووە، ئه‌مه جه‌وهه‌ری که‌سایەتییەکی سه‌رکرده‌یه، که گیانی خۆی فیدای باوه‌ڕ ده‌کات، ئه‌ی چ ئه‌فسانه‌یه‌ک له‌پشتی ناو نانێوه بووه یان چی وای کردوه ناوی بنێن مامه‌ڕیشه؟
ڕیشه کاتێک هاوڕێکه‌ی (عه‌زه ڕه‌ش) به‌ده‌ستی خۆفرۆشه‌کانی کورد شه‌هید ده‌کرێ،ڕیشه بڕیار ده‌دات، تا تۆڵه‌ی هاوڕێ شه‌هیده‌که‌ی نه‌کاته‌وه ڕیش نەتاشێ، ئیتر بڕیاره‌که‌ی ده‌باته سه‌ر و هاوڕێکانیشی ناوی لێ ده‌نێن مامه‌ڕیشه، نازانم مامه ڕیشه چه‌نده ئاگای له‌شۆڕشی کوبا بووه؟ کاتێک گیڤارا و کاسترۆ بڕیار ده‌ده‌ن ڕیش نه‌تاشن تا شۆڕش بە ئامانج نەگات و نیشتیمانەکەیان ڕزگاری نه‌بێت.
من خۆشبه‌ختانه جارێک به‌ر له شه‌هیدبوونی مامه‌ڕیشه و که‌رته‌که‌ی (جه‌باری)یم دی، کاتی گفتوگۆی شۆڕش بوو له‌گه‌ڵ بەعسییەکاندا، که‌رته‌که‌ی جه‌باریی هه‌موویان جلی کوردیی مغاویریان له‌به‌ر دابوو زۆربه‌یان ڕیشیان هه‌بوو.
کاتێک ده‌ستمان له ناو ده‌ستی یه‌ک ده‌نا، هێنده زۆر بوون، بەڵام تا چه‌ند ده‌قیقه‌ش دوای ئه‌و ته‌وقه‌یه دەستمان هه‌ر مێرووله‌ی ده‌کرد، به ڕاستی بینینی ئه‌و هێزه له‌گه‌ڵ ڕیشه‌دا بۆ خۆی که‌ره‌سه‌ی ده‌یان نووسین بوو، خه‌ڵکانێک بوون وه‌ک بڵێن ئێمه نه‌مێنین ئه‌نفال دێت و گه‌رمیانی ڕووته‌ڵه له‌گه‌ڵ زه‌وی یه‌کسان ده‌کرێت.
که‌رتی چواری جه‌باری له ساڵی 1979 دروست بوو له به‌رواری ١٧ / ١١ / ١٩٨٠ دا، پانزە پێشمه‌رگه‌یان شه‌هید ده‌کرێت، که شه‌هید بێستوون باڕۆی وه‌ک ئامر که‌رت له‌گه‌ڵ 14 پێشمه‌رگه‌ی تردا، کاتێکیش ڕیشه ده‌بێته ئامر که‌رت له ساڵی 1982دا ئیتر ئه‌م که‌رته دەبێته شه‌هیدستان ئه‌م که‌رته67 شه‌هید له پێناوی ئازادیدی کوردستاندا به‌خت ده‌کات، که‌چی ده‌سه‌ڵاتی کوردی نایه‌ت له سه‌ر ئه‌م که‌رته‌و پێشمه‌رگه ئه‌فسانه‌یه‌کانی ئه‌م که‌رته بکاته فلیم و ده‌یان دیکۆمێنتی زیندوو به‌ر هه‌م بێنێت، بۆچی له‌م کاته‌دا ویستم باسی مامه ڕیشه بکه، چونکه کاتێک ئه‌و که‌سه شه‌ریفانه بوونیان هه‌بوو، به‌عس به‌هه‌موو دڕنده‌یه کێوه ئازایه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بوو بڵێ (که‌رکوک کوردستان نێیه)، که‌چێ مه‌سعود بارزانی که نمایشی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌کات، له‌هه‌فته‌ی ڕابردودا له که‌رکوک بوو که‌رکوکی به‌شارێکی عێراقی ناو برد، ناوی ناوه شاری ته‌بایی و برایه‌تی (جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه قسه‌ی تورکمانێک دوو باره بکه‌ینه‌وه، که ووتی: مه‌سعود نه‌ی ووت که‌رکوک کوردستانه) ئه‌مه ڕاستییه‌که و ئیشیان له سه‌ر کردووه، به‌ڵام کاتێک مامه ڕیشه‌کان هه‌بوون که‌رکوک کوردستان بوو، کاتێکیش (تاریق عه‌زیز) شالیاری ده‌ره‌وه‌ی به‌عس بیره‌وه‌ری خۆی نووسێوه به کتێبێک چاپی کرد به‌ر له گیرانی و هه‌ره‌س و ڕووخانی به‌عس و داگیرکردنی عێراق له لایه‌ن ئه‌مه‌ریکاوه، ووتی: کورد هیچ مافێکی به که‌رکوکه‌وه نییه، کورد ته‌نها مافێکیان به‌کەرکوکه‌وه هه‌بێت ئه‌وه‌یه ته‌نها به ناویدا بڕۆن هیچی تر نا. که‌چی ئیستا تاڵه‌بانی و بارزانی بۆ خه‌ونی به‌عسییەکان کارده‌که‌ن ناوچه‌داگیرکراوه‌کانیان ناو ناوه ناوچه‌ی جێ ناگۆڕکێ .چ شه‌رمه‌زارییه‌که بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته؟ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دیقه‌ت بده‌ن و سه‌یربکه‌ن که‌پارێزه‌ره‌که‌ی (تاریق عه‌زیز) نه‌ی شارده‌وه له‌گه‌ڵ کوڕه‌که‌ی تاریق عه‌زیز، که مه‌سعود بارزانی په‌یمانی پێان داوه، که (تاریق عه‌زیز) با بێت له هه‌ولێر له گه‌ڕه‌کی عیینکاوه له ناو فه‌لاکانی ئه‌وێدا له خانوییه‌ک، که سه‌رۆکی هه‌رێم بۆی دروست ده‌کات ژیانی بباته سه‌ر و له‌وێ به‌ئارامی بژی تا ده‌مرێ.
مامه ڕیشه، که‌سێک بووه ژیانی پڕ بووه له وه‌فا بۆ هاوڕییەکانی، ئه‌و به دڵڕقی له داگیرکه‌رانی نیشتمانه‌که‌ی بووه، که‌سێک بووه‌پڕبووه، له‌سادەیی له جوانی، له ڕاستگۆیی، له ئازایه‌تی، له بڕوابوون، جگه له‌وه‌ش، ڕیشه گۆشتی نه خواردوه و زۆربه‌ی ته‌مه‌نیشی هەر شوانیی کردوه و به چیا و دۆڵه‌کاندا هه‌ڵزناوه.
کێ ناڵێ ڕۆحی گاندی له مامە ڕیشه‌دا زیندوو نه‌بۆته‌وه، ڕیشه ئه‌و هه‌موو قینه‌ی له دوژمنه‌که‌ی بووه، که‌چی گیانی هه‌مووشی به‌زه‌یی بووه، من کاتێک (پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که‌م) خوێنده‌وه، ووتم ده‌کرێ ئێمه‌ش وه‌ک نه‌ته‌وه بڵێین که‌ره‌سه‌ی سه‌دان شانۆ و ڕۆمان و فیلیمان هه‌یه، خه‌زێنه‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌زموونه لای ئێمه ژه‌نگ گرتوێتی، گێڕانه‌وه‌ی هونه‌ر و تاکتیکی ئه‌و شه‌ڕانه، هیچی له کتێبه‌کانی هونەری جه‌نگ که‌متر نییه، من بێگومانم .
که‌چی که‌سێکی وه‌ک جه‌لیل زه‌نگه‌نه دێت، له پێناو پاره‌دا، ماوه‌یه‌ک خه‌ڵک ده‌کاته تورکمان بۆ 100 دۆلار دوایش دێت فلیمه فشه‌یەکمان بۆ دروست ده‌کات ناوی ده‌نێ گه‌رده‌لول، پڕێتی له ڕووداوی دروست کراو، که خۆشبه‌ختانه من شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پێبڕاوه ئاگام له هه‌ندێکی بێت، به‌ڵام که‌سیان نایه‌ن له‌سه‌ر که‌سایه‌تیه شه‌هیده‌کان فلیمێک دروست بکه‌ن چونکه ئه‌وانه‌ی ئیستا یه‌کێتین، که‌سانێکن له‌سه‌ر خۆێن و ماندوبوون و ئاره‌قه‌ی شه‌هیده‌کان ده‌ڵه‌وه‌ڕن، من کاتێك کتێبی (پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که‌م) ته‌واو کرد شه‌رمم له خۆم کرد که ماومەته‌وه و ئه‌و هه‌موو که‌سه جوانه‌م دیوه گیانیان به‌خشیوه‌ته نیشتمان، که‌چی ئیستا نیشتمان بۆته دۆزەخ، گۆڕی شه‌هیده‌کان و دایک و خوشک و برای شه‌هیده‌کان.
خۆزگه مه‌سعود بارزانی کتێبی: (پێشمه‌رگه پۆڵاینه‌که)ی ده‌خوێنده‌وه، بزانه ئیتر بۆ هه‌تا هه‌تایه ته‌رکی نه‌ده‌کرد ناوی پێشمه‌رگه بێنێت، پرسیاره‌که لێره‌دایه: تۆ بڵێی مامه‌ڕیشه بمایه، ببوایه به به‌شێک له‌م ده‌سه‌ڵاته؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست