هاوارێك لە شەنگالەوە بۆ جیهان!
Sunday, 07/09/2014, 12:00
1966 بینراوە
ئەمریكا, ڤێرجینیا: لە سەر چیای شەنگال تا ئێستا 100 منداڵ و پیر و نەخۆش مردون، چەند ژنێك خۆیان لە شاخەكەدا فڕێداوەتە خوارەوە چونكە لە لایەن چەكدارانی داعش دەستدرێژی سێكسیان كراوەتە سەر، بە دەیان خێزانیش لە یەكتری دابڕاون و هەندێكیان كچ و پیاوەكانیان كەوتۆتە دەست داعش، هەموو ئەمانە لەپێناو بیروباوەڕە ئایینەیەكەیانە كە سەر بە ئایینی یەزیدین (ئایینی كەمینەیەكن سەدان ساڵە لە عراق نیشتەجێن(
دوای پێشڕەویەكانی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە سوریاوە بەرەو عراق و كۆنترۆڵی كردنی موسڵ (دووەم گەورەترین شاری عراق) لە رێگای توندوتیژی و جەنگەوە، چەكدارە تیرۆرستەكانی داعش بوونە هەڕەشەی گەورە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی ناوچەكانی جێنشینی كەمینە نەتەوەیی و ئایینی و تایفیەكانی وەك یەزیدی و مەسیحی و شەبەك لە هەریەكە لە ناوچەكانی موسڵ و دواتریش لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كە بە ئارامترین ناوچەی عراق ناسرا بوو. لە مانگی رابردودا و لە یەكەم هەڕەشەی راستەقینەی ئەو چەكدارە تیرۆریستانەدا، مەسیحیەكانی موسڵیان ناچاركرد ماڵ و حاڵی خۆیان روەو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بەجێهێبهێڵن كە ژمارەیان بە دەیان هەزار خێزان دەخەملێنرێت و كلێساكانیان لێ زەوتكردن. سەرەتای ئەم مانگەش یەزیدیەكان كەوتنە بەر شاڵاوی چەكدارانی داعش و ژماریەكیان لێ دەستگیر كراو و بەهەزاران خێزانی یەزیدیش رویان كردە هەرێمی كوردستان و هەزارانی دیكەش لە سەر چیای شەنگال بۆ چەندین رۆژە لە ژێر هەڕەشەی مردن و پاكتاوی ئایینی دان دوای ئەوەی سەرجەم رێگاكانی ئەو چیایە لە لایەن چەكدارە تیرۆرستەكانەوە كۆنترۆڵ كرا.
ئێزیدیەكان لە ئێستادا لە ژێر هەڵمەتێكی رێكخراوی جینۆساید كردندان لە لایەن چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عراق و شام (داعش)، سەدان خێزان پەرتەوازە بووە و سەدان خێزانی دیكەش كوڕ و پیاوەكانیان و كچ و ژنە گەنجەكانیان لە لایەن چەكدارە تیرۆریستەكانەوە گڵ دراوەتەوە، هەواڵەكانی ناو موسڵ ئاماژە بەوە دەكەن پیاوانی یەزیدی كۆمەڵكوژ كرابن و سەریان لە جەستەیان جیاكرابێتەوە دوای ئەوەی رەتیان كردۆتەوە واز لە ئاینەكەیان (یەزیدیەت) بهێنن، هەروەها كچ و ژنەكانیان وەك دەستكەوت و غەنیمەی جەنگ لە لایەن تیرۆریستانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و هەواڵەكان باس لە فرۆشتنیان دەكەن لە بازاڕەكانی موسڵ و سوریا، هەندێكیشیان بەزۆر بە چەكدارەكانی داعش بەشوو دراون، ئەوانەش كە بەزۆر بەشوو دەدرێن مەرجە واز لە ئاینەكەیان بهێنن و دەكرێن بە ئیسلام.
ئەگەرچی جموجۆڵی رێكخستنەكانی داعش لە ئێستادا لە ناوچەكانی عراق و سوریا چڕ بۆتەوە بۆ سەر كەمە نەتەوەیی و ئایینەكان، بەڵام هەڕەشەی داعش تەنها دژی مەزهەب و ئاینزاكان و ئێزێدی و كریستیانەكان نییە لەناوچەكەدا، داعش تۆڕێكی تیرۆریستی جیهانی و میراتگری قاعیدەیە، لە ماوەی سەرهەڵدانی ئەو بزوتنەوە تیرۆریستیە و راگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامیەوە تا ئێستا سەدان تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیان بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل و هاولاتیانی عراق و سوریا ئەنجامداوە، بەسەربازكردنی منداڵان و بەردباران كردنی ژنان تا مردن و فرۆشتنی ئافرەتان و سەربڕینی ئەوانەی بەرپەرچیان بدەنەوە و لە خاچ دان و دەست پەراندن و سەپاندنی ئایینی ئیسلام بە زۆری زۆردارەكی بەسەر كەمایەتیە تایفی و ئایینیە غەیرە موسڵمانەكانی ئەو ناوچانەی كۆنترۆڵی دەكەن یەكێكن لە سیماكانی ئەم دەوڵەتە تیرۆریستیە كە هەموو یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەكانی و یاسای نێودەوڵەتی جەنگ و هەموو بەهایەكی مرۆییان پێشێل كردوە، ئەگەر هەناگاوە بچووكەكانی داعش لە سوریا و عێراقەوە دەستیپێكردبێت، هەنگاوە گەورەكانی بەرەو ڕۆژئاوا و هەموو جیهانە، بۆیە هەڵوێست وەرگرتن لە دژی داعش و بەر پێگرتن بەم بزوتنەوە تیرۆریستیە تەكفیریە نەك تەنها ئەركێكی بە پەلەی سەربازی و ئەمنی هێزە نێودەوڵەتیە ئاشتی پارێزەكانە، بەڵكو كۆتایی هێنان بە داعش ئەركێكی ئەخلاقی و ئینسانی هەموو ئەو هێزانەیە كە لە رابردوودا دژایەتی خۆیان بۆ تیرۆریزم بە ئاشكرا راگەیاندووە.
لە ئێستادا پیِشمەرگە كوردەكان تاكە هێزێكن بە تەنها رووبەڕووی گەورەترین گروپی تیرۆرستی جیهان دەبنەوە، ئەوان بەریان بە هێرشەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عراق و شام گرتوە و نەیانهێشتوە بگەنە شاری هەولێری پایتەخت و شارەكانی تری هەرێمی كوردستان كە سەدان هەزار خێزانی كەمە نەتەوەیی و ئایینی و تایفی ناوچەكەی لێ حەواوەتەوە و لە لایەن ئەو هێزە كوردیانەوە پارێزگاریان لێ دەكرێت. بەڵام وەك سەرچاوە كوردیەكان رایانگەیاند، بەهۆی نەبوونی چەك و تفاقی پێویست ئەم بەرگریەی پێشمەرگە لەبەرامبەر چەكدارە تیرۆریستەكان بەرگریەكی كاتیە، ئەگەر هێزی پێشمەرگە پشتیوانی نێودەوڵەتی نەبێت ناتوانێن درێژە بە شەڕی دژە تیرۆر بدات و بەمەش ئەگەری كارەساتێكی مرۆیی گەورە لە ئارادا دەبێت ئەگەر چەكدارەكانی داعش بگەنە شارەكانی هەرێمی كوردستان كە دانیشتوانە رەسەنەكەی نزیكەی پێنج ملیۆن كەس و ژمارەی ئاوارە نێوخۆییەكانیش نزیكەی دوو ملیۆن و ژمارەی پەنابەرانی سوریاش گەیشتۆتە نزیكەی نیو ملیۆن پەنابەر، بەو پێیەش لە ئێستادا زیاتر لە 7 ملیۆن كەس لە ژێر هەڕەشەی تیرۆریستان و پاكتاوی نەژادی و ئایینی و لە ژێر هەڕەشەی كارەساتێكی مرۆیی دان. سەرباری هەڕەشە چەكداریەكانی تیرۆریستان بۆ سەر دانیشتوانی هەرێم و ئاوارە و پەنابەرەكان، هاوكات زۆری ژمارەی ئاوارەكان و كەمی پێداویستیە مرۆییەكان هەڕەشەیەكی راستەقینەن بۆ روودانی كارەساتێكی مرۆیی ئەگەر بێت و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە پەلە یارمەتیە مرۆییەكان نەگەیەنێتە ئاوارەكانی جەنگ و توندوتیژیەكان. لە ئێستادا لە هەندێك شاری هەرێمی كوردستان باری نائاسایی راگەیەنراوە بە هۆی زۆری ژمارەی ئاوارەكان و كەمی پێداویستی و هاوكاریە مرۆییەكان.
لەم سۆنگەیەوە بانگەوازتان لێدەكەین بۆ بەدەنگەوە هاتنی كەمایەتیە ئایینیەكانی موسڵ و هەرێمی كوردستان كە مەترسی لە ناوچونێكی حەتمیان لەسەرە، پێویست دەكات وڵاتە زلهێزەكانی دونیا و ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و رێكخراوە مرۆییەكان بە پەلە و راستەوخۆ لە بەرژەوەندی لیقەوماوان و ئاوارەكانەوە چالاكیەكانیان دەست پێبكەن، وەكچۆن دەبێت بەدواداچوونی ورد بۆ چارەنوسی ئەو سەدان ژن و هەزاران پیاوە یەزیدیانە بكرێت كە لەلایەن داعشەوە دەستبەسەرن و هەوڵی دیپلۆماسی و تەنانەت سەربازیش بدرێت بۆ رزگاركردنیان و گەراندنەوەیان بۆ نێو خێزانەكانیان. هەروەها ئەركی دادگای نێودەوڵەتی لاهای و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤە هەڵمەتەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانی پاكتاوی یەزیدیەكان بە دەستی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عراق و شام، بە چەشنێك هاتنە دەنگی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت زامنی قەرەبووكردنەوەی مادی و مەعنەوی ئاوارە و قوربانیانی شەر و توندوتیژیەكانی ئەم دواییانە بكات. پاراستنی رزگاربوانی توندوتیژیەكان ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیە، ئەوانەش كە لە شەرەكان رزگاریان بووە لە ئێستادا مەترسی مردنیان لە سەرە بە هۆی كەمی خۆراك و نەخۆشیەوە، بۆیە دابین كردنی هاوكاری مرۆیی و تەندروستی و دەروونی بە پەلە دەبێت لە ئەركە لە پێشینەكان بێت.
- سەنتەری كورد - ئەمریكا بۆ ئازادی ڕادەربڕین (K.A.C.F.E), سەنتەرێكی سەربەخۆی قازانج نەویستە, لەلایەن نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانانی كورد لە نۆڤەمبەری 2012 لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دامەزراوە.
ئامانج لەكارەكانی ئەم سەنتەرە بەرگریكردنە لە ئازادی رادەربڕین و ئازادی كاری رۆژنامەنوسی و گەیاندنی هەر پێشێلكاریەك دژ بە تاكی كورد بە ناوەند و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان.
سەنتەری كورد-ئەمریكا تۆڕێكی بەرفراوانی جیهانیە جگەلە چەند ویلایەتێكی ئەمریكا نوێنەری لە كوردستان و هەریەك لە وڵاتانی ئوسترالیا و كەنەداو ئەوروپادا هەیە.
سەنتەری كورد-ئەمریكا بۆ ئازادی ڕادەربڕین
ئەمریكا ڤێرجینیا
وێنەیەك بۆ/
ناوەندە جیهانیەكان:
- نەتەوە یەكگرتوەكان
- كۆمیسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ سەربەنەتەوەیەكگرتوەكان
- ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتوەكان
- یەكێتی ئەوروپا
- پاڕلەمانی ئەوروپا
- دادگای لاهای
ئەمریكا:
- كۆشكی سپی
- كۆنگرێسی ئەمریكا
- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا
- سەنتەرە ستراتیژیەكانی ئەمریكا
- نوسینگەی كۆماریەكان
- نوسینگەی دیموكراتەكان
- نوسینگەی باراك ئۆباما
- پەیمانگای ئاشتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا
- باڵوێزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتوەكان
ئەوروپا:
- وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا
- وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا
- وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا
- پاڕلەمانی بەریتانیا
- پاڕلەمانی ئەڵمانیا
- پارلەمانی هۆڵندا
- پارلەمانی سوید
- پارلەمانی نەرویج
- پارلەمانی دانیمارك
فەڕەنسا:
- سەرۆكایەتی كۆماری فەڕەنسا
- سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی فەڕەنسا
- ئەنجوومەنی پیرانی فەڕەنسا
- وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا
كەنەدا:
- وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا
- پارلەمانی كەنەدا
- كۆمیسیۆنی مافی مرۆڤى كەنەدا
- دادگای مافی مرۆڤی كەنەدا
- مۆزەخانەی مافی مرۆڤی كەنەدا
ئوسترالیا:
- وەزارەتی دەرەوەی ئوسترالیا
- پارلەمانی ئوسترالیا
- تۆڕی مافی مرۆڤی ئوستڕالیا
- مەجلیسی مافی مرۆڤ لە ئوستڕالیا
- لیژنەی مافی مرۆڤی ئوستڕالیا
ڕێكخراوەكان:
- خاچی سوری نێودەوڵەتی
- فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ
- ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆچ
- ڕێكخراوی ئەمنیستی ئەنتەرناشناڵ
- ڕێكخراوی چاودێری جینۆساید
- ڕێكخراوی قەدەغەكردنی جینۆساید
- كۆمەڵەی نێودەوڵەتی زانایانی جینۆساید
زانكۆكان:
- زانكۆی هارڤارد (ئەمریكا)
- زانكۆی ئەمریكی (ئەمریكا)
- زانكۆی برنستۆن (ئەمریكا)
- زانكۆی جۆرج واشنتۆن (ئەمریكا)
- زانكۆی كۆڵۆمبیا (ئەمریكا)
- زانكۆی ستانفۆرد (ئەمریكا)
- زانكۆی جەیمس مادیسن (ئەمریكا)
- زانكۆی ئۆكس فۆرد (بەریتانیا)
- زانكۆی سۆربۆن (فەڕەنسا)
- زانكۆی سیانسپۆ (فەڕەنسا)
- زانكۆی بەرلین (ئەڵمانیا)
- زانكۆی لودفیش ماكسیمیلیان (ئەڵمانیا)
- زانكۆی هۆمبۆڵت (ئەڵمانیا)
- زانكۆی كۆڵۆنیا (ئەڵمانیا)
- زانكۆی دوڵسدۆرف (ئەڵمانیا)
- زانكۆی تۆرنتۆ (كەنەدا)
- زانكۆی یو.بی.سی (كەنەدا)
- زانكۆی ئەمستردام (هۆڵندا)
- زانكۆی ئۆترێخت (هۆڵندا)
- زانكۆی ئۆبسالا (سوید)
- زانكۆی ستۆكهۆڵم (سوید)
- زانكۆی ئۆسلۆ (نەرویج)