کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شاری ئارامی

Saturday, 17/03/2012, 12:00


پەژیوانبونەوەیەکی بێوێنەی هەردوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی لە هەڵسوکەوت و چاوچنۆکی هەتا ئێستەیان ئاکامێکی مەزنی لێکەوتەوە.
بڕیاریاندا هەرچی سەروەت و سامانی میللەت هەیە کە تا ئێستا بۆ خۆیان بردووە بیگێڕنەوە بۆ خەزێنەیەکی تایبەتی و لە ماوەی یەک ساڵدا کارێکی پێ ئەنجام بدەن کەمێک لە ئازارەکانی هەڵەبجە و میللەتی پێ ساڕێژ بکەنەوە.
دوای ئەوەی بە دیراسەیەکی ورد و هەمەلایە بۆیان دەرکەوت و، باشترین جێگەیان لە دەشتی شارەزوور هەڵبژارد، بڕیاریاندا بە دروستکردنی شارێکی نمونەیی بۆ هەڵەبجەییەکان.
ئەو شارە لە ڕووی مۆدێرنیەوە لە سینگاپورە پێشکەوتووتر و لەڕووی کەلتوریەوە لە پاریس سەرنجڕاکێشتر دەبێت.
لە ڕووی ئارامییەوە لە شارەکانی هێرۆشیما و ناکازاگی ئارامتر.
نیاز وایە ٥٠٠٠ خانووی ٥ نهۆمی تیا دروست بکرێت، هەریەکەیان بۆ خێزانێکی هەڵەبجەیی بێت.
لە ڕووی پایەی دیبلۆماسییەوە وەکو ڤاتیکان بێت لە نێو کوردستاندا، نەک بە مانا ئاینیەکەی بەڵکو لە ڕووی ویژدانییەوە.
ئەو شارە پێنج وێستگەی مێترۆپۆلی تیادا دەبێت. یەکێکیان بۆ شەمەندەفەرەکەی شارەزوور کە بەستراو دەبێت بە هەموو شارە مەزنەکانی جێهانەوە، دوانیان وەکو وێستگەی پاسی مۆدێرن و ئوتومبێلی بە تایبەتی بۆ هەڵەبجە کڕدراو. چوارەمیان بۆ پاسەکانی ناوخۆی هەڵەبجە و ئەوی پێنجەمیشیان بۆ تراموای شار کە بە وزەی کارەبا دەگێڕدرێت.
ئەو شارە لە پێنج گەڕەکی بازنەیی پێکدێت، هەر یەکەیان هەزار خانوو. گەڕەکێکیان خانووەکانی لەسەر دیزاینی بینازسازی کوردی دروست دەکرێت، دووەمیان لەسەر دیزاینی ئەوروپی و هەتا دوایی.
شەقامەکانی ئەو شارە، گەورە و سەرەکیەکانی لە مەڕمەڕ، بچوک و کۆڵانەکانی بە بەردەی تایبەتی لە چین داتاشراو بە شێوازی ئەندازەیی جوان و هونەریی دادەڕێژرێن.
کۆڵانەکانی بە دەنکە چەوی گەورە گەورەی لەسەر لا لە عەردی چەقێنراو دروستدەکرێت، بە جۆرێک قور بۆ موفەڕکیش دەستنەکەوێت.
لەوێ تەنانەت جگەرە کێشانیش لەبەر ئەوەی غازی هەیە شورەیی دەبێت.
غاز بۆ کاری ئاشپەزیش بەکار ناهێنرێت، هەموو کارێکی گەرمکردن و چێشت لێنان بە کارەبا دەبێت. وێستگەکانی کارەبای شارەکە ئەوەندە وزەی کارەبا دەدەن بە چرکەش کارەبا نابڕێت.
گەورەترین مۆزەخانەی کیمیابارانی تیادا بنیات دەنرێت.
نەخۆشخانەیەکی تیا دروستدەکرێت بۆ چارەسەری بەرکەوتوانی کیمیایی، بەخۆڕایی، بۆ هەموو ئەوانەی لە کوردستانن و ئەوانەشی لە سەرانسەری دنیا بە غاز و مادەی کیمیایی زەخم دەبن.
پایەی نوێنەرایەتی تایبەتی بۆ هەڵەبجە لە نەتەوەیەکگرتوەکان دابیندەکرێت.
لەڕووی ڕوبەری سەوزایی و دارودرەختەوە سەدی شەستی ڕووبەری شارە نوێکە هەوای شارەکە دەکاتە پاکترین هەوا لە ناوچەکە و جیهاندا بە جۆرێک ڕەبۆ و تەنگەنەفەسی ناوازە دەبێت.
ئەی خوێنەری ئازیز خۆت بە دڵی خۆت خەیاڵبکەرەوە، ئەوەی پێت جوان و باشە ناگات بە شکۆ و جوانی ئەو شارە نوێیە.
ئەو شارە سەرباز و چەکداری تیا نامێنێت. دەزگایەکی مەدەنی هەڵدەستێت بە هەمو کارەکانی ئاسایشی و پارێزگاریکردن.
کە تەواو بوو هەڵەبجەییەکان دەگوێزنەوە ناوی.
گەورەترین بنکەی تەندروستی پەروەردەیی و دەرونی تیا دەکرێتەوە تا بەشیوازی باش دڵگرانی و نەهامەتیەکانی هەڵەبجەییکان تیمار بکات.
مزگەوتی گەورەی شارەکە لە تاج مەحەل نایابتر دەبێت، کڵێسا و سیناگۆگەشی تیا دەبێت وەکو ئاماژە بۆ ئەوەی لەو شارەدا پێکەوە ژیانی ئاینی ئاسایی و ڕۆژانەیی دەبێت.
ژیان تیایدا بە جۆرێک دەبێت مرۆڤەکان تەنیا بەدەست ئازار و ژانی وجودیەوە بناڵن و هیچی تر!
ئەمە کۆی ئەو وەعد و پەیمانانەیە کە دەسەڵاتی کوردی لەماوەی بیستوچوار ساڵی ڕابردودا چ لە شاخ و چ لە شار بە هەڵەبجەییەکانیان داوە و ئێستا گەر کۆی بکەیتەوە ئەم شارە نمونەییە مشتێک دەبێت لە کٶی ئەو بەڵێنانە کە بە گوێی هەڵەبجەدا دراوە.
بەڵام کوا؟
چییان کردوە بۆ هەڵەبجە؟
هیچ!
ئەوە نەبێت، جارجارە کە بەگژ خۆپیشاندەرەکانی هەڵەبجەدا دەچنەوە، بە شەق و شەپازلە و ئیهانە عەلی حەسەن مەجید و سەدام حسێنیان بیردەخەنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە