لە داهێنانەکانی حکومەتی کوردی
Tuesday, 16/09/2014, 12:00
1867 بینراوە
پێشمەرگە ئەو کەسەیە کە لەپێناو ئازادی و کامەرانی مرۆڤایەتیدا خەبات و تێئەکوشێ بۆ سبەینێکی باشتر، پێشمەرگە ئەو هەلەیە کە لەبەردەم هەمواندایە بۆ ئەوەی بیسەلمێنین مرۆڤین و خەڵکانی جوامێر و ئاکاری جوانین. پێشمەرگە ئەو هونەرەیە کە هەموو کەلتوورە جیاوازەکان لەخۆ ئەگرێ و هەموان لێین حاڵی ئەبین. پێشمەرگە ئەو ڕەنگەیە کە لەگەڵ هەموو ڕەنگەکانی تر تێکەڵ ئەبێ و بەبێ ئەوەی ڕەنگی خۆی وونبکا. پێشمەرگە ئەو سیفەتەیە کە لەهەمواندا هەیەو تەنها پێوستی بەوەیە بەدوایدا بگەڕێین و لەسەر ئەرزی واقیع پراکتیزەی بکەین. پێشمەرگە ئەو ووشەیە پڕ مانایەیە کە لە پیتی ئەلفەوە تا پیتی هێ لەخۆ ئەگرێ و ئەتلەسی زمانە. پێشمەرگە ئەو هەناسەیەیە کە پیوستە بۆ هەموو مرۆڤایەتی. پێشمەرگە ئەو ژینگەیەیە کە ئامادەیە نەیەڵێ پیس ببێ و مەترسی لەسەر ژیان و خەڵك دروست بکا. پێشمەرگە ئەو کەسە خۆبەخش و دڵفراوان و خاوەن ڕەوشتەیە کە بۆ پاراستنی کەسێکی تر سڵ ناکاتەوەو ئامادەیە قوربانی بدا. پێشمەرگە ئەو ڕاخەرەیە کەهەموو ماندووبوانی ڕێگای خەبات و تێکۆشان لەسەری ئەحەوێنەوە. پێشمەرگە مانای ژیان ، جوانی ، هیوا و ئومێد ، کۆڵنەدان.
یەکەم: پێشمەرگە لەجیاتی کاری خۆبەخشانە و پاریزگاریکردن لەخاك و نیشتمان، بونەتە پارێزگاری ئەم مەسئول و ئەو بەرپرس. لەجیاتی چەکی پیاوەتی و جوامێری هەڵگرن دژ بە دوژمنان، ڕووی ئەکەنە گەلی خۆیان و کاتێ دوژمن دێت، ئەمان یەکەم کەسن تێئەتەقێنن و چەکەکانیان فڕێ ئەدەن.
دووەم: پێشمەرگە خۆی سیفەتی ئەو کەسە خۆبەخشەیە کەلە پێناو خاك و ئاو وئازادی تاکەکانی ووڵات گیانی خۆی فیدا ئەکا بەبێ بەرانبەر. کەچی ئێستا پێشمەرگە بۆتە مووچە خۆر و کاری مۆبایل گرتن و ناتری و گاوانی و خاولی بەدەستە. پێشمەرگەی ئێستا خەریکی پارێزگاری کردنی ڤێلا و باخچەکانی بەرپرسە شێرە بەفرینەکان و جەنەڕاڵە کارتۆتنیەکان و کاری ماڵ و ماڵ پاکردنەوەو شتی وایان پێ ئەکەن. پێشمەرگەی ئێستا سەرو سمێڵ تاشراو هەر خەریکی وێنەگرتن و فەیسبوکن لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی کەنایانەوێ لەکاتی تەقەکردندا جلەکانیان پیس ببێ وئەم کوڕە ئازاو قارەمانانە خەریکی ڕاخستنی فەرش و کۆکردنەوەیەتی دوای ئەوەی کاکی بەرپرس نیشانەکانی لەڕێگای ئەم پێشمەرگانەوە بۆ دیاری ئەکرێ و ئەشبێ بڵێن قوربان ئەوە بە یەك فیشەك داعش گشت ڕایان کرد.
سێیەم: پێشمەرگە بەپارەی خۆی چەك و تەقەمەنی و خۆراکی بۆ خۆی دابین ئەکرد و لەزۆر کاتدا گەر پێوستی کردبێ بە چەقۆیەکی ئەبو ئەڵقە هێرشی کردۆتە سەر سەربازێك و چەکی کردوە. هی ئێستا جگە لە کڵاشنکۆف وبی کەی سی و دۆشکەو ڕاجیمە و تۆپی دوور هاوێژ و رزیپۆش و دەبابە، کەچی ئەڵێن چەکی قورسمان نیە . نازانم هی ئێستا بەو هەموو چەکە قورسەوە ناتوانێ دژ بە چەتەکانی داعش بجەنگێ، ئاخۆ گەر لەوە قورستریان بدەنێ پێیان هەڵئەگیرێ؟
چوارەم: پێشمەرگە ئەو کاتە ئەگریا کە هاوسەنگەرەکەی لەدەست بدایەو خوا خوای بوو تۆڵەی بکاتەوە و یان ڕۆژێ ئارەزووی پێش هاوخەباتەکەی بکوژرێ. کەچی هی ئێستا لوشکە لوشکی گریانیانە بۆ پارەو یەکی سەرو تفەنگێك و کۆڵێ فیشەکیان لەخۆیان بەستوەو فرمێسك وەک ڕووبار دێتە خوارێ. چۆن پێشمەرگە ئەبێ بۆ پارە بگری و بکڕوزێتەوە؟
پێنجەم: پێشمەرگە مەترسی ژیانی هاوڵاتیانی کوردی ئەپاراست و دوژمن لەبەر ترسی ئەوان نەیان ئەتوانی یاری بەچارەنووسی هاوڵاتیان بکەن. هی ئێستا خۆیان بۆنەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان و لەکاتی گرژی و خۆپیشاندان و تووڕەیی و ناڕەزایی هاوڵاتیان بە چەکەکانیان هێرش دێننە سەر هاوڵاتیان و تەقەیان لێ ئەکەن و لێیان ئەکوژن. کەواتە ئەمانەی ئێستا مەترسین بۆ دوا ڕۆژی گەلەکەمان لەبەرئەوەی ئاڕاستەی ئەو ناوە پیرۆزەن کە چی دی قابیلیان نیەو پیوستە لێیان وەربگیرێتەوە.
بەڵێ کاتی ئەوەیە چیتر کەس ووشەی پێشمەرگە لەخۆی نەنێ ، تەنها ئەوانەی خەبات بۆ میلەتی کورد و سەربەخۆیی و ئازادی گەلەکایان ئەکەن شایستەی ئەو ناوەو سیفەتە جوانەن. پێشمەرگە گەر بوونی هەبێ تەنها ئەوانەن کە ئامادەن لەپێناو کورد و کوردستاندا لەژێر فەرماندەی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر و خاوەن ڕابردووی پاکدا فەرمان وەرئەگرن.
مەسعود و جەلال و نەوشیروان و عەلی باپیرەکان و هاوشێوەکانیان پێوستە چی تر ناوی پێشمەرگە بەکار نەهێنن و وەسلی لەش پیسی خۆیان بەوەوە پاك نەکەنەوە. ئەوان هەموو شتێکن تەنها پێشمەرگە نەبێ. بۆیە پێوستە ئەم جارە بەڕاستی ئەوەی خۆی بەپێشمەرگە ئەزانێ چی تر بەدرۆی ئەمانە نەکا و هەڵوێستی پێشمەرگانەی خۆیان دەرببڕن.