کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


31 ى ئاب خیانەتە , كولاندنەوەى برینەكان نیە

Sunday, 05/09/2010, 12:00


نازانین باسى چى بكەین , باسى هەرچیەك بكەین بڤەیە و نابێت باسى بكەین ,چونكە بە قسەى جەماعەت بێت كولاندنەوەى برینەكانە ,خوایە چى بكەین ,بائیتر ڕۆژنامە و سایتەكان خۆیان لەمە بپارێزن و تەنها چیرۆكەكانى لەیل و مەجنون و شیرین و فەرهادمان بۆباس بكەن ,ئەویش نابێت باسى گەندەڵى و دزى و خیانەتى تیا بێت , با برینەكان نەكولێنەوە , باسى دزینى نەوتمان كرد ,ووتیان ئێوە تێكدەرن ,باسى خیانەت و جاشایەتى سەرۆك و سەركردەكانمان كرد ووتیان ئێوەى نوسەر خائینن و ئەمە دەستى دەرەكیە ,باسى گەندەڵى ئەكەی , ئەوە هێڵى ئەولا سورەوەیە , باسى بنەماڵەكان ئەكەیت , ئەوە زۆر بڤەیە , ئەى باسى چى بكەین ؟ بیرم كەوتەوە با ئیتر ئیشى ئێمە تەنها ئەوە بێت ((سەرۆكمان زێڕە)) و بە شانى و شەوكەتى سەرۆكەكاندا هەڵبدەین ,هەندێك شت هەیە پەیوەندى بە مێژووى میللەتێكەوە هەیە ئیشى حیزب و سەرۆكەكان نیە , ناكرێ باس لەمانە نەكرێ , چواردە ساڵ پێش ئێستا بنەماڵەى بارزانى گەورەترین خیانەتیان لە مێژووى خۆیاندا تۆمار كرد , پەڵەیەكى ڕەشیان نا بە ناوچەوانى خۆیان و ئەم ئەزمونەى هەرێمەوە , ئەوان هاتن سەرلەنوێ مێژووى كوردو شۆڕشەكانیان ئەتك كردەوە , ناسنامەى كوردیان خستەوە ژێر پێى داگیر كەرانەوە , ناكرێ ئەم میللەتە ئەم خیانەتە گەورەیە فەرامۆش بكات , ئەمە بۆتە بەشێك لە مێژووى كورد و لە ئیشى حیزبەكان دەرچوە , بیر خستنەوەى ئەم تاوانە ئەركى هەموو قەڵەمە بوێرەكانە , بیر خستنەوەى ئەركێكە بۆنەوەكانى دوا ڕۆژ , ناكرێ ئەو سەرۆكەى لە سەدا حەفتاى دەنگى بەتەزویر هێناوە و ئێستا سەرۆكمانە خەڵك بەتایبەت نەوەى نوێ نەیناسێ , من ئەزانم مەسعود خیانەتێكى زۆر گەورەى كردوە بەڵام مناڵەكەم نازانێ , ئەبێت ئەویش بزانێ , بۆیە پێویستە نەك لە ڕۆژنامە و سایتەكاندا بەڵكو ببێتە بابەتى خوێندنگاكانیش , پێویستە بەردەوام برینەكان بكولێنینەوە بۆ ئەوەى ئازارى ئەو برینانە ببێتە وانەیەك بۆ نەوەكانى داهاتوو , بۆ ئەوەى سەرۆك و سەركردەكانیان بناسن , ئەبێت نەوەى نوێَ بزانێ مەسعود چى كردوە , تاڵەبانى چى كردوە , مەكتەب سیاسیەكى خاوەن فایل بناسێ , ئەوانە بناسێ كە دەریایەك خوێنیان ڕشت لە پێناوى گومرگ و كورسیەكانى خۆیاندا , ئەبێت نەوەى نوێ بزانێ ڕۆژێك یەكێك لە سەركردەكانى كورد بانگێشتى سوپاى ئەنفالى كردوە و ئەو پەرلەمانەى بە دەنگى ئێمە دەرچون ئەتك كراوە , ئەمە هەقى هەمومانە و پێویستە نەوەكان بیزانن , ناكرێ تاماوین نەوەكانى داهاتوو سەركوت بكرێن ولە مێژووى خۆیان نەزانن , ئەكرێ دەیان ساڵ شەڕى ناوخۆ نەوەكانى داهاتوو نەزانێ بۆ ئەم شەڕە كراوە و كێ كردویەتى و لە پێناوى چیدا كراوە , ئەكرێت ئەو مناڵەى باوكى لە 31ى ئابدا تەسلیمى بەعس كرایەوە نەزانێ 31ى ئاب چیە ؟ ئەم ساڵ لە یادى 31ى ئابدا هەندێك گۆڤارو ڕۆژنامەى ئازا ئەو خیانەتیان باس كرد ,دەستوریش كە یەكێكە لەو ڕۆژنامە ئازایانەى پەڕەى یەكەمى تەنها ئەوەى نوسیبوو (31ى ئاب خیانەتێكى لە بیر نەكراو) ئیتر یەكێتى بەم بابەتە ئیزعاج بوە و لە زارى ووتە بێژەكەیەوە باس كردن لەم خیانەتە بە كولاندنەوەى برینەكان باس دەكات و دەڵێ ((كار بۆ ساڕێژكردنی برینه‌كانی دوێنێی مێژووی گه‌له‌كه‌مان بكه‌ن و خۆیان له‌ كولاندنه‌وه‌یان دوور بگرن .)) پێم سەیرە كەسێكى وەكو جوندیانى ئاوا خۆى دەخڵەتێنێ و ئەیەوێت مێژوو بشێوێنێ , ئەمە خیانەتە , پێش ئەوەى لە یەكێتى بكرێ لە میللەت كراوە , ناكرێ بشارێتەوە , ئاخر ئەوەندە خیانەتەكانى ئێوەمان شاردەوە تا ئاواتان لێ هات , ئەوە ئەنجامەكەیەتى كە هەموو خائینەكانى دوێنێ ئەمرۆ سەرۆك و حاكمى ئەم ووڵاتەن , ئەبێت لەو خیانەتە پەند وەربگرین نەك هانمان بدەن باسى نەكەین , ناكرێ مەسعودى گەورە خیانەتكار ئەو خیانەتەى كردبێت و هەر بە پیرۆزى بمێنێتەوە , ناكرێ جەلال تاڵەبانى كۆنە جاش و یەكەم داهێنەرى خیانەت مێژوى جاشایەتیەكەى بۆ مناڵەكەم باس نەكەم , ناكرێ ئەو فایلانە بۆ مناڵەكەم باس نەكەم كە دواى ڕوخانى سەدام دەركەتن هى سەركردەكانى كوردبون , ناكرێ ئێوە بە ئارەزووى خۆتان مێژووى خۆتان بنوسنەوە و باسى ئەمانە نەكەن , ئەبێت نەوەى نوێ , مناڵەكانمان كە ئەو كتێبانە ئەخوێنەوە كە ئێوە لە سەر خۆتان نوسیوتانن و ئەو ڕۆژە ڕەشانەتان بۆ خۆتان باس نەكردوە , من بۆى باس بكەم , ئەبێت من ئەو چوار ساڵەى جاشایەتى تاڵەبانى كە باسى ناكات من بۆ مناڵەكەمى باس بكەم , ئەبێت باسى ئاشبەتاڵى مەلا مستەفا و 31ى ئابیش كە مەسعود ئەندازیارى بوو بۆ مناڵەكەم باس بكەم , چونكە ئێوە باسى ناكەن , با ئیتر ئازاد جوندیانى واز لە مێژووى ئەو گەلە بهێنێت , ئەوە مێژووەو پێتان ناخۆش نەبێت , ئەبێت نەوەى نوێ ڕووى ڕەشى ئێوە باش بناسن , چۆن مناڵەكەم ئەزانێ مەسعود سەرۆكى هەرێمە ئەبێت ئاواش بزانێ هەر ئەم سەرۆكەبوو ڕۆژى 31ى ئاب گەورەترین خیانەتى كردوە , ئەبێت بزانێ جەلال چەندین ساڵ جاشى بەعس بوە , ئەگەر ئەمە بۆئێوە كولاندنەوەى برین بێت , بۆئێمە خیانەتە , خیانەت , بە ناوچەوانى هەموتانەوە , بە ئێوەشەوە كە هاندەر بون بۆ 31ى ئاب , شاردنەوەى ڕاستیەكان هیچى لە خیانەتەكە كەمتر نیە....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە