تیرۆر نامانترسێنێ، فراكسیۆنی كوردستانی شەرمكەن لەخۆتان
Saturday, 08/05/2010, 12:00
لێرەوە داوا لەوانە دەكەم كە بۆ كوردستان پۆست دەنوسن، ئەگەر جاران نوسینێكتان نووسیوە دژی ئەم رژێمە داپلۆسێنەر و سەركوتكەرەی پارتی و یەكێتی، لەدوای تیرۆركردنی سەردەشتی نووسەر و پەیامنێری كوردستان پۆستەوە بیكەن بەدوو ، سێ و چوار و پێنج.
داواتان لێدەم ئەگەر ئەمڕۆ ئەم رژێمە لەبەرامبەر نووسینەكات تیرۆر هەڵدەبژێرن، سبەی خانووەكانتان دەسوتێنن و ماڵ و منداڵتان ئەنفال دەكەن، بۆیە بۆئەوەی ئەم رژێمە تەمەنی كورت بێتەوە بەنووسین و بەقسەكردن هانی خەڵك بدەن، ئەم رژێمە شەرمی نە بەرامبەر خەڵك ماوە نە بەرامبەر گەنجانی ئەم نیشتمانە.
ئەم رژێمە وەكو چۆن ئەو نیشتمانەی بۆ گەنجان كردۆتە زبڵدان، لەبەرامبەر رەخنەو قسە بەجێكانیشتاندا تیرۆرتان دەكەن، بۆیە تا ئەتوانن دە هێندەی تەمەنی سەردەشت توڕەبن، هێندە تووڕە بن بۆئەوەی ئێوە ببنە پشكۆیەك لەئان و ساتدا ئەو وڵات فرۆش و سامان فرۆشانە بسوتێنێ.
نابێت نووسەرانی ئەم سایتە هەق بێژە تیرۆر بیانترسێنێ، هێندە تووڕە بن لەم رژێمە تیرۆریستە بۆ ئەوەی بەرپرسەكانی هەناسەیەكی نەمێنێ بۆ ژیان، چونكە بەردەوام بوونی ئەم رژێمەی پارتی و یەكێتی هێندەی تر ژیانی ئەو میللەتە دەخاتە مەترسییەوە.
ئەرێ ئەندام پەرلەمانەكانی فراكسیۆنی كوردستانی شەرم ناكەن لەخۆتان بەبەرچاوتانەوە گەنجێك دەڕفێنرێت و تیرۆر دەكرێت، ئێوەش موزایەدە دەكەن بەسەر ئازادیدا و دەتانەوێت بەبەیاننامەیەكی ناوەڕۆك و مانا پوچ خەڵك هەڵخەڵەتێنن و بەخەڵك بڵێن كە ئەم كارە لەدەرەوەی ئیرادەو ئیدارەی ئێمەیە، ئەو بەیاننامەیە هەنگاوێك رێنا ناكات، چونكە ئێوە لەمنداڵدانی رژێمێكدا هاتونەتە دەر كە نەك سەرتاپای گەندەڵی، بەڵكو ئێستا بوونەتە مافیاو دەیانەوێت ئەوانەی وەكو رژێمەكەتان بیر ناكەنەوە تیرۆری بكەن.
ئەو نووسەرانەی كە ئێستا لەهەرێمی كوردستاندا نووسەری كوردستانپۆستن، نەك لەمردن باكیان نییە، بەڵكو هانی هاوڕێ و برا و كەس و كاریان دەدەن لەهەر ساتێكدا بێت گوللەبارانتان بكەن، ئەمڕۆ بەوشە سبەی بەگوللە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست