موراد قه‌ره‌یلان: په‌كه‌كه ئاماده‌یه هه‌مو هه‌نگاوێك جێبه‌جێ بكات له‌پێناو كۆتاییهێنان به خوێنڕشتن
Saturday, 30/05/2009, 12:00
موراد قه‌ره‌یلان سه‌رۆكی كونسهی سه‌رۆكایه‌تی كۆماجڤاكێن كوردستان رایگه‌یاند: سه‌ره‌ڕای راگرتنی چالاكییه‌كانمان، تاوه‌كو ئێستاش توركیا به‌رده‌وامه له ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی دژ به گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا موراد قه‌ره‌یلان ئاماژه به‌وه ده‌كات: ده‌وڵه‌تی توركیا به‌رپرسیاره له‌كوشتنی حه‌وت سه‌ربازی تورك له‌هه‌رێمی چه‌لی و له‌وباره‌یه‌شه‌وه په‌كه‌كه له سبه‌ینێوه (1/6/2009) هه‌ڵوێستی خۆیان راده‌گه‌یه‌نن.
له به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌دا هاتوه: داوا له‌هه‌مو لایه‌نێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كێشه‌ی كورده‌وه ده‌كه‌ین كه به لێپرسراوانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه بكه‌ن.
له‌باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سوپای توركیاوه، قه‌ره‌یلان رای ده‌گه‌یه‌نێت: له میدیاكانی توركیاوه به هیچ جۆرێك باسی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییانه ناكرێت، هه‌رچه‌نده په‌كه‌كه چالاكییه‌كانی خۆی راگرتوه، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا توركیا به‌رده‌وامه له هێرشی سه‌ربازی و جگه له‌وه‌ش په‌كه‌كه تاوانبار ده‌كات به نانه‌وه‌ی پشێوی و ئاڵۆزی له ناوچه‌كه، كه ئه‌مه‌ش دوره له هه‌ڵوێستی به‌رپرسیارێتی.
سه‌رۆكی كۆنسه‌ی كۆماجڤاكی كوردستان ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه له رێكه‌وتی 23ی ئه‌م مانگه‌دا توركیا ئاگادر كراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی چیتر له‌مه زیاتر پشێوی و نائارامی دروست نه‌بێت و كۆتایی به شه‌ڕوپێكدادانه‌كان بهێنرێت، به‌ڵام توركیا به شه‌ڕ وه‌ڵامی ئه‌و بانگه‌وازه‌ی داوه‌ته‌وه.
هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ئه‌وه‌ش رونكراوه‌ته‌وه كه به هۆی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سوپای توركیاوه، نزیكه‌ی 30 گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌دا قه‌ره‌یلان داوا له گشت كه‌س و لایه‌ن و رێكخراوه ئاشتیخوازه‌كان ده‌كات كه هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه گه‌ڕ له‌پێناو كۆتاییهێنان به خوێنڕشتن و راشیده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌ر كارێك بكه‌وێته ئه‌ستۆی په‌كه‌كه له پێناو كۆتاییهێنان به شه‌ڕ و ئاڵۆزی، ئاماده‌ن جێبه‌جێی بكه‌ن.
دیاری محه‌مه‌د
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست