كردەوە تیرۆریستەكەى فەرەنسا چیمان پێ دەڵێت؟
Saturday, 10/01/2015, 12:00
هەر كردەوەیەكى تیرۆریستى لەلایەن هەر گروپ و دەستەیەكەوە بەهەر بیانوو و پاساوێكەوە ئەنجام بدرێت مەحكومە و بەكارێكى قێزەونى دژ بەیاسا و ڕێسا و بەها مرۆیی و ئاینیەكان لەقەڵەم دەدرێت.
ئامانج لەهەر كارێكى تیرۆریستى تۆقاندن و هەڕەشە و لەباربردنى ئەمن وئاسایش و دروستكردنى دڵەڕاوكێیە.
ئەو كردەوە تیرۆریستەى چەند ڕۆژی ڕابردووى بارەگای یەك لە گۆڤارەكانى فەرەنسا هەموو دونیای هێنایە دەنگ و سەر خەت بە باوەڕدار و بێ باوەڕەوە (چەپ و ڕاست) تا بەحكومەتەكەى لەمەڕ خۆشمان لەنامەیەكدا هاوسۆزی خۆیان بۆ گەڵی فەڕەنسا دەربڕی و كەسایەتى و بەرپرسانى باڵای حزبیش لەولاوە بوەستێ، هەموو ئەمانە بەڵگە و گەواهیدەرن بۆ بەرەنگاربوونەوە و دژایەتیكردنى تیرۆر.
وەلێ ئەوەى من لەڕێی مانشێتەكانەوە هەڵوێستەى پێكردم:
1- سەرۆكى ئەو وڵاتە لە لێدوانێكدا پاش كردەوە تیرۆریستیەكە بۆ ئاژانس و میدیاكان ڕاشكانەوە ڕایگەیاند كە بەشداری وڵاتەكەى لەدژی داعش بۆ ئەوە بووە تیرۆر بەرۆكى وڵاتەكەى نەگرێتەوە.. هەروەها لە ئاخاوتنەكانى دیكەى سەرۆكى وڵاتان بەنموونە، بەرپرسێكى بەرزى بەریتانى:شەڕ دەكەین بۆ ئەوەى وڵاتەكەمان لەهەڕەشەكانى ئەو گروپە توندڕەوە بپارێزین... بەرپرسێكى ئەمریكى: جەنگ دژ داعش پاراستنى هەیمەنە و ئاسایشی ئەمریكایە و...هتد.
2- هەموو ئەو لێدوانانە ئەوەمان پێ نیشان دەدات كە ئەو وڵاتانە لەبەر چاوكاڵی گەلی كورد و ئێراق و سوریا ناهاتوونەتە ناوچەكە، مەگەر بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە لەوەدایە چۆن سوود لەو گەمە سیاسیانە وەربگرن .
3- كورد و سەركردایەتى سیاسی كورد پێویستە لەخوێندنەوەى ئەو لێدوان و مانشێتانە ئەو هەقیقەتەیان بۆ دەربكەوێت كە یەكریِزی ماڵی كورد و یەك دەنگ و یەك ڕەنگى خەڵكى كوردستان زامنى پاراستنى ئەو دەستكەوتانەیە و دەبێ خۆمان بۆ داهاتووى سەربەخۆیی كوردستان پشت بەخۆمان ببەستین نەك ئەو وڵاتانەى لەم جەنگەی دژ بەتیرۆر لەپەنای پارێزگاریكردن لەئێمە دژ بەو گروپە هاتوونەتە ناوچەكە پێش هەر شتێك بەرژەوەندى خۆیان و وڵاتەكەیان لەبەرچاو گرتووە كە هەر لەو ڕێیەوە چەك و تەقەمەنیە كۆن و نوێكانیان لەو بازاڕە ساغ بكەنەوە، كەواتە دوور و نزیك هەر شتێك بەبەرژەوەند نەزانن نایكەن و نابێ ئێمە تەنها پشت بەسیاسەتى دەرەوە ببەستین و سیاسەتى ناوخۆش لە حزب و لایەن و هاونیشتمانیان فەرامۆش بكەین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست