با بە دەستی خۆمان دیكتاتۆر بۆ خۆمان دانەتاشین
Wednesday, 08/07/2009, 12:00
نامانەوێت بەدرێژیی قسە لە گرنگیی و بایەخیی بوونی دەستوور لە ژیانی سیاسیی و كۆمەڵایەتیی هەر وڵات و دەسەڵاتێكدا بكەین ، بە تایبەت بۆ دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە هەژدە ساڵە بێ دەستوورێكی دیموكراتیك و لە سایەی رژێمێكی دەبڵ ئۆتۆكراسییەوە كیسەڵانە خۆی دەكێشێت، هێندە بەسە كە بەر لە دەیەیەك و لە توێژینەوەیەكماندا كە بە ناونیشانی " گەلی كوردو بزاڤی مەشرووتەخوازیی لە ئێران "كراوەتە كتێب ، گوتەیەكی (جۆن ئادەمز) مان كردۆتە دەستپێكی كتێبەكە كە دەڵێت " دەستوور تەنیا بنەما و سەرچاوەی دەسەڵاتە لە وڵاتە ئازادەكان دا " . بۆ هەمووان ئاشكرایە كە چۆن بە خواستی سەرۆكی تا ئەمڕۆی هەرێم، پەرلەمانە وادەبەسەرچووەكە لە سەر بنەمای ئەو پەندە كوردییەی كە دەڵێت " ئا بەم ناوەختە تەمەڵ بە جەختە" بێ ئەوەی لە دەمی ماوەی شەرعیی و یاسایی خۆیدا بە شێوەیەكی شیاو و دروست كە شایەنی پرسێكی هەستیارو مەزنی وەك دەستوورە بۆ بە دەستوورییكردنی دەسەڵاتی لا یوسئەلی هەرێمی كوردستان تێبكۆشێت ، كەچی لە ناوەختدا و هەموو چەند رۆژێكمان لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی نوێدا ماوە ، ئاوا بەو پەلەپروزێیە و لە ماوەی یەك دوو رۆژدا دەستورێكی رەنگ زەرد و هەڵكڕوزاویان بێ ئاگاداریی وراوێژو گەنگەشەی نەك هەر خەڵك و چینوتوێژە جیاوازەكانی كوردستان ، بەڵكو تەنانەت ئەندام پەرلەمانەكان خۆشیان بە شێوەیەكی چاوبەستەگییو بروسك ئاسا تێپەڕاند .
دیارە ئێمە وەك مێژوونووسێكی كورد و بایەخدار بەو پرسە هەستیار و مەترسیدارە ئەو جۆرە كارەی ئەنجومەنەكەی كوردستانمان كە زۆر درەنگ نێوی خۆی بۆ پەرلەمان گۆڕیی، پێ سەیرو سەمەرە نەبووە و نیە ، چونكە هەر لە چوار ساڵ لەمەوبەرەوە و بەر لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەندامەكانی ئەو ئەنجوومەنە لە ژمارە 3 ی هەفتەنامەی دەنگ لە 3ی مایۆی 2005 راشكاوانە رامانگەیاندبوو كە ئەندامانی ئەنجوومەن لهگهڵ رێزم بۆ هەڵوێستی چەند دانەیەكیان- نوێنەری خەڵك نابن و ئەوانە كادرە پلە خوارەوەكانی هەردوو زلحیزبەكەی كوردستانن و چەپكە گوڵی دەستی مەكتەب سیاسیەكانن و بۆ بەڕێكردنی ویستی ئەوان نەك میللەت كۆدەكرێنەوە و دەستیان پێ بەرزو نەوی دەكەن ، هەر بۆیە ناتوانن نوێنەری راستینەی ماف و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەیان بن (بۆ راست دەرچوونی ئەم پێشبینییە ئاسانە یەك لەو ئەندامانە رەپوراست ئەوەی راگەیاند كە نوێنەری حیزبە و هی گەل نیە ، ئەوی دیكەیان گوتی : نە ئاگام لە دەستوورە و نە لە هیچ مەسەلەیەكی دیكەی بایەخداری وەك گرێبەستە نەوتییەكان ئاگادارم، بەرێز كاك رێبین هەردیش بەو دواییە لە هەفتەنامەی ئاوێنەدا ،پەرلەمانی بە بوكە شوشە ناوبردووە ،بێ ئەوەی ئاماژە بەوە بدات كە بوكەشوشە لانی كەم دڵی منداڵان خۆشدەكات!!) .
هەروەها پێشمان عەنتیكە نیە كە دەستوورەكە (وما ادراك ما الدستور) بەو هەڵكڕوزاوییە یان راستر ئەتككراوییە ، بەو شێوەیە لە غەفڵەتی هەرای دەستپێكردنی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا بروسك ئاسا تێیپەڕێنن ، چونكە بەر لە سێ ساڵ لەمەوبەر لە چاوپێكەوتنێكماندا بۆ گۆڤاری لڤین گوتبوومان پێدەچێت ئەم دەستوورە حیسابی پاشەڕۆژی كوردو ئایندەیەكی رۆشن و پرشنگداری بۆ نەوەكانی داهاتوو نەكردبێت و لەبنەڕەتدا هەر كاڵایەك بێت بۆ بەری حەزرەتی سەرۆكی هەرێمی حازریی دورابێت !! هەروەها سەبارەت بە سەلاحییەتەكانی سەرۆكی هەرێم لە رەشنووسەكەی پێشوودا گوتبوومان كە هەمان ئەو سەلاحییەتانەن كە دوستووری ئێرانی بۆ (وەلی فەقیە /نوێنەری ئیمامی زەمان عجل اللە فرجە الشریف) ی داناوە و سەرۆكی حكومەتیش لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە سكرتێری سەرۆكی هەرێم !! بەوەش ئەو رەشنووسە لهگهڵ دەستووری عێراق و سیستمە پەرلەمانییەكەیدا -كە هەرێمی كوردستان سەر بەوێیە- ناكۆك و ناتەبایە.
هەربۆیەپاش وردبوونەوەمان لە نێوەرۆكی دەستوورە هەڵكڕوزێنراوەكە ، دەبێت بگوترێت :" هەزار رەحمەت لە رەشنووسی دەستووری هەوەڵی " چونكە ئەمەی دواییان بە قودرەتی حیزبۆكراتەكان زێدەكاریی ئەوتۆی تێدا كراوە كە تایبەتمەندییەكی دواكەوتووانەتری پێبەخشیوە و رەنگ زەردتری كردووە ، دەرپەڕاندن و تێپەڕاندنەكەشی بەو شێوەیەی دیترا دەستوورەكەی لای زۆربەی چین و توێژەكانی خەڵك ناكام كرد بە چەشنێك جگە لە بلوێربەدەستەكانی چینی دەسەڵاتدار كەسمان نەبینی پیایدا هەڵبدات.
بەڕێزان ئێمە وەك بایەخدارێك رایدەگەیەنین كە ئەم تەرزە دەستوورە و دەنگدانی گشتی بۆی، زەمینەخۆشكەرە تا رژێمی دەسەڵاتداریی لە كوردستان لە رژێمێكی دەبڵ ئۆتۆكراسیی نادەستوورییەوە بەرەو رژێمێكی (دیكتاكراسی) دەستووریی بەرێت ، ئەو رژێمەی دژی دیمۆكراسیی راستەقینە و حوكمی گەلە و رێگە لە هاتنەكایەی پەرلەمانێكی گەلیی بەهێز و خاوەن ئیرادە وبڕیار دەگرێت و وەك قۆناغی یەكەمی ژیانی دەوڵەتی توركیا زەمینە بۆ تاكێك دەرەخسێنێت تا وەك ئەتاكوردێك خۆیمان بەسەردا بسەپێنێت و حوكمێكی رەها لە پشتی چەند دەزگایەكی بێ نێوەرۆكی بێئیرادەوە بەرێوەبەرێت . ئەوجا پاش چەند ساڵێك تاكی كورد پەنجەی پەشیمانی بگەزن و شاعیرێكی كوردیش (علم و دستور و مجلس امە كل عن المعنی الێحیح محرف) كەی جەواهرییمان بە كوردیی بۆ لێبداتەوە و سەردێڕەكەی بەوە دەستپێبكات (ئاڵا و دەستوور و پەرلەمان پوچ وچروك و بێمانان) !!
بە پێچەوانەی هێندێكەوە كە لە هەموو حاڵەتەكاندا دەستوور بە دەستكەوتێكی ئەرێنی دەبینن و دەیانەوێت خەڵكی بەم دەستوورە هەڵكڕوزاوە چەواشە بكەن ، ئەز پێم وایە نەبوونی دەستوور لەم هەرێمە باشترە لە بوونی دەستوورێك كە زەمینەخۆشكەری دیكتاكراسیی و خۆسەپێنی تاكێك بێت بە هەر ناوێكەوە ، نموونەشمان جیاوازیی نێوان بەریتانیایەكی دیموكراتیكی بێ دەستوور و رژێمی بەعسیی پێشووی خاوەن دەستووری كاتیی یاخود ئێرانێكی ئەمڕۆی جەمهوریی ئیسلامیی خاوەن دەستووری هەمیشەییە ، تكایە ئەگەر بڕیارە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دەستووریزە بكرێت با دەستوورێكمان هەبێت گەل بكاتە سەرچاوەی دەسەڵات و بڕیار ، با هەڵهێنجراوی نمونەی وڵاتە ئازاد و مرۆڤدۆستەكان بێت و لاسایی سۆماڵ و سودان و ئێران نەكەینەوە و چەواشەكارانە ئیرادە و بەرژەوەندیی تەواوی چین و توێژەكانی ئیستا و ئایندەی گەلەكەمان زیندەبەچاڵ نەكەین.
لە كۆتاییدا ئێمە وەك مێژوونووسێكی دیمۆكراتیكی كورد كە هیوامان ئایندەیەكی گەشاوەیە بۆ نەوەی داهاتوو و ئاسەوارە نەرێنییەكانی ملهوڕیی و خۆسەپێنی لە مێژوودا زۆر بە باشیی درك پێدەكەین ، وەك هەڵوێستێكی مێژوویی رایدەگەیەنیین كە هەرگیز ئەم دەستوورە هەڵكڕوزاوەمان لا پەسەند نیە كە نوێنەرانی لە مێژوو بێدەربەستی ئیرادەی حیزب لە ناوەخت و غەفڵەتدا دەریانپەڕاند و داواش لە هەر تاكێكی هۆشیارو دڵسۆزی كورد دەكەین نێوەرۆكی نادیمۆكراتی راستەقینەی ئەو دەستوورە درك بكەن و ئەو راستییە بزانن كەوا لە ئێران و توركیا خەبات بۆ دیمۆكراتیزەكردنی راستەقینە و هەمواركردنی دەستوور و گسكلێدانی وەلی فەقیە و هەڵگرتنی پەیكەرەكانی ئەتاتورك لە گەرمەیدایە و سەردەمی كارێزمای نەتەوەیی و سەركردەی پیرۆزی ئایینیی بەسەرچووە، داخۆ بۆچی ئێمە لەم كۆتایی دەیەی سەدەی بیستو یەكەدا بە دەستی خۆمان زەمینە بۆ سەپاندنی ئەبەد ئەلدەهری ئەتاكوردێكی تاكڕەو و روحوڵڵایەكی مرۆڤچەپێن خۆشبكەین و پایەی دەستوور بەخواریی بنیادبنێین بە شێوەیەك راستكردنەوەی مەحاڵ بێت!! باشەئەوە هەر سەرۆكی هەریم خۆی نەبوو كە كاتێك سەردانی مامۆستایانی زانكۆی دهۆكی كرد و ژنەمامۆستایەك پێشنیاری ئەوەی خستە بەردەم بەرپرسانی زانكۆ كە بۆ رێزگرتن لە نووسینە مێژووییەكانی سەرۆك با بڕوانامەی دكتۆرای بدرێتێ! سەرۆكیش مەردانە دەمی دایەوە و جوانترین گوتەی تەمەنی خۆی راگەیاند و گوتی:"دانیشن ، بۆچی بەدەستی خۆتان دكتاتۆر بۆ خۆتان دروست دەكەن؟!" ئێستا چی قەوماوە وا بە پەلە دەستورێكی دكتاتۆرخولقێن بۆ بەردەم رای گەل فڕێ دەدەن! باشە هەر نەبن بە دەسەڵاتدارە چاوڕەشەكانی بەغدا نەبن كە هاتنە شار بە شاری كوردستان و پرسی رەشنووسی دەستووریان لهگهڵ مامۆستایان و رۆشنبیران تاوتوێ كرد ، بەندە یەكێك بوو لەوانەی كە لە هۆڵی پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی پارێزگار خۆی ،یەكەمین كەس بووین چەند رەخنەیەكی توندمان لە دەستووری عێراقی گرت و ئەوانەی لەوێ بوون شایەتن و ئێستا دەزانن كە ئەو رەخنانەی ئەو دەمە چەندە راست و گونجاو بوون. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت كە مەسەلەی دەستوورەكەی لەمەڕ خۆمان لە دوو ئەگەر تێناپەڕێت ، یان پیلانێكی دەسەڵاتدارانە بۆ سەپاندنی سیستمێكی دیكتاتۆری و وەڵامدانەیەكی ملكەچانەیە بۆ خواستی سەرۆكی حازری! یاخود دەسەڵاتداران چینوتوێژەكانی كۆمەڵ بە مێگەل و قاێر دەزانن و پێیان وایە شایەنی راوێژكاریی نین ! ئەوەش دەكاتە ئەوەی وەك دەڵێن كە عوزر لە تاوان قەباحەت تر بێت!
ئێستا لە ئەگەری رازیبوونی كۆمسیۆنی باڵا بۆئەوەی ئەم دەستوورە هەڵكوڕوزێنراوە لە 25ی ئەم مانگەدا بخرێتە بەر راپرسیی تەنیا ئەوە ماوە كە تەواوی رۆشنبیران و دیمۆكراتخوازانی دڵسۆزی كورد كەمپینێكی دژایەتیی لە پێناو شكستپێهێنانیدالەئاست راگەیەنن ، بەتایبەت ئەمڕۆ پاش هەژدە ساڵ لە راپەڕینە سورەكەی ساڵی 1991 كە دەستی رژێمی بەعسی لە كوردستان قرتاند ، رابوونێكی جەماوەریی دەستی پێكردووە و بەرە ئەوە هەنگاو دەنێت كە ببێتە (راپەڕینێكی سپیی) مەدەنیانە و شارستانییانە دژ بە گەندەڵیی و كەلتوری بەعسیانەی فەرمانڕەوایەتیی و لە پێناو هێنانەكایەی پەرلەمانێكی ئەكتیڤ و خاوەن ئیرادەی راستەقینە و بوونی ئۆیۆزسیۆنێكی بەهێز و فەزایەكی سیاسیی و ئابوورییەكی ئازاد و كۆمەڵگایەكی دادپەروەر یەكەمین هەنگاوی خۆی بهاوێژێت .
پرۆفیسۆر .ی .دكتۆر یاسین سەردەشتیی
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست