کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەگەر كەركوك قودس بێت، دەبێت فەتح و حەماس لە فەڵەستین چی بكەن؟!

Tuesday, 22/09/2009, 12:00


ئەگەر بەوە خۆشنوود بین بۆ گوزارشتكردن لە شتێلێكی خۆمان پەنا وەبەر زوبانی بیانیی بەرین، وا خۆمان دەربخەین كە شارە هەنگمان لە داردا دۆزیوەتەوە، وا باشترە رۆژێك زووتر هەر بەو زوبانە تەلقینێك بۆ خۆمان و زوبانەكەشمان بخوێنین!
                         ئەگەر مەبەستیشمان بێت شتێكی خۆمان هاوشێوەی شتی لایەكی دیكە بكەین، وا بزانم پێویستە لە ماهییەتی هەر دوو شتەكە بگەین، دەنا دەكەوینە نێو هەڵەی زوبانەوانییەوەو هیچ هەڵەیەكیش هێندەی هەڵەی زوبانی سیاسییەك باجی قوورس و گران نابێت، چونكە تاكە ئامرازی سیاسەتكردن لە زوبانەوە سەرچاوە دەگرێت!
                          زۆر بە داخەوە بە كارهێنانی ناوی مەجازی  لە دونیای ئێمەدا تەنها بۆ مەبەستی سیاسیی لەو فەزایەدا رەنگدانەوەی نییە، بەڵكو دونیای نووسینیشی بۆ خۆی قۆرخ كردووەو بە شێوەیەك بارگاوی كردووە بە بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین دەكەوینە داویانەوەو كاتێك بە ئاگا دێینەوە،  رامكراوین! ئەمەش نەك گوزارشت لە بێ خەمی ئەو توێژە بە ناو هەستییارە دەكات، بەڵكو گوزارشت لە باڵا دەستی ئەقڵی سیاسیی دەكات لەم پانتاییەدا!
                           بە كار هێنانی ناوی مەجازی سیاسیی لە دونیای نووسیندا و ئاوێتە كردن و رێگە پێدان و شوێنكردنەوەی بۆ نێو فەرهەنگی رۆشنبیریی، دەمانخاتە بەردەم دوو ریانێك، ئەویش: " یان دەبێت ببین، یانیش ببین بە سێبەر"؟!
            ئەگەر كەركوك لە رابردوودا هەر ناوێكی لێ نرابێت؟ هیچ لە واقیعی ناگۆڕێت، بەڵكو دەبێت خوێندنەوەمان بۆ ئەو ناوانە هەبێت كە هەر یەكەیان زادەی سەردەمێكن!
                          بەعس بۆ ساڵانێكی زۆر ناوی ئەم شارەی گۆڕی بۆ "تامیم" لێ چونكە ناوە رەسەنەكەی خۆی بە شێوەیەك ئاوێتەی رۆحی ئەم شارە بوو بوو، تەنانەت خودی بەعسییەكانیش هەر ناوی كەركوكییان بە كار دەهێنا! جگە لەو ناوەش "پ د ك" و"ی ن ك" یش هەر یەكەیان بە هۆی ململانێی سیاسییەوە ئەمیان بە "دڵ" و ئەویان بە "قودس" هاوشێوەیان دەكرد! بەڵام واقیعی ئەم شارە ئەوەی بۆ هەموو لایەك سەلماند كە جگە لە ناوەكەی خۆی، هیچ ناوێكی دیكەی پێ هەزم ناكرێت! چونكە ئەو ناوانە دەچنە نێو خانەی موزایەدەو موجامەلەی سیاسییەوە، ئەگەر نا چ جەستەیەك هەیە بتوانێت لەو پەڕی چالاكیدا بێت، لە كاتێكدا دڵی لە ئینعاشدا نووستبێت؟
                          ئەگەر راڤەیەكی ناوە مەجازییەكەی تریش بكەین، ئەوا بۆمان روون دەبێتەوە كە جیاوازی ئاسمان و رێسمان هەیە لە نێوان كەركوك و قودسدا، چونكە لە كاتی هاوشێوەكردنی كەركوك بە قودس، هاوكێشەكان گۆڕانیان بە سەردا دێ و دە بێت بە ئاگاییەوە مامەڵە لە گەڵ چركەیەكی مێژوویی فەتح و حەماسدا بكەین و لە رێی هەڵەی زمانەوانییەوە نەكەوینە نێو هەڵەی سیاسیی و جوگرافیی و مێژووییەوە، هەروەكو چۆن ناكرێت ئێمە لە رووانگەی ئەوانەوە لە حەقیقەتی شتەكان بڕوانین!
                           ئەگەر بشمانەوێت راڤەی ئەو فاكتەرانە بكەین كە لە پشت ئەوەوەن كە سەرۆك كۆماری ئێراقی فیدراڵی بە شێوەیەك بارگاوی كردووە بێت بۆ ماوەی چەند رۆژێك لە كەركوكدا بمێنێتەوە، ئەوە بە مانای ئەوە نایات كە چارەنووسی ئەم شارە لە سەر كێ دەبێت بە ماڵ ... بەڵكو دەبێت  بە زوبانێكی سادە و ساكار ئەو راستییە بدركێنین، كە ئەو حیزبە مەترسی ئەوەی هەیە لە كەركوكیش تووشی ئەو حاڵەتەی سلێمانی ببێت، چونكە ئەگەر هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە ئەوا دەبێت پێش ئەوەی لە هەوڵی گەڕاندنەوەی كەركوك بێت بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بە شوێن ئەو هۆكارانەدا بگەڕێت كە لە پشت لاوازكردنی ستاتۆیەوەن لە كوردستاندا!
 [email protected]
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە