لە پەراوێزی نامەکەی کوردستانپۆستەوە بۆ نەوشیروان مستەفا !!!!
Saturday, 01/10/2011, 12:00
لە نامەیەکی کراوەدا بۆ بەڕیز نەوشیروان مستەفا لە ٢٣/٩دا ،لە لایەن کوردستانپۆستەوە ووتارێک بڵاوکراوەتەوە ، ناوەرۆکی ووتارەکە لە زۆربەی ناوەندە جەماوەرییەکان و هێزە سیاسیەکاندا خراوەتە بەر تیشکی لێکۆڵینەوەو باسکردنی چڕ وبڕ ،منیش پێم خۆش بوو ،چەند دێڕێک لە سەر ئەم نامە کراوەیە بنوسم وەکو کەسێکی نیشتیمانپەروەر .
سەرەتای نامەی کوردستانپۆست بە پێشەکیەک دەست پێدەکات کە زۆر لۆژیکییە و باسێکی ڕەخنەییە لە سیستەمی سیاسی و ئیداری هەرێمی کوردستان ، بێگومان کوردستانپۆست هەردەم شۆڕەسوای مەیدانەکە بوە لە ئاشکرا کردن و خستنەڕووی هەمو کارە گەندەڵییەکان و هەڵەی سیاسی بەرپرسەکان وچەندین جاریش پێشبینی هەبوە بۆ ڕوداوەکان ، ئێمەش ئەزانین کە ئەم پێگە میدیاییە دەوری سەرەکی هەبوە لە هاندانی جەماوەری کوردستان لە ناوەوە و دەروەش لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقدا ، ئێمە دڵنیاین کەخەڵکانێکی زۆر لە جەماوەری کوردستان کە لە دەزگا گرنگەکاندا کار ئەکەن پەیوەندیان هەیە بە کۆردستانپۆستەوە ولە دڵسۆزی و نیشتیمانپەروەییانەوە هەواڵی گرنگ و گەندەڵییەکانی هەردوو بنەماڵە ئاشکرا ئەکەن ،ئەمانەو جگە لە دڵسۆزی و غەمخۆری ستافی بوێری کوردستانپۆست لە شکاندنی دیواری ترس و نەهێشتنی سانسۆر لە سەر ئەو بابەتانەی بڵاوئەکرێنەوە .
ناوەرۆکی نامەکە کەئاراستەی کاك نەوشیروان کراوە ،بە بۆچونی من کەمێك هەڵەشەیی تێدایە و دورە لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخ و وەزعی سیاسی کوردستان و تێنەگەیشتنە لە ململانێ و ناکۆکییە سیاسیەکان .هەوڵ ئەدەم ڕەخنەکانم لە چەند خاڵیکدا بەرجەستە بکەم
١- کوردستانپۆست گلەیی ئەکات کە نەدەبو کاک نەوشیروان مستەفا بچێتە پرسەی دایکی بەرزانی ، لێرەدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم کە کوردستاپۆست پەیوەندییە ئاینی و کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ بە کاری سیاسی ئەکات ، ئێمە وەکونوسەر و ڕۆشنبیرانی کورد پێویستە ڕەچاوی کەڵچەری عەشائیری ناو کوردەواری بکەین ،ئەگەر چی ئێستا سەردەمی گڵۆبالیزم و گەشەکردنی ئابورییە لە جیهاندا ، بەڵام کوردستانی ئێمە بە شێوەیەکی گشتی لە قۆناغی کۆتایی دەرەبەگایەتی و سەرهەڵدانی سەرمایەداریدایە ، ئەو سەرمایەدارییەی کە تەنها توێژێکی کۆمەڵی گرتوەتەوە ، بە بۆچونی من چونی کاك نەوشیروان بۆ پرسەی دایکی سەرۆکی هەرێم کارێکی مرۆڤانەیە هیچ پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە ،ئەگەر چی لە ناوەرۆکدا کاردانەوەی گرنگی هەبو لای سەرۆکی هەرێم ،کە بەرپرسی بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەرفراوان ئەو هەنگاوەی نابێ .
٢- لە هیچ فەرهەنگێکی سیاسیدا نەبوە کەسایەتییە سیاسیەکان تەنها ڕەش و سپی لە یارییە سیاسیەکاندا بە کار بهێنن ،بەڵکو هەمو ڕەنگەکان بە کار هاتوە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجە گشتییەکان ، ئەو وەزعە سیاسیەی بە سەر کوردستاندا سەپێندراوە لە لایەن هەردوو حیزبی بنەماڵەوە ، هەر لە هەڵبژاردنی تەزویری پەرلەمان و سەرۆک تا دەگاتە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوانیان ، شەرعیەتی یاسایی پێ بەخشرا و زۆربەی جەماوەری گەلەکەمان بە ناچاری ڕەزامەندی خۆیان پێدا ، بۆیە بە شێوەیەکی عەمەلی ئەبێ دان بەوەدا بنێین کە دوو حیزبی گەورە ،خاوەنی میلیشای تایبەت بە خۆیان ، خاوەنی سەروەت و سامانێکی زۆر ، لە پاڵ ئەمانەشدا چەند ووڵاتێکی وەکو بەریتانیا و ئەمەریکا لە پێناوی پاراستنی ئەمنی قەومی و هەڵسانەوەی باری ئابوریاندا و خستنەگەڕی سەرمایەکانیان لە کوردستاندا بونە پاڵپشتێکی سیاسی بۆ ئەو دەسەڵاتە بۆگەنە .
٣- ئەم سەردەمە کە تیادا ئەژین بە سەردەمی بەهاری میللەت ناوزد کراوە ،واتە میللەت هوشیارە وکاتی ئەوە هاتوە دیکتاتۆرەکان کورسییەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو جهنم بڕۆن ، ئەویش یان بە ڕاپەڕینی جەماوەری ئاشتیخوازانە وەکو میسر و تونس یان بە شەڕی چەکداری و خوێن ڕشتن وەک سوریا و لیبیا و یەمەن ، گەلی کورد ئەزمونێکی تاڵی هەیە لە شەڕ وخوێن ڕشتن ،ئەم دوو پارتەی کوردستان ئامادە نین کورسیەکانیان چۆڵ بکەن ،ئەگەر بۆیان بلوێ شەقامەکانی ئەم ووڵاتە ئەکەن بە گۆمی خوێن ، هیچ پێیان شەرم نییە پەتی سێدارەش لە بەردەرکی سەرای ئازادی بۆ گەنجەکانمان هەڵخەن ،باشە من لە ئێوە ئەپرسم . چۆن و بە چ زمانێک بزوتنەوەی گۆڕان و ئۆپزیسێۆن کە خۆیان بە نوێنەری خەڵك ئەزانن ،ڕێگە چارەیەک بۆ ئەم قەیرانە سیاسیە بدۆزنەوە ،ئایا برادەرانی کوردستانپۆست پێیان باشە بە چەك ئەم قەیرانە چارەسەر بکرێت یان بە گفتوگۆی سیاسی ؟
٤- بزوتنەوەی گۆڕان هەر لە سەرەتای لە دایکبونییەوە و لە یەکەم بانگەوازیدا بۆ جەماوەر .ووتی ئێمە باوەڕمان بە چەك نییە بەڵکو خەباتی ئێمە لە ناو پەرلەماندا بەرجەستە ئەبێ . لەم ڕوەوە کەس ناتوانێ نکۆڵی لە ئازایەتی و بوێری ئەندام پەرلەمانەکانی گۆڕان بکات ، هەر لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی دەیان پرۆژەی خزمەتگوزاری گرنگ ، هەروەها شەری بەردەوامیان لە سەر دەستور و بودجە ومافە مەدەنییەکان ، توانیان مۆدیلێکی نوێ لە شێوەی خەباتی پەرلەمانی ساز بکەن کە بوە جێگەی ڕەزامەندی خەڵکی کوردستان ،ئەمانەش بوون بە هۆی ئەوەی زۆربەی مەکۆکانی گۆڕان لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی بکەونە بەر هێرش و پەلاماری هیستیرییانەی دەسەڵات ، سەڕای ئەمانەش گۆران هەر سور بوو لە سەر داواکانی خۆی وبە قەد تاڵە موەکەی معاویە چۆکی بۆ دەسەڵات دانەدا ، هەروەها ڕۆژانە کەی ئێن ئێن خۆپیشاندانەکانی سەرای ئازادی و شارۆچکەکانی تری بەخش ئەکرد و ووتار و بابەتی سیاسی لە سەر وەزعەکە بڵاو ئەکردوە ، بەم کارەشیان ئەوەندەی تر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیان لە یەکتر نزیککردەوە و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی بە هێزی زێڕەڤانی و دژە تیرۆر و میلیشیاکانی تاڵەبانی ،پەڵاماری مەکۆی سەرەکی گۆڕان بدەن و کوشت و کوشتارێکی زۆری تێدا ئەنجام بدەن ،بەڵام ئەمەریکییەکان ڕێگریان لێکردن ،
٥- لە بارودۆخێکی وا ئاڵۆزدا بە ڕای هەمو چاودێرە سیاسیەکان و بیرمەندان ،پێویستە سەرکردەی خاوەن حیکمەت کە پێشڕەوی پاپۆڕەکە ئەکات ،سەرنشینەکانی ئەو پاپۆڕە بەرەو کەنار ئاشتی و ئارامی بەرێت ، ئەمەش بە بەکارهێنانی هەمو ڕەنگەکانە نەک تەنها ڕەش و سپی ،ئا لێرەدا ئەو ڕاستییە دەرئەکەوێت کە نەوشیروان مستەفا سەرکردەیەکی لیهاتوو و خاوەن بیروباوەڕە ، سەرکردەیەکە ئەزانی چۆن ناکۆکیەکان دەست نیشان بکات و ململانییەکان ئاراستە بکات ،ئەگەر چی بزوتنەوەی گۆڕان بێ هەڵەو کەموکوڕی نییە ،، بەڵام هەق نییە کوردستانپۆست تەنها لە بەر ئەوەی وەکو میدیایەک تەختێکی زێڕین بۆ خۆی دروست بکات و ڕێگا بە هەندێ نوسەر بدات کە بە شێوەیەکی ناواقعیانە و دوور لە زانستی سیاسی سەردەم ،کارێک بکەن کە هەم جەماوەر لە بزوتنەوەی گۆڕان دابڕن ولە لایەکی ترەوە بێ ئەوەی درکی پێ بکەن خزمەتی دەسەڵات بکەن .
٦- کوردستاپۆست ڕەخنە لەوە ئەگرێت کە نەوشیروان مستەفا کۆبونەوەی کردوە لە گەڵ سەرۆکی هەرێم ، من نازانم ئەم بەڕێزانە لێکدانەوەیان بۆ کاری سیاسی لە سەر چ بنەمایەکە ،گفتوگۆ و دانوساندن لە نێوان دوو هێزی سیاسی تەنانەت لە نێوان ٢ عەشیرەتدا ،کارێکی پێویستە لە پێناوی ئارامکردنەوەی دۆخەکە و لە یەکگەیشتن ، بزوتنەوەی گۆڕان لە بەرەی ئۆپۆزیسێونە ئەو هێزەی کە دەسەڵاتدارە لەکوردستاندا ،هێزێکی گەورەوە بڕ چەک و دەوڵەمەندە ، ئەمانە بە بانگەوازی گۆڕان کورسییەکانیان چۆڵ ناکەن ،کەواتە لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان وپاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی لەم کاتەیا ،نەوشیروان مستەفا ڕازی بوە بەوەی کە سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ گردەکە قبوڵ بکات ، دەبوایە کوردستانپۆست هاتنی سەرۆکی هەرێم بۆ لای رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان و تەنازول نەکردنی نەوشیروان مستەفا لە ئاستی داواکانی سەرۆکدا ،وەکو بەشداریکردن لە حکومەتدا ،بە دەسکەوتێکی گەورەیان لە قەڵەم بدایە.
٦- لە کۆتاییدا کەمێک توندتر ڕەخنەکەم ئاراستەی کوردستانپۆست ئەکەم و پێیان ئەڵێم .بزوتنەوەی گۆڕان هەڵقوڵای ناو جەماوەرە و پێگەی سیاسی گەورەی هەیە ،ئەمڕۆ بوەتە ئاسۆی هیوای گەلەکەمان وگەنجە ڕۆشنبیرە تێکۆشەرەکانی لە دەوری ئاڵاکەی کۆکردوەتەوە .. کوردستاپۆست وەکو مینبەرێکی میدیایی بوێر و ئازا دەوری سەرەکی هەبوە لە هۆشیارکردنەوەی جەماوەری گەلەکەمان ، بەڵام چەندە خوێنەری هەبێت نابێتە حیزبێکی سیاسی و تەنانەت نوێنەری جەماوەر یش بە پێی یاسا وڕێسای میدیایی هەمو دونیا ، بۆیە وەکو چاودێرێکی سیاسی و نوسەرێکی متواچعی کوردستاپۆست ،داوا کردن لە نەوشیروان مستەفا کە تازە بەتازە هەڵوێستی خۆی ڕاستەخۆ و نەک لە ڕێگەی دەسی دوو یان شەفەوی بلاو بکاتەوە کە لە کام بەرەیەوە خۆی ئەبینێتەوە ،بەرەی گەل یان بەرەی دەسەڵات ؟ ئەگەر نا بە نیازن هەڵوێستی لە سەر توندتر بکەن . بە بڕاوی من ئەم داوایەی کوردستانپۆست زۆر هەرزەکارانەیە ولە بەرژەوەندی گەلەکەمان و بزوتنەوەکیدا نییە ....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست