لە یۆبیلی زێڕینیدا پارتی ٣١ ئابی بە دیاری بۆ کورد هێنا!
Thursday, 01/09/2011, 12:00
لەم نوسینەدا باسی هەندێک شت ناکەم، لەوانە کە:
٣١ ئاب خیانەتێکی گەورەی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە، چونکە ئەوە تاڵەبانی هاوستراتیژی مەسعود بوو دەیگووت کە ئەو کارەساتە "گەورەترین خیانەتی نیشتومانی و نەتەوەییە لە مێژووی کوردوستان کورد دا". دیارە بەراوردی کردبوو لەگەڵ ئەوانەی خۆی و گەیشتبووە ئەو قەناعەتەی کە لەوانەی خۆی زۆر شاکارانەتر بووە. خۆ خیانەت هەیە و شاکاری خیانەتیش هەیە. گەر ٣١ ئاب شاکاری خیانەت بووبێت ئەوە گونجاوە کە خودی ئەندازیارەکەی عاشقی کردەکەی خۆی ببێت و فەرهادەکانیش بە سەرەتای مێژووی نوێی شاری هەولێری دابنێن، پیرباڵ نەیگووت مێژوو لەوێوە دەستی پێکردووە!
پێناسە و ڕاڤەکردنەکانی پێشووتری نوسەران دووبارە ناکەمەوە، ئەوان زۆریان لەسەر نوسیوە.
لێرەدا دەمەوێت هەندێک جموجوڵی پارتی لە ڕۆژانی پێش ٣١ ئاب باسبکەم.
چەند ڕۆژێک پێش ٣١ ئاب پارتی یوبیلی زێڕینی خۆی سازکردووە.
نێچیر و عودەی کوڕی سەدام حوسێن لە دهۆک و موسڵ پێکەوە بینراون، دیارە خوانیان بۆ یەکتر ڕێکخستووەو خەریکی فشە بوون بۆ یەکتری.
لە دوای ئاهەنگەکانی یۆبیلی زێڕین کە لە مەسیف و سەری ڕەش بەڕێوە چوبون و هونەرمەندێکی وەکو شڤانیش تێیدا بەشدارببوو، لە مەسیف و شەقڵاوە ژمارەیەکی زۆر بڵندگۆ لەلایەن پارتییەوە بە دارتێلی عەلەتریکەکاندا هەڵواسرابوو.
شەوی پێشووتر و بەرەبەیانی ڕۆژی ٣١ ئاب ڕێگەکانی دەوروپشتی هەولێر هەمووی لەلایەن پارتییەوە داخرابوون.
بەرەبەیانی ٣١ ئاب کاتێک هێرش بۆ سەر هەولێر دەستپێدەکات ڕادیۆ ئاژاوەگێڕەکەی دەنگی کوردستانی پارتی دەخرێتە سەر بڵنگۆکان.
چەند ڕۆژێک پێش ٣١ ئاب مەسعود لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کادرەکانی حیزبەکەیدا باس لەوە دەکات کە ژمارەیەک چەکی قورسیان کڕیوە و بە نیازن داوای هاریکاری لە بەعسیش بکەن و گورزێکی کوشندە لە جەلالیەکان بوەشێنن و، دەڵێت کە خۆی بەرپرسیارەتی هەموو دەرهاویشتەکان دەگرێتە ئەستۆ. بیانوی ئەوەیە کە پارتی لە لەناوچوون نزیکبۆتەوە و دەبێت ڕزگاربکرێت، واتە ٣١ ئاب ڕۆژی لەدایکبوونەوەی پارتی و بنەمالەیە.
٣١ ئاب کاتێک وردە وردە گەڕەکەکانی هەولێر دەگیرێن، ئیزاعەکەیان لە بڵنگۆکانەوە هەواڵی سەرکەوتنەکانی "پێشمەرگەکانی پارتی" بڵاودەکاتەوە. هەر زوو زووش موزیعەکە دەڵێت ئەی پێشمەرگە بۆ پێشەوە. منداڵەکانی شەقڵاوە بەدەم یاریکردنەوە گوتویانە ئەی پێشمەرگە بۆ دواوە!
پاشنیوەڕۆی ئەو ڕۆژە وردەوردە هێزی فەرهودی پێشمەرگەی پارتی بە تاڵانەکانیانەوە ڕوو دەکەنە مەسیف و سەری ڕەش و شەقڵاوە. ئەمە وا دەکات کە ئەو چەکدارانەی لەو دوو کۆمەڵگەیەن و بەشدار نەبوون لە تاڵانی و هێرشەکاندا بکەونە خۆیان، دەست دەکەن بە بەسوغرەبردنی سەیارەی ئەو خەڵکە سیڤیلەی لەو کۆمەڵگایانە بەهۆی رێگە گیرانەوە گیریان خواردووە. چەکدارەکانی پارتی ماشینەکانیان دەبەن و فەرهودی پێدەهیننەوە و هەندێک لەو ماشینانە هەرگیز تەسلیم بە خاوەنەکانیان نەکراونەتەوە، ئەوانەشی کە تەلسیم کراونەتەوە بە سەقەتی تەسلیم کرانەوە.
داواکارم لە خوێنەران ئەوانەی هەواڵی هەڵسوکەوتەکانی ئەو ڕۆژەیان لایە با بڵاوی بکەنەوە چونکە ئەو جۆرە هەڵسوکەوتانە ڕۆشنایی دەخەنە سەر زۆر حاڵەتی دەرونی و بیرکردنەوەی ئەو چەکدارانەی لەگەڵ پارتیدان!
گەر پارتی لە یۆبیلی زێڕینیدا ئەو دیاریە جوانەی بە هەولێر و بە کورد پێشکەشکردبێت دەبێت لە ئایندەدا دیاری گەورەتری لە ڕووی بەراوردەوە پێ بێت!
٣١ ئاب ڕۆژی لەدایکبوونی پارتی نییە بەڵکو ڕۆژی لەدایکبوونەوەی پارتییە و سەرەتای مێژووشە بۆ فەرهاد و ئەوانەی وەکو فەرهادن!
پارتی و بنەماڵە لە ناو شاکاری لەو جۆرەدا هەناسە دەدەن و بە بێ کارەساتی لەو جۆرە هەر زوو گیان لەدەست دەدەن!
ئەوەی ٣١ ئابیشە ئۆباڵی بەشێکی لە ئەستۆی جەلالە. ئەو بوو دەیگوت مەگەر بنەماڵە بە دووربینی قەوس سەیری هەولێر بکەن!
پێشتریش لە کاتی گرتنی هەولێر لە لایەن یەکێتییەوە و دەرپەڕاندنی پارتی لەوێ بە هەمان شێوە یەکێکتییەکان فەرهودی ماڵەکانی پارتییە هەڵهاتووەکانیان کردبوو!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست