ئێمە هەر هەموو جیاوازین، نەك تەنها تۆ!!
Tuesday, 21/04/2009, 12:00
2277 بینراوە
لە نێو میللەتانی هۆشیاردا هەرچی هەوڵی خۆیان هەیە لە پێناو كووشتنی جیاوازییەكاندا خەرجی دەكەن، كەچی لای ئێمە ساوایەك لە پێناو بڕێك پوول لە دونیای پاك و بێ گەردی خۆی دادەبڕێنین و وای لێ دەكەین پڕ بە دڵ ئەسرین لە چاوانی ببارێنێ، بە بێ ئەوەی ئەو ساوایە لە چییەتی ئەو دونیا پەروانەیی و پاكیزەییەی شتێك فێر كرابێت! یان ئەو راستییە بزانێت هەرچی پوولی دونیا هەیە بایی یەك ئەسرینی چاوی ئەو نییە نەك بڕە پارەیەك كە ببێت بە هۆكاری ئەوەی جیاوازی یان جوودا خوازیی لە ناخی پاك و بێ گەردی ئەودا تۆو بكات!!
من لە مانگی رەمەزاندا بابەتێم لە ژێر ناونیشانی"هزری كۆمەڵگەو كڵاوێن"دا نووسی، لە گەڵ رێزی زۆرم بۆ كاكە "گۆران"ی جوانە مەرگ، كە تێیدا ئاماژەم بەوە كردووە كە كاتێك بەرنامەی كڵاوێن لە سەر شاشەی كوردستاتەوە دەبێت بە میوانی ماڵەكانمان، فت و گوڵ دەبن بەو خەونە ئەرخەوانییەی كە ساڵانێكە ئێمەی كورد لە سەر ریتمی هەمان یاری گەمە بە چارەنووسی خۆمان دەكەین"!
من لەوە دڵنیام ئەگەر هەر میللەتێكی دیكە لە جێگای ئێمەی كورد ببوونایە لە دوای ئەوەندە نوشست و شكست، دەسبەرداری كڵاوێن و گەمەی بەخت و ناو لەپ گرتنەوە دەبوون و لە هەوڵی ئەوەدا دەبوون گەنم تۆو بكەن، بۆ ئەوەی گەنم بدوورنەوە؟!
لێ مخابن ئێمە دەمانەوێت لە ژێر سێبەری مەرگدا گۆرانی بۆ ژیان بڵێین، نامانەوێت ئاوڕ لە رابردوو بدەینەوە، باس لە ئایندە دەكەین! من پێم سەیرە لە توواناماندا نەبێت دان بە راستێكاندا بنێین و بە شوێن حەقیقەتدا بگەڕێین، چۆن و بە چ شێوەیەك دەتوانین باس لە گۆڕان و پێشكەوتن بكەین؟!
ئایا دەكرێت بە بێ بیركردنەوە لە گۆڕان، گۆڕان بەرجەستە بكەین؟ یان بە بێ بوونی بیرۆكەی سەركەوتن و پێشكەوتن، سەركەوتن و پێشكەوتن بوونیان هەبێت؟! ئەم هاوكێشەیە هەڵە قبووڵ ناكات، چونكە مرۆڤ پێش سەركەوتن دەبێت هەڵگری بیرۆكەی سەركەوتن بێت، بە واتایەكی دی هەر مرۆڤێكی سەركەوت و لە هەر بووارێكدا هەڵگری بیرۆكەی سەركەوتنە لە بنەمادا لەو بووارەدا، واتا سەركەوتن یان گۆڕان تا نەبن بە ئەندێشە، مەحاڵە مرۆڤ لە خەوندا بە دیداریان شاد بێت، كاتێكیش كە دەبن بە ئەندێشە ئیدی بابەتی هاوشێوەی بەرنامەی"كڵاوێن و من جیاوازم" و هێندێك بەرنامەی بێ سوود لە زاكیرەی مرۆڤەكاندا دیلیت دەبن و كەس ئامادە نابێت بۆ چركەیەكیش بە دیاری ئەو بەرنامانەوە كاتەكانی بە هەدەر بدات!
بەرنامەی من جیاوازم، جگە لەوەی بەرنامەیەكە كە لە بارتەقایدا نییە ئاماژە بە جیاوازییە زەبەلاحەكانی ئەم وڵاتە بكات، ئیدی مرۆڤ نازانێت باس لە چ جیاوازییەك دەكات؟! یان جوودا خوازە! یانیش دەیەوێت ئەوە بە گوێماندا بدات كە جیاوازیی و جوودا خوازیی دووانەیەكن لە واقیعی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی ئێمەدا بەرجەستەن!
ئەمڕۆ ئێمە ئەگەر لە جیاوازییەكان بڕوانین، ئەوا هەموو میللەتانی دونیا بەو جیاوازییانەوە جووانن، لێ كاتێك جوودا خووازیی ببێت بە مەرام و لە بەرنامەیدا بێت لە رێی جیاوازییەوە جوودا خوازیی بكات بە ئاواتی تاكەكان لە پێناو دەسكەوتی شەخسیدا، ئەوەیان دەبێت خوێندنەوەیەكی وردی بۆ بكرێت!
باشە دەرهێنەرو پێشكێشكاری ئەم بەرنامەیە كە لە بەرنامەیاندایە جیاوازییەكان بهێننە زوبان، دەبووایە بە راستی و بە بێ سڵەمینەوە ئەو میوانانەیان بانگهێشت بكردبایە كە لە حەقیقەتدا ئەوان لە جیاواز جیاواز ترن، ئەوانەی وا لەم وڵاتە بێ رووناكییەی ئێمەدا بۆ چركەیەكیش نە دەزانن گەرما چییەو نەش سەرماو سۆڵەی زستان؟! با بەبێ بانگهێشت كردنی هیچ كەسێكیش ئەو بڕە پارەیەی كە بۆ ئەو جیاوازییەیان تەرخان كردبوو بیانكردایە بە دیاری دەستییان و ئەو خەڵكە هەژارەشی گیرۆدەی پەت پەتێنی جوودا خوازیی نەكردایە كە لە بنەڕەتدا ئەوان نە جیاواز و نەش جوودا خوازن!
بەرنامەی " من جیاوازم" كە لە كەناڵی ئاسمانی"زاگرۆس" تیڤییەوە پەخش دەكرێت، بە راستی لە سەر ئەرزی واقیع ئەوەی بۆ هەموومان سەلماند كە نەك تەنها تۆوكردنی پیچێك جییاوازی وا لە بەشدار بووان بكات كە بە زاری خۆیان بۆ ریكلامی بەرنامەكە بانگەشەی جیاواز بوونی خۆیان بدەن بە چاوی بینەراندا، بەڵكو لە بەرنامەیدایە چەمكی جیاوازی لە ناخی تاكەكاندا تۆو بكات، نەك كەسە جیاوازەكان بەڵكو خودی بەرنامەكەیش بۆ ئەم سات و كاتە شتێكی جیاوازە!
ئەگەر بۆ هەر مرۆڤێك كە لەم پانتاییەدا ژیانی نەكردبێت، رەنگە لە لای شتێكی ئاسایی بێت كە باس لە جییاوازییەكان بكات، بەڵام كاتێك كە ئێمە بە بێ ئاوڕدانەوە لەو كارەساتانەی كە تەنها جییاوازیی ئایدۆلۆژییا بوو بە هۆكاریی ئەم پاشا گەردانییەی كە ئەمڕۆ بە چاوی خۆمان لایەنە نێگێتیڤەكانی دەبینین، نەدەبووایە بە هیچ شێوەیەك دەسەڵاتی دیمۆكراسی جییاواز لە هەموو بنەما دیمۆكراسییەكانی دونیا رێگەی بە بەرنامەیەكی هاو شێوەی من، یان" ، دەسەڵاتی ئێمە لە هەموو شوێنێك" جییاواز ترەی پەخش بكردبایە!
شاری خەونەكان یەكێكە لەو جیاوازییانەی كە لە وڵاتێكی بێ كارەبادا بە بەردەوامی رووناكیت پێ دەبەخشێت، لێ ئایا بۆ كەسێكی وەكو من كە بە درێژایی ژیانم شەوێك پڕ بە دڵی خۆم پێڵووی چاوەكانم لێك نەنابێت، دەتوانم لە شارێكدا بنووم كە تەنها ناوەكەی لەمن حەرام بووەو منیش لەو مەحرووم! بۆ من و هاو شێوەكانم جیاواز نین؟! یان بۆ ئەو شارە جیاواز نەبێت لە وڵاتێكدا كە گووزارشت لە تاریكیی دەكات، كەچی تاریكایی لە بارتەقایدا نەبێت دڕ بەو بدات؟!
گریمان جیاوازییەكانی كەسە جیاوازەكانی ئەم وڵاتە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نین و شتێكی خۆڕسكن، بۆ دەبێت لە هەوڵی ئەوەدا ببین بیرۆكەی ئەو جیاوازییانەی سەرەوە بكەین بە بەرنامەیەك و لە نێو هزری تاكەكانی ئەم كۆمەڵگەیەدا تەوزیفیان بكەین؟! رەنگە ئەم ماستە بێ موو نەبێت، چونكە تا پێش پەخش كردنی ئەم بەرنامەیە وشەی "جیاواز" لە ئاستێكدا نەبوو كە كەسێك لە بارتەقایدا بێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا حەوت كیلۆ میوە بخوات، یان تەنها بە لاسایی كردنی دەنگی پەلەوەرێك خۆ بە جیاواز بداتە ناساندن، بەڵكو جیاوازییەكان بە شێوەیەكی رەها بوونییان هەبووەو هەر خوودی ئەو جیاوازییانەش هۆكار بوونە بۆ ئەوەی كە نەك تاكە كەسێك لە تەنها ژەمێكدا سێ كیلۆ برنج بخوات، بەڵكو لە مانگێكدا ئەو سێ كیلۆ برنجە نەبێت بە میوانی خوانی ماڵەكەی؟! هەروەكو چۆن لە ساڵانی رابردوودا ئەو حەوت كیلۆ میوەمان تەنها لە سەر مێزی گفتو گۆی كەسە خودان جیاوازەكاندا دەبینی، ئەوسا نەك تەنها تاكە گرووپێك هەبوون كە بە نمایشكردنی هەڵپەڕكێیەك یان جل و بەرگێكی جیاواز خۆیان بە جیاواز بناسێنن، بەڵكو سەرجەم ئەم میللەتە ستەملێكراوەیان بە ئارەزووی خۆیان هەر یەكەیان بە نەزمێك و لە ستایلێكی جیاوازتر لەوی دی هەڵ دەپەڕاند! بۆیە بە راستی ئێمە هەر هەموومان جیاوازین، چونكە ئەوەی دەیڵێین پێچەوانەكەی لە سەر ئەرزی واقیع پراكتیزە ... دەكەین!!
كەركوك3/4/2009
[email protected]