کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


سەرجەم پەرتوكەكانم لە بەردەركی سەرای سلێمانی دەسوتێنم

Saturday, 20/10/2012, 12:00






 
 كارزان محەمەد (ماستەر لە یاسای رۆژنامەگەری)
 
شەونخونی سەدان شەوە و وازهێنان لە گەشتوگەڕانی سەردەمی گەنجی، تەنها ئەو مرۆڤانە قەدری دەزانن كە خۆیان بەو قۆناغە سەختەدا تێپەڕیون. كەواتە دەپرسم: دەبێ چی وا لەگەنجێك بكات دڵی لە سەیران و گەڕان بتۆرێ و تۆزی نێو پەرتوك و كتێبخانەكانی لە پیاسەو گەمە و زۆر شتی دیكە لا خۆشەویستر بێ؟ ئەم هاندەرە جگە لە خۆشەویستی بۆ خاك و وڵات چیتر نییە.
لەلایەكەوە داخم ناچێ دەیان رۆژانی هەینی و پشوو، خۆم لە گەشت و سەیرانی ماڵەوە هەڵبواردووەو سەقاڵی وەرگێڕانی هەزاران لاپەرە بووم كە دواجار بوو بە (18) كتێب كە (7)یان دەربارەی رۆژنامەگەرییە و تەنها قەبارەی پەرتوكی (رۆژنامەوانی مۆدێرن) پتر لە (550) لاپەرەی قەبارە گەورەیە. بەڵام بەدڵی پڕ لە گریانەوە ئەمڕۆ بڕیارم دا ئەگەر (سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان) و ئەو لایەنەی غەدرێكی مەزنی دەرهەق كردووم بەدەنگمەوە نەیەن، ئەوا لە مەراسیمێكی ماتەمینیدا سەرجەم پەرتوكەكە نوسراو و وەرگێڕدراوەكانم لە (بەردەركی سەرای شاری سلێمانی) دەسوتێنم، ئیدی رێگا بە هیچ توێژەرێك لەنێو زانكۆو پەیمانگاكان یاخود لە دەرەوەدا نادەم كە پەرتوكەكە نوسراو و وەرگێڕدراوەكانم وەك سەرچاوە بەكاربهێنن.
ئەم بڕیارەشم لە ساتێكێكدا داوە كە سەرقاڵی وەرگێڕانی پەرتوكێكی یەكجار نایاب بووم، ئەویش گەشتنامەی سەركونسوڵێكی فەرەنسییە كە لە سەدەی (18)دا هاتۆتە كوردستان و نوسیویەتی: "كەركوك یەكێكە لە شارە گرنگەكانی كوردستان و هیچ سیمایەكی عەرەبی پێوە دیار نییە". ئەگەر گیروگرفتە مەعنەوییەكەم چارەسەر نەكرێ، ئەوا غەمناكانە لە وەرگێڕانی ئەو پەرتوكە و دونیای وەرگێڕان وازدەهێنم.
كام گیروگرفت؟، بەندە كە ماوەی (14) ساڵ بە بەردەوامی لەو بوارەدا كارم كردووە، ئێستا هەندێ رۆژنامە و سایت بەبێ ئەوەی هەست بە بچوكترین لایەنی ئەخلاقی و یاسایی پیشەی رۆژنامەگەریی بكەن، بێباكانە كەوتوونەتە ویزەی ناوەكانمان. بۆ نمونە ئێستا كەسێ پەیدا بووە بە ناوی منەوە چەند كارێكی سەیروسەمەرەی ئەنجام داوە، لەكاتێكدا دەبوایە هێندە هۆشیاری هەبێت كە نازناوێكی تایبەت بەخۆی دابنێ تا ناسنامەی لە كەسانیتر جودا بێت. ئەم كەسە كە چەند جارێ بەناوی (كارزان محەمەد) لە سایتی (كوردنیوز)ی یەكگرتووی ئیسلامی و (گۆڕان)ی كۆمەڵەی خوێندكاران، بابەتی بڵاوكردۆتەوە رووبەرووی عەیبداری كردوومەتەوە، بۆ نمونە رۆژێ وانەی ریپۆرتاژم بە خوێندكارەكانم لە پەیمانگا دەوت، خوێندكارێ گوتی: مامۆستا ئەو ریپۆرتاژەت لە فڵانە رۆژنامە هیچ كام لەو بنەما زانستیانەی تێدا نییە تۆ باسی دەكەی!. بەناچارییەوە وتم هی من نییە!. هەر ئەم كەسە بابەتێكی بڵاوكردبۆوە بەناوی (شەوی زاوایەتی)، هەندێ هاوڕێ بە زەردەخەنەوە وتیان تۆ كە ژنت نەهێناوە، چۆن ئامۆژگاری خەڵك دەكەی و كەی ئەو بابەتانە لە ئاست تۆدان كە خوێندكاری دكتۆرای یاسای رۆژنامەگەریت؟.
دواقسەم ئەوەیە كە ئەو بێسەروبەرەییەی لە رۆژنامەگەریی كوردیدا هەیە، هەر تەنها هەڵەی ساویلكەیی تازە رۆژنامەنووسەكان نییە، بەڵكو هەندێك لە بەرپرسانی رۆژنامە و گۆڤارو بڵاوكراوەكانیش هۆشیاریی یاساییان كەمە، ئەگەر سەندیكای رۆژنامەنووسان بەدەنگ ئەم گیروگرفتەوە نەچێت، ئەوا دوور نییە خودی بەرپرسی ئەو بڵاوكراوانەش رووبەرووی قۆزتنەوەی ناشەریفانەی ناوەكانیان بەهۆی لێكچوونی (ناو)ەوە ببنەوە.... هیوادارم سوتاندنی پەرتوكەكانم و وازهێنان لە دنیای وەرگێڕان و نوسین، كۆتایی بەم دیاردە نایاسایی و نائەخلاقییە بهێنێت.
* ئەمەش ناوی پەرتوكەكانمە
- بواری نووسین:
1. تیرۆر و تیرۆریزم، لێكۆڵینەوەیەكی شیكاریی مێژوویی‌و سیاسی، بەڕێوەبەرێتی گشتیی چاپ‌وبڵاوكردنەوە چاپی یەكەم 2005، چاپی دووەم 2009.
2.سانسۆری رۆژنامەگەریی لە هەرێمی كوردستان (2000-2009). بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاپ‌وبڵاوكردنەوە، چاپی یەكەم 2011.

- بواری وەرگێڕان:
3.ئاشنابوون بە دیموكراسی، نووسینی: د. عەباسعەلی سەحافیان چاپی یەكەم 2003، چاپی دووەم 2005.
4.كورد لە یادداشتەكانی ئارچی ڕۆزڤڵتدا، خانەی وەرگێڕان 2003.
5.مافەكانی ژن لە دەستپێكەوە تا ئەمڕۆ، نووسینی: نای. بن. سەعدون. خانەی وەرگێڕان 2004.
6.دۆزی كورد، نووسینی: د. جویس بلۆ، چاپ‌وپەخشی سەردەم 2004.
7.دەروازەی ڕۆژنامەنووسی، نووسینی: ڕەزای حاجی ئابادی، چاپ ‌و پەخشی سەردەم 2005.
8.دیالۆگ، كۆمەڵێك بیرمەند، چاپ‌و بڵاوكردنەوەی قانع 2005.
9.نەریتی ڕۆژنامەوانی، نووسینی: فریبا سەیاد، د.عەلی ئەكبەر فەرهەنگی، بەڕێوەبەرێتی چاپ‌و بڵاوكردنەوە، چاپی یەكەم 2006، چاپی دووەم 2008، چاپی سێیەم 2012.
10.هەواڵ‌و هەواڵنووسینی ڕۆژنامەوانی، د. یونس شوكرخوا، چاپ‌و پەخشی سەردەم 2007.
11.ڕۆژنامەوانی تایبەتمەند، نووسینی: د.حسێن قەندی، خانەی وەرگێڕان 2008.
12.رۆژنامەوانی ئەلیكترۆنی، د. نەعیم بەدیعی، چاپ‌وپەخشی سەردەم 2008.
13.ڕەوتەكانی فیمینیزم، كۆمەڵێك نوسەر، لە بڵاوكراوەكانی یەكێتی ژنانی كوردستان، چاپی یەكەم 2008.
14.رۆژنامەوانی مۆدێرن، نووسینی: د.حسێن قەندی، د. نەعیم بەدیعی، چاپوپەخشی چوارچرا 2010.
15.ئەنفال لە كوردستان، د. مایكل لیزینبێرگ، بڵاوكراوەكانی ئەكادیمیای پێگەیاندنی كادیران، 2011.
16. تارماییەكانی هەڵەبجە، د. مایكڵ جەی كیلی، لە بڵاوكراوەكانی دەزگای شەهیدان 2012.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە