جهلال و مەسعود چارەنووسیان وەك سەركردەكانی قیرغیزستانی لێدێت
Thursday, 08/04/2010, 12:00
جگە لەبڵاوبوونەوەی بێكاری و بەرزبوونی نرخی سووتەمەنی و كەلوپەل لەسەر هاووڵاتیان، كە هۆكاری سەرەكی خۆپیشاندانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی شارەكانی وڵاتی قیرغیزستانن، لەهەمانكاتدا گەندەڵیی و دانانی كەسە نزیكەكانی سەرۆك وەزیران و كورمانبیك باكیڤ-ی سەرۆك كۆماریش لەپۆستەكانی حكومەت هۆكارێكی تری ئەو خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتەن.
كەواتە ئەگەر هۆكاری خۆپیشاندانەكان بەراوردكەین لەگەڵ ئەو دەنگی ناڕەزاییانەی كەخەڵكی كوردستان هەیەتی دژی پارتی و یەكێتی كە هەردووكیان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان بەدەستەوەیە ئەوا چارەنووسی مەسعود مەلا مستەفا و بەرهەم ساڵح لەچارەنووسی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی قیرغیزستان باشتر نابێت.
سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی قیرغیزستان بەتۆمەتی گەندەلی و بەرتیل و كۆكردنەوەی كەسوكاریان لەپۆستەكانی ئەو وڵاتە تۆمەتبارن، لەكاتێكدا ئەو گەندەلییەی بەهۆی فرۆشتنی نەوت و گرێبەستە نەوتییەكانەوە مەسعودی تێوەگلاوەو ئەو گەندەڵیانەی بەرهەم ساڵح بەهۆی كۆكردنەوەی سەروەت و سامان لەسلێمانی تێوەی گلاون و ئەو پۆستانەی مەسعود بۆ بنەماڵەكەی تەرخانی كردوون لەم هەرێمەو ئەو خزم خزمێنەی كە بەرهەم دایناوە بۆ كەسوكارەكەی خۆی، هیچی كەمتر نابێت لەوەی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی قیرغیزستان.
بەڵام ئەوەی ئەوەی جیامان دەكاتەوە لەگەڵ میللەتی قیرغیزستان ئەوەیە كە بەرەی ئۆپۆزیسیۆن لەوێ پەتی تەحەمولی هێندە كورت بوو زوو پچڕاو نەیهێشت ئەو گەندەڵانە لەسەر تەختی حوكم بمێنن و لەناو باڵەخانەی سەرۆك كۆماردا گیریان خوارد.
تەنیا هەزار كەس توانیویانە گەندەڵكارانی قیرغیزستان بهێننە خوارەوە و ناچاریان بكەن ئامادەبن دەست لەپۆستەكانیان هەڵگرن، كەچی لێرە زیاتر لەنیو ملیۆن كەس ناڕازییە لەم دەسەڵاتەو نوێنەرانی ئەو نیو ملیۆن كەسە دەیەوێت لەڕێگەی خەباتی پەرلەمانییەوە ئەم دوو حزبە بگۆڕێت لەكاتێكدا هەموو دەزانین ئەم دوو دەسەڵاتە نەك ئامادە نییە بگۆڕێ بەڵكو رۆژ بەڕۆژ دەسەڵاتی گەندەڵییەكای زیار پەل دەهاوێت بۆ ناو دەزگاكانی هەرێمی كوردستان.
لەوڵاتی قیرغزستاندا كاتێك ئۆپۆزیسۆن لەڕێگەی توندوتیژییەوە هەڵدەكوتێتە سەر دەسەڵات، كەچی دەسەڵات لەڕێگەی پۆلیسی چالاكییەكانی خۆپیشاندانەوە بەرگری دەكات، بەڵام لێرە بەپێچەوانەوە خەڵك هێشتا نەڕژاوەتە سەر شەقامەكان بەڵام بەهۆی دەنگدانی بەئۆپۆزیسیۆن، یەكێتی و پارتی توندوتیژی بەرامبەر خەڵكانی ناڕازی دەكەن، بەڵام ئەم چاوترساندنە هێندە كورتە كە خۆشیان چۆن پێشبینی 25/7یان نەدەكرد ئاوا پێشبینی ئەوەش ناكەن بەیانییەك دنیایان لێدەبێتە ئاگرو ئەوەی بەگەندەلی بردویانە دەبێت بەجێی بهێڵن و دەكەوێتەوە دەست میللەت.
لەهەرێمی كوردستان كاتێك قەزا یان ناحیەیەك خۆپیشاندان بۆ خزمەتگوزاری دەكات هەزار ناوی سەیر و سەمەرە دەخەنە دوای خۆپیشاندان و بەفیشە لێیان بریندار دەكەن و دواتر مەنعەتە جەولیان بۆ دروست دەكەن و رەشبگیری دەست پێدەكات، بەڵام لەقیرغیزستان خۆپیشاندان لەتەواوی پارێزگاكانەو كەسیش ناڵێت دەستی لەپشتەوەیەو بەئاشكرا دەڵێن بەرەی ئۆپۆزیسیۆن دژی گەندەڵكاران خۆپیشاندەكەن.
ئەو بازاڕە ئاگرینەو گرانییە و بێكارییەی گەنجان كە یەكێتی و پارتی دروستیان كردووە هیچی كەمتر نییە لەو بێكاری و گرانییەی قیرغیزستان لەكاتێكدا قیرغزستانێك كە خاوەنی ئابورییەكی داتەپیوە و بەشێوەیەكی راستەوخۆ پشت بەئابوری ئەمریكا دەبەستێت لەبەرامبەر دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی لەو وڵاتەو پشت بەهاوكاری روسیاو چین دەبەستێت و نەخاوەنی بیری نەوت و سەرخانێكی بەهەشتی وەك كوردستانە، بەڵام كوردستانێك كە ژێرزەوی و سەرزەوی ئابووریەكی بێوێنەیە كەچی خەڵكەكەی هەمان دەردی قیرغیزستانیانە هەیە، هۆكاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەمان نمونەی سەركردە حوت ئاسانی ئەو وڵاتەیان هەیە و هەمان رەفتار و كرداریان هەیە، بۆیە مژدە دەدەمە مەسعود مەلا مستەفا كە لەڕێگەی تەزویرەوە بووە سەرۆكی هەرێم و بەرهەم ساڵح كە تائێستا پرۆژەیەكی دیار نییە، چارەنووسیان لەچارەنووسی سەركردەكانی قیرغیزستان باشتر نابێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست