حاکمی حاکمان جه‌نابی قوبادی جه‌لی زاده
Saturday, 03/04/2010, 12:00
پێشتر هۆنراوه‌کانیم خویندبۆوه، بۆن و بهرامی ڕێحانه کێویه‌کانی ده‌وروبه‌ری کۆیه‌ی لێ ئه‌هات. زۆرجاریش هه‌ناسه‌ی سمڵ و مێخه‌کی به‌رۆکی دایکم. خۆ ئه‌گه‌ریش له‌ده‌روازه‌ی به‌هاری هه‌ر قه‌سیده‌یه‌کیدا، سه‌رێکت به‌ژور بکردایه، ئه‌وه چاوت بهکهروێشکهی گیاکانیش ئه‌که‌وت؛ گوێت له‌ترپه‌ی هه‌ڵپه‌ڕکێی کیژانی ئاڵا‌و واڵاپۆش ئه‌بو.
ده‌ساڵێک پێش ئێستا له‌ڕێگه‌ی حاکم ڕزگاره‌وه ناسیم، هه‌روه‌کو پێشبینیم کردبو، یه‌کسه‌ر که‌عب کوڕی ئه‌شره‌ف یا نزار قه‌بانیم هاته‌وه یاد. له‌و ماوه‌که‌مه‌دا واهه‌ستم کرد سه‌رده‌مێکه ناسیاوین. ئهوبیابانهی دادگای کردبوه کانیاوی هه‌میشه سه‌وزی کوێستان. زۆر له‌کچان و کوڕانی دادگا په‌پوله‌ئاسا له‌ده‌وری ئه‌سوڕانه‌وه. هه‌میشه دڵخۆش و ڕوگه‌ش و نوکتهساز بو. زۆر جدی بو له‌کاره‌که‌یدا، دڵسۆزبو بۆ ئیحقاقی حه‌ق. له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشه‌وه چونی زه‌مه‌ن و زیاتر که‌ڵه‌که‌بونی گه‌نده‌ڵی، به‌ته‌وژمتر بونی ئاوی ئاشی نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی، توندکردنی ده‌ستی غه‌در له‌بینه‌قاقای یاسا... زۆر له‌ڕۆشنبیران و نوسه‌ران و هه‌ستیاران خۆیان پێنه‌گیرا، بانگیان لێ به‌رزبۆوه. یه‌کێکیش له‌وانه حاکم و شاعیری ناسک کاکه قوباد بو. له‌م جۆره ده‌سه‌ڵاتانه‌دا ئه‌بێ ده‌ست به‌کڵاوه‌که‌ی خۆته‌وه بگری با نه‌یبا. ئیتر ئه‌وه لای ئه‌وان گرنگ نیه تۆ ناڕهزاییهکهت که‌سییه یا بۆ کۆمه‌ڵ. غه‌م و ئازاره‌کانی خۆته یا هی بێ ده‌ره‌تانان. هه‌ر نوزه‌ت لێ به‌رزبۆوه له‌ئاوازی ئه‌وان نه‌چو، ئه‌وه‌ی نه‌شێت پێت ئه‌که‌ن. هۆشمه‌ندی مه‌زن - ئه‌بو زه‌ڕی غه‌فاری له‌سه‌رده‌می چواره‌م خه‌لیفه‌ی موسڵماناندا، خۆی و خێزانی نه‌فی کران بۆ ڕهبژه - له‌بیابانی حیجاز، تاکو وه‌فاتی کرد!!. کێشه له‌وه‌دا نیه چۆن ڕه‌فتارت له‌گه‌ڵ ئه‌کرێ، مادام هه‌ڵوێست هه‌یه ئه‌بێ باجه‌که‌شی بده‌ی. کێشه ئه‌وه‌یه بۆ که‌سانی تر هه‌رله دۆستان تا هاوبیران و هاوپیشه.... له‌سه‌رت ههڵنادهنێ! دوای ئه‌و هه‌مو په‌تپه‌تی و سوکایه‌تی کردنه، نقه‌یان لێوه‌نایه‌ت؟!.
ئه‌رێ تۆ بڵێی ئه‌وکاته‌ی (نالی) به‌فیتی جلخواره‌کانی ده‌وروبه‌ر شاربه‌ده‌رکرا، - مه‌ستوره - یه‌ک دهسماڵهسورهکهی بۆناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌ڕوی ده‌سه‌ڵاتا، ڕاوه‌شاند! - کوردی و سالم - ێک جونه‌ید- ئاسا که‌چۆن له‌کاتی له‌خاچ دانی حه‌للاج- دا گوڵێکی سوری بۆهه‌ڵدا! ئه‌مانیش شیوه‌سور ی ڕێگه‌ی نالی یان نێرگزباران کرد؟! ئه‌وشه‌وه‌ی جه‌مال عیرفان تیرۆرکرا، به‌یانی توڕه‌یی و هات وهاوار گۆیژه - ی هه‌ژاند؟!. ئه‌وڕۆژه‌ی ئه‌بوبه‌کر عه‌لی فیشه‌کێکی گێلی غه‌در بوه میوانی سنگی، باغی گشتی سلێمانی قوڕی پێوا؟! ئه‌ی کهدارچنارهکهی باڵای سۆرانی مامه حه‌مه - درایه بهرتهور، که‌سێک هه‌بو ته‌ورو ته‌ور وه‌شێنه‌کان لهگۆڕنێت؟!
وا ئه‌مڕۆکه‌ش دوای پانزه‌ساڵ خزمه‌تی یاسا، حاکم قوباد له‌شاره خۆشه‌ویسته‌که‌ی خۆ‌یا غه‌دری لێ ئه‌کرێ! بۆ ڕوشاندنی هه‌ستی ناسکی نه‌فی ئه‌که‌ن. جا بۆهه‌ر جێگه‌یه بێ به‌بێ پاساوی یاسایی شیاو، به‌بێ هۆی گونجاو! نهتاوانباری گازبارانی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئازاد کردوه، نه ملیۆنه‌ها دۆلاری هه‌نارده‌ی هه‌نده‌ران کردوه، نه موڵک‌و زه‌وی میلله‌تی کردوه به‌ناوی خزمانیه‌وه، نه ده‌ستی هه‌بوه لهتهزویری هه‌ڵبژاردنا. نه ڤیللاو کۆشک و باغی، به‌قوتی هه‌ژاران و به‌رتیلی بازرگانان و کۆمپانیادارهکان، قوت کردۆته‌وه. نه به‌شه‌هاده‌ی ته‌زویر بوه به‌وه‌زیر، نه ده‌ستی هه‌بوه له ئاودیوکردن و گرێبه‌سته ساخته نهوتیهکانا. که‌چی کاتێ مانی گرت بڕیاری نه‌فی درا، که‌سێ مێشێ میوانی نه‌بو... نه یارانی له‌خانه‌ی دادی سلێمانی یه‌خه‌ی خۆیان بۆدادڕی!. بۆ هاوارناکهن له‌گه‌ڵ یاسای نێوده‌وڵه‌تیا که: دادوه‌ر پارێزبه‌ندی حه‌سانه - ی هه‌یه، دژ به‌لادان و گواستنه‌وه.
له‌په‌رله‌مانی کوردستانیش هاوپیشه‌کانی په‌نجه‌یه‌کی شایه‌تمانیان بۆ به‌رز نه‌کرده‌وه... بۆیه ناچاره هاوار بکات:
بهفرهڕۆژێ بو... په‌نجه‌م تهزیبو...!
به‌سه‌ر له‌ده‌رگای شه‌پۆلی هه‌مو ده‌ریاکانم دا
به‌سه‌ر له‌ده‌رگای ئاسنی دڵی کچه‌کانم دا
که‌سیان نه‌هاتن، به‌فری که‌ڵه‌که‌ی سهرسیمام بسڕن
تۆزی غه‌ریبی له له‌شم ده‌رکه‌ن
(که‌سیان نه‌هاتن وهپیریمهوه،
ههرنهشبون وه‌ته‌نگ دڵگیریمهوه).
تێبینی: ده‌نگی زوڵاڵی خۆشه‌ویستانی کوردستان پۆست و نوسه‌ری بوێر کاکه حه‌مه سه‌عید که‌لاری و نوسه‌رانی په‌یکی قه‌ڵه‌مه‌کان به‌ڕێزو به‌نرخ و به‌رز ڕائه‌گرم.
به‌ریتانیا
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست