سوێندخواردن بە خاك، نەتەوە و ئایین
Wednesday, 12/03/2014, 12:00
ئەگەر وتیان کەڵەشێر هێلکە دەکات، ئەوا هەر سوێندێك بە خاك، نەتەوە، ئایین و شەرەف بخورێت، درۆ دەردەچێت. لەبەرئەوەی کەڵەشێر هێلکە ناکات.
ئەگەر وتیان سەگ دەتوانێت بقوقێنێت. ئەگەر سوێندیشیان بۆی خوارد ئەوا سوێندەکە بەتاڵە و بڕوای پێناکرێت. لەبەرئەوەی سەگ تەنها دەتوانێت بوەڕێت، بحەپێ و بقرۆسکێنێ. سوێندیشی بۆ بخورێت کەس بڕوای پێی نابێت.
هەر یەك لە بەناو سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی حکومەت، سەرۆك و سکرتێر و سەرکردەی پارتەکان، بە ئۆپۆزیسیۆنەکانیشەوە لەتەك وەزیر و ئەندام پەرلەمانەکان لەوەتەی هەن هەر سوێند ئەدرێن بەوەی، کەوا:
- خاکی کوردستان لە دوژمنان بپارێزن.
- هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی نەتەوەی خۆیان خۆش بوێ
- هەوڵی یەکسانی لەنێوان هاوڵاتیاندا دروست بکەن.
- ڕێز لەئایینە جوداکانی کۆمەڵگا بگرن.
- بەچاوی ڕێزەوە بڕواننە ئەوانەی کە خاوەنی دید و بڕوای تایبەتی خۆیانن.
هەر یەکە لەمانەی سەرەوە دەستیان داوە لە قورئاندا سوێندی ئەوە دەخۆن، کە:
- مافی هاوڵاتی بپارێزن.
- ناوچە داگیرکراوەکان بگەڕێننەوە بۆ سەر کوردستان.
- هەوڵ دەدەن ژیانێکی یەکسانی و کامەرانی بۆ گەل بڕەخسێنن.
- ئەمەو چەندین سوێندی تریان خواردوە
ئیستا کاتی ئەوە هاتوە پرسیاریان لێبکەین و بزانین تا چەند پابەندبوون بەو سوێندەوە، یان بزانین بۆچی ئەمانە درۆزن دەرچوون و سوێندەکانیان نەبردۆتە سەر.
مەسعود بارزانی سوێندی خواردوە؛ بە قورئان و ڕێبازی بارزانی و شەرەفی بنەماڵەکەی، کە کوردستان بپارێزی لە هێرشی دوژمنانی کورد. هاوڵاتی کوردستان وەك یەك تەماشا بکات. کەچی لەژێر سوێندەکەی ئەمدا لەئابی ١٩٩٦ دوژمنی سەرسەختی کوردی هێنایەوە بۆ هەولێر و داگیری کرد. هەروەها ٣ بنکەی سەربازی تورکی لەناوچەی بادینان هەیە و کوردستانیان داگیر کردووە. لەژێر چەترەکەی ئەمدا چەندین خەڵکی تیرۆر کردووە. لەسەر نووسینی ووتاریك کە بەدڵی ئەمان نەبووە.
لای ئەو بنەماڵەکەی پلە یەکن و ئەوانی دی پلە دوو، بەچاوی کۆیلەو خزمەتکار لێیان ئەڕوانێ. کێ هەیە لە کوردستان جامانە سوورێك ببینێ لەشێخەڵا کاری کرێکاری و پاڵ بەعەرەبانەوە بنێ بۆ بژێوی ژیان؟! کێ هەیە لە بادینان و هەولێر جامانە سوورێك و یەکێک لە بنەماڵەی بارزانی ببینێ کاری پاکردنەوەی خوێندگایەك، یان کارێکی وا بکات کە وەک هاوڵاتی سادە بە مووچەیەکی کەم کار بکەن!
مەسعود بارزانی سویندەکەی لەسەری ناکەوێ. لەبەرئەوەی خاوەنی شەرەف، خاك، نەتەوە و ئایین نییە. بۆیە ئاسانە بۆ کەسێکی وەک مەسعود ڕۆژانە درۆ بکات و سوێند بە پێشمەرگە و گۆڕی شەهیدان بخوات، دواتریش باکی پێیان نەبێت. هەمان شت بۆ تاڵەبانی و بنەماڵەکەی دەگونجێت، هەروەها زۆربەی زۆری وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمان و سەرۆکی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش هەر ڕاستە.
نەوەی نوێ چیتر باوەڕ بەم پەیمان و سوێندانە ناکەن و لەو بڕوایەدان ئەمانە تەنها لەخەمی خۆیان و بنەماڵەکانیان و ئەجندای دوژمنانی کورد و کوردستانن. ئەم نەوەیە سەیری داتا ئەکات و ژمارەکان ئەبینی هەر وەك چۆن کورد ئەڵێ (گوێز بەژمارە دیارە) ئاوهاش سەیری ئەوە ئەکا کە دوای ٢٣ ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئەم سیاسەتباز و دووفاق و درۆزن و کوردکوژانە هیچیان لێ سەوز نەبووە.
کوا دەوڵەتی سەربەخۆ؟ کوا یەك ئیدارەیی؟ کوا یەك سوپایی؟ کوا یەك ئاساییش؟ کوا زمانی ستاندەر؟ کوا بازاڕ و بازرگانی سەربەخۆ، کە لە ژێر چاودێریی و پشکی مەسئولەکاندا نەبێ؟ کوا پەروەردەی ساغلەم بۆ مناڵەکانمان؟ کوا کشتوکاڵ و پشت بەستن بە توانا و ووزەی تاکی کورد؟ کوا یەکسانی و هەلی کار بۆ هەموان؟ کوا ئازادیی بێ مەرج؟ کوا جادەو شەقامی ڕێك و پێك بۆ ئەوەی ڕێژەی مردن کەم بکرێتەوە؟ کوا ژینگەو ئاو و سەوزایی؟ کوا پشگگیری کردن لە هونەر و هونەرمەندانی کورد؟ کوا چارەسەرکردنی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی و قەرەبووی ئەنفالکراوان؟ کوا تەندرووستی باش و ئاسایشی خۆراك؟ کوا مافی ئافرەت لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیاندا؟ کوا دەستاو دەست پێکردنی دەسەڵات بەشێوەی دیموکراسی؟ کوا گۆڕینی دەم و چاوەکان لەئاستی سیاسی و سەرۆکەکانی پارتەکان؟ کوا بنەبڕکردنی دیاردەی گەندەڵیی و پیسخۆری؟ کوا دادگای سەربەخۆ و سەروەری یاسا؟ کوا ڕۆڵی گەنجان و لاوان و برەو دان بەتوانای ئەوان بۆ پێشخستنی ووڵات؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست