کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


چیرۆكى سەفەرێك لە پێناو گۆڕان

Tuesday, 21/04/2009, 12:00


دوا بە دواى ئاشكرا بوونى هەنگاوەكانى سیاسەتى (گۆڕان و چاكسازى) بۆ خستنە سەر پێ و دەستپێكى گۆڕانێكى بنەڕەتى لە پێناو خۆشگوزەرانى ئایندەى كۆمەڵگەدا، كە توانى لە ماوەیەكى كەمدا تەكانى بێوچانى خۆی بدات بۆ هەڵدانەوەى تەواوى ئەو گەندەڵى و فەسادیەى، كە تووشى شا دەمارى دامودەزگا ئیدارى و سیاسیى و كۆمەڵایەتى و ئابووریەكان بووە. نكوڵى لەوە ناكرێت كە سەرەتاى بیستن و دیتنى هەنگاوى ئەم (گۆڕان و چاكسازیە) بە حوكمى مێژووى ناو كایە سیاسیەكان، كە جۆرەها گەمەى جۆراوجۆرى تێدا كرابوو، بۆیە لە لایەن كۆمەڵگە بە گشتى و بە تایبەت نووسەر و رۆژنامەنووسان بە گومانەوە لێیان دەڕوانى، كە بانگەشەكانى سیاسەتى ئەم (گۆڕان و چاكسازی)ەش لە لایەن سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووسى ناو بزاڤى رزگاریخوازى كوردەوە، (نەوشیروان مستەفا)، رابەرایەتى دەكرێت، بەڵام هەر لە سەرەتاشەوە بە شێوازى جۆراوجۆر لە لایەن هەردوو حیزبى دەسەڵاتدارەوە بەربەست لە ئاست ئەم (گۆڕان و چاكسازی)ەدا هاتۆتە مەیدان، تا رۆژ بە رۆژ واى لێهات بەربەرستەكان چڕتر بوونەوە، كە ئەویش لە دەرەنجامى ئەوەوە سەرى هەڵدا كە (نەوشیروان مستەفا) دوایین بڕیارى خۆى بۆ هەڵبژاردنەكانى ئایندەى كوردستان ئاشكرا كرد.
ئەم بانگەشەیەش بوە هۆكارێكى نەوعى بۆ گۆڕانى قەناعەتى كۆمەڵگە، ئەویش لە گومانەوە بەرەو بڕوا بوون بۆ چارەسەركردنى كێشە بنەڕەتى و ستراتیژییەكانى كۆمەڵگە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە، كە تەنها لە دیدى هەنگاوەكانى (گۆڕان و چاكسازی)ەوە نووسەران و رۆژنامەنووسان هەوڵى دەرخستنى گەندەڵیەكانى ئیداریى و سیاسیى ئەزموونى ئەم 18 ساڵەیان دابێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە، ێش سەرهەڵدانى (گۆڕان و چاكسازى) نووسەر و رۆژنامەنووس لە كوردستاندا بە گوێرەى تواناكانى خۆیان بە ویژدانەوە ئەسپى خۆیان تێدا تاوداوە، بەڵام ئەمڕۆش لە پاڵ هاوكێشەى سیاسەتى (گۆڕان و چاكسازى) كە نووسەر و رۆژنامەنووسان هاوڕا دەبن و یەك دەنگ دەبن لە ئاست كەموكوڕیەكاندا، بەو مانایە نیە كە نووسەران و رۆژنامەنووسان بوونەتە عەبدى ئەوانەى بانگەشەى چاكسازى دەكەن، دواتر بۆ دەبێت لە لایەن دەزگا جۆراوجۆرەكانى یەكێتى و پارتیەوە دژایەتى بكرێن! چونكە هەموومان دەزانین پێش ئەم دەنگۆیانە تاكە رۆژنامەیەك لە سەردەمى پێشوو كە توانى رچە شكێنى دەرخستنى تەواوى گەندەڵیەكان بێت، تەنها رۆژنامەى (هاووڵاتى) بوو، كە لە پێناو داخوازیەكانى كۆمەڵگەدا بووبووە مینبەرێكى ئەهلى و ئازاد، لەم پێناوەشدا هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار لە مێژووى سەرهەڵدانى (هاووڵاتى)ەوە تا بە ئەمڕۆ دەگات بۆ خۆ خزاندنە ناو ئەو كایە مینبەرە ئەهلیەوە، درێغى نەدەكرد، ئەویش لە رێگەى چەند نووسەر و رۆژنامەنووسانى خۆیانەوە، كە تا بتوانن ئیرادەى دەنگ و بیر و را جیاوازەكان تێكبشكێنن، ئەوەبوو لەو سەردەمەشدا كە چەند نووسەر و رۆژنامەنووسێك، كە لافى بێلایەنیان لەناو كایەكەدا دەكرد و هەندێكیشیان تا رادەیەك خۆیان بە وارسى (رەخنەى فكرى) دادەنا، بەڵام بە پێى ئەزمونەكان دەركەوت كە چۆن لە شەوەزەنگى میواندارییەكدا و لە پێناو وەرگرتنى ئیمتیازات و مووچەى كراوە بەرامبەر بە دەزگاى راگەیاندنە حیزبیەكان، قەڵەمەكانى خۆیان بە هەدەر دا، هەندێكى دیكەشیان بە چەندینجار گەمەكردن و دواجار لە رۆژنامە و گۆڤارەكانى حیزبەكاندا خۆیان دۆزییەوە.
ئەوەى لەم نووسینەدا زیاتر جێگەى سەرنج و باسكردن بێت، لە دواى رەوینەوەى گومانەكانى كۆمەڵگە بەرامبەر بە سیاسەتى (گۆڕان و چاكسازى) و لە هەمانكاتیشدا هەنگاونانى ئەو سیاسەتەش لە ناو كۆمەڵگەدا وەك شەپۆلى دەریا تا دێت بەرەو كەنارەكانى خواستى كۆمەڵگە فراوانتر دەبێت، لە ئاست دەرخستنى كێشەكانیشدا هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار پاساو هێنانەوەیان زۆر بێهێزە، هەربۆیەش كە دەبینین بەرپرسانى هەردوولا زۆر بە دەمارگیریەكى ناشرینەوە جار جارە لە كەناڵەكانى خۆیاندا وتار دەدەن! لە روانگەى ئەو نا دادپەروەریەى كە 18 ساڵە سیاسەتى (یەكێتى و پارتى) پاوانیان كردووە و لە ئاستیشیدا بۆ مێژوو بەرپرسیارن.
رێككەوتى 19/ 3/ 2009 لە سنوورى پارێزگاى هەولێردا (26) رۆژنامەنووس بەیاننامەیەكیان بۆ راى گشتى و بەردەم هەریەك لە (تاڵەبانى، بارزانى، نێچیرڤان بارزانى) لە پێناو هەنگاونانى دادپەروەرى و بوونى دیموكراسى و پاراستنى ئەزمونەكىدا خستە روو، كە لە دەقى بەیاننامەكەدا داوادەكەن كە سەروەت و سامانى خۆیان بۆ (میللەت) ئاشكرا بكەن، هەروەك دەڵێن گێڕانەوەى كفر كفر نییە، دوا بە دواى ئەم بەیاننامەیە بۆ تێگەیشتن لە بیر و راى (گۆڕان و چاكسازى) لە نزیكەوە، لە كۆى (26) رۆژنامەنووسەكە (10) رۆژنامەنووس سەردانى (نەوشیروان مستەفا)یان كرد، كە بەندەش یەكێك بوو لەو رۆنامەنووسانە، بۆ مێژوو دەڵێم لە سەردانەكەشدا تێكڕاى رۆژنامەنووسان بیر و راى تایبەتمەندى خۆیان هەبوو، وە هیچ كامێك لەوانە بە شێوازى گوێگر و سەر لە قاندن لە گفتوگۆكاندا دانەنیشتبوون، بەڵكو بە پێچەوانەوە ئەوەى كە ئێمە باسمان لێوەدەكرد و رەخنەى خۆشمان هەبوو، دڵنیاین لەوەى كە بەرپرسانى هەردوو حیزبى باڵادەست ئامادە نین بەو شێوەیە گوێبیستى رەخنە گرتنى ئێمە بن، وەك برادەرانى (گردەكە) كە بە سنگ فراوانى و هەستكردن بە مەسولیەتى ئایندەوە رەخنەكانیان بە هەند وەردەگرت، ئێمە كە سەردانى (گردەكە)مان كردووە بەو مانایە نییە، كە ناتوانین چاوپێكەوتن لە ئاست لایەنەكانى دیكەدا بكەین، بە پێچەوانەوە ئێمە ناترسین و بە ئاشكراش هەنگاومان ناوە بۆ چارەسەركردنى نا دادپەروەرى، پێشمان وایە بە ئاشكرا هەنگاو نان بۆ هەركارێك، پێویست بەوە ناكات ئێمە بخرێینە ژێر چاودێرییەوە، جگە لەم دیمەنە ناشرینانەى هەردوو خیزب دوایین دیمەنى ناشرین ئەوەیە، كە لە دواى دەركردنى ئەو بەیاننامەیە و بە بەشدار بوونى چەند رۆژنامەنووسێك چ لە بوارى نووسین و قسە كردن بۆ كەناڵە جیاوازەكان، دیتمان و بیستمان كە هەندێك لە كادیرە باڵا و مامناوەندیەكانى سەر بە راگەیاندنى هەردوو حیزب، دووبارە بە زمانە بەدگۆیەكانى سەردەمى شەڕى ناخۆیان كەوتنە تەەشهیر كردن بە كەسایەتى ئەو رۆژنامەنووسانەى كە ئەمڕۆ لە دەرەوەى حیزب كار دەكەن، تەنانەت تەشهیرى جاسوسیشیان درایە پاڵ، بەڵام لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە، كە تا چەند دەتوانن بەرەو رووى راستیەكان ببنەوە كە ئاشكرا بكرێن،!؟ كاتێك ئێمە سەفەرێكمان بە ئاشكرا كردووە، ئێوە تەواوى جاسوستان لە سەر ئێمە داناوە! بەڵام بە داخەوە دەربڕینى ئەو هەڵوێستانەیان چ لە ئێستا و چ لە ئایندە تۆزقاڵێك كار ناكاتە سەر رەوتى را دەربڕینى ئەو (26)رۆژنامەنووسە بە گشتنى و بەندەش بە تایبەتى، دوا بە دواى ئەم هەنگاوانەشیان دەزگا جۆراوجۆرەكانى دیكەشیان بۆ ئاشتبوونەوەى ئەندامە تۆراوەكانیان بە گشتى و، بە تایبەتى رۆژنامەنووسە كۆنەكانى سەر بە دەزگاكانى خۆیان سیاسەتى ئاشتبوونەوەیان هێناوەتە ئارا! ئێمە قسەمان لەسەر ئەوەنییە، كە هەردوو حیزب لە پێناو بەرژەوەندیەكانى خۆیدا چ هەنگاوێك دەنێت، بەڵكو قسەمان لەسەر جۆرى ئینتیهازیەتى ئەو جۆرە بە ناو نووسەر و رۆژنامەنووسانەیە، كە لە پێناو ئیمتیازات و مووچەى كراوەدا رووى شەرمەزارییان تاك تاك بە دەر دەكەوێت، لەوانەشە سبەینێ ژمارەیان زۆرتر بێت، ئێمە ناڵێین بە بێ مووچە كەس دەتوانێت بژی، بەڵام گرنگ ئەوەیە كە لە پێناو مووچەدا نەبێتە رێگرى داخوازیەكانى كۆمەڵگە، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەش لەمەودوا سیماو ئاكار و هەڵسوكەوتى ئەو جۆرە نووسەرانە باش بناسن، كە چ ڤایرۆسێكى كوشندەى كۆمەڵگەن، ئەگەر سیاسەتى ئەمڕۆى هەردوو حیزبى باڵا دەستیش لە ئاست كپكردنەوەى دەنگە جیاواز و سەربەخۆكان (سیاسەتى ئاشتبوونەوە) بهێننە مەیدان، من بەش بە حاڵى خۆم وەك ئەو جۆرە نووسەرانە نیم كە هەردەمەى پەرچەمێك بە روخسارى بیركردنەوەكانمدا بدەم و نوكى قەڵەمەكەشم لە پێناو چەمانەوە و ماچ كردنى لەپى دەستدا هەڕڕاج بكەم، دواتر راست و چەپ بە رابردووى رەخنەكانى خۆمدا بێنم.
لە كۆتایى ئەم نووسینەدا ئەو پرسیارە بۆ هەموو دەزگاكانى سەر بە هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار دێتە ئاراوە، ئایا بە سەردانى (10) رۆژنامەنووس بۆ (گردەكە) عەرشى دەسەڵاتتان دەكەوێتە مەترسیەوە؟ ئەمە جگە لە بەرپرسى دەزگاكانى هەردوو حیزبى دەسەڵاتدار تەنانەت خودى (تاڵەبانى و بارزانى) دەزانن، كە نەوشیروان مستەفا بە تەنها خۆى لە گۆڕەپانى سیاسیى و بزاڤى رزگاریخوازى گەلى كوردا رەقەمێكى تایبەت و دیارە، بەڵام بۆ دەبێت سەردانى (10) رۆژنامەنووس بۆ لاى (نەوشیروان مستەفا) حەرام بێت، كە لە كاتێكدا رۆژنامەنووسەكانى سەر بە هەر دوو حیزب كە سەردان دەكەن، بۆیان حەڵاڵ بێت؟! ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە رۆژنامەنووسە حیزبیەكان پرس بە سەرووى خۆیان دەكەن، بەڵام ئێمە خاوەنى هیچ سەروویەك نین و جیا لە دیدەنى دوژمنەكانمان ئازادین كە سەردانى هەر شوێنێك بكەین.
لەوەتەى (گۆڕان و چاكسازى) سەرى هەڵداوە، ئێمە وتومانە هەر كەسێك هەوڵ بۆ گۆڕان بدات، هاوڕاین لەگەڵى، بەڵام دەڵێیت چى كە ئێوە خۆتان دروستكەرى ئەو قەدەرەن، كە زاتى گۆڕان ناكەن و ئەمڕۆش بە تەنها (نەوشیروان مستەفا) لە پێشڕەوایەتى گۆڕاندایە، نەك ئێمە تەواوى كۆمەڵگەش لەگەڵ ئەو كاروانەدایە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە