دەستەکانت خۆش نەوشیروان مستەفا
Monday, 08/07/2013, 12:00
1807 بینراوە
لە هەر ووڵاتێکی تردا بوایە، کەوا دەسەڵات گوڵی ساختە و گەورە لە گەل و ئۆپۆزیسیۆن بکات، ئەوا بێ هیچ چاوەڕوانییەك ، بێ هیچ دوو دڵییەك، عەرش و کورسی دەسەڵات لەق ئەکەن و ئەو دونیایەی بە ملوەنی نیشان ئەدەن. لە هەر کوێیەکی ئەم گەردوونەدا بوایە، ئاوا دەسەڵات بە ئارەزووی خۆی هەرچییەکی بوێ و هەرچیەك لە بەرژەوەندی خۆی و بنەماڵەکەیدا بێ بیکات. ئەوا سەد دەر سەد ئەگەر نەیار و ئۆپۆزیسیۆنیش نەبێ، خەڵکە لێی هار ئەبن و کونە مشکی لێ دەکەنە قەیسەری..
دوای فاوڵە گەورەکەی ٣٠ حوزەیران کە هەردوو بنەماڵە لەگەل و ئۆپۆزیسیۆنیان کرد، هەموو پێمان وابوو یەکەمین کاردانەوەی فەرمیی ئۆپۆزیسیۆن، نەك ددان بەخۆدان و چاوڕەێی گەڕانەوەی مەسعود و بزانن ئەو چی لە هەگبەکەیدا هەیە و بوەستن تا خاڵی ئەکاتەوە. نەك مل شۆڕش بکەن تا بزانن مەسعود واژوو لەسەر ئەو دوو بڕیارەی دیوەخانەکەدا دەکات. وامان دەزانێ هەر ئەو ڕۆژە لەجیاتی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزیسۆن، ئاوهاش حزبەکانیان دێنە دەنگ و هەرچی خراپە بەم دەسەڵاتەیان دەکرد. ووتمان لێگەڕێن ئەوە ئەو ڕۆژەیە کە هەریەك لە (گۆڕان و ئیسلامیەکان) چاوەڕوانن و ئەم جارەیان گۆمەکە بە تەواوی دەشڵەقێنن و دار و بەردی ئەم دەسەڵاتە تێك و پێك ئەدەن.
ووتمان ئەم جارە کلی کەری تیا ئەقرتێ و سەگ ساحێبی خۆی نادوزێتەوە. ووتمان ئەم جارە پیاو ئەو پیاوەیە لە دەسەڵات خۆی ڕزگار بکات و شەفاعەت بۆ ئیسلامیەکان بێننەوە و ئەوانی تریش بە ڕیز تەسلیمی گەل ببنەوە.
ووتمان ئەم جارە لێگەڕێن بەبێ تەقە سەری ڕەش و قەلاچوان و سەرکردایەتی دەسەڵات ئەکەوێتە ژێر پێی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان و سەرکردە ڕەزا سووکەکانیان. کەچی مەخابن، نەك هەر ئەوانە خەون و بڵقی سەر ئاو دەرچوون، نەك ئەو ئەرك و کارانەی خۆیان بەجێ نەهێنا، نەك هەر بەشێکی کەمی چالاکی مەدەنی و سڤیلیانەی پارتە نەیارەکانیان نەنواند. نەك هەر ئەوەی کە پێیان ئەکرا لە گردبوونەوە و ناڕەزایی و خۆپیشاندان. نەك هەر ئەوەی لە کۆشك و گردەکان بهاتنایەتە خوارەوە و لەسەر سوچی شەقامیك لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج و ناڕازیی کۆببنایەتەوە. کەچی هەریەکە و بە شێوازی خۆی و هەر وەك جاران هاتن و کۆبونەوەیەکیان کرد و ڕایان گەیاند کەوا لەبری ئەم پاشاگەردانەی دەسەڵات ، دەسەڵات ئەبی چاوەڕوانی کاردانەوەکانمان بێت .
وا کاردانەوەکانمان بینی و جگە لەوەی بەچەند ووتارێك و بڵاکردنەوەی چەند دۆکیومێنتێکی بەسەرچوو و ئیکسپایەر کەوا تۆزی چەند دەیەکی لەسەرە، هیچی تریان پێنەکراو شاڵلا ئەوەشیان نەکردایە.. ئێستا زۆر بەگران لەسەر خەڵکی ئەکەوێت و سبەی ئەوانیش وەك ئەوانەی دەسەڵات بە شوڕشگێڕی و خەبات چەند قات پارەکەی وەدەگرن. نازانم ئەوە ٥ ساڵە هەر خەریکی ووتار نووسین و چاوپێکەوتنی تیڤی و گرتنی ڕەخنەن.. تو مەرقەیی کاکە ئەحمەدی شێخ پێمان ناڵێن چیتان لێ سەوز کردوە!؟ باشە ڕەخنە گرتن و ووتار نووسین نابێ ئەویش ئامرازێکی کاتی و تەنها بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بێ؟ ئێ خۆ نابێ تا ڕۆژی قیامەت بەو شێوازە و لەسەر هەمان بەیت و بالورە بەردەوام بن.
بەڕاستی کاری ئۆپۆزیسیۆن بەپێی هەر قۆناغیك پێوستە گۆرانکاری لەخۆ بگرێ و هەموو ئامڕازەکان ئەبێ تاقی بکاتەوە، گردبوونەوە، ناڕەزایی دەربڕین، وواژوو کۆکردنەوە، سکاڵا کردن، خۆپیشاندان، ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری.. ئائەمانە ئەو چەند ئامرازەن کەوا پیوستە ئۆپۆزیسیۆن بیکات.
نەوشیران مستەفا بۆ ئەوەی خۆی لەبەرپرسیاری بدزێتەوە، ئەم جارەش وەك جارەکانی تر ، هەندێ شتی سیاسی کۆن و بەسەر چوو دەرخواردی شەقامی ناڕازەیی کرد . مەگەر کوردستانپۆست زۆر لەوەی ئێوەی زیاتر نەکردوەو بەڵکو زیاتریش.. خۆ ئەوەندەی کوردستانپۆست بەشیوەیەکی ڕوون و ئاشکرا و بەچەکوشەکەی سەری ئەم دەسەڵاتەی پێکاوە. خۆ ئێوە نەتان وێراوە بە چارەکی کوردستانپۆست بکەن.
بۆیە لەکۆتاییدا هەر ئەوە ماوە بڵێم کەوا ، کاك نەوشیروان بەڕاستی ئەزیەتت کێشاو لەکاتی خۆت برد بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو دۆکیومێناتەی کەبەقەد زەڕیەك کاریگەری نە لەسەر شەقام و نە لەدەسەڵات ناکا.. ئەوانەی تۆ ئەتەوێ دەنگی ناڕەزایی خەڵکی پێ خامۆش بکەیت و دەسەڵات تووشی مەراق و ئازار بکەی، ئەوا دڵنیابە هیچت بە هیچ نەکردوە. دڵنیابە بەم شێوازەی ئێستات نەدەسەڵات ئەڕوخێ و نەشەقام ئەجووڵێ. ئاخر تۆ مەسعودت بەپیاو چاك و دەستێکی ئەمین بزانێ،چۆن ئەتوانێ ڕابەڕایەتی شەقام بکەیت؟ تۆیەك دەنگی ناڕەزایی و خۆپیشاندەر بە گێرە شوێن ناوزەند بکەی، چۆن ئەتوانی متمانەی شەقام دابین بکەی. تۆیەك تەلەفیزۆنەکەت بۆ جامانە سوور بڕازێنێتەوە، ئاخر چۆن چاوەڕوانی ئەوەت لێبکرێ کەوا دژیان بێت؟ تۆیەك بۆ پرسەو تەعزێ حەمایل فرمێسك بڕێژی و بۆ پرسەی هاوڕێ و کەسە نزیکەکانت نەچی، چۆن ئەکری باوەڕت پێبهێنرێ.