گۆڕان و تەحەدییەکانی بەردەم جۆری بەشداربونەکەی لە حکومەتدا
Saturday, 12/04/2014, 12:00
1886 بینراوە
ئەو چوار وەزارەتەی کە بەر بەشی بزوتنەوەی گۆڕان کەوتووە هەرچەندە دوانیشیان سیادین و لە ڕوکەشدا گرنگ و هەستیارن ، بەڵام بە پێودانگی کوردستان و ئەو هەل و مەرجەی ئێستای کوردستان و عێراقی پێدا تێدەپەڕێت نەك هەر گرنگ نین بۆ گۆڕان و نابنە مایەی سەرکەوتنی ئایندە بۆ بزوتنەوەکە ، بەڵکو دەبنە مایەی مەترسی بۆ سەر ئایندەی گۆڕان؟!
چونکە لە بنچینەدا وەزارەتی پێشمەرگە وەزارەتی دوسێ فەوجی نیمچە ڕێکخراوەو سەرجەمی هێزەکانی تری پێشمەرگە هێشتاش هێزی حزبین و نەکەوتونەتە ژێر چەتری ئەم وەزارەتەوە ، وە ئەگەر ئەو هێزانە لە باشترین گریمانەشدا یەکخران و کەوتنە بندەستی وەزارەتی پێشمەرگەوە ، لەبەر ئەوەی فەرماندەی هێزە چەکدارەکان سەرۆکی هەرێمە و ئەو جوڵێنەرو ئاراستەکاری ئەم هێزەیە لێرەدا ڕۆڵ و پێگەی وەزیرە گۆڕانەکەی وەزارەتی پێشمەرگە تەشریفاتی دەبێت و بۆش دەبێت لە گەوهەرو ناوەڕۆك ، وە ئەگەر لە باشترین ئەگەردا گریمان دەستکراوەش کرا بۆ جوڵاندن و ئاراستەکردن بەڵام لەولاوە پرسی بۆدجەی پێشمەرگەو درەنگ کەوتنی موچەیان و تەجهیز نەکردنیان و دو ئینتیما بونیان و هەستیاری ڕەوشی سەربازی و هێمنایەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان گۆڕان و وەزیرەکەی ڕوبەڕو دەکاتەوە لەگەڵ تەحەدییەکی گەورەدا کە بۆ یەکەم ئەزمونی بەشداری حزبێکی ئۆپۆزسیۆنی وەك گۆڕان تەحەدییەکی گەورەیەو دەیخاتە بەردەم ئەزمونێکی گرانەوە.
سەبارەت بە وازارەتی دارایش بارودۆخەکە خراپترەو ئەم وەزارەتە بار کراوە بە عیبئێکی گران و خەرجییەکی بەکارخستنی لەڕادەبەدەرو لە سەرو بەندی دوا کەوتنی پەسەند کردنی بۆدجەو سەروەختی کورتهێنانی دارایی و نەناردنی بەشە بۆدجەی بەغدادو نا زەلالی داهاتی ناوخۆیدا ڕادەستکردنی ئەم وەزارەتە بە بزوتنەوەی گۆڕان جگە لە خستنە سەرشانی ئەرکێکی گران بۆ گۆڕان هیچ دەسکەوتێکی سیاسی تێدا بەدیناکرێت .
سەبارەت بە وەزارەتی بازرگانی و ئەوقافیش دیسانەوە دو وەزارەتی دڵخواز نین بۆ گۆڕان ؟
چونکە وەزارەتی ئەوقاف وەك وەزارەتی مالاو مجێورەکان دێتە ناسین و گۆڕانیش هەواداری مەلای مینبەری زۆر کەمەو بە پێی یاساش هەندێك شەرت و مەرجی گران دانراوە لە سەر مەلاکانی سەر مینبەر کە زۆرینەیان سەر بە دو پارتە ئیسلامییە سیاسییەکەی هاوپەیمانی سەردەمی ئۆپۆزسیۆن بونی گۆڕانن ، کە ئەمەش دەشێ تەڵەیەکی تری سیاسی بێت بۆ کەلێن خستنە نێوان گۆڕان و دو هێزە کۆنزەرڤاتیڤە ئیسلامییەکەوە .
ئەوەشی پەیوەندی بە وەزارەتی بازرگانی و پیشە سازییەوە هەیە دیسانەوە وەرگرتنی لە بەرژەوەندی سیاسی گۆڕاندا نییە ؟ چونکە وەزارەتی بازرگانی بەشێك لە داهاتەکانی بە پێ قانون دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی فیدرالی وەکو: داهاتی سنورە نێو دەوڵەتییەکان واتا گۆڕان ناتوانێت لێرەشدا بەم وەزارەتە تەمویلی وەزارەتی دارایی و ئابوری بندەستی خۆی بکات و ڕوی درەوشاوەی بەشداریکردنەکە لە حکومەتدا نیشانی هەوادارانی و خەڵکی کوردستان بدات .
سەبارەت بە سەرۆکایەتی پەڕلەمانیش ، هێشتا لە کوردستاندا پەڕلەمان ئەو دەزگا بالایە نییە کە بتوانێت ڕۆڵی یەکلاکەرەوەو گرنگ بگێڕێت لە مەیدانی دەسڵاتداری و لێپێچینەوەدا.
بۆیە دەبو گۆڕان پە مکوڕییەوە پێی لە سەر وەزارەتەکانی دادو ناوخۆو پەروەردەو ئاوەدانکردنەوە و دەستەکانی وەبەرهێنان و نەزاهە داگرتایە و بە هیچ کلۆجێك وەك براوەی دووەم دەستبەرداریان نەبوایە ؟ چونکە لە ڕێگەی وەزارەتی دادو گێڕانەوەی شکۆو متمانە بۆ دادگاکانەوە و لە ڕێگەی ئەفراندنی فەزایەکی فراوانەوە بۆ ئازادی و ڕادەربڕین لە میانەی بە مەدنی کردنی وەزارەتی ناوخۆوەو لە ڕێگەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی نیشتە جێبون و ڕێگاوبان و وەبەرهێنانەوە لە میانەی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ە بە هەماهەنگی لە گەڵ دەستەی نەزاهەدا دەیتوانی نمونەیەکی باشی بەشداری سیاسی نیشان بدات و لە داهاتودا ببێتە مایەی فراوان بونی بازنەی متمانە بە بزوتنەوەی گۆڕان ، بەڵام بەداخەوە جارێکی تریش گۆڕان کەوتە نێو داوێکی تری سیاسییەوەو بە وردی جوڵەی نەکرد ، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەوەی لە وێستگەکانی دەنگداندا بەدەستمان هێنا لە ژوری دانوستاندنەکانی پێکهێنانی حکومەتدا پەشمەك ئاسا بەشێکی زۆری پوکایەوە