ئه‌وانه‌ی ده‌چن بۆ لای مه‌سعود، ده‌ڵێن سه‌رۆک هاتووین به قوربانت بیین
Tuesday, 10/05/2011, 12:00
1896 بینراوە
دانیشتن و گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی زاڵی دیکتاتۆر، رهوادانه به بوون و ددانپێدانان و به شهرعییهتکردنی ده‌سه‌ڵات. ئه‌مه نه سیاسه‌تکردنه و نه زانستیی دیالۆگیشه، ئه‌گه‌ر پێتان وابێت مه‌سعود گوێتان لێده‌گرێت و داخوازییه‌کانتان به‌جێ ده‌هێنێت، به‌و شێوه‌یه وه‌ک ئۆپۆزیسیۆنێک بتانه‌وێت رکابه‌ری ده‌سه‌ڵات بکه‌ن، ئه‌وه نه‌ک هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره، به‌ڵکو له‌که‌یه‌کی ناشرینه به تهوێڵتانهوه.
یه‌کێک له جوانی په‌یامی ئه‌و خه‌ڵکه بۆ مه‌سعود بارزانیی ئه‌و ده‌نگه بوو، که بۆ دایکی گه‌رمیان هاواریان ده‌کرد و ده‌یان وت (
سه‌رۆک به قوربانت بێت)، ئه‌و هاواره شکاندنی پیرۆزی بنه‌ماڵه بوو، بۆیه مه‌سعود که‌وته خۆی و له یه‌کێتیی هه‌ڵپێچا تا سنوورێک بۆ ئه‌و خۆپیشاندانه دابنرێت. ئه‌وانه‌ی که بڕیاریان داوه بچن بۆ لای جه‌نابی سه‌رۆک ده‌بێت له پێش هه‌موو شتێکدا پاکانه و داوای لێبوردن بکه‌ن.
له سه‌رای ئازادیی زۆر وترا، زۆر که‌س خۆی به‌تاڵکرده‌وه، قسه‌ی زلیان کرد، گرنگ نییه بزانم تۆ چیت وتووه، گرنگه بۆ من بزانم تۆ کێیت. که تۆم ناسیی ده‌توانم بڕیار بده‌م، تۆ چه‌ند راستگۆیت و چۆن بیرده‌که‌یته‌وه، متمانه‌کردن نزیکبوونه‌وه‌ی بڕوای منه له نێوان قسه و که‌سایه‌تیی تۆدا، بۆ ئه‌وه‌ی بڕوات پێ بکه‌م ده‌بیت ژیاننامه و مێژووت بخوێنمه‌وه بزانم چه‌نده راستگۆ بوویت، که‌سایه‌تیت هێنده گه‌وره بووبێت تۆی گه‌یاندبێته ئاستی گه‌وره‌یی قسه و بهڵینهکانت، نه‌ک په‌یمان و قسه زله‌کان دایشکاندبیتهوه بۆ ئاستێکی نزم، نزیکایه‌تیی.
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی خۆیان کردبوو به نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی کاتیی سه‌رای ئازادیی، ئه‌مڕۆ ده‌یانه‌وێت بچنه حزوری مه‌سعود بارزانیی، جیاوازیی نییه له نێوان موڕاڵی ئه‌مان و ئه‌و مریشک فرۆشانه‌ی، که ته‌نها چه‌ند مه‌ترێک له مه‌یدانی سه‌رای ئازادییه‌وه دووربوون، ئه‌مان وشه‌یان ده‌فرۆشت، کاسبکارهکهش مریشکی مرداره‌وه‌بوو، که به ساخته ناوسکی پڕده‌کرد له پارچه سه‌هۆڵ، تا کێشه‌که‌ی زیادبێت و پاره‌ی زۆرتری پێوه‌ربگرێت، ئه‌م چه‌ند نوێنه‌ره‌ی سه‌رای ئازادییش بازرگانییان به قورسایی وشه‌کانی خۆیانه‌وه، به‌و قسانه خۆیان سه‌نگین کرد، وه‌ک هه‌ڵوێست به‌و گه‌نجانه‌یان ده‌فرۆشته‌وه، باسییان له ئازادیی، له دیموکراتیی، له پێشێلکاریی و له گه‌نده‌ڵیی ده‌کرد، خۆ لێپرسراوانی ده‌سه‌ڵاتیش رۆژانه باس له گه‌نده‌ڵیی و له پێشێلکاریی مافه‌کانی مرۆڤ ده‌که‌ن، به‌ڵام جیاوازیی له‌وه‌دا بوو، ئه‌و خه‌ڵکه‌که بڕوا و متمانه‌ی خۆیان دابوو به‌م نوێنه‌رانه، گوێیان لێده‌گرتن، وایان ده‌زانی راستگۆن و ده‌سه‌ڵاتیش درۆزن، پێیان وابوو ئه‌مانه دڵسۆزن و ده‌سه‌ڵاتیش پێچه‌وانه‌که‌ی. ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی پێیان وایه تا ئه‌مڕۆش نوێنه‌ری ئه‌و خه‌ڵکه‌ن و مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به ناوی گه‌نجه‌کانه‌وه قسه بکه‌ن، بچن و چاویان به مه‌سعود بارزانی بکه‌وێت، ئه‌وانه سنووری ده‌سه‌ڵاتیی خۆیان به‌زاندووه، نازانن تا چه‌ند مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌و کاره ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌وانه چونکه به دوای ده‌سه‌ڵات و ناوبانگده‌رکردن و ده‌رکه‌وتنیان له شاشه‌ی ته‌له‌فیزۆن و رۆژنامهکانهوهیه، به دوای هیچی تره‌وه نیین، بۆیان نییه به ناوی هیچ لایه‌ن و گروپێکه‌وه قسه بکه‌ن، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وانه ته‌نها له‌به‌ر ده‌رکی سه‌را و له‌کاتیی خۆپیشاندانه‌کاندا بوو، ئه‌وانه ته‌نها بۆیان هه‌یه خه‌و به دوێنێوه ببین، نه‌ک ئه‌مڕۆ وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌و ده شه‌هیده‌ی 17 شوبات بچن، ده‌ست بخه‌نه نێو ده‌ستی بکوژانه‌وه. ئه‌وانه هیچ جیاوازییه‌کیان نییه له‌گه‌ڵ هیوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا، که مه‌سعود بارزانی پێشوازیی لێده‌کات، له‌گه‌ڵ ئێوه‌شدا که ئه‌مڕۆ پێشوازیی له ئێوه‌ش ده‌کات، جیاوازیی ته‌نها کاته، نه‌ک خۆتان و داخوازییه‌کانتان.
دانیشتن و گفتوگۆکردن هونه‌ره، ئه‌وه‌ی گفتوگۆ ده‌کات، ده‌بێت بزانێت هونه‌رمه‌ند بێت بزانێت که‌ی و له‌گه‌ڵ کێ و له‌کوێ داده‌نیشێت، له کوێدا خۆی ده‌بینێته‌وه، له‌و بواره‌دا ده‌بێت چه‌ند هونه‌رمه‌ند بێت و ده‌ستکه‌وتی چیی ده‌بێت. ساڵی 1974 له (ئازادیی) که ده‌که‌وێته نێوان حاجی هۆمه‌ران و گه‌ڵاڵه، به‌رپرسێکی ئه‌وسای پارتیی هاته لامان گێڕایه‌وه، که مه‌لا مسته‌فا کاتی خۆی نامه‌یه‌کی بۆ ئه‌فسه‌رێکی گه‌وره‌ی تورکیا ناردووه، پاش ماوه‌یه‌ک نامه‌که‌ی چۆن ناردبوو، ئاوا بۆیان هێنابوویه‌وه، کاتێک پرسیار له نهێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی نامه‌که ده‌که‌ن، ده‌ڵێت: ئه‌و ئه‌فسه‌ره تورکه وتوویه‌تی ئه‌گه‌ر نامه‌که وه‌ربگرم مانای وایه دان به بوونی کورد و سه‌رکرده‌که‌یدا ده‌هێنم، بۆیه نه ده‌یخوێنمه‌وه و نه ده‌یکه‌مه‌وه و نه ده‌ستیشی لێده‌ده‌م، له کوێوه هێناوتانه، هه‌روا بۆی به‌رنه‌وه.
له‌و ساته‌وه ئه‌م تورکانه منیشیان فێری ئه‌وه کرد، منیش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دوژمنه‌کانی خۆمدا بکه‌م، بایکۆتی که‌لوپه‌لی تورکییم کردووه، تا بۆم بکرێت هه‌ر خواردنێک ناوی تورکیای له‌سه‌ر نووسرابێت و له‌وێوه هاتبێت نایکڕم، ئێمه وه‌ک گه‌لێکی ژێر ده‌ست ده‌بێت خۆمان وا په‌روه‌رده بکه‌ین، ده هه‌نگاو له پێش دوژنمهکانمانهوه بیین، ده‌بێت وا بیربکه‌یته‌وه، که ئه‌و قازانجه‌ی له کڕینی کیلۆیه‌ک ماستیی تورکیادا دوژمنه‌کانمان وه‌ریده‌گرن، ئه‌و پاره‌یه‌یه گوللهیکی پێ ده‌کڕن و ده‌ینێن به سنگی گه‌ریلایه‌که‌وه. تا ئێمه خۆمان وا په‌روه‌رده نه‌که‌ین، بڤه‌یه باس له ئازادیی و له رزگاریی بکه‌ین و بتوانیین به‌ره‌نگاری دوژمنه‌کانمان ببینه‌وه، ئه‌و هێزه‌ی ئه‌مڕۆ دوژمنه‌کانمان هه‌یانه، به‌شێکی به پاره و سامان و به عه‌قڵ و مامه‌ڵه‌ی کردنی بارزانی و تاڵه‌بانی خۆیان به‌هێزکردووه، ئه‌و دوژمنه‌ی، که ناوهێنانی کوردیان به‌لاوه حه‌رامه. دوژمنه‌که‌ت چۆن بیر ده‌کاته‌وه و ره‌فتار ده‌کات، تۆش ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ره‌وه ئاوا بیربکه‌یته‌وه وره‌فتار بکه‌یت.
گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و تاله‌بانییش، رهوادانه به بوونیان، ئه‌مه‌ریکا و وڵاته‌کانی ئه‌وروپا هیچ کات ئاماده نیین له‌گه‌ڵ گروپه تیرۆریسته‌کاندا دابنیشن، داواکارییه‌کیان به‌جێ بهێنن، دانیشتن و دیالۆگ نه‌ک هونه‌ره، به‌ڵکو زانستیشه، ئایا ئه‌وانه‌ی ده‌چن بۆ لای مه‌سعود چه‌ند هونه‌رمه‌ند و زانان؟
ئێمه‌ی کورد پێویسته عه‌قڵ له دوژمنهکانیشمانهوه وه‌ربگرین، له‌وانیشه‌وه فێری زۆر شت بیین، به خۆماندا بچینه‌وه ئایا به‌م جۆره بیرکردنه‌وه و ره‌فتارکردنه به که‌لتووری عه‌قڵی ئه‌م حیزبه کوردیانه ده‌توانێت ئازادیی و سه‌ربه‌خۆییمان بۆ فه‌راهه‌م بکات؟ ده‌توانین هه‌ڵسینه سه‌رپێ خۆمان و داوای مافی خۆمان بکه‌ین؟ ده‌توانین له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م حیزب و سه‌رکردانه، نه‌وه‌کانمان به بیری نوێ په‌روه‌رده و گۆش بکه‌ین؟ چاک و خراپ، ره‌ش و سپی له‌یه‌کتر جیابکه‌ینه‌وه؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌مه ده‌ڵێم به‌ڵی، به مه‌رجێک له پێشدا فه‌رهه‌نگێکی سیاسیی مێژووی خۆمان بنووسینه‌وه بۆ پێناسه‌کردنی هه‌موو وشه دژواره‌کان و لێکدانه‌وه‌ی خۆمان هه‌بێت؟ ئێمه‌ی تا ئێستا ناتوانین جاش و پێشمه‌رگه له یه‌کتر جیابکه‌ینه‌وه، چونکه پێناسه‌مان بۆ هیچ کامێک نییه، بۆیه به‌رده‌وام جاشمان زۆره و خه‌ڵکی شانازی به مێژووی جاشایه‌تی خۆییه‌وه ده‌کات و بۆشی هه‌یه بڵێت منیش پێشمه‌رگه بووم، چونکه ده‌سه‌ڵاتی حیزبه‌کان له‌گه‌ڵ پێناسه‌ی پێشمه‌رگه‌دا تێکه‌ڵیان کردووه، ئێمه پێناسه‌مان نییه بۆ موڕاڵ بۆیه ئه‌وه‌ی خاڵییه له موڕاڵ، بۆته که‌سێکی ره‌وشت به‌رز، به‌بێ شه‌رمکردن ئاوا خۆیمان پێ ده‌ناسێنێت، پێناسه‌مان نییه بۆ سه‌رکرده، بۆ گه‌وره، بۆ خۆشه‌ویستیی، ته‌نانه‌ت بۆ جیاکردنه‌وه‌ی دۆست له دوژمنه‌کانمان، بۆیه ئه‌وانه‌ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی کاتیی له سه‌رای ئازادیی، بریتیی بوون له تێکه‌ڵه‌یه‌ک له جوانیی و له ناشرینی، پڕبوو له که‌سانی خاوه‌ن موڕاڵ و بێموڕاڵ، ته‌ژیی له که‌سانی بێلایه‌ن و که‌سانی سه‌ر به ده‌سه‌ڵات، چونکه ئه‌و پێناسه و فهرهنگهمان نییه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندی که‌سایه‌تییه‌کان، به هاسانی هه‌موویان وه‌رده‌گیران، بۆشیان هه‌بوو وه‌کو یه‌ک قسه بکه‌ن و فوو بکه‌نه خۆیان و خۆیان هه‌ڵکێشن، کاتێک ئه‌م تێکه‌ڵه‌یه دروست ده‌بێت بیرکردنه‌وه‌کانیش تێکه‌ڵ ده‌بن، پاشاگه‌ردانی و شکستیی لێده‌که‌وێته‌وه، ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی بڕیاره سه‌ردانی مه‌سعود بارزانی بکه‌ن، به‌رهه‌میی ئه‌م تێکه‌ڵی و پێکه‌ڵیی و ئه‌و سهرگهردانییهن، که ئێمه‌ی کورد سه‌رمان لێشێواوه نازانین چۆن لێکیان جیا بکه‌ینه‌وه و هه‌ڵیانسه‌نگێنین و هه‌ڵویست له سه‌ر رووداوه‌کان وه‌ربگرین، قسه‌یان له‌سه‌ر بکه‌ین. دوو رۆژ پێش ئه‌وه‌ی هێزه چه‌کداره‌کانی ده‌سه‌ڵات سه‌رای ئازادیی چۆڵ بکه‌ن، له په‌یوه‌ندییه‌کی ته‌له‌فونییدا مه‌ترسی ئه‌و تێکهڵهیهم به (د. فاروق ره‌فیق) وت،دیار بوو ئه‌و توانا و ده‌سه‌ڵاته‌ی نه‌بوو کاری له‌سه‌ر بکات، بۆیه هیوادارم ئه‌مڕۆ هاتبێته سه‌ر ئه‌و بیروبۆچوونه، چونکه ئاڕاسته‌ی هه‌ڵسوکه‌وت و کرداری ئه‌وانه‌ی بڕیاریان داوه بچن بۆ لای مه‌سعود لای راستیی قسه‌کان ده‌سه‌لمێنێت.
له کۆتاییدا بۆ بیرخستنه‌وه، دووباره ده‌نووسمه‌وه و ده‌ڵێم:
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ی به زۆر خۆی بسه‌په‌ێنێت، به زۆریش ده‌بێت بڕوات. ده‌سه‌ڵاتی کوردیی هی ئه‌وه نییه له‌گه‌ڵیدا دابنیشت، هی ئه‌وه‌یه له دانیشتنی بخه‌یت.