خەڵکی بادینان لەفرسەتیك ئەگەڕێن
Tuesday, 29/01/2013, 12:00
سەیدا شیروان شێروانی لەدیمانەیەکدا لەگەڵ سایتی سبەی ئەڵێ؛ بادینان لەهەلێك ئەگەڕێن و خۆیان ماتداوە تا لەکاتێكی گونجاودا دژ بەدەسەڵاتی زاڵ و خۆسەپێنی پارتی بێنە دەنگ و شار بەدەریان کەن،، لەڕاستیدا ئەم لێدوانەی کاك شیروان چیرۆکی (ڕەجەب)مان وەبیردێنێتەوە کاتێ دەمی دا ئەچەقێنێ و لەژێر دار هەنجیرەکە خۆی لێ مەڵاس ئەداو بەو هیوایەی هەنجیرێك بکەوێتە خوارەوەو بکەوێتە ناو دەمیەوە. ڕەجەب لەبەر تەمەڵی و تەوەزەلی و هیچ لەبارانەبووی حاڵی خۆیەوە ئا بەو شێوەیە لەفرسەتێك ئەگەڕا بۆ ئەوەی زاری چێژی ئەو هەنجیرە بکا کەڕەنگە ئەمڕۆ نا ئەمڕۆ بکەوێتە خوارەوە.
ساڵی ٢٠٠٧ ئەو کاتەی سەردانێکی کوردستانم کرد و گەڕامەوە بۆ سلێمانی، لەگەڵ کۆمەڵێك خەڵك قسەمان ئەکرد و لەوێ چەند گەنج ولاوێك دانیشتبوون، باسی بارودۆخی کوردستان و چۆنێتی گۆڕێنی ئەم دۆخەمان ئەکرد.. یەکێ لەگەنجەکان پێی وابوو کەچی تر خۆیان نەکەنە قۆچی قوربانی بۆ خەڵکی (هین فرسەت)، منیش ووتم چۆن؟؟ ئەو گەنجە ناحەقی نەبوو لەبەرئەوەی ئەزموونی ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١ بەرجەستەی ڕاستەقینەی ووتەو شرۆڤەی لێدوان و ووتەکانی ئەکردن. کاتێ ڕاپەڕین دەستی پێکرد و لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا سەراپای کوردستان بە هەر چوار شارەکە لەدوژمن و بەعس پاککرانەوە جگە لەشاری سلێمانی و گەرمیان ، کام لەشارەکانی هەولێر و بادینان بەقەد سلێمانی و گەرمیان شەهیدو برینداریان دا؟ ژمارەی ئەو بەعسیانەی لە هەولێرو بادینان کوژران چەندبوون؟ ئەی ژمارەی ئەو کوردانەی لەو دوو شارە شەهید بوون چەندبوون لەبەرانبەر سلێمانی و گەرمیاندا؟؟ ئەمە و چەند داتایەکی تر کە ئەو گەنجە باسی لێوە کرد و لەڕاستیشدا لەوەدا هەڵە نەبوو.
کاتێك شەهید سەردەشت پارتی تیرۆری کرد، جگە لەسلێمانی و گەرمیان نەمان بینی خەڵکی بادینان نقەیان لێوە بێ. مەگەر ئەوە فرسەتیك نەبوو بۆ ئەوەی ئەوانیش وەك سلێمانی و گەرمیان بێنە دەنگ و خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی پارتی دەرببڕن و خۆیان لەو کۆتە و بەندانە ڕزگار بکەن کە پارتی کردویەتە ملیان، ئەی بۆ نەیان کرد؟؟ . لە ڕووداوەکانی ١٧ شوباتی ٢٠١١ کە پارتی خوێنی گەنجی سلێمانی و گەرمیانی خستە کاسەوە، ئەوە کوڕان و کیژانی بادینان بۆ نەهاتنە دەنگ و هیچ نەبێ بۆ هاو تەمەن و هاونیشتمانیانی خۆیان نەختێ ناڕەزایی و ڕەخنەیان دژ بەبنەماڵەی بارزانی دەرببڕیایە.ئەی بۆ نەیان کرد و ئەو هەلەیان لەدەست خۆیان دا؟.
ئاشکرایە لەم ڕۆژاگارەی ئیستادا لەبەرئەوەی دەسەڵاتی دز و گەندەڵ و مافیای کوردستان ئەوەندە بەکارایی و زانایی دەسەڵاتی خۆیان پاراستوە لەڕێگای هەزارەها نووسەری نۆکەر و قەڵەم بەدەستی کۆیلەو بەهەزارەها پاسەوان و بەهەزارەها ئەڵقە لەگوێ،،مەحاڵە ئەم دەسەڵاتە چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێ کە بکەوێتە هەڵەیەکی وا گەورەوە کە هەموو خەڵکی بڕژێنە سەر جادەو شەقامەکان و کونە مشکیان لێبکەن بەقەیسەری، وەیان چاوەڕوانی دەوڵەتێکی وەك ئەمریکا بکەین بۆ ئەوەی هێزو سەرباز بەکاربێنێ دژ بەم دەسەڵاتەو وەك سەدام و قەزافی بۆمانی لەناو بەرن.. ئەم جۆرە فرسەت و هەلانە تەنها بۆ گەلانی نووستوو، بێ ئومێد، بێ داهاتوو و بێ پلان باشە.
مرۆڤ و گەلی زیندوو لەم سەردەمەدا نەك هەر ناوەستی بە قواستنەوەی هەلەکان، بەڵکە خۆی و کۆمەڵگاکەی بەشێوەیەکی ڕاستەخۆو کاریگەر بەشدارن لە دروست کردنی هەلەکان،، پێوستە چی تر کات بەفیڕۆ نەدرێ تەنها لە قۆستنەوەی هەلەکان،بەڵکە پێوستە هەلەکان دروست بکرێن.
گەر سەیری هەردوو یاریزانانی مەدرید و بەرشە بکەین ،ئەوا جوان ئەو ڕاستیەمان بۆ دەرئەکەوێ کە هەریەك لە(مێسی و ڕۆناڵدۆ) جگە لەوەی هەلەکان بەباشی ئەپێکن، لەهەمان کاتیشدا لەهیچی نەبوو هەندێ جار هەڵ دروست ئەکەن بۆ خۆیان و یاریزانەکانی ترو گۆڵ ئەکەن،، ئەمە نمونەی سەرکەوتنی مرۆڤی زیرەك و لەخۆبردەو دڵسۆزە.. نابێ تەنها دەم داچەقێنین بۆ ئەوەی هەنجیرەکە بکەوێتە دەممانەوە، بەڵکە پێوستە ئامێرو ئامڕازی لێ کردنەوەی هەنجیرەکان دروست بکەین و بەدارەکاندا هەڵزنێین.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست