ئۆخەى كە خەڵكى شیراز نەبووى
Wednesday, 07/04/2010, 12:00
ئەرێ وتمان وەرزى بەهار وەرزێكى خەواڵوە بەس بەو دەرەجەیەش نا، كە بە تەواوى خۆت بێ دەنگ كردووە! خۆ هەر تۆ ماستاو خۆر نیت برا! هەموو كەس لە ماڵى خۆیدا پیاوە و ماستاوى باشى بەسەردا دەكات، ئەرێ بە راست چییە بۆ ئەوەنە بێ دەنگى بێتامت كرد، یان مەبەستت ئەوەیە جارێكى تر نەیەینە لات، كورە وەڵایى بۆخۆم بێ تاقەتم مەبەستم هیچ نییە، بەڵام هەر كەسە و دەردى دڵى خۆى، خۆى دەزانێ، ئێ چی بووە؟ با ئێمەش هاوبەشى خەمت بین، جا لەوە زیاتر چیكە روو بدات! ئێوە قەیناكا ماستاو ئەخۆن، بەڵام من چەند ساڵە هەر خۆشم بە خەستى ئەیگرمەوە و كەچى بە ناخێرى گیانم خۆزگە بمخواردایە و نەمگرتایەتەوە! ئاخر كوڕى باش هەمووى خەتاى خۆتى تیایە، خۆ هەر تۆ ماستاوگرەوە نەبووى، ئەم وڵاتە لە ماستاوگرەوە، بەڵام ئەوەى پشتى تۆى شكاندووە بە دەم ماستاو گرتنەوەوە درۆت زۆر كرد، رەحمەت لە گۆڕى (رەسوڵ گەردى) كە دەیوت: "درۆزنى.. درۆزنى بڕوات پێ ناكەم...."، تۆ ئەتویست دەورى مەلاى مەشهور ببینیت زۆرجار بە دواى درۆكانى خۆتا دەڕۆشتى و ئەتوت نەوەكو راست دەرچێ! دەردى هەولێرى دەڵێ: "لە درۆ كردندا هێندە مەعلان بووى" تا نازناوى درۆ زانیان پێ بەخشیت و كار گەیشتە ئەو رادەیەى دۆستەكانت بە درۆكانى تۆیان ئەزانیەوە و پێیان راگەیاندبووى، كە چیتر درۆ نەكەى، بەڵام تۆ هێندە سورتك بووى تەركت نەكرد، بۆیە بە ناچارى جارێكیان پێیان وتى: "هەر ئەیكەى ئەیكەى بەس بە زمانى ئێمەوە مەیكە"! ئیدى ئەوەى دەمانبیست لە تۆ ئەمانزانى درۆیە، بەڵام ئەوانەى لە توخمى خۆت بوون، هەمیشە ئەیانویست بووبینن و گوێت بۆ رادێرن، یان بابەتەكانت بخوێننەوە، بەڵام ئەوانەى پێچەوانەى تۆ بیریان ئەكردەوە، ئەیانزانى كە تۆ موعتادى بە درۆ! بۆیە هەرگیز حەزیان نەئەكرد كە گوێیان لە دەنگت بێ، یا رەنگت ببینن! هەربۆیە تا لوتت لە بەردى خۆ تاقیكردنەوەكان نەدا نەتزانى رۆژانە چەندت درۆ كردووە! تۆ ئەوەنە لە خۆت رازى بووى تەنانەت حیسابت بۆ پەندە كوردیەكەش نەكردبوو، كە ئەڵێ: "پەتى درۆ زۆر كورتە"! هەرچەنە پەتى درۆى تۆ زۆری خایاند، بەڵام لە ئاست دەركەوتنى كارەكانتا نەك كورت بوو، تەنانەت سێبەرى خۆشتى تەواو نەكرد! قیر و سیا ئێمەى فەقیر لەو چەند ساڵەى كە جار جارە بە هۆى میوانێكەوە لە شاشەى تەلەفزیۆن گوێ بیستى چەند درۆیەك ئەبووین، بەڵام شوكرانەى خێر ئەكەم كە خەڵكى شیراز نەبووى! چونكە ئەگەر وابوایە ئەبوو هەرچى شیعرى حافزى شیرازى هەیە بە دیوانەكەیەوە تووڕم بدایە و بمدڕانایە و لە ناو كتێبخانەكەمدا نەمهێشتایە! چونكە ئەوكات وام ئەزانى هەرچى شیعرى حافز هەیە درۆیە، بەڵام كاتێ زانیم خەڵكى شیراز نیت بە سوجدەوە چووم دیوانە شیعریەكەى حافزم ماچ كرد، درۆ و هەڵسوكەوتە درۆكانى تۆشم لە دێڕە شیعرێكى ئەودا بەدى كرد، بۆیە بە هەناسەیەكى نەرمەوە وتم ئۆخەى خوایە كە ئەو خەڵكى شیراز نییە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست