ئۆغلۆ: وەكو یەكێك لە خێزانە عێراقییەكان پێشوازیمان لە بارزانی كردووە
Thursday, 03/06/2010, 12:00
ئەحمەد داود ئۆغلۆ، وزیری درەوەی توركیا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە گەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئەنكەرە سازیكرد، رایگەیاند كە وەكو یەكێك لە خێزانە عێراقییە ناودارەكان پێشوازییان لە بارزانی كردووە.
لەكاتێكدا سەرۆكایەتی هەرێم پێشتر رایگەیاندبوو كە بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێم ئەو سەردانە ئەنجامدەدات. بەڵام ئۆغلۆ لەبەردەم رۆژنامەنوساندا بارزانی وەكو كەسایەتییەكی سیاسی و حكومی نەناساند؛ بەڵكو وەكو خێزانێكی عێراقی ناویبرد.
گۆڤاری لڤین لە ژمارە 126ی خۆیدا راپۆرتێكی بڵاوكردەوەو تێیدا ئاماژەی بەوەكردبوو كە سەردانی بارزانی بۆ توركیا سەردانێكی پلە سێیە.
مانگی رابردوو وەزارەتی دەرەوی توركیا بە رەسمی لە رێی فەرەیدون سینیرئوغلۆ راوێژكاریی وەزارەتەوە بانگهێشتنامەكەی گەیاندە دەستی بارزانی.
یانگهێشتنامەكەی بارزانی بۆ توركیا لە رووی دیبلۆماسییەوە، واتا نە سەرۆك كۆمار نە سەرۆكوەزیران هیچیان بارزانیان دەعوەتنەكردووە بۆ توركیا، بەڵكو راوێژكارێكی وەزراەتی دەرەوە ئەو دەعوەتانامەیەی ئاڕاستە كردووە.
پاش ئەوەی لە ژمارە 126ی گۆڤاری لڤیندان ئەو راستییە بڵاوكرایەوە، دەزگاكانی راگەیاندنی سەر بە پارتی هێرشیان كردە سەر لڤین و بە تێكدانی ئاسایشی هەرێم تۆمەتباریان كرد.
جگە لەوەی ئەحمەد داود ئۆغلۆ رایگەیاند كە وەكو یەكێك لە خێزانە عێراقییەكان پێشوازیان لە بارزانی كردووە، رۆژنامەنووسیێكیش بارزانی ئیحراجكرد كە بۆچی ئاڵای عێراقی لە پشتەوە دانەنراوە، پاش ئەم وتەیە، باڕزانی ئاوڕی دایەوەو بینی كە بە تەنها ئاڵای توركیا لە پشتییەوە دانراوە، نە ئاڵای عێراق و نە ئاڵای كوردستان لەو هۆڵەدا نەبینران.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست