کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


گه‌مه‌ سیاسییه‌کان به‌رده‌وامن

Saturday, 26/07/2014, 12:00


پێش ساڵێک پتر پێشبینیم ده‌کرد و ده‌مزانی که‌ پاش جه‌لال تالەبانی، فوئاد مه‌عسووم دێت! له‌ ڕاستیدا به‌غدا له‌ هه‌ر کارێک ده‌به‌نگبێت و نه‌زانبێت، ئه‌وسا له‌مه‌ڕ کورد وه‌ها نییه‌. به‌ڵام بۆچی ته‌نها نێوبراو له‌ جێی په‌ککه‌وتووه‌که‌؟ بێگومان چونکی که‌س به‌ ئه‌ندازه‌ی مه‌عسووم عیراقی و عیراقخواز نییه‌، یه‌کێتیی خاکی عیراقی لا پیرۆز و بڤه‌ نییه‌، دژی جیابوونه‌وی کورد و ده‌وڵه‌تی کوردی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، مه‌گه‌ر ته‌نها سه‌رۆکه‌که‌ی نه‌بێ واتا خودی جه‌لال. نێوبراو سێبه‌ری سه‌رۆکه‌که‌یه‌تی و هه‌ردووکیان هه‌میشه‌ له‌ زه‌لکاوی مامه‌حه‌مه‌یی و هه‌لپه‌رستی و خۆپه‌رستی و پله‌وپایه‌په‌رستی و پاره‌په‌رستی و خۆبه‌چکۆڵه‌زانین مه‌له‌یان کردووه‌. له‌ 2003 مه‌عسووم باسی ئه‌وه‌ی کرد که‌ چۆن ئه‌وان - واتا سیاسه‌توانانی کورد - به‌رده‌وامن له‌ به‌غدا له‌ داواکردنی مافه‌کانی کورد! واتا کاتێ که‌ عیراق نه‌مابوو و به‌غدا داگیرکرابوو، که‌چی ئه‌وسا ده‌چوو بۆ ئه‌وێ بۆ داواکردن یاخود سواڵکردن! ئاخر ئێمه‌ نه‌مان گوت ماف وه‌رده‌گرترێت نه‌وه‌ک ده‌ترێت! له‌ بۆنه‌وه‌یه‌کی تریش لێیان پرسی بۆچی ئه‌و هه‌ر له‌گه‌ڵ عیراق و عیراقبوونی کوردستان دایه‌ - خودی پرسیاره‌که‌ ده‌قه‌که‌ی وه‌ها نه‌بوو به‌ڵام مه‌به‌سته‌که‌ ئه‌مه‌ بوو- له‌ وه‌ڵامدا گوتی: "ئاخر من له‌ گه‌وره‌وه‌ ده‌ستی پێده‌که‌م". واتا کوردستان بچووکه‌ و عیراق گه‌وره‌یه‌! ته‌ماشای فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی و بیردۆزه‌ی سیاسی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ بکه‌؛ ئاخر خۆی فه‌لسه‌فه‌ی خوێندووه‌ له‌ ئه‌زهه‌ر بۆیه‌!
له‌ هه‌مووشی سه‌یتر ئه‌وه‌یه‌ فه‌رمووی که‌ گوایا ئه‌و له‌سه‌ر ڕێىازی جه‌لال ده‌ڕوات و ڕێز له‌ ده‌ستوور ده‌گرێت. له‌ یه‌که‌میان ڕاست ده‌کات و له‌ دووه‌مشیان درۆ! هه‌رچه‌نده‌ جه‌لال هیچ ڕێبازێکی سیاسی ڕوون و ئاشکرا و چێوه‌دیاری نییه‌ به‌ڵکوو هه‌میشه‌ نێوبراو وه‌کوو جامبازێک له‌ بازاڕی کۆیلایه‌تیی سیاسه‌ت کاری کردووه‌ و هیچی تر. به‌ڵام مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاره‌که‌ی بریتی ده‌بێت له‌ خزمه‌تی عیراقی عرووبه‌ و ئیسلام (ئیسلام به‌ واته‌ سیاسییه‌که‌ی)، هه‌روها ده‌بێته‌ ناوبژیکه‌ر له‌ نێوان برا شیعه‌کان و سوننه‌کان! بێگومان ڕێزیش له‌ ده‌ستوور ده‌گرێت له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی یه‌کێتی خاکی عیراق و چاوپۆشی کردن له‌و بابه‌تانه‌ی که‌ په‌یوه‌ستن به‌ کورده‌وه‌، بۆ نموونه‌ بابه‌تی شڕمبڕمه‌که‌ی سه‌توچل.
ئه‌وی ڕوویدا له‌ به‌غدا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ر‌کۆماری نوێ له‌ شانۆگه‌رییه‌کی به‌دفه‌ساڵ به‌ولاوه‌ هیچی تر نه‌بوو. ئه‌وه‌ش گرنگه‌ بیبێژین که‌ برا عیراقییه‌کان زۆر پروپاگه‌نده‌یان بڵاوکرده‌وه‌ که‌ گوایا ده‌بێت سه‌رکۆمار عه‌رب بێت و چه‌ند عه‌ره‌بێکیش خۆیان ده‌نگنووسکرد بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ وه‌ربگرن. بێگومان ئه‌مه‌ هه‌مووی گه‌مه‌ی سیاسی و گاڵته‌جاری بوو بۆ ئه‌وه‌ی بابه‌تکه‌ به‌ سه‌نگین له‌قه‌ڵه‌م بدرێت و سه‌رکۆماری به‌رزڕاگرن. له‌ ڕاستیشدا سه‌رکۆماری پۆستێکی بێبه‌هایه‌ و هیچ قیمه‌تێکی نییه‌ له‌ ڕووی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ چونکی ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست سه‌روه‌زیروه‌یه‌. به‌ڵام کورد هه‌ر حه‌زی له‌ ناوه‌ نه‌ک ناوه‌ڕۆک، خولیای ڕواڵه‌ته‌ نه‌ه‌ک گه‌وهه‌ر، شه‌یدای پله‌وپایه‌یه‌ نه‌ک مافی نه‌ته‌وه‌یی، شێتی سامان نه‌ک خاکی نیشتمان...تاد.
برا عیراقییه‌کان یان برا عه‌ره‌به‌کان، مه‌به‌ستیان له‌ دانانی کوردێک - کوردێکی وه‌ک جه‌لال و مه‌عسووم - هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ زنجیره‌ی پلانگێڕییه‌که‌ به‌رده‌وام بێت و گۆڕانکارییه‌ک ڕوونه‌دات له‌ بابه‌تی مافی نه‌ته‌ویی کورد و دۆخه‌که‌ هه‌ر وه‌کوو خۆی بمێنیته‌وه‌ واتا Status quo که‌ له‌ 2003وه‌ ده‌ستی پێکردووه‌. له‌مه‌شدا به‌ڕاستی سه‌رکه‌وتووبوونه‌! ئه‌گینا ئه‌گه‌ر کوردگه‌لی به‌غدا هۆشمه‌ند و نیشتمانپه‌روه‌ر و نه‌ته‌وه‌خوازی پاک بوونایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ کاریان نه‌ده‌کرد و سیاسه‌تی خۆیان ده‌گۆڕی. به‌ڵام وه‌کووو قوڕی ناو ئاوی خاسه‌ی که‌رکووک گیریان خواردووه‌ و چه‌قیون! ئه‌گینا ئه‌گه‌ر کورد ده‌یه‌وێ ڕۆڵی هه‌بێت و له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه کورد کاربکات، بۆچی داوای سه‌رپه‌رله‌مان ناکه‌ن، خۆ سه‌رۆکی په‌رله‌مان ده‌توانێ ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ کورد وکوردستانه‌وه‌، له‌لایه‌ن که‌مه‌وه‌، بیان خاته‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و هه‌روه‌ها پرۆژه‌گه‌ل و قانوونگه‌ل پێشنیاز بکات له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌. به‌ڵام نه‌خێر کاری ئه‌وان له‌ به‌غدا ئه‌مه‌ نییه‌! بۆێه‌ سه‌رکۆمار و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌یان هه‌ڵبژارد! چونکی ئه‌م دوو پۆسته‌ کێشه و سه‌رئێشه‌‌ بۆ خاوه‌نکه‌ی و پارتی خاوه‌نه‌که‌ی دروست ناکات! ئه‌م دوو پۆسته‌ هه‌ر له‌ خزمه‌تی عیراق و هاوسێکانی عیراق ده‌بن!
ئه‌وشمان له‌بیرنه‌چیت که‌ مه‌عسووم به‌ده‌نگهێنان نه‌بووه‌ته‌ ئه‌ندامی په‌رله‌مان، به‌ڵکوو به‌ تکاکاری؛ ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر نێوبراو بکرێته‌ سه‌رکۆمار. ته‌نانه‌ت ئه‌و هه‌شت ساڵه‌ی که‌ سه‌رۆکی بلۆکی کوردگه‌لی به‌گدا بوو، هه‌ر هه‌مان شانۆگه‌ری بوو، چونکی بڕیار به‌ده‌ست ئه‌وه‌وه‌ بوو بۆ کاره‌کانی کوردی نێو په‌رله‌مان. بۆیه‌ هیچ کارێک نه‌کرا که‌ په‌یوه‌ستبێت به‌ کورد و کوردستانه‌وه‌، له‌ ڕاستیدا ئه‌و پردی نێوان جه‌لالو په‌رله‌مانتارانی کورد بوو و هیچی تر.
له‌لای به‌غدا و تاران به‌تایبه‌تی و له‌لای هه‌ر چوار دوژمنی داگیرکه‌ر به‌گشتی، زۆر گرنگه‌ کا دۆخه‌که‌ وه‌کوو خۆی بمێنێته‌وه‌ و هیچ گۆرانکارییه‌ک به‌رپا نه‌کرێت و کات له‌نگه‌ربکرێت و پاپۆڕه‌که‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ڕۆخی زه‌ریا بمێنێته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌م کاره‌ هه‌ر به‌دستی دوژمنانه‌وه‌ نییه‌، چونکی ڕووداوه‌کان قانوونگه‌لی خۆیان هه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌رووی توانای ده‌سه‌ڵاته‌کانه‌وه‌یه‌. ئه‌وه‌تا عیراق وه‌کوو ئه‌مری واقیع واتا دیفاکتۆ دابه‌شبووه‌، که‌ ئه‌مه‌ش خواستی ئه‌وانگه‌ل نه‌بوو به‌ڵام به‌م شێوه‌ سیاسه‌ته‌ی که‌ ده‌یکه‌ن گۆڕانکارییه‌کان ته‌نها دواده‌خرێن نه‌ک ڕاوه‌سترێن و نوقمی زه‌ریا بکرێن. تاک یان تاکگه‌ل ڕۆڵیان هه‌یه‌ له‌ مێژوو، به‌ڵام ئه‌وان بڕیار ناتوانن بده‌ن له‌مه‌ڕ ڕێباز و ئه‌نجامه‌کان به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر نێوبراوان دژی ڕاستی و مرۆڤایه‌تی و مرۆڤبوونی خۆیان بوه‌ستن.

هاشم بازرگان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە