کۆڵه‌که‌ی خێزانێکی ڕوخاو
Monday, 26/09/2011, 12:00
له دوای ڕاپه‌ڕین و له شه‌ڕه چه‌په‌ڵه‌که‌ی برا کوژیدا ، کوڕێکی مام پیرۆت به یه‌ک فیشه‌کی دۆشکه کوژرا . له پاداشتی خوێنی کوڕه‌که‌یدا مام پیرۆتی ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵان کرا به فه‌ڕاش .. مام پیرۆت پیاوێکی هێمن و مه‌نگی به شه‌ره‌ف بوو . له به‌یانی زووه وه تا نیوه‌ڕۆیه‌کی دره‌نگ له به‌رده‌می ژووره‌کانی فه‌رمانبه‌ره‌کاندا ئه‌وه‌ستا و چاوه‌ڕوانی ده‌نگی زه‌نگی سه‌ر ده‌رگای ژووره‌کانیان بوو . دوا به‌دوای ئه‌و ده‌نگانه ئه‌چووه ژووره‌وه و ملکه‌چی جێبه‌جێکردنی فه‌رمانی فه‌رمانبه‌ره‌کانبوو ، خۆ له به‌ختی ڕه‌شی مام پیرۆتدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌مان له خانوی کرێدا بوو و زوو زوو باریی ئه‌کرد ، هه‌موو جارێکیش زوربه‌ی هه‌ره زۆری دۆڵاب و کورسی و مێزهشکاوه شه‌ق و شڕه‌کانی به شان و بازووی شه‌که‌ت و ماندووی مام پیرۆت ئه‌گوێزرانه‌وه ... وه‌ی که دڵم به‌م پیاوه هه‌ژاره ئه‌سووتا و له فرسه‌تێک ئه‌گه‌ڕام شتێک ده‌رباره‌ی ژیانی بزانم ... به‌یانییه‌کی زوو به‌ره‌و کاره‌که‌م ئه‌چووم ، مام پیرۆتم بینی چاوه‌ڕوانی پاسی ئه‌کرد . هه‌ر زوو به زوو بۆی وه‌ستام ، کاتێک منی ناسێوه له گه‌ڵمدا سه‌رکه‌وت . پاشان به فرسه‌تم زانی و چه‌ند پرسیارێکم ده‌باره‌ی خۆی و ژیانی لێکرد ، ئه‌ویش به له بزێکی ئێجگار شیرین و خۆشه‌وه ووتی : (کوڕی خۆم ده‌رده دڵ زۆره ، جا نازانم باسی کامیانت بۆ بکه‌م ، من خه‌ڵکی گوندێکی ناوچه‌ی شارباژێڕم ، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی حکومه‌ته کافره‌که‌ی به‌عس گونده‌که‌مانی کاولکرد ، خۆم و هاوسه‌ره‌که‌م و چوار کوڕ و دوو کچم سه‌رقاڵی جوتیاریی بووین و له سایه‌ی به‌رهه‌می زۆری گه‌نم و جۆ و تووتن و میوه و شیر و ماست و په‌نیر و مه‌ڕ و بزن و گاوگۆتاڵدا ژیانێکی شاهانه ئه‌ژیاین . دوای کاولکردنی گونده‌که‌مان به ده‌ست به تاڵی له‌ناو جه‌رگه‌ی شاردا ئاواره بووین و که‌وتینه کرێکاری و نانکردنی ماڵان و تا ڕاپه‌ڕین ژیانێکی ئه‌وپه‌ڕی کولهمهرگیمان به‌سه‌ربرد و به‌رده‌وام خه‌ونمان به‌و ڕۆژه خۆشه‌وه ئه‌بینی بگه‌ڕێینه‌وه بۆ باوه‌شه گه‌رموگوڕه‌که‌ی گونده‌که‌ی خۆمان و پڕ به سنگ و سینه‌مان هه‌وا پاکه‌که‌ی هه‌ڵمژین ، که هه‌تا به پێوه بوو زه‌وییه به پیت و به‌ره‌که‌ته‌ی نه‌یهێشت ڕۆژێک له ڕۆژان ڕووت و برسیی و چاوبه‌ره‌وژێری خه‌ڵکی بین . دوای ڕاپه‌ڕین و نه‌مانی به‌عس ، نه خۆمان ئه‌و توانایه‌مان هه‌بوو بچینه‌وه گونده‌که‌مان و نه حکومه‌تیش به‌رنامه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی هه‌بوو ، هاوکات له‌به‌ر قاتوقڕیی کرێکاریش له شاردا ڕه‌واج و بره‌وی نه‌ما و نه‌بوونی و ده‌ستکورتی زۆریان بۆ هێناین ، بۆیه کوڕه گه‌وره‌که‌م بوو به پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نێک و له شه‌ڕیی برا کوژیدا به یه‌ک فیشه‌کی دۆشکه کوژرا) . به‌م قسه‌یه کسپه‌ی ئازارێک له ناخم هه‌ستا و مام پیرۆتیش تۆزێک بۆی وه‌ستا ، جا بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت خێرا پرسیارێکی که‌م ئهڕاستهکرد : (ئه‌ی ئێستا مووچه‌که‌ت ژیانتان به‌ڕێوه ئه‌بات ؟) . مام پیرۆت له وه‌ڵامدا ووتی : (مووچه ، ئای ئه‌م مووچه نه‌گریسه چ دارێکی داوه به ڕۆحمدا ، ئاخر هه‌ر مووچه‌یه بۆته به‌ربه‌ستێکی گه‌وره له ڕیگای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی گوندنشینه‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی گونده‌کاندا ، خۆ هه‌ر من مووچه خۆرنیم ، به‌ڵکو دوو کوڕم پۆلیسن و ئه‌وه‌ی تریشیان پێشمه‌رگه‌یه و کچه‌کانیشم یه‌کێکیان شوویکردووه و ئه‌وه‌ی تریشیان له رێکخراوێکدا فه‌ڕاشه و وه‌زعی داراییمان باشه ، به‌ڵام کوڕی خۆم باری ده‌روونی خۆم خراپه و هه‌میشه وا هه‌ستده‌که‌م کۆڵه‌که‌ی خێزانێکی ڕوخاوم . ئاخر من زه‌وییه‌که‌م یه‌ک پارچه ئاڵتوون و گه‌وهه‌ر بێت ، ئیتر که‌ی فهڕاشیی و پۆلیسیی ئیشی من و مناڵه‌کانمه) ... ئنجا ووتم : (ئه‌ی که‌وایه بۆ بیر له گه‌ڕاندنه‌وه ناکه‌یته‌وه ؟) .. ئه‌مجاره‌ش مام پیرۆت به قوڕگێکی پڕ له ئازاره‌وه ووتی : (بیر له چیی بکه‌مه‌وه ، له گوندێکی تاریک و ڕوخاوی بێ قوتابخانه و خه‌سته‌خانه و ڕێگا و بان . یان له به‌رهه‌می خۆماڵی خۆمان ، که له به‌ر لێشاوی به‌رهه‌می ئێرانی و تورکی چیی بکه‌یت ناتوانێت به‌شه خۆراکی یه‌ک ڕۆژی خێزانێکی دوو که‌سیی پێ دابین بکه‌یت ، جگه له مانه‌ش مناڵه‌کانم فێریی مووچه‌ی بێ ئاره‌ق ڕشتن بوون و مه‌حاڵه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گوند . ئای ئه‌م حکومه‌ته کوردییه‌ی خۆمان چ گورزێکی گه‌وره‌ی له جوتیار وه‌شاند . حکومه‌تی کوردیی ئه‌گه‌ر تۆزێک هۆشیی هه‌بوایه ، ئه‌بوو له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه یه‌که‌م هه‌نگاوی ده‌ستی ئێمه‌مانانی بگرتایه و گونده‌کانی ئاوه‌دان بکردایه‌ته‌وه و ئاسانکاری ته‌واوی بکردایه و ڕێگای نه‌دایه جوتیار برسیی بێت و ببێته مووچه‌خۆری حکومه‌ت ، بۆی نه‌بوایه زه‌وی و خانوو له شاره‌کاندا تاپۆ بکات ، نه‌یهێشتایه منداڵه‌کانی له قوتابخانه‌کانی شاردا وه‌ربگیرین و ڕێگایان له هێنانی به‌رهه‌می بێگانه‌ش بگرتایه ، ئه‌وکاته هه‌موو شتێک ورده ورده ئه‌گه‌ڕایه‌وه دۆخی جارانی خۆی و حکومه‌تیش به ده‌ست ئه‌و هه‌موو مووچه خۆره بێ ئیشه‌ی ئه‌مڕۆوه گیریی نه ئه‌خوارد . ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌کانمان تۆزێک هۆشیان هه‌بوایه ، ئه‌بوو په‌ڕۆیه‌ک له سه‌رکرده‌کانی جووله‌که دادڕن و وه‌ک ئه‌وانیان بکردایه و ئێستا حاڵمان حاڵێکی تر ئه‌بوو ، تۆ ته‌ماشاکه ، سه‌رکرده دڵسۆزه‌کانی جوله‌که ده‌وڵه‌ت و حکومه‌تێکیان بۆخۆیان دروستکرد و یه‌که‌م هه‌نگاویان جووله‌که‌ی دنیایان کۆکرده‌وه و بۆ لای خۆیانیان بردنه‌وه ، جووله‌که‌کانی لای خۆشمان که زوربه‌ی هه‌ره‌زۆریان بازرگانی گه‌وره و زه‌ڕنگه‌ر بوون ، وازیان له سه‌روه‌ت و سامانی خۆیان هێناو و گه‌ڕانه‌وه ، به‌ڵێ به‌وپه‌ڕیی خۆشییه‌وه گه‌ڕانه‌وه ، ئه‌زانی کوڕی خۆم بۆ گه‌ڕانه‌وه ، چونکه سه‌رکرده‌کانیان خه‌می گه‌له‌که‌یان له کۆڵ نابوو و به دڵ کاریان بۆ خۆشی و به‌خته‌وه‌ری ئه‌وان ئه‌کرد ، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ وڵاته‌که‌یان شان له شانی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریکا ئه‌دات و به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو عه‌ره‌بانه وه‌ستاون ، که‌چی کوردێکی ئاواره‌ی ئه‌وروپا ، که له چێشتخانه‌یه‌کدا قاپ ئه‌شوات ، یان خزمه‌تی نه‌خۆش و په‌ککه‌وته‌یه‌ک ئه‌کات ، ئاماده نییه بگه‌ڕێته‌وه ، ئه‌زانی بۆ ، چونکه هه‌تا ئیستا سه‌رکرده‌کانمان نه‌یانتوانیوه نان و کار و ئارامی و ئازادی بۆ خه‌ڵکی ده‌سته‌به‌ر بکه‌ن ، ئه‌وه‌نده‌ی خولیای پۆست و پاره و پاروو بوون ، نیو ئه‌وه‌نده خولیای هێنانه‌دی ئاوات و خه‌ونی مێژینه‌ی کورد نه‌بوون ، ئه‌وه‌تا وه‌ک مڵه له‌سه‌ر سامانی زۆر و زه‌وه‌ندی میلله‌ت ئه‌ژین و به ئه‌ندازه‌ی تاقه موویه‌ک خۆیان نه‌به‌ستۆته‌وه به نیشتمانه‌وه و ئاوێکی خراپی وایان ڕژاندووه خه‌ڵکی به‌جارێک له گیان و ژیانی خۆیان بێزارن ، بۆیه هه‌تا ئێستاش هه‌زاران که‌س به منداڵه‌کانی منیشه‌وه خوا خوایانه ئه‌م دۆزه‌خه بهجێبهێڵن و ڕێگای هات و نه‌هات بگرنه به‌ر ، چونکه ئازادی و ژیانی خۆش و به‌خته‌وه‌ری له هه‌نده‌راندا ئه‌بینن . سیاسه‌تی چه‌وتی سه‌رکرده‌کانمان قوڕیی کردووه به‌سه‌ری خه‌ڵکی شار و هه‌زاران هه‌زارکه‌سی وه‌ک منیش‌دا و نه‌وه‌یه‌کی خراپی وا په‌روه‌رده ئه‌که‌ن ، که گره‌وی له‌سه‌ر ناکرێت و دواڕۆژێکی تاریک چاوه‌ڕوانیان ئه‌کات .. جا کوڕی خۆم به‌لاشته‌وه سه‌یر نه‌بێت پێش ڕاپه‌ڕین زوربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌م سه‌رکردانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر سفره‌ی ئێمه‌مانان نانیان ئه‌خوارد ، ئه‌و کاتانه وه‌ک ئێستا قه‌ڵه‌و و درۆزن نه‌بوون ، قسه‌ی جوان جوانیان بۆ ئه‌کردین و مژده‌ی دواڕۆژێکی خۆشیان ئه‌خسته به‌رچاومان و به‌رده‌وام ئه‌یانووت : ئێوه ڕاوه‌ستن با ڕزگارمان بێت جا بزانن چۆن ئه‌م گوندانهتان بۆ ئه‌که‌ین به به‌شێک له به‌هه‌شت و هه‌قی ئه‌و هه‌موو کاره‌سات و ماندووبوونانهتان بۆ ئه‌که‌ینه‌وه ، که به داخه‌وه ئه‌و مژدانهیان ته‌نها درۆیه‌کی گه‌وره و خۆڵکردنه چاو بوو ، ته‌نانه‌ت سه‌لکه توورێکی قوڕاویشیان لیێ سه‌وز نه‌بوو) .. لێره‌دا گه‌یشتینه به‌رده‌م ده‌رگای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌که‌مان و مام پیرۆت به هێواشی دابه‌زی . منیش واقم وڕمابوو خۆشم نهم ئه‌زانی چۆن چۆنی له ناخی مام پیرۆتدا ئه‌و هه‌موو شتانه په‌نگی خواردۆته‌وه و ئه‌و هه‌موو قسه به نرخانه‌ی له کوێوه سه‌رچاوه‌ی ئه‌گرت .. وته جوانه‌کانی مام پیرۆت بوون به خه‌مێکی ئێجگار تاڵ و سه‌راپا ناخی گرتم و به دڵ خۆزگه‌م ئه‌خوارد مام پیرۆتی نه‌خوێنده‌واری فه‌ڕاش ڕاوێژکاریی سه‌رۆکی هه‌رێم ، یان سه‌رۆکی حکومه‌ت بووایه ، دڵنیام حاڵمان له ئێستا زۆر باشتر ئه‌بوو .. له‌و ڕۆژه‌وه به ڕێزێکی زۆره‌وه ته‌ماشای ئه‌و مام پیرۆته جوتیاره مووچه خۆره ئه‌که‌م ، که له ماڵه‌که‌یاندا خۆی و سێ کوڕ و کچه‌که‌ی مووچه خۆرن و به مووچه‌کانیان نان و ئارد و گۆشت و میوه و ماست و په‌نیر و مریشک و قه‌لی تورکی و ئێرانی پیێ ئه‌کڕن و هێشتا چاویشیان له هه‌نده‌رانه .. ئه‌و کاتانه‌شی به سیله‌ی چاو ته‌ماشایه‌کی چاوه کزه‌کانی مام پیرۆت ئه‌که‌م ، وا ئه‌زانم کۆڵه‌که‌ی خێزانێکی ڕوخاو ئه‌بینم . کۆڵه‌که‌یه‌ک ، که دوای ئه‌نفال به‌عسی فاشست گونده‌که‌ی کاولکرد و دوای ڕاپه‌ڕینیش حکومه‌ته بێ به‌رنامه‌که‌ی خۆمان خێزانه‌که‌ی ڕوخان .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست