کۆنگرەی گۆڕان نوێگەری بوو، یان خۆدوورگرتن لە باڵباڵێن و دەستەگەریی؟
Saturday, 28/12/2013, 12:00
1778 بینراوە
هەرچەندە گۆڕان وەك هێزێکی نیمچە مۆدێرنی کۆمەڵگەیەکی نیمچە داخراوو نەریتی وەکو کۆمەڵگەی کوردی جێگەی ئومێدو بژاردەی یەکەمی ڕوناکبیران و نیشتیمانپەروەرانی کوردستانە، بەڵام ئەمەش ناکاتە ئەوەی چاومان بنوقێنین لە ئاست هەڵەکانیدا و نەیخەینەڕو و ئەو بزوتنەوەیەی لێ ئاگادار نەکەینەوە، چونکە ئەوەی دڵسۆزی وخۆشەویستی نییە ئەگەر کەموکورتیت بینی هەوڵی ڕاستکردنەوەی نەدەیت،پێشینان وتویان<< دۆستم دەمخاتە گریان ، دوژمنم دەمخاتە پێکەنین>>.
ئەو کەسانەی کە ئومێدیان ئەم بزوتنەوەیە بو بۆ ڕزگار بون لە بێدادی و ستەم و گەندەڵی و ڕۆتینی تاقەتپڕوکێن مافی خۆیانە ، لە پێناو گەشەکردن و پێشخستنی ئەم بزوتنەوەیەدا لەکاتی بەدیکردنی هەرچی جوڵەو هەنگاوێکدا کە پێچەوانەی گۆڕانکاری و داهێنان و دیمۆکراسی بون بێت ، بێنەدەنگ و ناااا بڵێن و ڕاکانیان بخەنە ڕو.
بە تایبەتی ئەمە بۆ بابەتێکی گرنگ و بە بایەخی وەکو کۆنگرە زۆر گرنگترە ، کۆنگرە لە هەمو پارت و قەوارەیەکی ڕامیاریدا دەبێت تیایدا شەنوکەوی هەمو پێشهاتەکان و پڕۆگرامەکان و پەیڕەوو پرۆگرامی تیا بکرێت ، سەرەڕای دوبارە هەڵبژاردنەوەو نوێبونەوەی سەرکردایەتی یان ئەوەی گۆڕان پێی دەڵێت جڤاتی نیشتیمانی و مەکتەبەکان کە لە گۆڕاندا پێیدەوترێت ژورەکان ، کە لەوێنەدا ڕەسمی بڕیارو سیاسەتی گۆڕان دەکێشرێت ، کۆنگرەیەك کە تیایدا هیچ هەڵبژاردنێك بەڕێوە نەچێت و نەتوانێت هیچ گۆڕانکارییەك لە هیچ ئۆرگان و خانەیەکی بزوتنەوەکەدا دروست بکات و هیچ وزەیەکی نوێ و خوێنێکی نوێ نەکاتەوە بە بەری بزوتنەوەکەدا و ئەندامەکانی جڤاتی نیشتیمانی هەرهەمان ئەندامانی پێشو بێت و ڕێکخەری ژورەکان هەر هەمان سەروچاوی پێش کۆنگرەبن ،ئیتر سەرکەوتن و داهێنانی ئەم کۆنگرەیە دەبێت لە چیدا بێت ، لەوەش خراپتر ئە و ستافانەی کۆنفرەنسەکانی کۆنگرەیان بەڕێوە دەبردو ڕیپۆرتەکانیان ئامادە دەکرد بەشێوەیەکی ناوەندی و بێ هیچ دەنگدان و هەڵبژاردنێك دانران ! ئایا ئەمە پێچەوانەی ئەو بانگەشەو سلۆگانانەی پێشوتری خۆمان نییە کە جاڕی نەهێشتنیمان دەدا؟
ئایا بونی ئەندام کۆنگرەی بە تەسکێ دانراوو بێدەنگی هەڵبژاردنی زۆرێك لە ئەندامانی کۆنگرە لە ئاست ئەو دیاردەیەدا ئەوەمان پێناڵێت هێشتاش لە نێو گۆڕاندا ناوەندێتی و هەژمونگەرایی و بەڕێوەبردنی سیاسەت بەهەمان شێوازی نەریتەوانی پارتە نەریتگەراکان بەڕێوە دەبرێت .
لە کۆنگرەی ئەمجارەدا تەنها ڕێنمایی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان و شێوازی سیاسەت کردن بۆ ساڵانی ئایندە داڕێژراوە ، لە ڕێگەی کۆنفرەنسەکانی کۆنگرەوە! باشە دەکرێت و دەشێت لیژنەیەکی کۆنگرەکە ئەندامەکانی لە(٦٠٠) کەس پتر بێت ئەگەر ڕاگۆڕینەوەو مشومڕی جدی لەسەر پێشنیارو ڕاسپاردەو تێبینییەکانی هەمو ئەندامەکانی ئەو لیژنەیە بەبێ جیاوازی کرابێت لە ماوەی دو شەودا بگاتە داڕشتەی کۆتایی ، ئەگەر پێشتر ئەو بابەتانە ئامادە نەکرابێت و یان لەو(٦٠٠)کەسە تەنها چەند کەسێکیان بڕیار دەرو داڕێژەرەو ئەوانی تر ئامادەبوی بێ کارو پێشنیارن .
ئەگەر وابێت ئەم کۆنگرەیە هیچ سەرکەوتو نییەو تەنها هەوڵێکی بزوتنەوەکە بوە بۆ دەمبەستکردنی نەیارەکانی و میکانیزمێك بوە بۆ دورخستنەوەی قەیران و باڵباڵێن لە بزوتنەوەکە ، بەتایبەتی وەکو هەمومان دەزانین بڕێکی زۆر لە سەرکردەکانی جارانی یەکێتی ئێستا خزاونەتە ناو جڤاتی گشتی و ژورەکانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ، یاخود هەندێك لەوانەی لەوێ کار دەکەن نزیکن لەوانەوە.
بۆیە بە بڕوای زۆرێك لە ڕەخنەگران و خەڵکانی چاودێری ڕامیاری ، گۆڕان ئەم کۆنگرە پێش وەختەی لەبەر چەند بابەتێك بەڕێوە برد، لەوانە بەستنی کۆنگرە پێش(ینك)، هەروەها کردنی ڕاسپاردەکانی کۆنگرە بە بەرنامەو پڕۆگرامی ئایندەی بزوتنەوەکە بەتایبەت بۆ قۆناغێك کە تیایدا گۆڕان دەچێتە دەسڵاتەوەو یەکەم ئەزمونی گۆڕانە لە کایەی حوکمدا ، بۆ ئەوەی لە هەر هەڵەو کاڵ و کرچییەکی ئایندە ئەگەر گۆڕان بێتە ڕێگای بەرپرسیارێتێکە بکەوێتە ئەستۆی زۆرینەی زۆری هەڵسوڕاوەکانەوەو نەخرێتە ئەستۆی چەند کەسانێکەوە.
لێرەیا ئەمەش وەکو پێشتر باسمان کرد داڕشتنی ئەو پڕۆگرام پێشنیارانە لەو ماوە کورتەداو لەناو ئەو هەمو ئەندام لیژنەیەدا شتێکی ڕوخسارسازی و تەشریفاتی بوە، ئەگینا چۆن لە ماوەیەکی ئاوا کورتدا ئەو هەمو ئەندامە کۆك و یەکدەنگ دەبن لەسەر ئەو هەمو خاڵ و بڕگانە ، ئە گەر گریمان واش بێت ، چونکە ئەو ستافەی ئەو لیژنانەی بەڕێوە بردوە بە هەڵبژاردن نەبوە ، ئەو بڕیارانەی ئەو لیژنانە دەریان کردون دەکەونە ژێرنیشانەی پرسیارەوە.
بۆیە بە بڕوای من بزوتنەوەکەمان لەم کۆنگرەیەدا لەزمەیەکی دایە دەست نەیارەکانی ، بۆیە نابێت دەروێش ئاسا ئەوەی لە تەکیەدا بڕیاری لەسەر درا پەسەندی بکەین و نوزەمان لێنەیەت ، بەڵکو دەبێت بۆ ڕێگری لە کلۆر بونی ئەو درەختەی کە هەمومان کەم و زۆر لە پێناو گەشەکردن و بڵند بونیدا ڕەنجمان داوەو مەحروم کراوین و هەڕەشەمان لێکراوەو ڕوبەڕوی هەمو جۆرە فشارێکی دەرونی جەستەیی بوینەتەوە هەوڵەکانمان بخەینە کارو ئەوەی نیگەرنمان دەکات و خەرمانی ڕەنجمان دەخاتە بەر گێژەڵوکەی ڕەخنەی نەیارانەوە ڕەخنەبارانیێ بکەین .