کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نوێکراوه‌ته‌وه‌: پانۆڕامای کۆنگره‌ی 13شوومی بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی، که‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی میتی تورکی به‌ڕیوه‌چوو

Friday, 17/12/2010, 12:00


‌له‌ 11ی ئه‌م مانگه‌وه‌ تا ئیمڕۆ، کۆنگره‌ی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌م کۆنگره‌یه‌‌ زۆرێک له‌ چاودێرانی سیاسیی زیاتر به‌ کۆنگه‌ره‌یه‌کی شه‌کلی به‌تاڵی پیناسه‌ ده‌که‌ن، هه‌ندێکیش له‌وه‌ش زیاتر رۆیشتن و ناویان نا کۆنسێرتی بنه‌ماڵه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی، که‌ هیچ پرسێکی جددیی جگه‌ له‌ دژایه‌تی خه‌ڵکی کوردستان ئه‌نجام نه‌درا، به‌ڵکو ‌ تیایدا کۆمه‌ڵێک له‌ گۆرانبێژ به‌شدارییان تێداکرد.
ئه‌م کۆنگره‌یه‌‌ سێ جۆر له‌ که‌سایه‌تییه‌کان وه‌ک پێشتریش باسمان لێوه‌کرد، به‌شدارییان تێداکرد:
1) که‌سانی پاراستن و تیرۆریستان.
2) بازرگانه‌کان.
3) کۆیله‌ و رۆشه‌نبیره‌ ده‌رباره‌‌کان.
ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر پێش کۆنگره‌که‌ باسمان لێوه‌کردبوو ، کتومت دوای کۆنگره‌ش بۆ خه‌ڵکی ئاشکرابوو.ژماره‌ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ 1523 ئه‌ندام بوو که‌ 43% پێکهاتبوو له‌ خێڵی بارزان. هه‌موو کاره‌کانی ئاماده‌کاری کۆنگره‌ له‌ جێگا و ریگا و دیزاین و پاوه‌رپۆینت و خواردن و خواردنه‌وه‌ و کامیرای چاودێریی و گواستنه‌وه‌ی بۆ ته‌له‌فزیۆنه‌کان به‌ سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی میتی تورک به‌ڕێوه‌چوو. زۆربه‌ی به‌شداربووان ئه‌مه‌ پشتراست ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ کامێرامانه‌کان هه‌ر هه‌موویان تورک بوون و میت له‌ رێگای کۆمپانیایه‌که‌وه‌ ئه‌و ئاماده‌کارییه‌ی به‌ پاره‌یه‌کی خه‌یاڵی گرتبوه‌ ئه‌ستۆی خۆی.
ده‌کرێت بڵێین: کۆنگره‌ یان کۆنسێرت، که‌ راستتره‌ وا ناوی لێبنێین، له‌ ژێر چادری میتی تورکان به‌ڕێوه‌چوو".



ناوه‌ڕۆک:

کۆنگره‌ به‌سێ قۆناغدا تێپه‌ڕیی، که‌ هه‌رسێ قۆناغه‌که‌ زیاتر فاکتی‌ پیلانگێران داپۆشراو به‌ کۆنسێرتی گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕین، هاوبه‌ش بوو له‌ نێوانیاندا.
ده‌کرێت  ئه‌م سێ قۆناغه‌ ورد  بکه‌ینه‌وه‌ بۆ چه‌ند خاڵێک:

خاڵی یه‌که‌م:
له‌ یه‌که‌م رۆژدا به‌هۆی داوه‌ت نه‌کردنی گۆڕان وه‌ک میوان ئاماژه‌یه‌کی ئاشکرای دا به‌ ئاینده‌ی پارتی بنه‌ماڵه‌، که‌ به‌رنامه‌ی پارتی بنه‌ماڵه‌ کارکردن ده‌بێت بۆ ته‌سفییه‌کردن یا گه‌مارۆدانی گۆڕان. ئه‌وان له‌ به‌رنامه‌ و گفتوگۆ و مشتومڕیی رۆژه‌کانی دووه‌م و سێیه‌م ئه‌و راستییه‌یان نه‌شارده‌وه،‌ که‌ ده‌بێ به‌ره‌نگاری گۆڕان ببنه‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک و له‌ هه‌موو ئاستێک، وه‌ک راگه‌یاندن، رێکخستن، سیاسی. ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تیش.
بانگ نه‌کردنی گۆڕان هه‌رئاوا له‌ خۆڕا نه‌بوو ، ئه‌وان باشیان ده‌زانی ئه‌گه‌ر داوه‌تێک بکرێت بۆ گۆران، هه‌رگیز نه‌وشیروان مسته‌فا به‌شداری ناکات و که‌سیک ده‌نێرێت بۆ کۆنگره‌، ‌ ئه‌مه‌ش به‌لای بنه‌ماڵه‌وه‌ لێدانێکی گه‌وره‌ ده‌بێت به‌ ته‌وێڵ و که‌رامه‌تیانی پێده‌شکێت و له‌ به‌رچاو  ئه‌ندامانی کۆنگره‌ ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ ریسوا ده‌بن.


که‌سایه‌تی مه‌سعود، که‌ که‌سایه‌تییه‌کی تێنه‌گه‌یشتوو و درۆکاره‌، به‌‌ کرده‌وه‌کانی خۆی له‌ گێلی ده‌دا، ووتی: من تێناگه‌م بۆ ‌ هه‌ندێ لایه‌ن داوه‌ت نه‌کراوه‌؟ به‌مه‌  ده‌یه‌وێت خۆی له‌ مه‌سه‌له‌که‌ بباته ‌ده‌ره‌وه‌ و به‌هاسانی لێیده‌رچێت. به‌شداری نه‌کردنی لیستێکی وه‌ک گۆڕان له‌ میوانداریی کۆنگره‌ ته‌واویی ده‌سته‌واژه‌ی پێکه‌وژیانی بنه‌ماڵه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، بۆیه‌ مه‌سعود له‌ هه‌وڵێکی نه‌زۆکیدا ویستی ئه‌وه‌ی پێیده‌کرێت رزگاری بکات.
به‌هه‌رحاڵ سه‌رکه‌وتوونه‌بوو.
مه‌سعود له‌ په‌یوه‌ندییه‌کی تیلیفۆندا له‌گه‌ڵ بایدن ئیمڕۆ گله‌یی خۆی ئاراسته‌کرد به‌ هۆی ئاماده‌نه‌بوونی.



له‌ کۆنگره‌که‌ یه‌کێتی نیشتمانی و ئیتفاقییه‌ی ستراتیژیی نێوانیان، نه‌بووه‌ مایه‌ی گفتوگۆ، چونکه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی جه‌لال به‌ڕێوه‌ی ده‌با به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ته‌سلیمکردنه‌وه‌ی ته‌واویی یه‌کێتی به‌ بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود. ئه‌وه‌ی گرنگ بوو به‌شداربووان ده‌رکیان پێکرد دیاره‌ "گۆڕان" بوو، که‌ به‌ ئاسته‌نگی پێش به‌رنامه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ده‌زانن.

دووه‌م خاڵی گرنگ دیاره‌ بریتی نییه‌ له‌و ده‌سته‌واژه‌ی که‌ مه‌سعود به‌کاری هێنا بۆ ؛مافی چاره‌خۆنووسین": هه‌موو یان زۆربه‌ی ئاماده‌بووان و چاودێرانی سیاسیی به‌ ره‌تدانه‌وه‌ی هه‌واڵه‌که‌ی ویکلێکسیان دانا، که‌ تایبه‌ت بوو به‌ فرۆشتنی که‌رکوک له‌لایه‌ن مه‌سعود بۆ تورکیا. هه‌موو لایه‌ک کۆکبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سعود نه‌یتوانی راسه‌وخۆ و راشکاوانه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌درۆ بخاته‌وه‌، به‌ڵکو زیاتر لای خه‌ڵکی کوردستان روون بوویه‌وه‌، که‌ که‌رکوک فرۆشراوه‌.خاڵه‌ گرنگه‌که‌ برێتییه‌ له‌ به‌ پاراسنکردنی پارتی بنه‌ماڵه، که‌ ئه‌مه‌ش به‌ روونی له‌ پێکهاته‌ی به‌ناو هه‌ڵبژێردراوی ناو کۆنگره‌ دیاربوو .
ده‌کرێت ئێمه‌ بڵێین : پارتی بنه‌ماڵه‌ ئیدی ئامرازێک جگه‌ له‌ پاراستن نایمێنێ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. ئه‌مه‌ش پیلانه‌که‌ی مه‌سعود بوو بۆ به‌پاراستنکردنی پارتی بنه‌ماڵه‌:

به‌ پيی خشته‌ی كار و به‌رنامه‌كانی دوا رۆژی كۆنگره‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركردايه‌تی دياريكرابوو، له‌ كاتژمير 3ی پاش نێوه‌ڕۆی دوينێ: 16 / 12 / 2010  له‌ هۆلی پيشنگای نێوده‌وله‌تی ده‌ست كرا به‌ پرۆسه‌ی ده‌نگدان به‌ كانديدانی سه‌ركردايه‌تی داهاتووی پارتی!



يه‌كه‌م:
.ئه‌وه‌ی جيگای باسكردنه‌، پڕۆسه‌كه‌ بۆ دوای كاتژمێر 7ی ئێواره‌ دواخرا، به‌هۆی بوونی كيشه‌يه‌كی زۆره‌وه‌ له‌لايه‌ن هه‌ردوو باڵه‌كه‌ی مه‌سعود و نيچير. مه‌سعود پێی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت، كه ‌نابێ هه‌ر يه‌كه‌ له‌ نوری سنجاری و سه‌رباز هه‌ورامی و سه‌رکیس ئاغاجان كه‌ سێ كانديده‌ به‌هێزه‌كه‌ی نيچير بوون، خۆيان كانديد بكه‌ن، به‌ڵکو ده‌بێت ناوه‌كانيان بسڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو به‌ناچاری و له‌ ژێر فشارێكی زۆری مه‌سعود و كوڕه‌كانی و ده‌زگای پاراستن، نيچير هه‌رسێ ناوبراوی ئاگاداركرده‌وه ‌بۆ خۆکشاندنه‌وه‌ له‌خۆ کاندیدکردن.
ئه‌وانيش به‌ ناچاری هۆڵی كۆنگره‌كه‌يان به‌توڕه‌يی جێهێشت، له‌گه‌ڵ خۆياندا زياتر له‌ 20  كانديدی ديكه‌ ناوه‌كانی خۆيان سڕيه‌وه‌!
به‌مشێوه‌يه‌ باڵه‌كه‌ی نيچيره‌ڤان تووشی شكستییه‌کی گه‌وره‌ هات هه‌ر له‌ ناو كۆنگره‌كه‌دا ئاشکرابوو!
 

دووه‌م..
.
باڵی پاراستن به‌سه‌ر باڵی‌ نيچيره‌ڤاندا  سه‌ركه‌وت به‌م شێوه‌يه‌:

1. مه‌سرۆر بارزانی
2. سيداد بارزانی
3. ئه‌دهه‌م بارزانی
4. سيروان بارزانی
5. عه‌بدولموهه‌يمه‌ن بارزانی
6. كه‌ريم شه‌نگاری
7. ئاراس حه‌سۆ ميراخان بارزانی
8. نه‌زهه‌ت حالی بارزانی
9. هيوا ئه‌حمه‌د مسته‌فا
10. هيمن هه‌ورامی
11. ئاكۆ چاوشين..به‌ ئيحتيات ده‌رچووه‌
12. پشتيوان سادق
13. عه‌لی حوسێن سورچی..پياوی فرانسۆ هه‌ريری كۆنه‌ پاراستن
14. ساسان عه‌ونی
15. سه‌به‌ست له‌زگين
16. سه‌ربه‌ست باپير
17. دڵشاد شه‌هاب بارزانی

دیاره‌ چه‌نده‌های دیکه‌، که‌ ده‌کرێت بووترێت پاراستن له‌م پێکهاته‌ تازه‌دا له‌ 90% سه‌رکردایه‌تی پارتی بنه‌ماڵه‌ پێکده‌هێنێت.

له‌ گه‌ڵ نێچیردا، که‌ به‌ جێگری سه‌رۆکی پارتی بنه‌ماڵه‌ دانرا، جگه‌ له‌ برایه‌کی خۆی به ‌ناوی یوسف که‌سێکی دیکه‌ی له‌ گه‌ڵدا نه‌مایه‌وه‌، به‌مانا ئه‌و ته‌سریحانه‌ی پێشتر نێچیر ده‌یدا بۆ ئافراندنی گۆڕانکاری له‌ نێو پارتی، ئه‌وه‌ بووه‌ هۆکاری له‌ده‌ستدانی پێگه‌ی له‌ نێو بنه‌ماڵه‌، چونکه‌ ناکرێت و نابێت هیچ گۆڕانکارییه‌ک له‌ نێو بنه‌ماڵه‌دا رووبدات. ئه‌وه‌ی ده‌ستی بۆ ببات خۆی تووشی مه‌ترسی گه‌وره‌ ده‌کات. ئێستا به‌ پراکتیک پارتی بنه‌ماڵه‌ شه‌ق بوو، به‌ پێچه‌وانه‌ی قسه‌که‌ی مه‌سعود که‌ له‌ وتاره‌که‌یدا، که‌ ویستیی وه‌ڵامی کوردستانپۆست بداته‌وه‌ و ته‌بایی و په‌یوه‌ندیی نێچیر و مه‌سرور پیشان بدات، واته‌ له‌مه‌شیاندا مه‌سعود درۆی کرد، بۆیه‌ وه‌ک ده‌بینین پارتیی کرا به‌‌ دوو به‌ش له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، لایه‌کیان به‌ هێز، که‌ مه‌سعود و مه‌سرور و پاراستن ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه‌ ، به‌شێکی لاوز، که‌ نێچیر و براکه‌ی (یوسف) ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه‌.

پێنج دیمه‌نی سه‌یر
دیمه‌نی یه‌که‌م:
له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مه‌سعود وه‌ک سه‌رۆک ، نادر هه‌ورامی (باوکی سه‌رباز هه‌ورامی) راسپێردرابوو هاوار بکات و بڵێت: که‌س قه‌بوڵی نییه‌ جێگه‌ی مه‌سعود بگرێته‌وه‌، ئه‌و پیاوه‌ نه‌زانه‌ به‌ کاره‌که‌ی خۆی هه‌ڵسا، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ هیچیان بۆ حساب نه‌کرد و کوڕه‌که‌یان ده‌رکرده‌ ده‌روه‌ی هۆڵی کۆنگره‌‌.
دیمه‌نی دووه‌م:
دیاره‌ دیمه‌نێکی زۆر شه‌رمهێنه‌ربوو، کاتێ نێچیر لای مه‌سعود وه‌ک جێگر هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ ، نێچیر وه‌ک منداڵ ده‌ستی مه‌سعودی ماچ کرد، که‌ به‌لای زۆربه‌ی چاودێرانه‌وه‌ بووه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان. ئه‌گه‌ر پارتی پارتێکی دیموکرات و لیبڕاڵ بێت چۆن جێگری حزبێک ده‌ستی سه‌رۆکه‌که‌ی ماچ ده‌کات؟!. ئه‌م کرده‌یه‌ ته‌نها له‌ گروپه‌ خێڵه‌کییه‌ دواکه‌وتووه‌کاندا ده‌کرێت، بۆیه‌ شه‌رمه‌ که‌سێکی سیاسیی و خوێنده‌وار، له‌سایه‌ی پارتێکدا کار بکات، ده‌ست ماچکردن بکاته‌ نه‌رێت و منداڵانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ره‌فتاربکات. هه‌ندێ له‌ چاودێرانی سیاسی ئه‌م کرده‌یه‌ی نێچیر بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌، که‌ دیاره‌ ئه‌مه‌ پیلانێیکی پێشوه‌خت بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بۆ ئاماده‌بووان بسه‌لمێنن، ئه‌گه‌ر‌ جێگر ده‌ستی سه‌رۆک ماچ بکات ده‌بێ ئێوه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و سه‌رۆکه‌ هیچ نه‌بن له‌ کۆیله زیاتر‌، خۆتان بۆ سه‌رۆک بنوێنن، چونکه‌ سه‌رۆک موقده‌سه‌!.
دیمه‌نی سێیه‌م:
ئه‌م دیمه‌نه‌‌ هه‌موو رۆژانی کۆنگره‌ دووباره‌ ده‌بووه‌، ئه‌ویش ئاماده‌نه‌بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی کۆنگره‌ بوو له‌ ناو هۆڵی کۆنگره‌ به‌ جۆرێک جگه‌ له‌ کاتی ده‌نگدان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ 40% ئه‌ندامان له‌ نێو هۆڵی گفتوگۆ ئاماده‌ نه‌ده‌بوون، به‌ڵکو هه‌موو خه‌ریکی خواردن و خواردنه‌وه‌ ببوون، باش ده‌یانزانی هه‌موو پیلانه‌که‌ پێشوه‌خت ئاماده‌نه‌‌کراوه‌ به‌ بوونی یا نه‌بوونی پیلانه‌که‌ سه‌ر ده‌گرێت بۆ ئه‌و کۆنگره‌، که‌ بازارێکی ناڕێک وپێکی بێ نیزام ده‌چوو.
دیمه‌نی چواره‌م:
 سه‌رۆ قادر له‌ رۆژی دووه‌می کۆنگره‌وه‌ هۆڵی کۆنگره‌ی به‌جێهێشت و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ نێو کۆنگره‌که‌. هۆکاره‌که‌شی ئه‌و شه‌ڕه‌ قسه‌یه‌بوو، که‌ له‌گه‌ڵ مه‌سرور کردیی  (هه‌ر وه‌ک خۆی گێڕابوویه‌وه‌) گوایه‌ راسته‌وخۆ پێی وتووه:‌ نه‌من فازیل به‌ڕاکم و نه‌تۆش سه‌ددامی، دڵنیام ئێوه‌ سه‌ری پارتی له‌قور ده‌نێن.
دیمه‌نی پێنجه‌م:
 تڕۆکردنی مه‌لا محه‌مه‌د قادره‌، که‌ رۆژێک له‌ رۆژان پێی عه‌یب نه‌بوو پێی بڵێن ماستاوچی و مه‌سینه‌هه‌ڵگری بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود،  یه‌کێک بوو که‌ هه‌میشه‌ له‌سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی کردۆته‌وه‌ کاتێکیش سه‌رده‌شت شه‌هیدکرا ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و به‌رگری له‌ تیرۆریستانی بنه‌ماڵه‌ ده‌کرد خۆیان نه‌یان ده‌کرد، که‌چی له‌م کۆنگره‌یه‌دا ترۆیان کرد. دیاره‌ ئه‌مه‌ بۆ فازیل میرانیش راسته‌، ئه‌ویش که‌سێک نه‌ماوه‌ له‌ قه‌ڵه‌مه‌ ئازاده‌کان له‌ دادگای بێدادی کوردستان شکایه‌تی بۆ پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندی بنه‌ماڵه‌ی نه‌کردبێت، که‌چی به‌ هه‌زار ئه‌ملاوئه‌ملا ده‌ریان چواند و تووشی شکستێکی گه‌وره‌یانکرد.

خاڵی سێیه‌م:
بارزانییه‌کان 25% پێکهاته‌ی کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی پارتی بنه‌ماڵه‌ له‌ 51 که‌س پێکده‌هێنن، له‌و ژماره‌یه‌ش 37 که‌سیان سه‌ر به‌ ده‌زگای پاراستنن، ئه‌مه‌ش گۆڕانکاریی نه‌بووه‌، به‌ڵکو به‌ پاراستنکردن و به‌ پۆلیسکردنی ده‌زگای حیزبی بوو. به‌مه‌ش ته‌واوی پۆسته‌ هه‌ستیاره‌کان ده‌که‌وێته‌ نێو ده‌ستی بنه‌ماڵه‌ و به‌رزانییه‌کانه‌وه‌، ئیدی مه‌کته‌بی سیاسییه‌کی نابێت که‌سێکی وه‌ک فازیل میرانی و مه‌لامحه‌مه‌د و ئه‌وانی دیکه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن، فه‌رموون له‌ گه‌ڵ پێکهاته‌ی بارزانییه‌کان له‌ نێو سه‌رکردایه‌تی پارتی بنه‌ماله‌:

1. مه‌سعود بارزانی سه‌رۆك
2. نيچيره‌ڤان بارزانی جێگر
3. مه‌سرۆر بارزانی...كوڕی سه‌رۆك
4. سيداد بارزانی....برای سه‌رۆك
5. يوسڤ بارزانی ..برازای سه‌رۆك
6. عه‌لی ته‌ته‌ر (نێروه‌یی)یه‌ سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی
7. سيروان بارزانی..برازای سه‌رۆك
8. ئه‌دهه‌م بارزانی.. ئامۆزای سه‌رۆك..که‌سێکه‌ خوشکی خۆی کوشتووه‌.
9. عه‌بدولمهه‌يمه‌ن بارزانی .ئامۆزای سه‌رۆك
10. نه‌زهه‌ت حالی بارزانی ..غولامی سه‌رۆك وبنه‌ماڵه‌
11. ئاراس حه‌سۆميرخان بارزانی..غوڵامی سه‌رۆك و بنه‌ماڵه‌
12-دلشاد وه‌هاب بارزانی غولامی سه‌رۆك وبنه‌ماڵه‌
13- جه‌عفه‌ر ئیبراهیم منیلی مزورییه‌ سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی
14- عومه‌ر عوسمان (شیروانی) سه‌ر به‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانییه‌.

خاڵی چواره‌م:
سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌ی ژنه‌ له‌ کۆمیته‌ی سه‌رکردایه‌تی، ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ هه‌ڵبژێردران:
1. به‌يان سامی عه‌بدوڵره‌حمان
2. چنار سه‌عد عه‌بدولا
3. نازه‌نين حه‌مد وسو...كه‌ باوكی ئامر مه‌فره‌زوه‌ خاسه‌و موسته‌شاری به‌عس بووه‌
4. ئه‌ڤين بادينی
5. شيرين ئاميدی
یه‌که‌م و دووه‌م، که‌ ده‌نگیان هێنا و پاراستن پشتیوانی لێکردن ئیمڕۆ لادران بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سه‌فین دزه‌یی و نه‌جاتی عه‌لی، به‌مانایه‌کی دیکه‌ ئه‌و پێنج ژنه‌ به‌ کۆتا ده‌بنه‌وه‌ ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی بنه‌ماڵه‌.
خاڵی پێنجه‌م:
سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ نێو هۆڵی کۆنگره‌ به‌ کوردستانپۆستی راگه‌یاند که‌ زۆربه‌ی ئه‌و ژنانه‌ی که‌ به‌شداری کۆنگره‌بوون و یا هه‌ڵبژێردران، فایلی قورسیان له‌ پاراستن هه‌یه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ نێو پاراستن پێیڕاگه‌یاندین: سه‌فین دزه‌یی که‌ حاڵی حازر وه‌زیری په‌روه‌ر‌ده‌یه‌ و پێشتریش له‌ په‌یوه‌ندییه‌کانی پارتی بوو له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ فشاری میتی تورکیا بۆ سه‌ر مه‌سعود وه‌ک ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی دانرایه‌وه‌. هه‌رچی نه‌جاتی عه‌لییه‌  به‌هۆێ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌ندامێکی کارایه‌ تیرۆرکردن، پاراستن سه‌پاندی بۆ سه‌رکردایه‌تی‌.

خاڵی شه‌شه‌م:
له‌ کۆتاییدا ده‌کرێت دڵگرانی خۆمان بۆ ئه‌و کرده‌یه‌ی لیلی زانا ده‌ربڕین که‌ ئاماده‌ی کۆنگره‌یه‌ک بوو که‌ تێیدا میتی تورک به‌ڕێوه‌ی ده‌برد و سه‌رۆکێکی تێدابوو ساخته‌کار و خیانه‌تکار و درۆزن قسه‌باسی تێداده‌کرد، کۆنگره‌یه‌ک بوو له‌ ئه‌رزێک به‌ڕێوه ‌ده‌چوو که‌ 1997 زیاتر له‌ 70 گریلا به‌ چاووده‌ست به‌ستراوه‌یی له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعوده‌وه‌ تیرۆرکران.ره‌خنه‌ی توندی ئاراسته‌ ده‌که‌ین که‌ چۆن مه‌دالییه‌ی بێشه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یی مه‌لای قه‌بولکرد، ئه‌مه‌ له‌که‌یه‌کی ره‌شه‌ له‌ نێوچه‌وانی له‌یلی زانای خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، که‌ خه‌باتی چه‌ند ساڵه‌ی ئه‌و تاوانه‌ی هه‌رگیز سپی ناکاته‌وه‌.
خاڵی حه‌وته‌م:
به‌ کورتی ده‌بێ خه‌ڵکی کوردستان ئه‌و راستییه‌ بزانن، ئیدی پارتی بنه‌ماڵه‌ی مه‌سعود ده‌بێت به‌ گروپێکی مافیای تیرۆریست ده‌ست زیاتر ده‌وه‌شێنێت و تیرۆری زیاتر ده‌کات و ئازادییه‌کان زیاتر کپ ده‌کات، ده‌بێ چاوه‌ڕێی گۆڕانێکی نێگه‌تیڤانه‌ له‌و ده‌سته‌ و تاقمه‌ بکرێت.

تێبینی: ئه‌م راپۆرته‌ به‌ هاریکاریی به‌رێزێک له‌ ده‌زگای پاراستن (ئاماده‌بووی کۆنگره‌) و هه‌روه‌ها به‌رێز دیلمان پیرمامی، که‌  له‌ گه‌ڵماندا به‌شدارییان کردووه‌ و بۆیان ناردووین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە