هێزی پێشمەرگە بە نیشتمانی دەکرێ، یا خۆڵکردنە چاوی خەڵکە؟
Sunday, 11/01/2015, 12:00
لە کوردەواریدا قسەیەک هەیە دەڵێ هەموو ڕێگاکان دەچنەوە بانە. هەر لەو ئاوازەی ئەگەر بڵێین هەموو تاوانەکان دەچنەوە سەر سەری بارزانی و تاڵەبانی دروستە. یەکێتی و پارتی جگە لە هێزەکانی پێشمەرگە بە هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ شەوە، چەندەها هێزی تریان هەیە، لە وانە هێزەکانی زێڕەڤانی، هێزەکانی ئاسایش، هێزی دژە تیرۆر، هێزی پۆلیسی ناوشارەکان، پۆلیسی دارستانەکان ...هتد کە زۆربەیان بە تەزکیە و لە سەر لیستی پارتی و یەکێتی دامەزراون. ئەمە جگە لە چەندین هێزی شاراوەی تری وەک دەزگاکانی پاراستن و زانیاری. لە هەر هەمووشیان جێگای گرنگتر و متمانە پێکراوتر لە لایەن یەکێتی و پارتی یەوە ئەوانەن کە هێزەکانی پاسەوانی مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی و، نێچیروان بارزانی و باقی سەرکردەکانی تری ئەو دوو حیزبانەن، کە ژمارەیان بە هەزاران پاسەوانە و بە تایبەتی پاسەوانانی بنەماڵەی بارزانی کە خۆی دەدا لە شەش هەزار پاسەوان. ئەو هەموو پاسەوانانە چەندین خەرجی و بودجەی تایبەتی تریشیان لەگەڵدایە بۆ نموونە ئۆتۆمبیلەکانی پاسەوانەکانی بنەماڵەی بارزانی خۆی دەدا لە ٩٠٠ ئۆتۆمۆبیل. کە ئەمەش دەکاتە نیزیکەی ٧ پاسەوان بۆ هەر ئۆتۆمبیلێک.
ماوەی چەند هەفتەیەکە مەسعود بارزانی ڕایگەیاندووە کە داوای لە وەزیری پێشمەرگە مستەفای سەید قادر (کە لە سەر لیستی گۆڕانە) کردووە کە بە زووترین کات هێزی پێشمەرگە یەکبخاتەوەو بە نیشتمانی بکا. بۆ ئەمەش لە نامەیەک و ڕاگەیەندراوێکی ٧ خاڵیدا وەزیری پێشمەرگە و پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانی لە پلانەکەی ئاگادارکردەوە. لە ناو یەکێتی دا دەنگی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر ئەو داواکاری یە حەوت خاڵی یەی مەسعود بارزانی دەبیسترێ، بە تایبەتی کە مەلا بەختیار ڕایگەیاند کە دەبێ یەکخستنەوەو بە نیشتمانی کردنی پێشمەرگە بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکانی تر بێ. ئەمەش ئەوە دەردەخا کە وادیارە مەسعود یەکێتی ئاگادار نەکردۆتەوەو پرسی پێ نەکردۆتەوە. ئەو وەڵامدانەوەی مەلا بەختیار تەنها دەنگی ناڕەزایەتی نی یە لە دژی قسەکانی مەسعود، بەڵکو تەنانەت لە ناو پارتیشدا دژایەتی کراوە، کاتێ زەعیم عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و لێپرسراوی میحوەری هێزەکانی پێشمەرگە لە خۆرئاواو خۆرهەڵاتی دیجلە تەنها چەند ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنەکەی مەسعود وتی کە تەنها پارتی دەتوانێ شەنگال ڕزگار بکاو بپارێزێ. ئەم قسەیەش دوورە لە هەستی نیشتمانی کردن بە پێشمەرگە و بەڵکو هەستکردنە بە هێزی حیزبایەتی کردن و حیساب نەکردنە بۆ قسەکانی بارزانی.
هەرچەندە من هیچ بە گوومان نیم کە مەسعود بارزانی ئەو قسە قەڵەوانەی تەنها بۆ ئەوە کردووە کە وەک ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردی دەیهەوێ خۆی بە قاڕەمان و سەرۆکێکی میللی نیشتمانی و دڵسۆز نیشانبدا، ئەگەرنا مەسعود بارزانی پێش ڕاگەیاندنی ئەو ڕاگەیەندراوە حەوت خاڵی یە دەبوایە چەند شتێکی تری ئەنجام دابا.
١- ئەگەر مەسعود بارزانی هیچ پرسێکی بە یەکێتی نەکردبێ، ئەوا کارەکانی نیوەچڵن، چونکە یەکێتیش وەک پارتی هێزی هەیە و ئەگەر نیوەی پارتی نەبێ زۆری کەمتر نی یە، لە بەر ئەوە هەر هەنگاوێک بۆ یەکخستنی پێشمەرگە پێویستی بە ڕەزامەندی هەردوو لایەن هەیە، ئەگەرچی یەکێتی ئێستا وەک ئاشی بێ ئاشەوانی لێهاتووە و کەس حیساب بۆ کەس ناکا لە ناو یەکێتی و وەک پاشاگەردانی لێهاتووە و بە تەواوی خۆیان سووک کردووە. لە وانەیە ئەو خۆ سووک کردن و بێ ئاشەوانی یەی یەکێتیش وای لە مەسعود بارزانی کردبێ کە هیچ حیسابێک بۆ یەکێتی نەکا تاوەکو پرسی پێ بکا.
٢- مەسعود بارزانی و باقی سەرکردەکانی تر دەبوایە پێش ڕاگەیاندنی ئەو حەوت خاڵەی مەسعود هێزەکانی خۆیان هەڵوەشاندبایەوەو یاخود بیانخەنە سەر یەکێ لە هێزەکانی پێشمەرگە، یا ئاسایش، یا پۆلیس ...هتد وە دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتەکانی پێشمەرگە یاخود ناوخۆ پاسەوان بۆ مەسعود و باقی سەرکردەکانی تر دابنێن، ئەویش نەک شەش هەزار پۆلیس یا پێشمەرگە بۆ بنەماڵەی بارزانی و هەزارانی تر بۆ بنەماڵەی تاڵەبانی، بەڵکو دەبێ وەک عورف و عادەتی وڵاتانی تری دونیا بێ، کە پێموانی یە هیچ سەرۆکێکی (جگە لە دیکتاتۆرەکان) دونیا شەش هەزار پاسەوانی هەبێ.
٣- هەبوونی شەش هەزار پاسەوان + چەند هەزاری تری یەکێتی و باقی سەرکردەکان هێزێکی زۆرە و هەمیشە دەتوانێ ببێتە جێگای هەڕەشە و ئاسایشی وڵات بە لاڕیدا بەرێ و بەتایبەتی کە ئێستا ئەو هەزاران چەکدارە تەنها حیساب بۆ سەرکردەکان دەکەن بۆ گوێڕایەڵی و بەفەرمانی سەرکردەکان هەڵسوکەوت دەکەن نەک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە یاخود وەزارەتی ناوخۆ کە ئەمەش لە دەرەوەی هەموو عورف و عادەتێکی وڵاتانە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست