کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


منداڵییەك لەکاغەز

Saturday, 02/11/2013, 12:00







من خەڵکی وڵاتی چەقۆم
لەیەکێك لەگەڕەکە ژەنگاوییەکانی ترس،
کۆڵانێك لەملا شەڕ،
بەدەستی گوماندا،
لەسەختترین زیندانە تاریکەکانی شەرم
لەماڵێکی بێ دەرگای ئازادی و
پەنجەرەی هەڵهاتن،
چاوم بە ئازارکردەوەو
نیگام بەبارمتە پشکوت..
* * *
کات یانزەی وەهم بوو
بەکاتی ئەستێرە..
ڕەتڵێکی مابوو شەو ڕاشکێ،
هەناسەیەکی مابوو مانگ،
بتریبجێتە ئەو دیو سترێجی هەورەوە.
* * *
هێشتا مەفرەزە سەرەتایییەکانی کات
بەهەورازی کاتژمێرە
سەختەکانی ئاسۆوە بوون،
مەرکانەکانیان پڕی بوو لەسەبر
ئاسۆیان لەئومێد
دڵیان لێوانلێوی شۆڕش..

* * *
لەوێوە بەشێکی مندالیم
لەکۆشی دایکمدا
بەدەم مژینی ساویلکەییەوە لێجێما.
بەشێکی لەسەردەمی شاخ
بروسکەی ناپاڵمێکی دڵرەق
هەتڕەشی برد.
بڕێکی لەکورسییە بەرزەکانی لەیلوکی گوماندا،
دوای ئەوەی پەلکە زێرینە هەڵیفریواند،
نەهاتەوە ناوم.
بەشێکی لەترسی مامۆستا
ئەوەندە پەنجەی ئاقڵیم خستە سەر هەناسەی،
ئێوە خۆش.
بەشێکی لە دەرسی ست ملووک،
لەڕەهبەتی دۆزەخ و عەزابی قەبر زارەترەك بوو.
بەشێکی لەپاڕکەکانی ئازادی
لەساڵڕۆژی مندال بوو بەژێر قاچەوە.

هەندێک ئەنفال دەستی ڕەشی
لە گەردنی سپاتیان نا،
تا لەلینگە فرتێی خستن و
دەروی گڕوگاڵی خڕ لەسەر پێوەدان.

بەشێکی تۆپی مین
لەگێمی یەکەمی یاریدا
چوار پەلی داچاندن بەمردن و
دوو دارشەقی لەگریان نانە ژێر باڵ.
ئێستاش وان بەسەر جادەی سەدەمەوە
نوێترین پێڵاوی غوربەت بۆیە دەکەن.
تازەترین جۆری مەدەنیەت لەپێیان دەکا.

هه ندێك شەڕ بردنی
ئەو هات و لەسەر لا،
خۆی کرد بەبەرائەتیاندا
هێندەی فوو لەجگەرەکەی،
لاشەیان کەوتە سەر بێدەنگی.
ئەوەندەی چاو هەڵبڕی
زریکەیان بەئاسمانەوە بوو بەخرخاڵ.
هات و هەتا دیقەت بڕکا
سەر کەوتە سەر
ئەو درەختە چاو سەوزانەی،
چڵی ڕۆحیان داهێشتبوو
بۆ دیلانێی خەیاڵ.
هات و بەهەناسەیەك
گەیشتە هەموو کون و
قوژبنێکی ئاوەدانی.
دەستی بە هێلانەکانی
غەفڵەت گەیی و
بە کونفەیەکوونێک
هێلكەکانی دلنیایی
بەردانەوە سەر تورە بوون.

هەر هێندە تفێك هه ڵدەی
بۆ نێو چاوی مێژوو ،
پەڕی بە کۆترەکانەوە نەهێشت ،
بالی کوکوختی یەکانی کرد،
ئارامی پەپوولەی کردنە قەرەبرووت..
* * *
ئەوەتا مندالی
بەقاتێ ئازاری کون کون و،
دوو چاوی پڕ لەپرسیارەوە
چەندی خۆی بڵند کا،
ناگاتە ڕدێنی گەورەیی.
هەرچەندی خۆ بکوتێ
کورسیەکی بەر ناکەوێ
لە داسەکنان.
مخابن
لەترسی ترس
مندالیمان ون و و گەورەییمان بزر،
گەورەییمان ون ومنداڵی
کون نییە خۆی تێکا.









نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە