عومه‌ر عه‌لی: یه‌کگرتووه‌کان هه‌وڵیان ده‌دا له‌گه‌ڵیاندا کار بکه‌م و منیش قبوڵی کارکردنه‌که‌م ده‌کرد به‌ڵام ئه‌وان مه‌رجیان حیزب�

Friday, 31/12/2010, 12:00


گه‌نده‌ڵی به‌شێوه‌یه‌کی گشتی سه‌راپای زۆرێك له‌ حیزبه‌ کوردیه‌کانی داپۆشیوه‌، ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سته‌ڵاتی به‌ده‌سته‌ زۆرتروو ئه‌وه‌شی له‌ خواره‌وه‌یه‌ هه‌ریه‌که‌و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌کان که‌وتووه‌ته‌ ناو گه‌نده‌ڵیه‌وه‌، هه‌ندێك جار گه‌نده‌ڵیه‌کان ئه‌خلاقین وه‌ك له‌وه‌ی مادی بین، ده‌نگۆی ناڕه‌زای و مقۆ مقۆ که‌وتۆته‌ به‌ریتانیاو له‌ هه‌ندێك ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌کاندا شیکاری جۆر به‌جۆی بۆ کراوه‌، وه‌ك له‌ گۆڤاری ململانێ له‌ ووتارێکیدا باسیان له‌ دووکه‌رت بوونی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان کردووه‌ له‌ به‌ریتانیاو ململانی ئه‌و دووباڵه‌ به‌رانبه‌ر یه‌کتر، هه‌روه‌ك زۆریش له‌سه‌ر مه‌ڵبه‌ندی هه‌نده‌رانی کۆمه‌ڵی ئیسلامی نووسراو یه‌که‌م ده‌نگۆی ناڕه‌زای له‌ مشیر گه‌ڵاڵیه‌وه‌ ده‌ستی پێکرد، تا ئێسته‌ش وه‌ك له‌ دواهه‌مین هه‌واڵدا باس له‌ که‌رتبوونی مه‌ڵبه‌ندی کۆمه‌ڵی ئیسلامی کرا له‌ که‌لارو ئاماژه‌ی مه‌ڵبه‌ندی هه‌نده‌رانیشی تێدا کرابوو، یه‌کێك له‌و نووسه‌رانه‌ی که‌وا له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌ی نووسی عومه‌ر عه‌لی خاوه‌ن ئیمتیازی گۆڤاری بوار بوو، که‌ خۆی دانیشتووی به‌ریتانیایه‌، بۆ وورتر گه‌شتن له‌و مه‌سه‌لانه‌و ده‌رخستنی ناوه‌رۆکی کاره‌کان وه‌ك خۆی پێمان باش بوو چه‌ند پرسیارێك ئاراسته‌ی به‌ڕێزیان بکه‌ین، سوپاسی به‌ڕێزیشیان ده‌که‌ین وه‌ڵامی یه‌ك به‌ یه‌کی پرسیاره‌کانیان داینه‌وه‌، فه‌رموون ئێوه‌و گشت پرسیارو وه‌ڵامه‌کان.
له‌ هه‌ندێك ووتاری ڕه‌خنه‌یتاندا ڕه‌خنه‌ی توندتان له‌ یه‌کگرتوو گرتوو،‌ ده‌کرێت بزانین چ جۆره‌ په‌یوه‌ندیه‌كتان له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوودا هه‌یه‌و هه‌بووه‌‌؟
عومه‌ر عه‌لی: به‌لامه‌وه‌ گرنگه‌ له‌ یه‌که‌م هه‌نگاوی هاتنه‌ ناو به‌ریتانیاوه‌و تێکه‌ڵی له‌گه‌ڵ برایانی یه‌کگرتووی ئیسلامیدا وه‌ك شاهیدیه‌ك بۆ مێژووی ئه‌و حیزبه‌ بیخه‌مه‌ڕوو به‌چاك و خراپیه‌وه‌، ئیتر به‌لامه‌وه‌ گرنگ نی یه‌ کۆمه‌ڵێكی ناحاڵالی له‌کاری ڕۆژنامه‌وانی هه‌ر تانه‌یه‌کم لێ بده‌ن، وه‌یان کۆمه‌ڵێك پێیان ناخۆش بێت به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بێت باس بکرێن و له‌ مه‌عسومیه‌تیان که‌م بکاته‌وه‌.
پێش ئاشکرا کردنی یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان که‌ له‌ ساڵی 1994دا بوو، خۆشه‌ویستی مزگه‌وت و دین بۆلای خۆی ڕای ده‌کێشاین و مزگه‌وتمان لا زۆر خۆشه‌ویست بوو، به‌شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ی کارکردن بووین بۆ مه‌لای مزگه‌وته‌که‌ به‌ مه‌رجێك ڕۆژی چه‌ند دێڕێك قورئانمان پێ بڵێت. ناڕه‌حه‌تی کارکردن و قوڕه‌کاری و ده‌سکه‌نه‌ی نۆك و ئیش و کاری لادێ کۆڵی پێ نه‌داین له‌ قورئان خوێندن و ئه‌وکات گه‌رچی باری ئابووری خۆی بۆ خۆی هه‌ر خراپ بوو، به‌ڵام ژیانمان له‌گه‌ڵ قورئاندا گشت ناخۆشیه‌کانی له‌بیر بردبووینه‌وه‌، له‌بیرمه‌ گشت ئاواتمان به‌ده‌ستهێنانی ته‌نها قورئانێك بوو به‌ موڵکی و له‌ماڵه‌کانی خۆماندا، به‌ڵام ده‌ستمان نه‌ده‌که‌وت، هه‌ربۆیه‌ زۆربه‌ی کاته‌ بۆشایه‌کانمان له‌ مزگه‌وتدا به‌سه‌ر ده‌بردوو له‌گه‌ڵ قورئاندا.
خۆمان بۆ خۆمان به‌و شێوه‌یه‌ بووین ڕۆشنایه‌کی دڵخۆشکه‌ریش ده‌رکه‌وت که‌ یه‌کگرتووی ئیسلامی بوو، هه‌رچه‌ند ئه‌وکات تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نامۆ بوون به‌ کۆمه‌ڵگه‌و زۆر تانه‌و ته‌شه‌ری زۆریان لێ ده‌درا، به‌ڵام به‌هۆی تێکه‌ڵیمان چه‌ند ئه‌ندامێکیان له‌ مزگه‌وت و کاروکرده‌وه‌کانمان له‌ چوارچێوه‌ی قورئان و خۆشه‌ویستیمان بۆ قورئانه‌که‌ هاوڕێیه‌تیه‌که‌ی زیاتر پته‌و ده‌کردوو تانه‌و ته‌شه‌ری خه‌ڵکمان به‌هۆی خۆشه‌ویستی قورئانه‌که‌وه‌ قبوڵ ده‌کرد.
ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وا له‌ مزگه‌وتدا خه‌ریکی قورئان خوێندن ده‌بووین ڕۆژ له‌ ڕۆژ هاوڕێیه‌تیه‌که‌مان زیاتر پته‌و ده‌بوو، تا ئێسته‌ش هه‌موو ئه‌وکه‌سانه‌ که‌ هه‌ندێکیشیان وازیان له‌ یه‌کگرتوو هێناوه‌ برایه‌تیمان ئه‌وه‌نده‌ بته‌وه‌ زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ به‌ نووسین وه‌سف بکرێت.
چونکه‌ گشت کاره‌کانمان له‌ چوارچێوه‌ی تێگه‌شتن بوو له‌ قورئان و هیچ قسه‌وباسی ترمان نه‌بوو، جگه‌ له‌ باسی دینی برایه‌تیه‌که‌ی تا ده‌هات قوڵتر ده‌کرده‌وه‌، گه‌رچی ئۆتۆماتیکی به‌ ئه‌ندامێکی یه‌کگرتوو ده‌ناسراین به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ خۆمان بزانین، به‌ڵام هیچ گرفتێکمان له‌گه‌ڵیدا نه‌بوو، چونکه‌ ئێمه‌ هه‌ر سه‌رقاڵی خوێندن و به‌دواداچوونی زانستی و ئاینی بووین، به‌شێوه‌یه‌کی وا هه‌موو ئه‌و قوتابیانه‌ی که‌ ده‌مانخوێند هه‌موومان حه‌زی فه‌قیه‌یه‌تیمان بۆ دروست بوو، ئه‌وه‌مان که‌ بۆی بلوایه‌ بۆ زیاتر فراوانکردنی زانسته‌ شه‌رعیه‌کان هه‌وڵی خوێندنی زیاتری ده‌دا، منیش زۆرجار به‌وه‌ ده‌ستنیشان ده‌کرام که‌ شیاوم بۆ خوێندنی شه‌رعی و خۆشم حه‌زه‌که‌شم تێدا بوو، ئه‌وه‌بوو ده‌نێردرام بۆلای چه‌ند مامۆستایه‌ك له‌ که‌لار به‌ناوه‌کانی مامۆستا مه‌لا که‌ریمی مزگه‌وتی شافعی و مامۆستا حه‌سه‌نی حاجی ێاڵح له‌لایه‌ن مامۆستا جاسم ه‌وه‌، دواتر هه‌ردوو مامۆستا مه‌لا که‌ریم و مامۆستا حه‌سه‌ن ناردمیان بۆلای مامۆستایان مه‌لا موساو مه‌لا ئه‌حمه‌دی شافعی دوای تاقیکردنه‌وه‌ پێم و ده‌رچوون تێیدا دیسان هه‌واڵه‌ی که‌لار کرامه‌وه‌، تا کۆتا جار له‌ مزگه‌وتی حه‌راو لای مامۆستا حه‌سه‌ن شه‌مێرانی گیرم خوارده‌وه‌و له‌ خزمه‌تی مامۆستایانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ خزمه‌ت قورئاندا بووین و ژیانێکی ئاسایمان به‌سه‌ر ده‌برد له‌ ژێر زه‌ختێکی زۆری یه‌کیه‌تیدا، جارێکیان شازده‌ فه‌قیه‌مانیان گرت که‌ گوایه‌ سه‌یری فلیمی سێکسمان کردووه‌! دوای سێ ڕۆژ له‌ زیندانیدا کابرایه‌کی عه‌شایه‌ری ناوچه‌که‌ به‌ری داین، به‌داخه‌وه‌ یه‌کگرتوو ئه‌وکاته‌ش خۆی نه‌کرد به‌ خاوه‌نمان هه‌تا مامۆستاکانیشمان سه‌ردانیان نه‌کردین بۆ زیندانی.
دوای به‌دوای ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌ ماوه‌یه‌کی که‌م من وازم هێناو به‌ره‌و هه‌نده‌ران که‌وتمه‌ ڕێ و تا دواجار له‌ به‌ریتانیا گیرسامه‌وه‌.
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای گه‌شتنم به‌ به‌ریتانیا زۆر په‌رۆشی ئه‌وه‌ بووم بخوێنم، ئه‌وکات هاوین بوو مه‌کته‌ب نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی به‌دواداچوونی زۆرم بۆ خوێندن جێگه‌یه‌کیان بۆ دۆزیمه‌وه‌ که‌ تێیدا بخوێنم تا مه‌کته‌ب ده‌کرێته‌وه‌، ئه‌و جێگه‌ش که‌نیسه‌یه‌ك بوو له‌گه‌ڵ مامۆستایه‌کی تایبه‌تیدا، که‌ ته‌نها وانه‌ی به‌ من ده‌ووت، دوای چه‌ند وانه‌یه‌ك ئافره‌تێکی باڵاپۆشی بۆهات دوای قسه‌وباسکردن و یه‌کترناسینی سه‌ره‌تایی ده‌رکه‌وت ئافره‌ته‌که‌ یه‌کگرتووه‌، دواتر له‌گه‌ڵ مێرده‌که‌شیدا ئاشنایه‌تیمان په‌یدا کردوو تێکه‌ڵی عائیلی دروست بوو ئه‌وسا گه‌رچی من زوگردیش بووم، به‌ڵام ئه‌و ماڵه‌ وه‌ك کوڕێکی خۆیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌کردم و وه‌ فعله‌ن وه‌ك عائیله‌یه‌کیشمان لیهات، ئیتر له‌و ڕێگه‌وه‌ به‌ژداری وانه‌کانی یه‌ك شه‌ممانم ده‌کرد که‌ ئه‌وکات له‌ مزگه‌وتی ڕیجسن پارك بوو له‌ له‌نده‌ن، دواتر گواسترایه‌وه‌ بۆ مزگه‌وتی سه‌لاحه‌دین له‌ پادنتن.
په‌یوه‌ندیه‌کان وه‌ك لایه‌نی حیزبی و ئه‌و توندوو تۆڵیه‌ی که‌ له‌ کوردستان بوو لێره‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ته‌نها موناسه‌به‌ت و وانه‌ گشتیه‌کانی یه‌ك شه‌ممان بوو!
منیش زۆرم به‌لاوه‌ گرنگ بوو ئه‌و دۆخه‌ی جاران بگه‌ڕێته‌وه‌و هیچ نه‌بێت وانه‌ی ئوسره‌کانم هه‌بێت، چونکه‌ له‌ کوردستان له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ زیاتر ئه‌ندامان پێ ده‌گه‌شت و په‌یوه‌ندیه‌ بته‌وه‌که‌ی ده‌پاراست، دوای پێداگریه‌کی زۆرم له‌سه‌ری و داواکردنی لای كاك عومه‌ر ڕه‌حیم دایان نام و دوو تا سێ وانه‌مان خوێند، ئه‌ویش شتی زۆر زۆر سه‌ره‌تایی و له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێكدا که‌ تازه‌ ده‌ستیان به‌نوێژ کردن کردبوو، به‌ڵام منیش ئه‌وه‌نده‌ی برایه‌تیه‌که‌ به‌لامه‌وه‌ گرنگ بوو ئه‌وه‌نده‌ وانه‌کانم به‌لاوه‌ گرنگ نه‌بوو ئه‌وکاته‌ هه‌ربۆیه‌ هه‌رگیز گله‌یم نه‌ده‌کرد، تا دواجار به‌هۆی ناکۆکی نێوان خۆیانه‌وه‌ ئه‌و وانه‌ سه‌ره‌تاییه‌شمان پێ ڕانه‌بینراو ئه‌ویش نه‌ما، منیش گه‌رچی هه‌ستم به‌ کێبه‌رکێیه‌کی ناوخۆی ده‌کرد به‌ڵام حه‌زم نه‌ده‌کرد ته‌داخوڵ بکه‌م، به‌ڵام له‌گه‌ڵ کاك عومه‌ر ڕه‌حیمدا په‌یوه‌ندی برایه‌تیمان زۆر توندوو تۆڵ بوو به‌شێوه‌یه‌ك که‌موکوڕیه‌کانی تری له‌بیر بردبوومه‌وه‌، من خۆم بۆ خۆم به‌رده‌وام دیراسه‌ی شه‌رعیم ده‌کرد له‌گه‌ڵ خوێندنه‌که‌مدا که‌ ئه‌وکات له‌ کۆلێژی هۆنسلۆبووم.
له‌ ئاهه‌نگێك له‌ شاری بێرمینگهام بووم دکتۆر ئه‌حمه‌د ڕاوی ووتارێکی داو دوای ووتاره‌که‌ بانگه‌شه‌ی بۆ کۆلێژێکی شه‌رعی کرد که‌ هه‌رکه‌س بیه‌وێت بخوێنێت کار ئاسانی بۆ ده‌که‌ن، منیش ئه‌و ووتانه‌م له‌ گوێگرت، به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژێك سه‌فه‌رێکی درێژم بۆ هاته‌ پێش و هه‌ر دوای گه‌ڕانه‌وه‌م به‌دوایدا ڕۆشتم، له‌به‌ر پته‌وی برایه‌تیم له‌گه‌ڵ کاك عومه‌ر ڕه‌حیمدا زۆرجار کاره‌کانم بۆلای ئه‌و ده‌گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌ویش زۆر هانی دام له‌سه‌ر خوێندن له‌و په‌یمانگایه‌ گه‌رچی خۆشم هه‌ر بڕیاری خوێندم دابوو، په‌یوه‌ندیم به‌ په‌یمانگاکه‌وه‌ کردوو فۆڕمم وه‌رگرت و داوام پێشکه‌ش کردوو زۆری نه‌برد په‌یوه‌ندیان پێوه‌کردین و وه‌رگیراین که‌ ئه‌وکات من و کاك محه‌مه‌د فه‌رج بووین، له‌ ڕێگه‌ی کاك عومه‌ر ڕه‌حیمه‌وه‌و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ مامۆستا ئیحساندا کار ئاسانیان بۆ کردین و زه‌ماله‌مان بۆ کرا له‌ ڕێگه‌ی ڕێکخراوێکی تورکیه‌وه‌، ئیتر ئه‌وان ئێمه‌یان به‌ موڵکی خۆیان ده‌زانی و ئێمه‌ش هیچ ئیحساسێکی حیزبیمان نه‌بوو چونکه‌ نه‌ په‌یوه‌ندیان ده‌کردوو نه‌ مامه‌ڵه‌یان وه‌ك قوتابی بوو به‌رانبه‌رمان و نه‌ هه‌ستێکی وامان بۆ دروست ده‌کات که‌ فعله‌ن ئه‌وان له‌گه‌ڵی ئێمه‌دان، هه‌روه‌ك چۆن که‌سێك کارێك له‌ کۆڵی خۆی بکاته‌وه‌ وه‌یان کارێك بکات و بیدات به‌ ئاودا به‌و شێوه‌یه‌ بوو، چونکه‌ برایه‌تیه‌کی حه‌قیقی تامکرابوو له‌ کوردستاندا هه‌ر به‌دوای ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌دا ده‌ڕۆیشتین و نه‌ده‌گه‌شتین پێی، ئیتر کار به‌ره‌ به‌ره‌ له‌وه‌ ده‌ترازا که‌ بتوانرێت شته‌کان هه‌ر به‌ کپکراوه‌ی بهڵێرێته‌وه‌، چه‌ند جارێکیش ئه‌م گله‌ییانه‌ ده‌گه‌یه‌نرا به‌ کوردستان و هه‌وڵی چاره‌سه‌کردنی ده‌درا به‌ نهێنی به‌ڵام فایده‌ی نه‌بوو، ئه‌مه‌ش وه‌ڵامیشه‌ بۆ ئه‌وانه‌ که‌ ده‌ڵێن بۆ له‌سه‌ر یه‌کگرتوو ده‌نووسن ناکرێت به‌ نهێنی پێیان بڵێن، وه‌ هه‌ندێك جار ئه‌وه‌شیان ده‌وت که‌ ئێوه‌ دوورن بۆیه‌ په‌یوه‌ندیه‌کان که‌موکوڕی تێدایه‌، تا قه‌ده‌ری خوای گه‌وره‌ وابوو که‌ کارم بکه‌وێته‌ وڵڤرهامپتۆن بۆ ماوه‌ی شه‌ش حه‌وت مانگ که‌ هێشتا هه‌ر خوێندکاری په‌یمانگا ئیسلامیه‌که‌ بووم. که‌ ڕۆشتمه‌ وڵڤرهامپتۆن له‌به‌ر زۆری کورده‌کانی ئه‌وێ و گلێریان‌ به‌شێوه‌یه‌کی گشتی پێکه‌وه‌ وامان ده‌زانی ڕێکخستنه‌کانی یه‌کگرتوو زۆر تۆکمه‌یه‌ له‌وێ، منیش داوام کرد که‌ ئیتر من ئه‌وه‌تام له‌به‌رده‌ستانداو چیتر ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌ تاکه‌ی، زۆر به‌ گه‌رمه‌وه‌ مه‌رحه‌باییان ده‌کردم و حاجی حاجی بانگیان ده‌کردم، دواتر ووتیان ئیتر تۆ لای مامۆستا سامان ده‌بیت، منیش ئه‌وم نه‌ده‌ناسی و ته‌عاروفمان کرد که‌سێکی له‌فز شیرن و قسه‌ خۆش بوو، که‌ له‌گه‌ڵی ده‌بووم هه‌ستم به‌ مورتاحی ده‌کرد ئه‌ویش خوا هه‌ڵناگرێت زۆر خۆی نزیك نیشان ده‌دا، ئیتر ئه‌مه‌لێکی خێر له‌ دڵمدا دروست بوو بوو، به‌ڵام هه‌مووی هه‌ر مه‌رحه‌بای و قسه‌کردنی سه‌ره‌ ڕێگه‌ بوو، هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ که‌ له‌وێ بووم ته‌نها وانه‌یه‌کی تایبه‌تیشم نه‌خوێند هه‌ر وانه‌کانی یه‌ك شه‌ممه‌ بوو، وه‌ك هه‌ر جێگه‌یه‌کی تر، ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا تێگه‌شتم گرنگی نه‌دان بوو له‌ ڕێکخستنه‌کاندا چۆن ده‌کرێت که‌سیك لای که‌سێك دابنرێت و ماوه‌یه‌کی زۆر هیچ په‌یامێکی بۆی نه‌بێت، به‌ڵام دواتر ئه‌وه‌شم بۆ ده‌رکه‌وت ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وا به‌رپرسیاریه‌تیان پێ دراوه‌ فعله‌ن له‌ ئاستی به‌رپرسیاریه‌تیدا نین، بۆ نموونه‌ مامۆستا سامان دواتر وه‌ك بۆیان باسکردم خۆی موره‌شه‌ح بووه‌ له‌ وڵڤرهامپتۆن، منیش له‌ کوردستان مونته‌زه‌میشم ته‌واو کردبوو پێش زیاتر له‌ 10 ساڵ ئه‌وکاته‌، خۆشیان به‌ ئاشکرا ده‌یانووت گرفتمان هه‌یه‌و وا ئێسته‌ خه‌ریكی چاره‌سه‌رکردنین، منیش نه‌ده‌چوومه‌ ناو ناوه‌رۆکه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر به‌رده‌وام ده‌مووت وا نابێت ئیش کردن، دواتر وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌عویزێك بۆ کاره‌کانیان بکه‌نه‌وه‌ ووتیان تاقیکردنه‌وه‌ت بۆ ده‌که‌ین منیش له‌ ڕاستیدا ئاگاداری ئه‌و کێشمه‌نکێشه‌ نه‌بووم له‌ ناو خۆدا زیاتر هه‌ر به‌ دوای برایه‌تیه‌کی قوڵ ده‌مڕوانی، وه‌ واشم ده‌زانی ئه‌و کارانه‌ ئه‌وه‌ ئامانجه‌ دێنێته‌ دی دواتر ڕازی بووم له‌ تاقیکردنه‌وه‌که‌ش که‌ ووتیان ئه‌مه‌ مونته‌زه‌مه‌ هه‌رچه‌ند پێش ده‌ساڵ من مونته‌زه‌میشم خوێندبوو، به‌ڵام هه‌ر ڕازی بووم به‌وه‌ی قه‌یناکا هه‌ر تاقیکردنه‌وه‌ی تێدا ده‌که‌م، کۆمه‌ڵێك پرسیاریان بۆ هێنام و وه‌ڵامی یه‌ك به‌ یه‌کیم دایه‌وه‌ ئیتر هه‌ر ئه‌و وه‌ڵامه‌ بوو ئه‌نجامی هه‌ر نه‌بوو! دواتر بۆشم ده‌رکه‌وت ئه‌و تاقیکردنه‌وه‌ موره‌شه‌ح بووه‌ نه‌ك مونته‌زه‌م! له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ منی زۆر تووڕه‌کرد بۆ درۆکردن له‌گه‌ڵمدا، به‌ڵام یاسین گه‌ڵاڵی وورده‌کاری ئه‌و شتانه‌ی بۆ باسکردم و ووتی تۆ ئه‌مانه‌ ناناسی ئه‌مانه‌ خه‌ریکی ناوچه‌گه‌رێتین و ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵی خۆیاندا نه‌بێت هه‌ر موراوه‌غه‌ی پێ ده‌که‌ن و به‌ ئێمه‌ش کراوه‌و تۆش له‌ زمنی ئێمه‌دا حسێب ده‌که‌ن، ئیتر شتی زۆری ئاماژه‌ پێ ده‌کرد، منیش به‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو خۆ من چ کێشه‌یه‌کم له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه‌ چ مونافه‌سه‌یه‌کم له‌گه‌ڵ کردوون، یاسین گه‌ڵاڵیش ده‌یووت تۆش هه‌ر له‌ زمنی ئێمه‌دا حساب ده‌که‌ن و ئێمه‌ کێشه‌مان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه‌و ده‌یانناسین.
دوای هه‌موو پله‌کانی په‌یمانگا ئیسلامیه‌که‌م به‌ سه‌رکه‌وتووی ته‌واو کرد، ئه‌وه‌ی بوو به‌ مایه‌ی پرسیار له‌لای من گرنگی نه‌دان بوو به‌و خوێندنه‌ی که‌ من ته‌واوم کرد، که‌ ئه‌گه‌ر منیان به‌ به‌شێك له‌ خۆیان بزانایه‌ خۆ ده‌بوو به‌رنامه‌یه‌کیان بۆم هه‌بوایه‌، به‌ڵام بۆم ده‌رکه‌وت خۆشیان له‌ناو ململانیه‌کی بێ مانادان، هه‌رچه‌ند هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ من هه‌ستم به‌وه‌ ده‌کرد، به‌ڵام هه‌رخۆم عوزرم بۆ خۆم ده‌هێنایه‌وه‌ تا عوزره‌کانی له‌ حه‌فتاش ڕه‌د بوو ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هات شته‌کانی هه‌ر له‌ عوزرا نه‌مێنێت.
کۆنفراسیان به‌ست دوای زیاتر له‌ ساڵێك زانیم کۆنفراس به‌ستراوه‌، منیش ووتم باشه‌ بۆ هه‌ر ئاگاداریان نه‌کردووم، کاك محه‌مه‌د جه‌لال ووتی والله‌ بۆ ئاگاداریشت مامۆستا ئیحسان خۆی قه‌رارێکی ده‌رکردووه‌ که‌ ئه‌وه‌ی قوتابی ماسته‌رو دکتۆرا بێت بۆی هه‌یه‌ ببێته‌ ئه‌ندامی کۆنفراس، به‌ڵام ئه‌و قه‌راره‌ هه‌ر بۆ چه‌ند که‌سێك بووه‌ خۆی ویستوویه‌تی خۆ تۆش قوتابی ماسته‌ریت بۆ شمولی نه‌کردوویت، ئیتر منیش زیاتر بۆم ده‌رده‌که‌وتن و ووته‌کانی یاسین گه‌ڵاڵی و محه‌مه‌د جه‌لال بوو بووه‌ مایه‌ی مولاحه‌زه‌ لام که‌ فعله‌ن ئه‌گه‌ر وانی یه‌ خۆ ئه‌وه‌تا من ده‌ ساڵه‌ له‌ به‌ریتانیام بۆ هه‌نگاوێکی وا نه‌نراوه‌.
دواتر وا هاته‌ پێش که‌ له‌ وه‌یڵز بار بکه‌م بۆ بێرمینگهام، چونکه‌ کارێکی وام نه‌مابوو له‌ وه‌یڵزوو ماسته‌ره‌که‌م ده‌واممم نه‌مابوو بۆی و هه‌موو مه‌رحه‌له‌کانم بڕی ته‌نها ماسته‌رنامه‌که‌ی نه‌بێت که‌ ئه‌ویش له‌ دووره‌وه‌ هه‌ر ده‌کرا.
جگه‌ له‌وه‌ی محه‌مه‌د جه‌لال و یاسین گه‌ڵاڵی و چه‌ند که‌سێکی تریش هانیان ده‌دام بۆ هاتنم بۆ بێرمینگهام له‌به‌ر کۆمه‌ڵێك خزم و ناسیاوی خۆشم حه‌زم به‌ بێرمینگهام ده‌کرد.
به‌هاتنم بۆ بێرمینگهام ئیتر کێشه‌ی گه‌وره‌ ده‌ستی پێکرد، ئه‌ویش به‌ شه‌ڕێکی سارد له‌ نێوان هه‌ندێك له‌و که‌سانه‌ی که‌ پێکه‌وه‌ کارمان ده‌کردوو هه‌ندێك له‌ یه‌کگرتووه‌کاندا.
ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی ئێوه‌ زیاتر له‌ چیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟
عومه‌ر عه‌لی: من له‌وه‌ تێگه‌شتبووم که‌ یه‌کگرتوو لایه‌نی دینی زۆر لاواز بووه‌و به‌جۆرێکیان لێهاتووه‌ کوردی خۆمان ده‌ڵێ وه‌ك وابێت بووبنه‌ قسه‌ی خۆیانه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئیسلامه‌تیه‌که‌یان کاڵ بوو نزیکی پارتی بوو بوونه‌وه‌ ته‌نها نوێژ بکه‌و ده‌نگ بده‌ به‌ یه‌کگرتوو ئیتر ته‌واوه‌، هه‌ربۆیه‌ یاسین گه‌ڵاڵی‌ به‌رده‌ام ده‌یووت یه‌کگرتوو له‌ ڕووی فکریه‌وه‌ به‌ره‌و عه‌لمانی ده‌چێت و ناوی چه‌ند که‌سێکیشی ده‌هێنا له‌گڵیدا وه‌ك ئه‌بوبه‌کر کاروانی، هادی عه‌لی، مه‌ولود باوه‌موراد، له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێکی ئێره‌شدا.
من وه‌ك خۆم حه‌زم به‌ خزمه‌ت ده‌کرد له‌ بواره‌ ده‌عه‌ویه‌که‌وه‌و که‌متر حه‌زم به‌ سیاسه‌ته‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ عیلمی شه‌رعی و خزمه‌تکردنی ئه‌و بوارانه‌، ئه‌وه‌شی منی تووڕه‌کردبوو خۆ من وه‌ك هه‌ندێك ململانێی سیاسیم له‌گه‌ڵ که‌سدا نه‌کردووه‌و باوه‌ڕیشم پێی نی یه‌، به‌ڵام بۆ هیچ مه‌جالێکی ده‌عه‌ویه‌که‌شم بۆ ناکرێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر من یه‌کگرتوو به‌ ئه‌ندامی خۆیم ده‌زانێ ئه‌وا کۆلێژی شه‌ریعه‌م ته‌واو کردوو که‌چی ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ته‌نها بانگ نه‌کرام بۆ پڕکردنه‌وه‌ی که‌لێنێك له‌ کاتێکدا خۆیان که‌سی شیاویان زۆر که‌م بوو له‌ بواری ده‌عه‌وی و شه‌ریعه‌دا، تا ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت ئه‌وه‌ی له‌ بواره‌ ده‌عه‌ویه‌که‌دا ده‌ور ده‌بینێت عیلمی شه‌رعیان زۆر زۆر که‌مه‌ که‌سی وایان هه‌بوو وام ده‌زانی ماسته‌رو دکتۆرای له‌ شه‌ریعه‌دا هه‌یه‌ که‌چی ده‌سته‌وسان ده‌بوو له‌ وه‌ڵامێکی ئاسایی شه‌رعیدا، که‌ دواتر بۆم ده‌رکه‌وت ناحه‌قی نه‌بوو هیچ عیلمی شه‌رعی نه‌خوێندبوو، له‌ سیمینارێکدا له‌ شاری وڵڤرهامپتۆن که‌ به‌ناوی فیقهی ئیسلامیه‌وه‌ به‌ستراو ئاماده‌ی بووم ئه‌وه‌ی به‌ فیقهی ئیسلامی نه‌شێ کرا له‌و سیمیناره‌دا.
ئیتر که‌سێك که‌ شه‌ریعه‌ ته‌واو بکات حه‌زکردن نی یه‌ به‌ پۆست وه‌ك هه‌ندێك ده‌ڵێ که‌ هه‌ست به‌ به‌رپرسیاریه‌تی بکات به‌رانبه‌ر دینه‌که‌و هه‌وڵی ده‌وربینین بکات له‌و بواره‌دا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ناوو پۆست و پۆستکاری بووه‌ته‌ ده‌ردێکی کوشنده‌ له‌ناو یه‌کگرتوو وه‌ حیزبه‌ ئیسلامیه‌کاندا، من ئه‌گه‌ر بمه‌وێت ده‌مه‌وێت ووتار بده‌م له‌ کاتیدا کۆلێژی شه‌ریعه‌م ته‌واو کردووه‌و ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تیشم هه‌یه‌ ده‌ڵێن تۆ حه‌زت له‌ خۆ ده‌رخستنه‌ که‌چی هه‌ر ئه‌و که‌سه‌ی که‌ ئه‌وه‌ به‌ من ده‌ڵێ خۆی ده‌یه‌وێت ووتار بدات که‌ نه‌ کۆلێژی ته‌واو کردووه‌و نه‌ ئیجازه‌شی هه‌یه‌! به‌ڕاستی جێگه‌ی تێڕامانه‌!، ئیتر من ناچار ده‌بووم خۆم زه‌مینه‌ بۆ کاره‌کانم بسازێنم بابه‌تم ده‌نار بۆ سایتی یه‌کگرتوو ده‌بوایه‌ که‌سێك ته‌زکیه‌ی بکردایه‌م تا بڵاویان بکردایه‌ته‌وه‌ له‌ کاتێکدا جێگه‌ی تر به‌ مه‌منونیشه‌وه‌ پاره‌شیان ده‌دا پێم شتیان بۆ بنێرم، وه‌ خۆشم سایت و گۆڤارم دامه‌زراند بۆ زه‌مینه‌ سازاندن بۆ خۆم و دوورکه‌وتنه‌ له‌ ته‌زکیه‌
به‌ قسه‌کاندا دیاره‌ ته‌نها خۆشت نیت و که‌سی تر هه‌ن ناڕه‌زاییان هه‌بێت؟
عومه‌ر عه‌لی: ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وا ناسیمن هه‌موومان تاڕاده‌یه‌ك نزیك بووین له‌یه‌که‌وه‌ له‌ ڕووکه‌شدا هه‌رچه‌ند که‌یسی من له‌وان جیاوازبوو ئه‌وان به‌هۆی تێکه‌ڵیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك به‌رپرسی یه‌کگرتوودا ڕق و به‌ربه‌ره‌کانیه‌یه‌ك له‌ نێوانیاندا دروست بوو بوو، به‌ تایبه‌ت محه‌مه‌د جه‌لال و یاسین گه‌ڵاڵی، چونکه‌ من هه‌ستم به‌وه‌ ده‌کرد له‌ ئه‌سنای کاردا به‌رده‌وام ئه‌وانیان به‌ نموونه‌ ده‌هێنایه‌وه‌، من هیچ که‌س له‌وانه‌ی ئه‌وان ناویان ده‌هێنان نه‌م ده‌ناسین وه‌یان هه‌ر به‌سه‌رپێیه‌وه‌ به‌رچاوم که‌وتبوون، به‌ڵام ئه‌وان به‌رده‌وام شتیان به‌رانبه‌ریان دووباره‌ ده‌کرده‌وه‌، منیش ئه‌وه‌م پێ ده‌وتن ئه‌گه‌ر تۆ بته‌وێت ڕقم به‌رانبه‌ر که‌سێك بۆ دروست بکه‌یت من نایناسم که‌ی ماقوله‌ ڕقم له‌که‌سێك بێت که‌ هیچ شتێکم له‌گه‌ڵیدا نه‌بووه‌، ده‌توانم به‌شێوه‌یه‌کی گشتی ڕێکخستنی یه‌کگرتوو به‌ ناکاراو سه‌قه‌ت ناو ببه‌م له‌به‌ر بینینی ئه‌زموون و چه‌ند ساڵی ڕابردوو به‌ڵام وه‌ك گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌نها بۆ که‌سێکی دیاری کراو ئه‌وه‌ ئیشی من نی یه‌، به‌ ته‌ئکید کۆمه‌ڵێك که‌س هه‌یه‌ که‌ هه‌موویان له‌ یه‌کگرتوو تۆراون ناوی هه‌موویان پێم باش نی یه‌ لێره‌دا بهێنم، هه‌شته‌ هه‌ر به‌ناو له‌گه‌ڵیاندا ماوه‌ته‌وه‌و فه‌قیری ماڵی خۆیه‌تی کورد واته‌نی.
تا چ ڕاده‌یه‌ك هه‌بوونی لقێکی سه‌ربه‌خۆی یه‌کگرتوو هه‌یه،‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی گۆڤاری ململانێ ئاماژه‌ی پێکردووه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: دوای ئه‌وه‌ ئێمه‌ که‌ وازمان له‌ یه‌کگرتوو هێنا ئیتر ململانێی سارد له‌گه‌ڵیاندا ده‌ستی پێکرد به‌ڵام من هه‌ر ئه‌وه‌م ووتووه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌ت هه‌یه‌ به‌ ئاشکرا بیگره‌و تا ببێته‌ وانه‌یه‌ك بۆیان و سه‌ره‌وه‌ش په‌ندی لێ وه‌رگرن، به‌ڵام خۆ ووتی ووتی هیچ چاره‌سه‌رناکات.
کێشه‌کان زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تر بوون که‌وا من به‌ ئاسانی بیری لێ بکه‌مه‌وه‌، تا دواجار که‌ بوو به‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمانم یاسین گه‌ڵاڵی ده‌یووت ده‌بێت ئێمه‌ لقێکی جیامان هه‌بێت و په‌یوه‌ست بین به‌ کوردستانه‌وه‌، سه‌رچاوه‌که‌شی بۆ یاسین گه‌ڵاڵی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، منیش به‌لامه‌وه‌ واقعی نه‌بوو جگه‌ له‌وه‌ی گومانیشم نی یه‌ که‌ یه‌کگرتوو ئه‌وه‌ قبوڵ ناکات، له‌ولاشه‌وه‌ که‌ تۆ وازت هێناوه‌ ئه‌مه‌ جۆرێکه‌ له‌ شه‌ڕ فرۆشتن به‌ یه‌کگرتوو تۆ خۆت ساغ نه‌که‌یته‌وه‌ چۆن یه‌کگرتوو لقێکت بۆساغ بکاته‌وه‌، له‌ولاشه‌وه‌ بۆنی ئه‌وه‌ی لێ ده‌کرا که‌ هه‌وڵدانێك بێت بۆ مه‌سولیات و گومانی زه‌قی له‌ دڵی مندا دروست ده‌کرد، له‌ ڕاستیدا یه‌کگروو ته‌نها ناوه‌ندی هه‌یه‌ لێره‌و هیچ لقێك به‌ناوی لقی سه‌ربه‌خۆوه‌ نی یه‌و ئه‌وه‌ش جێگه‌ی قبوڵ کردن نی یه‌ لای یه‌کگرتوو، گۆڤاری ململانێش هه‌ڵه‌ی زه‌قی کردووه‌ له‌و ووتاره‌داو به‌ ووردی خوێندمه‌وه‌ په‌یوه‌ندیشم به‌ بڵند مسته‌فاوه‌ کرد سه‌رنووسه‌ره‌که‌ی له‌ وه‌ڵامدا ده‌یووت شته‌کان هه‌روا به‌ ده‌ست ئێمه‌ گه‌شتووه‌و له‌به‌ر دووریمان که‌موکوڕی ده‌بێت، به‌ڵام ئایا زه‌روره‌ به‌ که‌موکوڕیه‌وه‌ شته‌که‌ بڵاو بکرێته‌وه‌ به‌ بیانووی دووریه‌وه‌، ئه‌وه‌ی به‌لای منه‌وه‌ سه‌یر بوو که‌ناوی باڵی سه‌ربه‌خۆی یه‌کگرتووی ده‌کرد مامۆستا عادلی به‌ سه‌رپه‌رشتیاری باڵێکیان ناو ده‌برد له‌ کاتێکدا مامۆستا عادل زۆر دووره‌ له‌و جۆره‌ کارانه‌وه‌.
ئه‌وه‌ی من به‌لامه‌وه‌ گرنگ بوو زه‌مینه‌ سازیه‌کی ده‌عه‌وی بوو تا ئه‌وه‌ی فێربووم به‌ شێنه‌ی فێری خه‌ڵکی بکه‌م و ئه‌و زانیاریه‌ که‌مه‌ی که‌ فێری بووم له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆم تووشی خێر بکه‌م، نه‌ك به‌کاری بهێنم بۆ دژایه‌تی کردن و خۆمی پێ به‌رز بکه‌مه‌وه‌، من وه‌ك ڕۆژنامه‌نووسێك ڕه‌خنه‌ ده‌گرم له‌ واقعه‌که‌ به‌بێ جیاوازی، به‌ڵام ڕۆژێك له‌ ڕۆژان بۆ به‌رپرسێتی هه‌وڵم نه‌داوه‌، هه‌ر بۆیه‌ش بێ منه‌ت بووم هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌و حه‌زم به‌ قسه‌گۆڕین نه‌بووه‌ ڕۆژێك شتێك بڵێم و ڕۆژێکی تر به‌لایه‌کی تردا بای بده‌مه‌وه‌ له‌ ژێر ناوی سیاسه‌تدا، ئه‌وه‌ی من له‌ سیاسه‌تیشدا له‌ کۆلێژ خوێندوومه‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ نی یه‌ که‌ درۆی تێکه‌ڵ بکرێت جگه‌ له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی به‌ناوی سیاسه‌ته‌وه‌ ده‌کرا هه‌ستم پێ ده‌کرد به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسیه‌ نه‌ك سیاسه‌ت.
دوای نیشته‌جی بوونت له‌ بێرمینگهام هه‌ست به‌چی ده‌که‌یت و تاچه‌ند ئه‌و ململانیه‌ که‌م بۆته‌وه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: هه‌ستم به‌ تروسکایه‌ك ده‌کرد به‌ گه‌رمه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی بێرمینگهام کرام له‌لایه‌ن چه‌ند برایه‌که‌وه‌، داوای کارکردنیان لێ ده‌کردم پێکه‌وه‌ منیش هیچ کات ده‌ستم به‌ڕووی که‌سدا نه‌ناوه‌ له‌ مه‌ڕ داواکاری کاری خێروچاکه‌دا، یه‌کگرتووه‌کانیش هه‌وڵیان ده‌دا له‌گه‌ڵیاندا کار بکه‌م و منیش قبوڵی کارکردنه‌که‌م ده‌کرد به‌ڵام ئه‌وان مه‌رجیان حیزبی بوونی من بوو منیش ئه‌وه‌م قبوڵ نه‌کرد، وه‌ ئه‌و برایانه‌ی تریش ووتیان تا ئێسته‌ یه‌کگرتوو بواری بۆ ئێمه‌ نه‌ڕه‌خساندووه‌و پێویسته‌ خۆمان بوار بۆ خۆمان بڕه‌خسێنین، منیش باوه‌ڕم به‌و قسه‌ هه‌بوو که‌ فعله‌ن وابوو، ده‌ستمان کرد به‌ پرۆژه‌ی مزگه‌وت و مزگه‌وتی نوورمان دامه‌زراند تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام وه‌ك لێك نزیك بوونه‌وه‌ هه‌رچه‌ند من چه‌ند جارێك هه‌وڵمدا وه‌ك شه‌خسی به‌ڵام فایده‌ی نه‌بوو دیاربوو جۆرێك له‌ بێ سیقه‌ی دروست بوو بوو وه‌ جۆرێك له‌ بێ سیقه‌ی هه‌بوو له‌ نێوان ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ مندابوون و ئه‌وان، دیاربوو له‌ قه‌ڵه‌مه‌که‌شی منیش ده‌ترسان، جگه‌ له‌وه‌ش زۆرجار هه‌وڵماندا په‌یوه‌ندی له‌ نێوان مزگه‌وته‌کاندا دروست ببێت و به‌نامه‌ی ڕه‌سمی ده‌عوه‌تمان ده‌کردن، وه‌ نامه‌ی تایبه‌تیشم بۆ ئه‌میندار مامۆستا سه‌لاحه‌دین نارد، وه‌ یه‌کگرتوو لێره‌ هیچ وه‌ڵامێکی ئیجابیان نه‌بوو هه‌روه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌تاوه‌ هۆکار بوون بۆ شه‌ق بوونه‌که‌ دواتر بوون به‌ فیتنه‌ له‌ناو خه‌ڵکداو دووبه‌ره‌کی نێوان مزگه‌وت له‌ناو خه‌ڵکدا ده‌بیسترا که‌ ئه‌وان دروستیان کرد، قسه‌ی پڕوپوچیان له‌سه‌ر مزگه‌وت ده‌کردوو به‌ مه‌تعه‌م و بچوکكردنه‌وه‌ی ناوه‌که‌ی باسیان ده‌کرد.
با بێینه‌ سه‌ر باسی کۆمه‌ڵی ئیسلامی و کێشه‌کانی ئه‌وان، په‌یوه‌ندی تۆ له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵدا چی بوو؟
عومه‌ر عه‌لی: ئه‌وکاس که‌سێکی کۆمه‌ڵیش به‌ناوی ئه‌کره‌م دیدات له‌ ڕێگه‌ی یاسین گه‌ڵاڵیه‌وه‌ هاته‌ ناو کاره‌که‌و به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی قوتابی شه‌ریعه‌یه‌ ئه‌وکات من هه‌ر نه‌شم ده‌ناسی، وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌وه‌وه‌ که‌سێکی تریش هاته‌ ناو کاره‌که‌و هه‌وڵی زیاتر کردنیشی درا به‌ڵام به‌ دووکه‌س کۆتای پێ هات، به‌هۆی وازهێنان له‌ یه‌کگرتووه‌و هه‌وڵی نزیك بوونه‌وه‌ له‌ کۆمه‌ڵ ده‌درا به‌تایبه‌ت یاسین گه‌ڵاڵی زۆر به‌ شان و باڵی مامۆستا عه‌لی باپیردا ده‌هات هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌درا که‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ بچینه‌ ناو کۆمه‌ڵ، کاره‌که‌ش خه‌ریك بوو به‌ته‌واوی سه‌ر بگرێت و ته‌نها له‌سه‌ر شتێك مانه‌وه‌ که‌ مامۆستا عه‌لی باپیر ته‌له‌فۆن بۆ یاسین گه‌ڵاڵی بکات وه‌ك خۆی ده‌یووت با مامۆستا عه‌لی باپیر ته‌له‌فۆنم بۆ بکات، منیش هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ موعارز بووم به‌وه‌ هه‌رچه‌ند هه‌وڵیان دا له‌گه‌ڵم و به‌ بیانوی به‌هێزی کاره‌که‌وه‌، به‌ڵام لای من ئاوی نه‌ده‌خوارد منیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ده‌وت ئه‌گه‌ر حیزبایه‌تی بکه‌م له‌گه‌ڵ یه‌کگرتوو ده‌بم، دواتر خۆشیان هاتنه‌ سه‌ر ئه‌و ڕایه‌ی که‌ مادان تۆ نووسه‌ریت قه‌یناکه‌ نووسه‌ر باشتره‌ سه‌ربه‌خۆ کار بکات، وه‌ك خۆم هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌وه‌م پێ ده‌ووتن.
که‌ دانیشتنی ئیداره‌ی مزگه‌وت بوو هه‌رکه‌سه‌و کارێکی پێ سپێرا منیش به‌حوکمی نووسه‌ریه‌که‌م ووتیان ڕاگه‌یاندن بۆ تۆ باشه‌و ئێمه‌ که‌سمان توانامان له‌و بواره‌دا نی یه‌و هه‌ر بۆ تۆ باشه‌، منیش قبوڵم کرد وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گومانیش به‌رانبه‌رم دروست نه‌بێت ووتم هه‌رچی بنووسم به‌ناوی ئیداره‌وه‌ ده‌ینووسم و پێویستم به‌وه‌ نی یه‌ ناوم ده‌رکه‌وێت، به‌ڵام به‌لای ئه‌وانه‌وه‌ گرنگ نه‌بوو ووتیان نا قه‌یناکه‌، به‌ڵام من خۆم هه‌ر هیچ نووسراوێکم به‌ناوی خۆمه‌وه‌ نه‌ده‌نووسی له‌به‌ر دووری گومان له‌ خۆم و به‌هێزی ئیداره‌ش، دوای چه‌ند دانیشتنێکی تر ووتیان ده‌بێت تۆ ئه‌رکی مه‌لایه‌تیش بگریته‌ ئه‌ستۆ ئه‌وکات من پێم باش نه‌بوو وه‌ قبوڵیشم نه‌کرد، له‌به‌ر سه‌رقاڵیم به‌ خوێندن و مه‌ژغه‌ڵه‌تی پرۆژه‌ی نووسین و کاری تر، به‌ڵام که‌سێك نه‌بوو مه‌لایه‌تیه‌که‌ی قبوڵ بێت و به‌ڕه‌سمی به‌ناوی مه‌لاوه‌ بناسرێت، دواتر هاتنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌ نۆره‌ مه‌لایه‌تی بکرێت وه‌ك پێشنیاری ئه‌کره‌م دیدات که‌ ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندی کۆمه‌ڵ بوو وه‌ك خۆی ده‌یووت، به‌ڵام یاسین گه‌ڵاڵی ووتی شتی وا نابێت مزگه‌وت ده‌بێت یه‌ك مه‌لای هه‌بێت و ته‌مسیلی ئه‌و مزگه‌وته‌ بکات، کاك به‌کریش پشتگیری ئه‌و ڕایه‌ی کردوو ووتی مینبه‌ر گۆچانی شوان نی یه‌ هه‌ر ڕۆژه‌و به‌ده‌ستی یه‌کێکه‌وه‌ بێت و باشتره‌ هه‌ر یه‌ك که‌س بێت، ئیتر هێنایان و بردیان هه‌ر ڕووی ده‌میان ده‌کرده‌ من و منیش حه‌زم پێی نه‌بوو، تا به‌زۆر له‌لایه‌ن یاسین گه‌ڵاڵیه‌وه‌ ناچارکرام و به‌رده‌وام ده‌یووت من ڕێز له‌ عه‌مامه‌که‌ی تۆ ده‌گرم تۆ بۆ به‌مه‌ نازانیت! من ده‌بێت به‌ یه‌کگرتووی نیشان بده‌م که‌ مه‌لا خاوه‌نی ڕێزه‌! ئه‌وان ڕێز له‌ مه‌لا ناگرن و ناشرینی ده‌که‌ن خۆ نابێت ئێمه‌ش وابین، تۆ بۆ مه‌لایه‌تی قبوڵ ناکه‌یت له‌کاتێکدا خۆت هه‌ر مه‌لایت، ئه‌ی کێ مه‌لایه‌تی بکات خۆ هیچ یه‌ك له‌ ئێمه‌ مه‌لا نی یه‌، ئیتر زۆر ده‌یهێناو ده‌یبرد تا به‌ناچاری ئه‌ویشم قبوڵ کرد، چه‌ند جارێك ئه‌وه‌شی ووت که‌ من ئه‌گه‌ر جنسیه‌م هه‌بوایه‌ خۆم ده‌چوومه‌ سه‌ر مینبه‌ر کاك سیروانیش ئه‌وه‌ی ده‌ووت: مه‌لا عومه‌ر یاسین گه‌ڵاڵی قسه‌کانی گوماناویه‌و ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ تۆی ده‌وێت تا جنسیه‌که‌ی وه‌رده‌گرێت مه‌گه‌ر خۆی ناڵێت.
ئیتر منیش ئه‌رکی گه‌وره‌م که‌وته‌ سه‌رشان و ده‌بوو لایه‌نه‌ یاساییه‌که‌یم له‌بیر بێت بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کان سه‌رکه‌وتوو بێت تا ئه‌وه‌نده‌ی ئیجازه‌ وه‌رده‌گرین هه‌ستام به‌ نووسینی پرۆژه‌ی دامه‌زراندنی ڕێکخراوێك و محه‌مه‌د جه‌لال و یاسین گه‌ڵاڵی و سیروان که‌لاریم بانگکردن بۆ ماڵی خۆمان ووتم پێویست به‌ ته‌شکیله‌ی ئیداری ده‌کات بۆ ڕێکخراوه‌که‌ هه‌ستم ده‌کرد یاسین گه‌ڵاڵی و محه‌مه‌د جه‌لال هه‌ریه‌ك هه‌وڵی وه‌رگرتنی پۆستی باڵای ده‌دا، منیش به‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو ئه‌مه‌ که‌ی ئه‌وه‌ ده‌هێنیت من بیرم له‌لای کاری یاسایی مزگه‌وته‌که‌و ئه‌مانیش بۆخۆیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن، دواتر بووه‌ ناکۆکی له‌سه‌ری هیچ کامیان ڕازی نه‌ده‌بوون به‌وی تر هه‌تا یاسین گه‌ڵایان به‌وه‌ ترساندیان که‌ یارمه‌تی حکوومه‌تت ده‌بڕێت ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌ وه‌رگریت ئه‌ویش ووتی قه‌یناکا، دواتر هاتنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ با به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراو بۆ من بێت به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ من کاره‌کانم هه‌مووی کردووه‌ منیش ووتم من وه‌ك ئیعلام له‌سه‌رمه‌ کاره‌کان ڕاپه‌ڕێنم به‌ڵام ئه‌وه‌ ناکه‌م ئیتر هیچ کامیان ڕێنه‌که‌وتن له‌سه‌ری و به‌ جۆرێك له‌ عاجزی دانیشتنه‌که‌ کۆتای پێهات.
دوای ده‌ست به‌کار بوونمان له‌ مزگه‌وت به‌رده‌وام له‌ نیوان یاسین گه‌ڵالی و ئه‌کره‌م دیداتدا کێشه‌ دروست ده‌بوو له‌سه‌ر وانه‌ ووتنه‌وه‌و هه‌ریه‌ك ئه‌وی تری به‌خۆ ده‌رخه‌رو خۆ زل زان ناو ده‌برد، دواجار جۆرێك له‌ مونافه‌ بۆ مینبه‌ر له‌لایه‌ن ئه‌کره‌م دیداته‌وه‌ دروست بوو ده‌یووت پێویسته‌ منیش ووتار بده‌م، منیش ووتم له‌ ئیداره‌ باسی بکه‌و به‌لای منه‌وه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ری هه‌بێت و حه‌زم به‌ ئیشی لاوه‌کی نه‌ده‌کرد، له‌ ئیداره‌ یاسین گه‌ڵاڵی زۆر به‌ تووندی دژی ده‌وه‌ستایه‌وه‌ ئاگری تێ به‌رده‌بوو هه‌ر که‌ باسی مینبه‌ری بکردایه‌، دواتر ده‌که‌وته‌ گیانی من و ده‌یووت تۆ بۆ قه‌دری عه‌مامه‌که‌ی خۆت ناگریت و من ڕێزم بۆ عیلم و عه‌مامه‌که‌ی تۆ داناوه‌، منیش هه‌ستم به‌ شتێکی شاراوه‌ ده‌کرد، به‌ڵام جۆرێك له‌ تووش بوون تووش بوو بووم، تا ناکۆکی گه‌وره‌ که‌وته‌ نێوان یاسین گه‌ڵاڵی و ئه‌کره‌م دیدات و به‌جۆرێك هاتنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی مزگه‌وت دابخرێت، له‌ کاتێکدا هه‌مووی له‌سه‌ر به‌رپرسی ئیداره‌و خۆیان واته‌نی پۆست بوو، یاسین گه‌ڵاڵی ده‌یووت ئه‌مانه‌ نه‌هزه‌ کۆنه‌کانن و هه‌ر بۆ مه‌سولیه‌ت هه‌وڵ ده‌ده‌ن، ئه‌وانیش هه‌مان شتیان به‌وان ده‌ووت، له‌م نیوه‌نده‌دا منیش وه‌ك خۆراکم لێهاتبوو هه‌تا هه‌ندێك جار ڕووبه‌ڕووی منیش ده‌بوونه‌وه‌ دواتر که‌ به‌تاك قسه‌م له‌گه‌ڵ ده‌کردن ده‌یانووت ئێمه‌ کێشه‌مان له‌گه‌ڵ تۆدا نی یه‌ مه‌به‌ستمان به‌رانبه‌ره‌! ئیتر منیش ده‌مووت جا مه‌به‌ستت به‌رانبه‌ره‌ بۆ ڕاسته‌وخۆ پێی ناڵێیت، ئیتر هه‌ریه‌ك جۆرێك له‌ موجامه‌له‌وه‌ شه‌رمی تێدابوو به‌رانبه‌ر یه‌کتر، تا کار گه‌شته‌ ئه‌و ئاسته‌ی که‌ ئیتر ته‌واو پێکه‌وه‌ کارکردن فایده‌ی نی یه‌و باشتره‌ مزگه‌وت دابخرێت، خاوه‌نی جێگه‌که‌یان هێناو هه‌مووی له‌ماڵی ئێمه‌ کۆ بوویه‌وه‌ گه‌شته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که‌ جێگه‌که‌ دابخه‌ن و خاوه‌ن جێگه‌که‌ ووتی ده‌یکه‌م به‌ قاعه‌ی حه‌فله‌، له‌ ڕاستیدا منیش هه‌رچی تووك به‌ گیانمه‌وه‌ هه‌بوو هه‌مووی گژ بوویه‌وه‌ که‌ ئه‌و قسه‌مه‌ بیست مزگه‌وتێك خوای گه‌وره‌ی تێدا بپه‌رسترێت بکرێته‌ جێگه‌ی سه‌ماو هه‌ڵپه‌ڕکێ و کاری ناشه‌رعی، له‌و نیوه‌نده‌دا من وه‌ك بێ لایه‌نم لێهاتبوو هه‌رکه‌س هه‌وڵی ئه‌وه‌ی ده‌دا به‌لای خۆیدا ڕامبکێشێت یاسین گه‌ڵاڵی و محه‌مه‌د جه‌لال لایه‌ك و ئه‌کره‌م دیدات و به‌کر لایه‌ك سیراون که‌لاریش بوو بووه‌ لایه‌نگری ئه‌کره‌م دیدات به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی بوو بوو به‌ کۆمه‌ڵ،دواتر دانیشته‌که‌ به‌وه‌ کۆتای پێهات که‌ مزگه‌وته‌که‌ ته‌سلیم بکه‌نه‌وه‌ خاوه‌ن جێگه‌که‌ش پێشنیاری کرد که‌ هه‌مووی ده‌ربکات و مزگه‌وت به‌ته‌نها بدات به‌ من، به‌ مه‌رجێك متمانه‌ی کرێکه‌ی بده‌مێ، هه‌رچه‌ند له‌ ژێره‌وه‌ محه‌مه‌د جه‌لال قسه‌ی له‌گه‌ڵ کردبوو پێی ووتبوو ئه‌گه‌ر بۆ مه‌لا عومه‌ریش ببێت ئێمه‌ کێشه‌مان له‌گه‌ڵیدا نی یه‌و جێگه‌ی سیقه‌یه‌ به‌ مه‌رجێك بۆ ئه‌کره‌م نه‌بێت، وه‌ کابراش چونکه‌ هه‌ر منی له‌سه‌ر مینبه‌ر بینی بوو هه‌ر ڕووی ده‌می له‌من ده‌کرد، به‌و شێوه‌یه‌ مزگه‌وت کلیلی به‌ته‌نها که‌وته‌ ژێر ده‌ستی من و هه‌مووشی ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ری هه‌بوو ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌ر قبوڵ نه‌کردنی به‌رانبه‌ر له‌سه‌ر سه‌رپه‌رشتیاریه‌تی.
هه‌ر ڕۆژێك دوای ئه‌وه‌ ئه‌کره‌م دوو ئه‌ندامی کۆمه‌ڵ و به‌ناوی بێ لایه‌نیه‌وه‌ هاتن بۆلام ووتیان کاك ئه‌کره‌م حه‌ز ده‌کات ئیشت له‌گه‌ڵدا بکات و ئێسته‌ هه‌موو شتێك له‌ژێر ده‌ستی تۆدایه‌و ده‌توانین ئه‌وه‌ قبوڵ بکه‌یت به‌ هاوکاری خۆت، منیش ووتم من کێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌کره‌م نی یه‌، به‌ڵام ئه‌و کێشه‌ی له‌گه‌ڵ یاسین گه‌ڵاڵی هه‌یه‌و له‌به‌ر کێشه‌ی نێوان ئه‌وان کار گه‌شته‌ ئه‌م حاڵه‌ی ئێسته‌و مادام وایه‌ با ئه‌و له‌گه‌ڵ یاسین گه‌ڵاڵی قسه‌ بکات و ئه‌گه‌ر ئه‌وان خۆیان پێك بێن قه‌یچێکا من قبوڵمه‌و کێشه‌م نی یه‌، به‌ڵام دیار بوو ئه‌و یاسین گه‌ڵاڵی ده‌ناسی و ده‌یزانی ڕێك نه‌ده‌که‌وتن وازی له‌من نه‌ده‌هێنا بۆ منیش گونجاو نه‌بوو قبوڵی بکه‌م، چونکه‌ له‌ دانیشتنه‌که‌دا ئه‌وان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ڕێك که‌وتن که‌ که‌س له‌ ئیداره‌دا نه‌مێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ ده‌یووت من په‌شیمانم له‌وه‌ی که‌ ووتوومه‌، منیش ده‌مووت ئه‌م کێشه‌ له‌من لاده‌ که‌ په‌شیمانی په‌شیمانیه‌که‌ به‌رانبه‌ر یاسین گه‌ڵاڵی یه‌ نه‌ك من، دیار بوو ئه‌کره‌م بیری له‌وه‌ کردبووه‌وه‌ که‌ قه‌ناعه‌ت به‌ من بکات به‌ حوکمی نه‌رمیم له‌گه‌ڵیاندا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌، به‌ڵام منیش نه‌مده‌توانی قه‌ناعه‌ت به‌وه‌ بکه‌م له‌به‌ر یاسین گه‌ڵاڵی و محه‌مه‌د جه‌لال، چونکه‌ قبوڵ کردنی ئه‌و به‌ ته‌نها ته‌ناقوزی له‌و ڕێکه‌وتنه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ هه‌موویان له‌سه‌ری ڕێك که‌وتبوون، دیار بوو ئه‌کره‌م دیدات وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێ ماڵم پێ ناکرێت پێم تێك ده‌درێت کۆمه‌ڵێکی شه‌قاوه‌ی کۆکردنه‌وه‌و وویستی به‌ هێز مزگه‌وته‌که‌م لێ بسه‌نێت له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌داو له‌ حه‌لقه‌ی قورئاندا کۆمه‌ڵێکی هێنا سه‌رم به‌ چه‌قۆوه‌ په‌لاماریان دام و ته‌کفیرو ئه‌و شتانه‌ کرام منیش ته‌له‌فۆنم بۆ پۆلیس کردوو له‌ مزگه‌وت دووری خستنه‌وه‌.
له‌ کۆمه‌ڵنووزیدا به‌ناوی کۆمه‌ڵی هه‌نده‌رانه‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌و له‌سه‌ر ئه‌و باسه‌ دراو له‌ سایته‌که‌ی تۆشدا دواجار هه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ت له‌سه‌ری دابوو ده‌کرێت کێشه‌که‌ی به‌ کورتی باس بکه‌یت؟
عومه‌ر عه‌لی: که‌ هێرش به‌و شێوه‌ هه‌ڕه‌مه‌کی و کوێرانه‌ کرا له‌ مزگه‌وتدا کۆمه‌ڵیكی زۆر له‌وێ بوون و بوون به‌ شاهید له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌که‌، که‌ له‌ مینبه‌ری مزگه‌وته‌وه‌ هاوار ده‌کرا مه‌لا عومه‌ر کافره‌و که‌سی نوێژ نه‌که‌رو شه‌قاوه‌ هێنراوه‌ته‌ مزگه‌وت و هه‌رکه‌س کۆمه‌ڵ به‌ کۆمه‌ڵ بۆخۆی نوێژ ده‌کات و له‌ دوای منه‌وه‌ نوێژیان نه‌کرد تا په‌لاماره‌که‌ش بوو وه‌ پۆلیس هات ئیتر حه‌ق له‌ ده‌ستی مندا بوو به‌بێ ئه‌وه‌ی من قسه‌ بکه‌م ڕووداوه‌که‌ خۆی بۆ خۆی قسه‌ی ده‌کرد، وه‌ نه‌زانینێکی تری ئه‌وان ئه‌وه‌بوو دوای ئه‌و کاره‌ساته‌ش هه‌ر پێداگربوون له‌سه‌ر مزگه‌وت، به‌ڵام به‌ڵگه‌ له‌ ده‌ستی مندا بوو ناچاربوون واز له‌ مزگه‌وت بهێنن، ئه‌و ئه‌وه‌ی منی تووڕه‌کرد ئه‌وکاته‌ ڕێکه‌وتن بوو له‌سه‌ر سێ خاڵ ئه‌وان خیانه‌تیان له‌ هه‌ر سێ خاڵه‌که‌ کرد.
ده‌کرێت خاڵه‌کان بزانین و جۆرێتی خیانه‌ته‌که‌یان؟
عومه‌ر عه‌لی: سێ خاڵه‌که‌ بریتی بوون له‌ 1-نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌ش که‌سه‌ی که‌ کێشه‌که‌یان به‌و تێکده‌رانه‌ دروست کرد له‌ سه‌روی هه‌موویانه‌وه‌ ئه‌کره‌م دیدات که‌ به‌رده‌وام به‌ ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندی خۆیا ده‌ینازی، 2-گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌ی که‌ لای به‌کر بوو،3-داوای لێبووردن کردن بوو به‌ ڕه‌سمی.
ئه‌وان ناچاربوون من هه‌رچێ بڵێم قبوڵی بکه‌ن چونکه‌ ناهه‌قیه‌که‌یان زۆر گه‌وره‌بوو.
وه‌ خیانه‌ته‌که‌شیان ئه‌وه‌ بوو ئێمه‌ به‌ نووسراو ڕێکه‌وتنه‌که‌مان نووسی بوو له‌ نیوان من و مامۆستا سامانی زاوای موشیری گه‌ڵاڵی، که‌چی دواتر له‌ پۆلیس ئه‌کره‌م دیدات ده‌یووت من ده‌مه‌وێت بۆ مزگه‌وت بگه‌ڕێمه‌وه‌، به‌ڵام من هه‌ر ئه‌وه‌م قبوڵ نه‌کردوو ناچار بوو ئه‌و قبوڵی بکات که‌ نه‌ده‌بوو ئه‌و ئه‌و داوایه‌ لای پۆلیس بکات ئه‌گه‌ر حساب بۆ حیزبه‌که‌ی و ڕێکه‌وتنه‌که‌ ده‌کات له‌کاتێکدا خۆی به‌ ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ند ده‌زانێت، ئه‌و پاره‌ش که‌ له‌لای به‌کر بوو 1300 پاوه‌ندی هه‌ر نه‌گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ مزگه‌وت به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی خۆیان کۆیان کردووه‌ته‌وه‌ هه‌رچه‌ند من ووتم با خۆشتان کۆتان کردبێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ موڵکی مزگه‌وته‌وه‌ ووتیان فتوات بۆ ده‌هێنین ئێسته‌ش فتوایان نه‌هێناو پاره‌که‌ش نه‌مانزانی چی به‌سه‌رهات، له‌ داوای لێبووردنه‌ ڕه‌سمیه‌که‌شدا که‌ ناردبوویان بۆ کۆمه‌ڵنیووز چه‌ند دێڕێکیان بۆ زیادکردبوو به‌جۆرێك ناوه‌رۆکی باسه‌که‌ی گۆڕی بوو.
چۆن بوو تۆ له‌ مزگه‌وت وازت هێناو ئێسته‌ یاسین گه‌ڵاڵی مه‌لایه‌تی؟
عومه‌ر عه‌لی: من له‌ مزگه‌وت وازم نه‌هێناوه‌و به‌ گوێره‌ی توانا هاوکاری ده‌که‌م و پاڵشتم بۆی، به‌ڵام وه‌ك وازهێنانم له‌ مه‌لایه‌تی وه‌ك ووتاردانی به‌رده‌وام هۆکاره‌که‌ی یاسین گه‌ڵاڵی بوو، ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ ده‌یووت مزگه‌وت ده‌بێت یه‌ك مه‌لای هه‌بێت و ته‌نها یه‌ك که‌س ته‌مسیلی مه‌لایه‌تی بکات و شه‌ڕه‌که‌ش به‌شێکی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو که‌ ئه‌و ئه‌کره‌می به‌ ووتار خوێن قبوڵ نه‌ده‌کردوو به‌ حساب ڕێزی عیلمی من و عه‌مامه‌که‌م ده‌گرێت، به‌ڵام وه‌ك بڵێی که‌س له‌ ساحه‌که‌دا نه‌ماوه‌ مونافه‌سه‌ی منی ده‌کرد له‌سه‌ر مینبه‌روو وورده‌ وورده‌ ده‌یوویست جێگه‌ به‌ من لێژ بکات، منیش زانیم له‌ هه‌ڵوێسته‌که‌ی خۆی پاشه‌کشه‌ی کردووه‌و جۆرێك له‌ جۆره‌کان پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ ده‌بووه‌وه‌ که‌ خۆی له‌ ڕابردوودا دیووت، منیش ته‌نها یه‌ك ووشه‌م ووتم که‌ من مونافه‌سه‌ی منبه‌ری ناکه‌م و که‌ تۆ حه‌زت لێیه‌تی فه‌رموو بۆ تۆ ئه‌ویش قبوڵی کرد.
که‌وابێت ووته‌که‌ی سیروان که‌لاری ڕاست ده‌رچوو که‌ ووتبووی یاسین گه‌ڵاڵی که‌ جنسه‌ی وه‌رگرت خۆی ده‌چێته‌ سه‌ر مینبه‌ر؟
عومه‌ر عه‌لی: مه‌رج نی یه‌ ئه‌و نیه‌ته‌ی هه‌بوو بێت به‌ڵام دواتر به‌ڵێ وای لێهات.
ئه‌ی په‌یوه‌ندی تۆ له‌گه‌ڵ یاسین گه‌ڵاڵیدا چۆنه‌ ئێسته‌ که‌ ئه‌و شتانه‌ی لێ به‌ده‌رکه‌وتووه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: په‌یوه‌ندی من په‌یوه‌ندیه‌کی ئاساییه‌ له‌گه‌ڵیدا کێشه‌مان نی یه‌، به‌ڵام وه‌ك کارکردن شته‌کان زۆر زۆر سنوردار بووه‌و من زیاتر ئێسته‌ به‌ کاری تره‌وه‌ سه‌رقاڵم.
واته‌ کار له‌گه‌ڵ یاسین گه‌ڵاڵی ناکه‌یت؟
عومه‌ر عه‌لی: نه‌خێر من وام نه‌وتووه‌ ووتوومه‌ سنوردار بووه‌ به‌هۆی سه‌رقاڵی ترمه‌وه‌.
ده‌کرێت بزانین ئێسته‌ ئیوه‌ زیاتر سه‌رقاڵی چین؟
عومه‌ر عه‌لی: لێره‌ کاره‌کان خۆی بۆ خۆی سنورداره‌ به‌هۆی مه‌شغه‌ڵه‌تی زۆری ئه‌م ووڵاته‌و که‌می کاته‌وه‌، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی گشتی فه‌راغه‌کانم به‌ نووسینی کتێب و نامیلکه‌و به‌حس و بابه‌ت بۆ گۆڤارو ڕۆژنامه‌کانی کوردستان و وه‌ڵامی پرسیاری شه‌رعیه‌وه‌ به‌سه‌ ده‌به‌م و به‌گوێره‌ی تواناو کاتیش له‌ مزگه‌وتدا.
ئه‌ی باسی گۆڤاری بوارتان نه‌کرد ئایا ئه‌و گۆڤاره‌تان ژماره‌ی تازه‌ی دیار نی یه، ماوه‌ یان نه‌ماوه‌‌‌؟
عومه‌ر عه‌لی: گۆڤاری بوار هه‌ر به‌رده‌وامه‌و ئێسته‌ له‌ هه‌وڵی ده‌رکردنی گۆڤارێکی ترداین گۆڤاری بواری فکری و گۆڤاره‌ تازه‌که‌ش که‌ هێشتا به‌ته‌واوی له‌سه‌ر ناوه‌که‌ی ڕێك نه‌که‌وتووین به‌ڵام گۆڤارێکی شه‌رعی ده‌بێت، وه‌ له‌ هه‌وڵی سه‌نته‌رێکیشین له‌ کوردستتان به‌ناوی سه‌نته‌ری بوار بۆ چالاکی و ڕۆشنبیری.
بۆ کاره‌کانتان زیاتر به‌لای کوردستاندا ده‌چێت؟
عومه‌ر عه‌لی: من ئه‌وێ به‌ جێگه‌ی کۆتای خۆم ده‌زانم و ئێره‌ وه‌ك کاتی سه‌یر ده‌که‌م و ته‌نها به‌هۆی خوێندنه‌وه‌ تا ئێسته‌ ماومه‌ته‌وه‌و وه‌ لێره‌ش ئێمه‌ هه‌ر زیاتر له‌گه‌ڵ کورده‌کان خه‌ریك بووین.
هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامای حیزبه‌ ئیسلامیه‌کان به‌ ناحه‌ز ده‌تده‌ن له‌ قه‌ڵه‌م وه‌ڵامتان بۆیان چی یه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی که‌ به‌ ناحه‌ز ده‌مان ده‌ن له‌ قه‌ڵه‌م ئاستی ڕۆشنبیریان که‌مه‌و پێویستیان به‌ خوێندنه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه،‌ وه‌گه‌رنا کاره‌کانی ئێمه‌ ته‌واوکه‌ری هه‌موو کارێکی ئیسلامیه‌، گه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌کم له‌ ئه‌دای کاری حیزبه‌ ئیسلامیه‌کان هه‌بێت دڵسۆزیمه‌ بۆیان، خۆ من وه‌ك سه‌له‌فیه‌کان نه‌هاتووم کاری حیزبایه‌تی هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕه‌فز بکه‌مه‌وه‌.
ئه‌م شه‌خسانه‌ چۆن هه‌ڵده‌سنگێنیت له‌ناو یه‌کگرتوودا:
محه‌مه‌د ساڵح، ئیحسان ساڵح، پشتیوان نه‌قشبه‌ندی، مامۆستا سامان، محه‌مه‌د ڕیشه‌، مامۆستا کاوه‌، حاجی لوقمان.
عومه‌ر عه‌لی: به‌گومانتان کردم له دیمانه‌که‌شتان، ئیشی من هه‌ڵسه‌نگاندی شه‌خسه‌کان نی یه‌و من باس له‌کار ده‌که‌م نه‌ك شه‌خس، وه‌ ئه‌و شه‌خسانه‌ش جگه‌ له‌ ڕێز هیچم بۆیان نی یه‌و هه‌ندێکیشیان هه‌ر ناناسم، له‌ هه‌رجێگه‌یه‌کیش ئه‌م دیمانه‌تان بڵاوکرده‌وه‌ پێم باشه‌ ئه‌م پرسیاره‌ هه‌ر ته‌رك بکه‌ن.
‌ئه‌ندامای کۆمه‌ڵ به‌رانبه‌ری تۆ تووڕه‌ن و له‌ زۆربه‌ی نووسینه‌کانتاندا کۆمێنتی جۆر به‌جۆر ده‌نووسن و چی به‌و که‌سانه‌ ده‌ڵێیت؟
عومه‌ر عه‌لی: من هه‌ر ئه‌و که‌سه‌م که‌ کۆمه‌ڵ به‌ ده‌ورپشتما ده‌هاتن و ده‌یانووسیت بم که‌ن به‌ کۆمه‌ڵ، به‌ڵام من هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ قه‌ناعه‌تم پێیان نه‌بوو موشیر گه‌ڵاڵی به‌رده‌وام ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌کردم و له‌ژێر ناوی جۆر به‌جۆردا، به‌ڵام که‌ من ملم بۆیان نه‌دا له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و هێرشه‌شه‌وه‌ له‌ مزگه‌وت ووستیان داخی خۆیانم پێدا بڕژێنن له‌وشیدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون و ئیتر با به‌ ووتی ووتی و کۆمێنت خۆیان خاڵی بکه‌نه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ی کۆمه‌ڵ خۆیان کامه‌ن ئه‌وه‌ی تا ئێسته‌ من ناسیبێتنم که‌سانێکی نا ڕۆشنبیروو ئاست نزمن به‌مه‌بستم ئه‌وانه‌ی ئێره‌، دیاره‌ هه‌ر ئه‌وانه‌شه‌ کۆمێنتی خراپ ده‌نووسن و له‌ نووسینه‌که‌ تێناگه‌ن هه‌ندێك شتی له‌به‌رکراو به‌رده‌وام دووباره‌ ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵام خۆ کۆمه‌ڵ هه‌ر ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ ناڕۆشنبیره‌ نین، که‌سانی گه‌وره‌و باڵایان په‌یوه‌ندیمان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌و کارو پرۆژه‌ی گه‌وره‌ش پێکه‌وه‌ ده‌که‌ین به‌بێ هیج جیاوازیه‌ك.
دوای هه‌موو ئه‌و کێشانه‌ش بڕوات به‌کار کردن ماوه‌ له‌ گه‌ڵیاندا؟
عومه‌ر عه‌لی: من وه‌ك که‌سێکی حیزبی نامه‌وێت کار بکه‌م مه‌گه‌ر له‌ ئاینده‌دا ئه‌م بڕوایه‌م بگۆڕێت، به‌ڵام وه‌ك کارکردن هه‌ر کارێك له‌گه‌ڵ هه‌رکه‌سێك بێته‌ پێشه‌وه‌ ئه‌قڵم بیبڕێت و له‌ چوارچیوه‌ی شه‌رعدابێت به‌ گوێره‌ی توانا ده‌یکه‌م، وه‌ نادادگه‌ریشه‌ له‌به‌ر چه‌ند که‌سێك هه‌موو که‌سه‌کانی تریش به‌وان پێوانه‌ بکرێت، به‌ڵام بیگومان ئه‌و کێشانه‌ی که‌ بووه‌ بووه‌ته‌ ئه‌زموون و زیاتر به‌ ووریایه‌وه‌ ده‌بێت هه‌نگاوه‌کان هه‌ڵبگیرێت.
ڕه‌وته‌که‌ی مامۆستا کرێکار چۆنن به‌لاته‌وه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: ڕه‌وتیك ناناسم به‌ناوی ڕه‌وی مامۆستا کرێکاره‌.
بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی یه‌کێتی زانایان بڵاوبۆیه‌وه‌و بیسترا که‌ ئێوه‌ هه‌وڵتان بۆداوه‌ ده‌کرێت دواهه‌وڵی بزانین؟
عومه‌ر عه‌لی: به‌بێ هیچ جیاوازیه‌ك په‌یوه‌ندیمان به‌ گشت مه‌لا کورده‌کانی به‌ریتانیاوه‌ کرد ئه‌وانه‌ی که‌ مزگه‌وتیان هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وا ده‌رچووی کۆلێژی شه‌ریعه‌ بوون و چه‌ند دکتۆرو محامیه‌کیش، ئیتر مه‌گه‌ر که‌سێك پێمان نه‌زانی بێت و که‌سیش پێی نه‌وتبین، یه‌کگرتوو هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ژداریان نه‌کرد!، کۆمه‌ڵیش هه‌وڵیان دا وه‌زعه‌که‌ بۆخۆیان ئیستیغلال بکه‌ن، به‌ڵام دیاربوو له‌ناو خۆیاندا مشتوومڕیان له‌سه‌رکردبوو پێش هاتنیان بۆ کۆبوونه‌ی یه‌که‌م پێش چه‌ند ڕۆژێك به‌ مه‌لایه‌کیانداو به‌ناوی ئه‌وانیشه‌وه‌ ووتیان نایه‌ین له‌به‌ر هه‌ڵبژاردن!، ئیتر دوو کۆبوونه‌ی له‌سه‌ر کراو یه‌کیه‌تیه‌که‌ دامه‌زرا به‌ڵام پێویستی به‌ فراوانکردن و پشتگرتنیه‌تی بۆ ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری هه‌بێت.
کێ سه‌رۆکی ئه‌و یه‌کیه‌تیه‌یه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: تا ئێسته‌ هه‌ر ئاماده‌کاری بووه‌ بۆی و که‌سێك نی یه‌ به‌سه‌رۆکی بناسێنرێت، له‌به‌ر ئه‌و حه‌ساسیه‌ته‌ی که‌ هه‌یه‌ به‌رانبه‌ر یه‌کتر من وا پرۆژه‌که‌م ته‌رح کرد که‌ به‌بێ سه‌رۆك بێت تا ده‌گاته‌ ئاستێکی گه‌وره‌.
ده‌وترێت تۆ سه‌رۆکی ئه‌و یه‌کیه‌تیه‌ی؟
عومه‌ر عه‌لی: ڕاست نی یه‌ شتی وا نی یه‌و من من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌ش قبوڵ ناکه‌م، چونکه‌ مامۆستای زۆر گه‌وره‌و به‌ ته‌مه‌ن و به‌ ئه‌زموون له‌ به‌ریتانیا هه‌یه‌ من ته‌نها حه‌زم کردووه‌ ده‌ستم له‌و کاره‌ خێره‌دا هه‌بێت و هیچی تر.
حه‌ز ده‌که‌م هه‌ندێك پرسیاری ترتان لێ بکه‌م به‌ جیا له‌و ئاراسته‌ی پێشووه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: فه‌رموو دیاره‌ زۆرتان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌.
په‌یوه‌ندی تۆ له‌گه‌ڵ ماکوان که‌ریم و سۆران عومه‌ردا چی یه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: په‌یوه‌ندیه‌کی برایانه‌و دۆستانه‌یه‌؟
ئه‌و دوو که‌سه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
عومه‌ر عه‌لی: برا گیان خۆ ئه‌مه‌ به‌رنامه‌ی من جیاوازم نی یه‌و منیش لیژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن، ئه‌و دووبرا دوو ڕۆژنامه‌وانی زیره‌ك و بوێرن و جگه‌ له‌ ده‌ستخۆشی هیچی ترم له‌سه‌ریان نی یه‌.
دوا په‌یامتان چی یه‌؟
عومه‌ر عه‌لی: دوو په‌یامم هه‌یه‌ یه‌که‌م بۆ ئێوه‌و دووهه‌م بۆ ئێره‌.
په‌یامی یه‌که‌م: هه‌ستانی ئێوه‌ به‌کاره‌کان وه‌ك خۆی و نه‌شێواندنی پیشه‌ ڕۆژنامه‌وانیه‌کان وه‌ك له‌ کوردستاندا بینوومه‌ مانشێتكی گه‌وره‌ له‌ دیمانه‌کان ده‌رده‌که‌ن به‌شێوه‌یه‌ك ناوه‌رۆکی دیمانه‌که‌ ده‌شێوێنێت وه‌ شیکاری نه‌کردنی هه‌ڵه‌ بۆی، وه‌ك خۆی چۆن کراوه‌ نه‌ك هه‌ر بڕگه‌یه‌ك به‌ دڵت نه‌بێت لای به‌یت و ئه‌وسا وه‌ك ئایه‌تی فویل للمێلین ی لێ بێت.
دووهه‌م: ده‌ستگرتن به‌ په‌یامی ڕاستی ئیسلامه‌وه‌ کار کردن بۆ ئه‌و ئامانجه‌، ئیتر ئه‌گه‌ر خه‌ڵکه‌که‌ش به‌ په‌رته‌وازه‌یش کار بکات با له‌سه‌ر حسابی ئیسلامه‌که‌ نه‌بێت و کاره‌کان هه‌ر به‌لای حیزب و حه‌زی شه‌خسیدا نه‌شکێنینه‌وه‌، هه‌رکه‌س هه‌ڵه‌شی هه‌یه‌و له‌سه‌ر ئیسلام ده‌که‌وێت به‌ ئاشکراو به‌بێ په‌رده‌ ئاشکرا بکرێت، نه‌ك له‌ ژێره‌وه‌ هه‌زاره‌ها قسه‌ی پروپوچ و به‌ ناوی خوازراوو کۆمێنت شتی خراپ بووترێت، هه‌رکه‌س حه‌قی پێیه‌ بێ په‌رده‌و به‌ ئاشکرا بۆ خه‌ڵکی ئاشکرا بکات، بۆ نموونه‌ من هه‌ڵه‌یه‌کم هه‌یه‌ به‌ ئاشکرا هه‌ڵه‌که‌ ده‌ستنیشان بکرێت و له‌سه‌ر کاره‌که‌ قسه‌ بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئیسلام و نه‌که‌وێت نه‌ك بێن و باس له‌ خودی خۆم بکه‌ن، که‌ شێواندنی کاره‌کانه‌، بۆ نموونه‌ که‌سێك هاتووه‌ ڕه‌خنه‌ له‌ من ده‌گرێت کاره‌کان قه‌ڵسی کردووه‌ که‌چێ هیچ باسی کاری نه‌کردووه‌ ده‌ڵێ مه‌لا عومه‌ر درۆ ده‌کات مه‌لا نی یه‌، یان درۆ ده‌کات قوتابی ماسته‌ر نی یه‌، ئه‌گه‌ر ڕاست ده‌کات شه‌هاده‌کانی بۆمان بنێرێت به‌ناوێکی خوازراویشه‌وه‌ نووسیوویه‌تی، ئه‌ی ئه‌وه‌ که‌ی شتی درۆیه‌ خۆ ئه‌و دام نامه‌زرێنێت تا شه‌هاده‌ی بده‌مێ، واقعی بوون له‌کاره‌کاندا زۆر گرنگه‌و له‌که‌دار نه‌کردنی ئیسلام و مزگه‌وت.
وه‌ به‌ مافی خۆشمی ده‌زانم ئه‌م دیمانه‌یه‌ بۆ به‌ڕیوه‌به‌ری سایته‌که‌می بنێرم و تا له‌ سایته‌ تایبه‌تیه‌که‌مدا بڵاوی بکاته‌وه‌.
پرۆفایڵ:
عومه‌ر عه‌لی/ ناسراو به‌ مه‌لا عومه‌ر
له‌ دایك بووی یه‌كێك له‌ گونده‌کانی بناری به‌مۆ سه‌ر به‌ باشووری کوردستان
بڕوانامه‌ی دیبلۆمی به‌ده‌ست هێناوه‌ له‌ زانسته‌کانی کۆمپیوته‌ردا له‌ به‌ریتانیا
ده‌رچووی کۆلێژی شه‌ریعه‌و خاوه‌ن بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆس له‌ به‌ریتانیا
خاوه‌نی بڕوانامه‌ی مه‌لایه‌تی ئیجازه‌ی عیلمی
(English with TEFL) دیبلۆمی باڵای له‌ زمانی ئینگلیزی و مامۆستایی ئینگلیزیدا به‌ده‌ست هێناوه‌
نامه‌ی ماسته‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وشی خوێندنی ئینگلیزی له‌ کوردستاندا پێشکه‌ش کردووه‌و چاوه‌ڕوانی قبوڵ کردنی ده‌کات
به‌ ده‌یان بڕوانامه‌ی جیا جیای به‌ده‌ستهێناوه‌ وه‌ك به‌ژداری کردنی خوڵ له‌ بواره‌کانی، زمانه‌وانی، ژمێریاری، ڕۆژنامه‌وانی، کۆمپیوته‌ر.
به‌سه‌دان بابه‌تی بڵاوکراوه‌ی هه‌مه‌ جۆری هه‌یه‌ له‌ بواره‌کانی، ئاینی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی..هتد
خاوه‌نی کۆمه‌ڵێك کتێب و نامیله‌که‌ی چاپکراو
خاوه‌ن ئیمتیازی گۆڤاری بوار
ئه‌ندامی ڕێکخراوی ده‌بلو ئی ئه‌ی، بۆ فێرکاری له‌ به‌ریتانیا
ئه‌ندامی چاودیری کوردۆساید ڕێکخراوی چاك
سه‌رنووسه‌ری پێشووی سایت و گۆڤاری ده‌ریای نوور
پیشنووێژ ووتار خوێنی پێشووی مزگه‌وتی نوور له‌ بێرمینگهام
خێزانداره‌و دوومنداڵی هه‌یه کوڕو کچێك‌ به‌ناوه‌کانی محه‌مه‌د و مه‌روه‌
پێگه‌ی تایبه‌تی عومه‌ر عه‌لی

www.omarali.co.uk

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە