چەواشەكاری لە بەكارهێنانی پیرۆزیەكان لە ململانێدا
Tuesday, 18/09/2012, 12:00
كات و شوێنی دەركەوتنی كێشەی چەند گرتەیەك لە فیلمێكدا كە گوایە ئەمریكیە، تا ئێستا بەتەواوەتی و راستی چۆنێتی دەرهێنانی نەسەلمێنراوە، یان كەس بە راشكاوی ناڵێت بە چ شێوەیەك وێنەی گیراوە، كە ئەمەش قسەو باسی زۆری ناكۆك بە یەك لەبارەیەوە دروستكردوە، ئەوەی روونە هیچ گرنگیەك بە باری هونەری فیلمەكە نەدراوە بەقەد ئەو 5 ملیۆن دولارەی بۆ خەرج كراوە، وەك بە بارە سیاسی و فەلسەفیەكەی دراوە یان بە مەبەست و ئامانجی سیاسی لە بەرهەمهێنانی فیلمێكی هەستیاری لەم چەشنە لە پێناو چەواشەكاریدا كار ی لەسەر كراوە . ئەو كاردانەوە گەورە و خوێنرشتنەی لە دەرئەنجامی نارەزایەتیەكاندا بینران، جێگای سەرسورمان و مشتومڕێكی هەمەجۆرە . دیارە پاڵنەری پشت پەردە و هۆكاری كردەوە و كاردانەوە و روداوەكان لە كرۆكدا یەك حەقیقەتیان هەیە ئەویش بەرژەوەندی هەمەلایەنەی عەقیدەتی و سیاسی و ئابوری و ئاینیە كە بەو رێگایانەوە فەرز دەكرێن و لەهەركاتێكدا پێویست بكات دور لە هەرجۆرە مافێكی مرۆڤ بە هەموو ئامرازێكی بەردەستیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان بە هەر رەفتار و شێوەیەك بێت جێبەجێی دەكەن، بێ ئەوەی هیچ پێویستیەكی سەردەمانەی ژیانو ئاسودەیی خەڵك لەبەرچاوبگرن .
ئەگەر بە وردی و لەهەموو لایەكەوە ئەم رووداوە ناوازە و پرمەبەستە چەواشەكاریە!! بخوێنینەوە، هیچ گومانێكمان لا دروست نابێت كە تا چەند ئەگەری بونی دەزگا هەواڵگریە زەبەلاحەكان و پلان و حساباتی وردی دونیای سەرمایەداری و ئیسلامی سیاسیی پێوەی دیارە، بۆشمان ساغ دەبێتەوە كە بە هیچ شێوەیەك رێكەوت یان بەخۆرسك و بە مەبەستی هونەری رووت ئەنجام نەدراوە . ئەوەش روونە كە دەربری ئازادی بیرورا و سەلماندنی ئازادی كاری هونەری و پێویستیەكانی دونیای ئیستاتیكا نیە وەك زۆرێك لە خەڵكانی رۆژئاوا دەیانەوێت بەو جۆرە دەریخەن و باسی بكەن، لە بەرامبەردا ئەو كاردانەوە گەورەو هەراوهوریا و خوێنرشتن و شڵەژان و تێكدان و ئاڵۆزیە هەمەجۆرەی بە دەست و پاڵنانی ئیسلامی سیاسی دروست بوو ناكرێت تەنها وەڵادانەوەی بێریزی بێـت بەرامبەر پەیامبەری ئیسلام بەقەد ئەوەی كۆمەڵە ئامانجێكی دوورمەودای هەبێت كە تەنانەت زۆر دووریش بێت لە جەوهەری بیروباوەری راستەقینەی ئیسلامەوە و ، دەكرێت بە شێوەیەكی زانستی شرۆڤە بكرێت و حەقیقەتی هۆكاری روداوەكان، واتە كارو كاردانەوەكە، بۆ هەمووان روونبكرێتەوە .
پێش ئەوەی فیلمەكە پەخش بكرێت و، بە تایبەتی لەلایەن خەڵكە خوێنگەرمە نارازیەكەوە ببینرێت، دەنگ بەرز بووەوە،لەبەر ئەوەی گرتە هەستیارەكانی لە زۆر شوێندا بڵاوكرابووەوە، كەچی كەس خۆی ناكات بەخاوەنی و تەنانەت خودی ئەكتەرەكان رەتیدەكەنەوە و، حكومەتەكان ئیدانەی دەكەن و بە فێڵ و تەڵەكە لەقەڵمی دەدەن، هەرچەند قۆستنەوەی ئەم هەرایە لە ساتەوەختی 11 ی سیپتمبەردایە و زۆر پرسیار دەوروژێنێت و لە زۆر لاوە ئیسرائیل تۆمەتبار دەكرێت لە سەرمایەگوزاری و خەرجی فیلمەكە لە پێناو لەكەدار كردنی پەیامبەری ئیسلامدا، لەم واقع و بارودۆخەدا عەقڵ و شیكردنەوەكان وامان پێدەڵێن ئەگەر وەزعی سیاسی ئیسرائیل بخوینینەوە ئەم ئەگەرە قبوڵ ناكەن، كە چی لەلایەكی ترەوە خەڵكە پەیوەندیدارەكە بەم فیلمەوە لە لایەنی بەرهەمهێنان و نواندن و شوێنەوە تا ئیستا بە روونی لەبەرچاو نین و بێئاگایی خۆیان دەردەخەن . لەهەمان كاتدا دەشێت بیرمان بۆ ئەوە بچێت ئەم كردەوەیە بۆ ئەوە بێت وەك تاقیكردنەوەیەك تەماشا بكرێت و وەك پێشینەیەك بۆ ئاساییكردنەوەی دەرخستنی هەر جۆرە رەخنەیەك بێت لە هەر پیرۆزیەك ئاینی بێت یان كۆمەڵایەتی یان سیاسی یان عەقیدی یان فكری و، لەم سەردەمەدا كە سەرەتای داڕمانی پیرۆزیە نەگونجاوەكان دە بینرێت و،پێویستە ئەوە بچەسپێت لە فكر و عەقڵی هەمواندا كە نابێت ناوەرۆك و ئامانجی پیرۆزیەكان لەدەرەوەی رەخنە بمێننەوە، ئەگەر لەگەڵ واقع و بارودۆخ و سەردەم و پێداویستی و پێشكەوتنەكاندا نەگونجێن و، دەبێت بسەلمێنرێت كە هەموو شتێك قابیلی هەڵسەنگاندن و پێداچونەوەیە، بەڵام دواجار دەكرێت بڵێین جگە لە هەمبانەی بەرژەوەندیە هەمەلایەنەكان لە بوارەكانی سیاسەت و ئابوری و ململانێی رۆشنبیری و شارستانی و چاوبەستەكی خەڵك ، هیچ وەڵامێك بۆ چەندین پرسیاری گرنگ و هەستیارمان دەست ناكەوێت .
هەردوو رژێمی سەرمایەداری و ئیسلامی سیاسی لە چەندین لاوە بەتایبەت لە ناوەرۆكدا وەك فكر و سیاسەت و ئابووری، هیچ جیاوازیەكیان نیە ئەگەر كتومت لەیەك نەچن ، ئەمە ئەگەر وردە جیاوازیەك لە بواری ژیان و رەوتی كۆمەڵایەتی گەلانی هەردولا دا هەبێت، ئەویش لە شێوە و رواڵەتدایە نەك لە ناوەخن و جوهەری پرسەكە .
بۆیە، هیچ بە دوور نابینرێت كە لەم كاتە سەختەدا هەردوو سیستمی سەرمایەداری و ئیسلامی سیاسیی دەسەلاتداری نوێ ئەگەر رێككەوتنیشیان نەكردبێت بە خۆڕسكانە ئەم قەیرانەیان خوڵقاندبێ كە بەهەموو شێوەیەك لە بەرژەوەندیاندایە بۆ رزگاربون لە دەرهاویشتەكانی قەیرانی ئابووری لە رۆژئاوا و كون و كەلەبەر گرتنی هەڵە زەقەكانی ئیسلامی سیاسی تازەپێگەیشتوو لە ماوەیەكی كەمی دەسەڵاتدارێتیاندا، لەم وڵاتانەی كە لانەی شۆرشی سەردەمبون .
ئەم قەیران و ئاڵۆزی و پشێوی و تەكتیكانە زۆر لەمەسەلە سەركیەكە ناگۆرن كە بەهەموو شێوەیەك ئەم رەوت و فكرانە لە هەوڵی خۆ خەڵەتاندن و خۆدوورخستنەوەن لە ململانێی راستەقینەكەی نێوان عەدالەت و ناعەدەلاتی جیهان، بەهەر ئامرازێك بەردەستیان بكەوێت. بەهەر شێوەیەك بۆیان بلوێت ئەم سیستمە دوورلە عەدالەتی كۆمەڵایەتی و یەكسانیە و بە سەپاندنی بەرژەوەندیەكانیان دەیانەوێت خەڵك چەواشە بكەن و لە شۆرشی جیهانی عەدالەتخوازی و یەكسانیخوازی و مافی مرۆڤیان دوور بخەنەوە، پاش ئەوەی هەستیان بە هاتنی سیستمی زۆرجەمسەری كرد كە لە لەسەرخۆ و بە بەردەوامی لە ئاسۆدا دەبینرێت و لە پێشكەوتندایە، عەقڵانیەت و دونیا بینی و عەلمانیەت و پێشكەوتنحوازی و ژیاندۆستی دوور لە چاوچنۆكی و خودپەرستی تاك رێگەی خۆی دەبرێت و لە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ئەمرۆی جیهان هەنگاوی گەورە دەنێت . بۆیە هەر تەكتێكێك لەهەر لایەكەوە بێت ئەگەر بۆماوەیەكی كورتیش كاریگەریی زۆر بچوكی لەسەر هاوڵاتیان هەبێت بەڵام لە مەودایەكی دووردا ساختەكاری و تەڵەكبازی هەر كارێك بۆ هەموو لایەك بە روونی دەردەكەوێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست