سیاسەت بێ دایك وباوكە یان سیاسیەكان
Wednesday, 26/09/2012, 12:00
نەگبەتى و داماوى كورد لەودایە خۆى بەهەموو شتێك ئەزانێت ولەهەموو شتێكدا تەداخول ئەكات خۆى بەگەورەترین عەبقەرى ناگۆڕێتەوە ئەدیسۆن وبیسمارك و ئادە سیمس بەشاگردیش راناگرێت، كەچى داخى گرانم لەهیچ كونێكەوە دیارنیە ،بەناشوكورى نەبێت تائێستا زانایەك دانایەك بلیمەتێك پڕۆفیسۆرێك مان تیا هەڵنەكەوتوە كە ئێمەش وەكو باقى میللەتان فەخرى پێوە بكەین وخۆمانى پێوە بادەین، بەو هۆیەشەوە ناومان بكەوێتە ناوان و دەربكەوین وبناسرێن ،هەمانەو نیمانە هەنێك بەناوسیاسەت مەدارى سكراب و لێكەوتو و عەقڵ دۆگمایە و هیچى تر،پیاو كەدەیان بینێ یان دێتەوە بیرى گریانى بۆحاڵیان دێت.تۆ بڕوانە بەسەدان كەسى كۆلكە خوێنەوار ونەزان و گەمژەو لاخەبەر وهەرچى وپەرچى خزاونەتە ناوسیاسەتەوە،ئەوان بونەتە سیاسەتمەدار و دەمڕاستى میللەت،كە بۆخۆیان هێشتا ئەلف و باى سیاسەتیش حاڵى نەبوون ونازانن مەبەست ومەرام لەسیاسەتدا چیە و بۆچى ولەپێناوى چیدا سیاسەت بازى دەكەن؟!.زۆرێك لە حەپۆل و پاشكەوتوە سیاسیەكان، سیاسەت تەنها لەزەبروزەنگ وتفەنگدا دەبیننەوە وپێیان وایە بەزەبرى توندوتیژى وچاو سوركردنەوەو لەخەڵك مۆڕبونەوە سوكایەتى كردن بەیاساو پیرۆزیەكان سیاسەتە،یان زۆرێك لەوانە پێیان وایە سیاسەت بریتیە لەوەى قات و بۆینباغ لەبەربكەیت و سەیارەى جام رەشى ئاخرمۆدبل و فەوجێ حیمایە و پۆزلێدان بەسەر خەڵك و درۆ و ریزە وەعدى درۆ بەهاوڵاتیان جۆرێكە لەسیاسەت كە زۆرێك لە كەسانى مەكتەب سیاسى حیزبەكانیش وەها بیردەكەنەوە وپێیان وایە كەسى سیاسى ئەبێت وابێت،من لەسەرێكیشەوە ناهەقیان ناگرم ولۆمەیان ناكەم چونكە ئاستى هۆشیارى ورۆشنبیرى و تێگەیشتى ئەوان بۆسیاسەت لەناو مێشكیاندا هەر ئەوەندە جێگاى دەبێتەوە،خۆ بۆخۆشیان خوانەكات هەوڵبدەن دوو پیت فێربن،حزبەكەشى ئەوەهەرباسى مەكە چونكە خۆى هیچى پێ نیە وبۆخۆشى لەدونیاى سیاسەتدا تەواو نابەڵەدە ،چ جاى ئەوەى ئەوان فێربكات ورایان بهێنێت!هەرچەندە هەموویان لەتەمەندا پیرو بەساڵاچوو سەرو سمێڵ بۆیاغ وپەككەوتە بوون،بەڵام لەهزر وبیرو ئایدۆلۆژیاو سیاسەتدا مەلۆتكە وساواو منداڵن تازەبەتازە فێرە دارا دارا ئەبن.بەدەگمەنیش نەبێت كەسیان خاوەن بیرو بۆچون وشرۆڤەولێكدانەوەى مێشك وبیرى خۆیان نیین،ئەوان تەنها ئەوەیان لەسەر ببنە پێڕى ئەشمابیلا و سەرلەقاندن بۆسەرۆك وسكرتێر ،ئەوان هەرچەندە بیرو ناخیان بەئاستەم كاردەكات بەحاڵ شت وەردەگرێت ،لەگەڵ ئەوەشدا ئیرادەو بۆچوون راى خۆیان داوەتە دەست سەركردەو كەسانى سەروخۆیان، ئەوانیش بەكەیفى خۆیان یارى بەعەقلیان ئەكەن و وەكو سەماكەرە وبوكەڵە هەڵیان دەپەڕێنن. من لاى خۆمان نەبێت لەهیچ شوێنێك سیاسەتمەدارى واداماو بەستەزمان ودیكۆر و پەیكەرم نەدیتوە.خۆ بیرتانە ساڵانى شەڕى براكوژى ئەوەى خوا پێى ناخۆش بوو بەیەكتریان كرد هەر لەكوشت وبڕ وتاڵان بۆ شەڕە جنێوى بازاڕى و سوكایەتى بەیەكتر كردیان هیچ هیچیان تیا نەهێیشتەوە ، ئەوەندەى دیكە خۆیان لەپێش چاوى میللەت و دونیاى دەرەوەدا سوك و سەلیم كرد، پاشانیش لەبەر خاترى تەماع وپارەى گومرگ و بەرژەوەندى تایبەت پێك هاتنەوە زۆر بێشەرمانەش سەرانى شەڕخواز وپیاو كوژ خۆیان لەوتاوانە بێبەرى كرد وتۆمەتەكەیان دایە پاڵ خەڵك وجەماوەر، لەكاتى پێكهاتنەوەدا مەسعود لەیەكێك لەوتەكانیدا وتى (ئەگەر لەسەر شەڕى براكوژى لێپَچینەوە بكرێت من و تاڵەبانى بێتاوانترین كەس دەردەچین).لەسەروبەندى جیابونەوەى نەوشیروانیش وپێكهێنانى بزوتنەوەى گۆڕان هەموو بینیمان چى رویدا چیان بەیەكتر نەكرد ،مەلا بەختیار چى دەوت و حەمەتۆفیق چى جواب دەدایەوە،نەبەز گۆران وجەماڵى گۆڤارى بەڵگە چیان بە هەردولا نەكرد هەر چى شتى عەیب وشورەیى ونەشیاو دور لە ئەخلاقە بەیەكتریان كرد،ئەوە هاوڵاتى وئاوێنەو رۆژنامەى رۆژنامەولڤین و كلیل وسایتەكانى سبەى كەى ئێن ئێن وكوردسات وزۆرێك راگەیاندنى تر چۆن بونە بەشێك لەو شەڕە دۆڕاوە بۆ خاترى شكاندنى شان وشكۆى یەكترهەر مەپرسە، ئەوەى نەمان بیستبوو پێیان وتین ئەوەى لێى بێ ئاگابوین پێیان راگەیاندین.دەركەوتنى ئۆپۆزسیۆن و خۆ فشكردنەوەشیان هەر بەشێك بوو لەسیاسەتێكى كۆن وسواو ژەنگ كرتوو،مەبەست ومەرامیان تەنها موزایەدەیەك بوو بەسەر یەكێتى وپارتیدا لەسەرەوە نەیار بوون لەبەردەركى سەراو زانكۆ و شوێنكانى دیكەدا خەڵكیان هان دەدا بۆ ناڕەزایى، لەژێریشەوە عەبدو موتیع و نانخۆرى دەسەڵاتبوون، سەردانى ئەم بۆلاى ئەوە هاتنى فڵان وەزیر بۆلاى گۆڕان هەمووى لەبەر خاترى پڕكردنەوەى گیرفان وقاسەى خاڵیان بوو،نەك خەم و بەتەنگەوە هاتنى میللەت. ئێستا ئەوەتا دەبینین خەریكە بەستەڵەك وساردى نێوان گۆڕان ویەكێتى دەڕەوێتەوە و رەوشەكەش ناچارى كردوون مل بۆیەك بدەن وا خەریكە پێك دێنەوە ،((من هەموو پێكهاتن وئاشت بونەوە تەباییەكم پێ خۆشەو پاڵپشتى دەكەم ،بەمەرجێك لەسەر حسابى میللەت نەبیت وبەزیانى هاوڵاتیان و لایەنەكانى دیكەكۆتایى نەیەت و دەستە چەورەكەى خۆیان بەشان وملى خەڵكى دانەسون وئەوان بكەن بە شەرانگێز وفیتە خۆشیان فریشتەو پەپولە)). هەموو لەشاشەى تیفیەكانەوە بینیمان كە چۆن سەرانى گۆڕان ویەكێتى بەتامەزرۆو گەرمیەوە یەكتریان دەدواند قاقایان لێدەدا،!وەك هەر هیچ نەبوێت ئەوانیش نەبوون ببونە مایەى بەكوشت دانى خەڵك و ترس ونائارامى، لەبەر خاترى پەرژەوەندى و پلەو پۆست ئەوەى نەدەبو بەیەكتریان كرد . ئەوەى پێى بڵیى رێزوحەیاو ناموس لەیەكتریان داماڵى بۆ سوك كردنى یەكتریش رەواییان بەهەمو تاوانێك دا. ئێستا گەیشتومەتە ئەو قەناعەتەى ئەوەى كە قیمەت وبەهاو رەوشت و ویژدان هەستى مرۆڤایەتى لابێت توخنى سیاسەتى وا گلاو پۆخەڵ ناكەوێت.بەهەموو هاوڕێ و ئازیزو دۆست وبنەماڵەى شەهیدانى وەكو بیلال و سەردەشت و رێژوان ئەوانى دیكە دەڵێم كە ئەوە بۆخۆتان واقیعەكەتان بینى .باش لەسیاسەتى كوردى گەیشتن، چۆن ئێوەیان كرد بە سوتەمەنى لەپێناو مەبەست ومەرامى خۆیاندا لەبازاڕى پڕ شەرمەزارى و خەجاڵە تیدا موزایەدەییان پێوەكردن. هیوام وایە كەجارێكى دیكە بەهاشوهوش و دروشمى بریقەدارى ئۆپۆزسیۆن و حكومەت تێنەكەون وگورگان خواردوتان نەكەن ولەگۆڕیانەكەدا بەتەنیا وهەتیوى بەجێتان نەهێڵن.كورد واتەنى سیاسەت دایك وباوكى نیە و زۆڵە، من تەواو گومان هەیە كە زۆربەى سیاسیەكانیش دایك وباوكی حەقیقی خۆیان هەبێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست