کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شانازی کردن بە هەولێر، وەك پایتەختی گەشتیاری عەرەب و بانگەشەکردنی کوردایەتی لە کوێدا یەکدەگرنەوە

Sunday, 29/12/2013, 12:00


لەکاتی نوسینەوەی دەستوری هەمیشەیی عێراقدا زۆر مەراق و خەممان بو کە نەنوسرێت عێراق بەشێکە لە جیهانی عەرەبی ،بەو پێیەی عێراق جگە لە ڕەگەزی عەرەب نەتەوەی کوردو هەندێك کەمینەی تری تێدا دەژی.
دوای بێنەو بەرەو هێنان و بردن و مشتومڕێکی زۆری ئەوانەی لەوێ نوێنەری گەلی کورد بون ، توانرا ئەو داڕشتەیەی کە دەڵێت:(عێراق یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی کۆمکاری عەرەبی) بخەنە جێگەی ئەو داڕشتەیەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداو لە بەر دڵی کورد گران بو، چونکە ئەو کات و ئێستاش ئەوانەی لە مەترسی بەکارهێنانی چەمك و زاراوەی لەو جۆرە تێدەگەن ، دەزانن مەترسی چەسپاندن و جێگیر بونی ئەم ناوهێنانانە لە زهنییەت و بیری عەرەبی شۆفێنیدا چەندە زۆرە.
باشە چۆن دەشێ شارێك پایتەختی کارگێڕی و ڕامیاری هەرێمێك بێت و زۆرینەی دانیشتوانەکەی کورد بێت و ئەو هێزەی کۆنترۆڵی ئەو شارەی لە بندەستدایە خۆی بە پارێزەرو سوپەری نەتەوەی کورد بناسێنێت و بزانێت و هەندێکجاریش بانگەشەی بون بە دەوڵەت و سەربەخۆیی بدات بە گوێی ناوخۆو دەرەوەدا و لە بڵاوکراوەی ئاو و هەوای تیڤییە سێبەرەکانییەوە نەخشەی کوردستانی گەورە نیشان بدرێت و لە پایتەختەکەیدا ئامادەسازی بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بکرێت ، بەوە ڕازی بێت ناوی هەولێری پایتەخت بنرێت (پایتەختی گەشتیاری عەرەب) ئایا ئەمە پارادۆکس نییە؟ ئایا لەمەترسی جێگیربونی ئەم نازناوە لە زهنییەتی عەرەبدا تێدەگەن ؟ ئایا باشتر نەبو لە جیاتی ئەو ناوە هەولێر ناو بنرایە (پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی ناو کۆمکاری عەرەبی) یان هەر ناوێکی تر کە دەکرا بنرایە.
ڕەنگە هەندێك هەبن کاتێك ئەم نوسینەی بەندە دەخوێننەوە، بەخوێنێکی ساردەوە بڵێن: بابە ئەمە کەی کێشەیە ئەم کابراوە خۆی بۆ تێکداوە!
بەڵام ، بۆ ئەوانەی لە سایکۆلۆژیای عەرەب تێدەگەن و لە مەترسی تێپەڕینی زاراوەو نازناو تێدەگەن دەزانن ئەم بابەتە جێگەی هەڵوەستە لە سەرکردن و لێکۆڵینەوەیە .
بەتایبەتی ئێمەی کورد چەندینجار هەڵەی وایی بەسەرماندا تێپەڕیوەو باجەکەشمان داوە، لە کاتی ڕازیبونمان بە ناونانی ناوچە (دابڕاوەکان)ی باشوری کوردستان بە ناوچە (جێناکۆکەکان) ، پاش چەندین مانگ لە مەترسی خراپ سود وەرگرتن لەو نازناوە تێگەشتین لە لایەن عەرەبەوە.
ئافەرین بۆ سەرکردەکانی کورد!!!!!!!!!!!!! ڕازی بون %40 باشوری کوردستان ناو بنرێت بە ناوچەی جێناکۆك و لە دەستوریشدا بچەسپێت ، ئێستاش ڕازی دەبن پایتەختی هەرێمەکەمان ناو بنرێت پایتەختی گەشتیاری عەرەب، تەنها بۆ نمایشکردنی هەندێک جوانکاری شەقام و ڕێگاو باخچە کە لە سای باڵا دەستی هێزێك لەوێ کراوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی نیشتنی ئەم نازناوە لە ئەستێڵی دەماخی عەرەبدا چەندە مەترسیدارو ترسناکە .
دور نییە دو سێ دەیەی دیکە وە لەوانەیە چەند ساڵێکی تریش عەرەب سودێکی زۆر لەم ناوهێنانەی هەولێر وەربگرێت و داوای ئەوە بکات کە هەولێر پایتەختی گەشتیاری عەرەبەو بەشێکی دانەبڕاوە لەو جیهانە یۆتۆپیایەی کە هەوڵی چەسپاندنی دەدەن لە زەمینەی واقیعدا،بەتایبەتی لە بارودۆخێکدا کە ئێستا ژمارەیەکی زۆری عەرەب لەم شارەدا نیشتەجێ کراون و لە کایەی ئابوری و ئاوەدانی ئەم شارەدا ڕۆڵیان پێدراوە، ئەوکاتیش نۆبەتی ئەوەمانە بیسەلمێنین کە هەولێر کوردستانییە یان کوردستانی نییە !!!!!!!!!!!
ساڵ بەساڵیش کشانەوە بۆ چیاکان و جێهێشتنی پێدەشت و تەختاییەکان دەستپێبکات.
بۆیە تکا دەکەم بەس ئەم پایتەختی گەشتیاری عەرەبییە بۆ هەولێر بڵێنەوەو لە مەترسی پشت ناونانەکەی تێبگەن هاوڕێیان .


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە