کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بودجە و خۆپیشاندان!

Wednesday, 20/06/2012, 12:00


دەگێڕنەوە کابرایەك تازە مسوڵمان دەبێت و مانگی ڕەمەزان دەبێت، کابراش ئیتر مسوڵمانەو دەبێت ڕۆژوو بگرێت، ڕەمەزان دەگاتە بیستەکان و کابرا زۆر ماندوو بوونی پێوە دیارە، ڕۆژێك پرسیاری لێ دەکەن بۆ وا بێتاقەتی؟ خۆ ئەگەر هیلاکی ڕەمەزانیت ڕەمەزان وا خەریکە تەواو دەبێت، کابراش دەڵێ: نا من خەمی ئەم ڕەمەزانەم نی یە ئەمە تازە بووتە ڕیشمەوە خەمی ڕەمەزانەکەی ترمە.
لە ئەوروپاش زۆر لە کۆمپانیا ساختەچی و دزەکان بۆ نموونە ئۆفەری شتێك دەکەن بە خەتێکی گەورە نرخێکی کەمی لەسەر دادەنێن، وە لە ژێرەوە بە بچوکیش کە مەگەر زەڕەبین بیخوێنێتەوە نووسراوە + نرخێکی تریش دانراوە، کە ئۆفەرەکە قبوڵ دەکەیت سەری مانگ ماڵت وێران دەکەن، تازەش واژۆت کردووە! ئیتر دەبێت بناڵێنیت تا وادەکەی تەواو دەبێت!
منیش لێرەدا لەسەر نموونەی یەکەم تەنها ئەوە دەڵێم ئەو بودجەی کە تا ڕادەیەك ئاشکرایەو لە پەرلەماندا قسەی لەسەر دەکرێت خەمی ئەوەم نی یە خەمی ئەو بودجە زەبەلاحەمە کە هەرگیز نایەتە پەرلەمان و کەس بۆی نی یە قسەی لەسەر بکات!!!.
لەسەر نموونەی دووەمیش دەڵێم ئەو بودجەی کە زەڕەبینیش نایخوێنێتەوە لەوە زیاترە کە بە خەتە گەورەکان نووسراوە!!!.
لێرەدا باسی خۆپیشاندان دیسان دێتە ئاراوەو هەم دیسان زامەکەمان دەکولێتەوەو خوێنی سورکێوو ڕێژوان گەرمیان گەرممان دەکاتەوە.
هەربۆیە زۆر جێگەی خۆیەتی خۆپیشاندان دیسان دەست پێبکاتەوە، بەڵام نەك بۆ بودجە، بەڵکو بۆ ئەو دەستەڵاتەی کە ئێمە هەر دەبێت لەبیری خۆپیشانداندا بین بەرانبەریان.
بەڕاستیش ژیان بەم شێوەیە ناڕوات:
ڕۆژێك خۆپیشاندا بۆ بودجە...
ڕۆژێك بۆ موچە...
ڕۆژێك بۆ کارەبا...
ڕۆژێك مۆلیدە...
ڕۆژێك بۆ ئاو...
ڕۆژێك بۆ جادە...
ڕۆژێك بۆ دامەزراندن...
ڕۆژێك بۆ ...ڕۆژێك بۆ... ڕۆژێك بۆ...
هەربۆیە جێگەی خۆیەتی ئەمجارە خۆپیشاندان تەنها بۆ یەك شت بکرێت، ئەویش بۆ نەمانی ئەم دەستەڵاتە و بونیادنانەوەی دەستەڵاتێکی تەکنۆکرات و هەمە لایەن و ئاشکرا کردنی بودجە دیارو نادیارەکان...

عومەر عەلی _ مامۆستای زانکۆ بەریتانیا
www.omarali.co.uk

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە