دواى مام جەلال
Wednesday, 19/12/2012, 12:00
گرفتى گەورەى شۆڕش و حیزب و ڕێكخراوە كوردیەكان ئەوەیە كە نەتوانراوە تا ئێستاش بە جڤات سەركردایەتى بكرێ و دامەزراوەیەك هەبێت كە گرۆپێك تێدا كار بكات كە ئەگەر كەسێك لەم سەركردایەتیەدا دوركەوتەوە كارەكان وەك پێویستى خۆى جێ بە جێ بكرێ بە واتایەكى تر هەر لە ڕێكخراوێكەوە تا نەتەوەیەك هەموو بڕیارەكان لە جەستەى تەنها كەسێكدا كۆدەكرێتەوە لەگەڵ وون بونى ئەم كەسەدا هەموو شتێ سفر دەبێتەوە ئەمەش ڕەگێكى میژووى هەیە هەر لە كەریم خانى زەندەوە تا شیخ عەبدوڵاى نەهرى و قازى محەمەد و و تا مەلا مستەفا كە بۆ خۆى بە مردنى هەر یەكێك لەم سەركردانە حیزب و ڕێكخراوەكانیان توشى لاوازى یان لە ناوچون هاتون و پێویستى بەچەند ساڵێك هەبوە تا سەركردەى تر بە هەمان فۆتۆكۆپى میژویەوە و بە هەمان ئەقڵەوە دروست ببێتەوە كە ئەمەش بۆ خۆى بوتە هۆى دواكەوتنى بەروەپێش چونى كەیسى نەتەوەیەك كە ئەگەر كێشە ناوخۆییەكان و جاشایەتى بەشێكى كاریگەر بو بێت لەسەر بەرە و پێش نەچونى كێشەى بەرگرى كردن لە نەتەوەیەك وەك لە یەزدان شێرەوە لە میرنشینى بۆتان تا جاشایەتى ئەوا كۆكردنەوەى هەموو بەهاو بڕیارى حیزب لە تاكەكەسێكدا كێشەیەكى بەرچاوە و پشكى شێرى بەردەكەوێت كە دەكرێت یان بڵین پاشخانى ڕۆشنبیرى گشتى نەگیشتوەتە ئاستێك كە بتوانرێ سەركردایەتى جڤاتى بێت (بڕیارى دەستە جەمعى) كە ئەمەش تا ئێستا بەردەوامە و حیزبەكان بەرهەم هێنى جۆڕێك لە كاریزمان و دواى دەبێتە تاك بڕیاردەر و ناتوانن بڕیارى جڤاتى بەرهەم بهێنن و زۆر كات دەبێتە دكتاتۆریش وە لەكاتى نەمانى سەركردەدا تەنها بنەماڵەكان دەتوانن ئەو حیزبە لە فەوتان بپارێزن كە ئەمەش نیشانەى كۆمەڵگاى مێگەلیە كە دەتوانرێ ئەم بۆچونە بۆ زۆربەى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەكار بهێنین .
ئێستا لە هەرێمى كوردستاندا پرسیارەكە ئەوە كە ئێستە قەیرانیكى قۆڵ لە نێوان هەولێرو بەغدادا هەیە كە گفتوگۆكان بە هەڵواسراوى ماونەتەوە كە ئایا ئەگەر مام جەلال نەتوانێت بە هۆى بارى تەندروستیەوە نێوەندگیرى بكات ئایا ئەم كێشانە چى بەسەر دێت ..؟
ئەمانە هەمویان ئاماژەن بەوەى كە لە خوار سەركردەكانەوە ئەوەى پێ ى دەوترێت سەركردایەتى متمانەیان بەیەك نیە یان هەر ئەندامێكى ئەم گروپى سەركردایەتیانە خۆى دەیەوێت ببێتە كەسى یەكەم و هەوڵیش دەدات هەموو بڕیارەكان لە ژێر دەستى خۆیدا كۆبكاتەوە و جاێرێكى تر میژوى تاك سەركردەیى دوبارە بكاتەوە یان لە دواى خۆى كوڕەكانى جێگاى بگرێتەوە كە ئەمەش بۆ یەكێتى مام جەلال و بۆ گۆڕان نەوشیروان مستەفا دەبێت كە ئەم دوو سەركردەیە كەمتر ئەگەرى ئەوە هەیە كە كوڕیان جێیان بگرێتەوە بە تایبەت نەوشیروان مستەفا تاكە سەركردەیە كە لە مێژوەوە تا ئێستا دور بێت لەم كارەوە بەڵام پارتى ئەوە ڕونە كە لە دواى مەسعود بارزانیەوە جگە لە كوڕەكانى كەسى تر ناتوانێت جێگەى بگرێتەوە , بەڵام هیچ سەركردەیەك نەیتوانیوە ئەو كارە بكات كە لە دواى نەمانى خۆى دەستەیەك سەركردایەتى بكات وە نەبێتە هۆى ئیفلیج بونى بڕیارەكان هەرچەند نەوشیروان مستەفا دەیەوێت لێرەدا ئەم مێژوە ڕابگرێ بەڵام تا ئێستاشى لەگەڵدا بێت نەیتوانیوە خۆى لە دووبارەبونەوەى مێژوو دەرباز بكات كە دەكاتە ئەوەى بڵێین حیزبەكان پەرستگایەكن بۆ دروستكردنى سەركردەكان كە ئەوان لە ئێمەى پلە دوو جیاواز ترن قابیلى هەڵە نین كە ئەمەش نیشانەى نەبونى پاشخانێكى ڕۆشنبیرى گشتیە .
لێرەوە نەخۆش كەوتنى تاڵەبانى نەتوانینى سەركردایەتى كردنى یەكێتى و ئەگەرى پەرتەوازەبونى سەركردایەتى یەكەم جار نیە ڕوبدات بەڵكو ڕەگێكى مێژوى هەیە كە سەركردە مرد هەموو شتێ دەمرێت چونكە ئەو سەركردایەتیە تواناى متمانە بە یەكتر و بڕیارى جڤاتى نیە تا بتوانرێ وون بونى سەركردەى پێوە دیار نەبێت بۆیە دەبێت بپرسین ئایا ئەو هەڵانە چى بوون كە سەركردەیەكى وەكو تاڵەبانى كردویەتى وە ئایا ئەو هەڵانە چین كە مەسعود بارزانى كردونى وە ئایا ئەو هەڵانە چى بوون كە نەوشیروان مستەفا كردونى كە واى لێهاتوە كە نەتوانرێ ئەم پرسیارانە بكرێت و بگرە كە لە ئێستاشدا كەمتر یان وەك لێكۆڵینەوەیەكى ئەكادیمى نەتوانراوە خوێندنەوە بۆ سەركردەكانى میژووش بكرێت بەڵام لە دواى دروست بونى بزوتنەوەى گۆڕانەوە و فرانبونى پەیوەندیەكان و میدیاى ئازاد كە ئاستى هوشیارى گشتى تا ئاستێك بەرزكردوەتەوە سەرتایەكى باش هەیە كە بتوانرێ ڕەخنە بگیرێت و ترسى دوبارەبونەوەى جەمال عیرفان و زەردەست عوسمانیش نەبێت .
دەتوانین بڵین تا ئێستاش هەر سەركردە بڕیار دەدات لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت چەند پرسیارێك بكەین .
1. دواى تاڵەبانى كێشەكانى نێوان هەولێرو بەغداد بە كۆى دەگات ..؟
2. ئایا لە بەغداد جڤاتى نیشتمانى هەیە كە بتوانێت جێى تاڵەبانى بگرێتەوە ..؟
3. ئایا ناوخۆى یەكێتى بەرە و كۆى دەڕوات ..؟
4. ئایا پەیوەندى ستراتیژى نێوان پارتى و یەكێتى بەرەو چ ئاراستەیەك دەڕوات ..؟
5. ئایا كێ لە ناو یەكێتیدا شانسى جێگرەوەى تاڵەبانى هەیە ..؟
6. ئایا پەیوەندیەكانى نێوان گۆڕان و یەكێتى بەكوێ دەگات ...؟
7. ئایا حیزب دەتوانێت خۆى لە تاك سەركردە ڕزگار بكات و جڤاتى نیشتمانى خاوەن بڕیار بێت بە متمانە بەیەكترى ..؟
8. ئایا دواى تاڵەبانى كێ دەبێتە سەرۆك كۆمارى عێراق ..؟
9. ئایا حیزبەكانى هەرێم مامەڵە لەگەڵ چ كەسێكى ناو یەكێتیدا دەكەن وەك سكرتێرى یەكێتى ..؟
10. ئایا حیزبە عێراقیە عەرەبەكان چۆن مامەڵە لەگەڵ پۆستى سەرۆك كۆمارى دواى تاڵەبانیدا دەكەن ..؟
11. وە ئایا ئەگەر مام جەلال نەیتوانى كار بكات چارەنوسى ئیدارەى سلێمانى چى بەسەر دێت ..؟
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست