ئەمینداری گشتی پێشوازی لە بەرپرسی تیمی ئاوەدانكردنەوەی ئەمریكی بەرێز ألیكس لاسكاراس دەكات
Tuesday, 05/04/2011, 12:00
نیوەرۆی ئەمرۆ 4/4/2011 بەرێز مامۆستا سلاح الدین محمد بهاْ الدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەئامادەبوونی بەرێزان سعید علی و عمر أسماعیل ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو . پێشوازی كرد لە بەرێز ألیكس لاسكاراس بەرپرسی تیمی ئاوەدانكردنەوەی ئەمریكی لە هەولێر .
لەدیدارەكەدا بەدرێژی تیشك خرایە سەر دواپێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و گۆرانكاری یە سیاسیەكانی ناوچەكە . پاشان لەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان و عێراق هەڵوێستە كراو لەسەر خۆپیشاندانەكان و دەرئەنجامە سیاسی و یاسایی یەكانی گفتوگۆ كراو و هەردوولا جەختیان لەسەر زەرورەتی رێزگرتن لە مافی هاوڵاتیان و دوری لە توندوتیژی كردەوە..
لەلای خۆیەوە نوێنەری تیمی ئەمریكی تەئكیدی كردەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی دەوڵەتەكەی بۆ پشتگیری گەل و ئەزمونی كوردستان و پرۆسەی دیمكراسی لە عێراق و كوردستان ..
هەروەك هیوای خواست هیچ لایەك پەنا نەبات بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی لە داواكاری مافەكانی و وەڵامەكاندا.
لای خۆیەوە ئەمینداری گشتی وێڕای سوپاسی وەفدی میوان دوپاتی كردەوە كە یەكگرتوو بەردەوام دەبێ لە تێكۆشان لە سەنگەری ئۆپۆزسیون دا بۆ گەیشتن بە چارەسەری ریشەیی و چاكسازی بنەرەتی لە ئەزمونی حوكمرانی هەرێم دا ، و درێژە بەكارو خەباتی مەدەنیانەی خۆی دەدات لەگەڵ هێزە سیاسیەكاندا بەتایبەت لە چوارچێوەی هێزە ئۆپۆزسیونەكان بۆ رزگاركردنی ئەزمونەكە لە قەیران و ریشەكەن كردنی گەندەڵی و بەرپاكردنی سیستەمێكی دادپەروەر و مەدەنی و دیموكرات كە دەستكەوتەكان بپارێزرێ و گەشە بدرێ بەگشت بوارەكانی ئابوری و سیاسی و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی ...
بۆیە هەمیشە یەكگرتوو بەشێكی چالاكی چارەسەرە و چالاكیە سیاسیەكانی لەو ئاراستەدایە و هەرگیز لە گرفت دا بەشدارنیە و خوازیارە كە دەسەڵاتی كوردستان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی مێژووییدا بێ و دابەزێتە سەرشەقام و گوێ لە خواست و داواكاریەكانی هاوڵاتیان بگرێ و رێز لە رای جیاواز بگرێ و بە تۆمەت و گومان مامەڵەی جیاوازیە سیاسیەكان نەكا ...
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست