بڵاوكردنەوەی دوو بەڵگەنامە لەسەر: 4 ملیار دۆلارە ونكراوەكەی گرێبەستە نەوتییەكان و شەراكەتی حكومەت لەفرۆشتنی قازانجی نەوت لەگەڵ كۆمپانیاكا
Monday, 14/03/2011, 12:00
ئاشكراكردنی بەڵگەنامەی دۆزینەوەی 4 ملیار دۆلارە ونكراوەكەی گرێبەستی نەوت لەمەیدانی ئازادییەوە
ئەمڕۆ لە مەیدانەوە- مەیدانی ئازادی جیاواز لەڕۆژانی تر دوو بەڵگەنامەی زۆ گرنگتان بۆ ئاشكرا دەكەم، ئەم بەڵگەنامانەی ئەمڕ ئەجێندای سیاسی نییە تاكو هەندێ ئەندامی پەرلەمان پێی تێك نەچن وەك بەداخوازییەكانمان دەڵێن ئەمە داخوازی سیاسییە، ئەمڕۆ دوو بەڵگەنامەی مەترسیداری نەوت-تان بۆ ئاشكرا د ەكەم، خۆ بەمەشیان ناوترێ ئەجێندای سیاسی؟ ئەمە بەڵگەنامەی بەهەدەردانی ئەو سامانە سروشتیەیە كەلەژێر ئەم خاكەدایەو مافی هەموومان و نەوەكانی پاش ئێمەشی لەسەرە، بەڵگەنامەی یەكەمیان دەربارەی دیارنەمانی 4 ملیار دۆلاری شیرینییەكانی گرێبەستی نەوتە كە نێچیرەڤان بارزانی كاتێك كابینەی پێنجەمی بەجێهێشت وتی یەكێك لەشانازییە گەورەكانم كە بۆ كابینەی دوای خۆمی بەجێدێڵم بڕی 4 ملیار دۆلاری گرێبەستی نەوتییە كە بۆ ئەنجامدانی بونییەی تەحتی كوردستان سەرف دەكرێ، بەڵام بینیمان كاتێك دكتۆر بەرهەم چووە نێو پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە وتی ئاگاداری ئەو پارە نیم و هەركەس دۆزییەوە ئەوە پێم بڵێ خوا ناردویەتی!!
بۆیە من مژدەتان پێدەدەم ئەو 4 ملیار دۆلارەم دۆزیوەتەوەو بەڵگەكەیتان بۆ ئاشكرا دەكەم، بەڕێزان ئەو پارەیە ئێستە لە بانكی نێودەوڵەتی یە كە بەناوی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئەو پارەیە دانراوەو تەنها نێچیرەڤان بارزانی و ئاشتی هەورامی بۆیان هەیە ئەو پارەیە لەو بانكە دەربكەن!!
بەپێی بەڵگەنامەیەك كە بەنهێنی و تایبەت لەلایەن بانكی ئێن بی ئێس سی نێودەوڵەتییەوە بۆ نێچیرەڤان بارزانی نێردراوەو دەست من كەوتووەو ئەمە بەڵگەنامەكەیە بە ئینگلیزی و عەرەبی تێیدا ئاماژە بە 5 خاڵ كراوە، لەخاڵی چوارەمی ئەم بەڵگەنامەدا هاتووە كە بەو پارەی ئەم حساب بانكییە بەناوێكی تایبەتەوە بەئاگاداری ئاشتی هەورامی حسابێكی شەخسی كراوەتەوە بۆ كڕینی سەهمێك لەكۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەوت، ئەم كڕینەش لەبۆرسەی ئۆسلۆ ئەنجام دراوە!!
ئەم بانكە (ئێچ ئێس بی سی) یەكێكە لەبانكە نێودەوڵەتییەكان كە 7500 لقی لە 87 دەوڵەتی جیهاندا هەیەو 100 ملیۆن كۆمپانیاو سەرمایەدار سەرمایەكەیان لەو بانكە دانراوەو كاری كڕینی سەهمی نەوت و بۆرسەی پێ ئەنجام دەدرێ، بۆیە ئێستە كاتی ئەوەیە كە سەرۆكی حكومەت و پەرلەمان وەڵام بدەنەوە بەوەی كە ئایا ئەو حساب بانكییە چەندێك پارەی تێدایەو كێ پارەی لێ ڕاكێشاوە؟ ئایا نێچیرەڤان بارزانی ئەو حساب بانكییەی تەسلیمی د.بەرهەم كردووە بەنوسراوی فەرمی؟ ئایا ئەو سودە چەندە كەلەو 4 ملیار دۆلارە دەستی حكومەت كەوتووە كە ئەگەر بۆ تەنها 2 ساڵ سودەكەی حساب بكرێ دەكاتە 32 هەزار دەفتەر دۆلار!! بۆیە هەر ئەمڕۆ ئەم بەڵگانە دەگەیەنمە چەند ئەندامێكی پەرلەمان كە نوێنەری حەقیقی ئێوەن لە ئۆپۆزسیۆن تاكو بەجدی بەدوای ئەو پارە خەیاڵییە ونكراوەدا بچن!
یەكێكی تر لەبەڵگە نامەكانی كە ئەمڕۆ بۆتان ئاشكرا دەكەم دەربارەی ئەوەیە كە تاكو ئێستە حكومەتی هەرێم ئینكاری لەوە دەكەن كە دینارێك لەداهاتی نەوت بۆ خۆیان بەرن و هەموو ئەو پارەیە دەچێتەوە بەغداو دەچێتە سەر بودجەی 17%ی هەرێم. بەڵام ئەم بەڵگەنامەتان بۆ ئاشكرا دەكەم كە بەنوسراوی ژمارە 308ی 4/5/2006 وەك بڕیار دەرچووە بەئیمزای عومەر فەتاحی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران/ ئیدارەی سلێمانی/ بڕیار ... كەتێیدا ئاماژە بەڕێكەوتنی شەراكەتی نێوان حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای (ویسترۆن زاگرۆز) دەكات لەقازانجی وەبەرهێنانی نەوت!!!
وەك لەبەڵگەنامەكەدا نوسراوە "پشت بەستن بەئەحكامی بڕیاری ژمارە (180) لە 20 ئەیلولی 2002 و ئاماژە بە بڕگەی (2,2) لەماددەی دووەم لەڕێكەوتننامەی ئیمزاكراوی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان/ئیدارەی سلێمانی و (كۆمپانیای ویسترۆن زاگرۆز) لەڕۆژی 4ی مایس/2006 بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و بەشداری كردنی لەقازانجدا وەك لەڕێكەوتن نامەكەدا هاتووە!!
بۆیە داوا لەحكومەتی ئێستەی هەرێم و پەرلەمان دەكەین ئەو ڕێكەوتنەمان بۆ ئاشكرا بكات كە لەم بەڵگەنامەدا ئاماژەی پێكراوەو باس شەراكەتی قازانجی حكومەت دەكات لەگەڵ ئەم كۆمپانیایەیەدا پێویستە پێمان بڵێن ئەم قازانجە لەم 5 ساڵەدا چەند بووەو بۆ كوێ چووە؟ كێی لێی بەئاگاو سودمەند بووە؟ كێ ئەو دەسەڵاتەی بەئێوە داوە نەوتی كوردستان بەشەریكی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیانی بفرۆشن و لەقازانجەكەیدا شەریك بن؟
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەم كۆمپانیایە تاكو ساڵی 2009 لە 8 كیڵگەی نەوت لەهەرێمی كوردستاندا نەوتی دۆزیوەتەوەو نەوتی دەرهێناوە!! كوا قازانجەكەی؟
پاش وتارەكەم سەرجەم بەڵگەنامەكان لەلایەن كەناڵەكانی ڕاگەیاندنەوە داواكراو نوسخەم پێیاندا.
ئەمە دەقی ئەو وتارەیە كە ئەمڕۆ 14/3/2011 لەمەیدانی پێشكەشم كرد.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست