شه‌قامی مه‌وله‌وی
Thursday, 28/01/2010, 12:00
ده‌ساڵ بوو به‌عسییه‌کان حوکمی ووڵاتیان گرتبووه ده‌ست، خه‌ریکی په‌ل هاویشتن بوون، جارێ نه‌که‌وتبوونه ناو شاڵاوی ڕه‌شه‌کوژییه‌وه. ته‌مه‌نی من ته‌نها سیانزه به‌هار بوو، پشووی هاوینی قوتابخانه‌بوو. منیش وه‌ک هه‌موو منداڵێک خه‌ونی پرته‌قاڵی خۆم هه‌بوو، خه‌ونێک به‌ده‌ستی خۆم نه‌خشم بۆ ده‌کێشا، بۆیه به‌ڕه‌زامه‌ندی باوکم بوومه شاگرد له که‌بابخانه‌ی (.......) له شه‌قامی مه‌وله‌وی، تا پاره‌که‌ی ئه‌و هاوینه مۆڵ بکه‌م و به‌دڵی خۆم به‌رگ و پێڵاوی پێبکڕم، هه‌ژارییش هۆکارێک بوو، ئه‌گه‌رچی ئه‌مڕۆکه زۆر که‌س خواستیاری ئه‌وه نییه باس له ڕابردووی خۆی بکات، به‌ڵێ من له گۆشه‌نیگایه‌کی تره‌وه سه‌یری ڕابردوو ده‌که‌م ڕابردوو مێژوومه و خۆشم ده‌وێت. ناتوانم به‌چرکه له‌یادیی بکه‌م، بۆیه هه‌میشه به ئێستای خۆشمی پێوه ده‌به‌ستمه‌وه، که ناتوانم بیری بکه‌م، چونکه تژیه له جوانیی و یاخیبوون و ڕووداو.
چه‌ند ڕۆژێک بوو ده‌ستم کردبوو به‌کارکردن، خه‌ریک بوو له خواردنی که‌باب بێزار ده‌بووم، به‌یانیان سانایی خه‌به‌رم نه‌ده‌بووه‌وه، به‌ڵام قه‌د پیشانم نه‌ده‌دا که ماندووم. کاره‌که‌ی من زۆر تایبه‌ت نه‌بوو، هه ر به‌رده‌ستیم ده‌کردن، هه‌موو دوو ڕۆژ جارێکێش ده‌چووم له‌ما ڵی وه‌ستاکه‌م خه‌ڵووزم ده‌هێنا، به‌داشقه‌یه‌کی یه‌ک پێچکه‌یی، له‌و داشقانه‌ی کرێکارانی شاره‌وانی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی خۆڵ و خاش به‌کاریان ده‌هێنا، من ته‌نانه‌ت ناو چاویشم پڕده‌بوو له ڕه‌ژوو، ، جگه له‌وسه‌گه به‌سزمانه‌ی که به‌زنجیرێکه‌وه به‌سرابووه هه‌موو جارێک هاناوی منی ده‌برد، تا لێواری گوێسه‌بانه‌که ده‌هات و لیک به‌ده‌مییدا ده‌هاته خواره‌وه و خه‌ریک بوو خۆی ده‌خنکان، ئاخر من نه‌م ده‌زانی سه‌گه هاوڕێکه‌م له‌تاو ئازار بۆچی به‌من ده‌وه‌ڕێ؟ ڕه‌نگه ویستبیشێتی دڵسۆزیی خۆی بۆ خاوه‌نه‌که‌ی نیشان بدات. ئاوا به هه‌موو ڕێبواره‌کانی ئه‌و کۆڵانه ده‌وه‌ڕی، ئێستاش که بیر له‌و ڕۆژانه ده‌که‌مه‌و ه‌ته‌زوویه‌ک به‌له‌شمدا گوزه‌ر ده‌کات، ئه‌و ساڵانه شار هێنده قه‌ره‌باڵغ نه‌بوو، کۆتره شینکه‌کان له‌سه‌ر قه‌سره‌که‌ی میرزا تۆفیق ده‌نیشتنه‌وه، سپێدان کوکوختێکان به‌ده‌نگی به‌رز ده‌یان خوێند، خوله‌بووز*سپێدان برشتی به‌رگدرۆکانی به‌ناو قه‌دی داره‌کاندا هه‌ڵده‌واسی و ده‌تریقایه‌وه. دوکانداره‌کان ئاوپرژێنی به‌رده‌می دوکانه‌کانیان ده‌کرد، بۆنی خۆڵ له‌گه‌ڵ ئاوه‌که شه‌قامه‌که‌ی بۆندارده‌کرد هه‌موو شت بۆنی ژیانی لێ ده‌هات.
که‌ناسه‌کان قه‌راغی شۆسته‌کانیان به‌گسکه درێژه‌کانیان ڕاده‌ماڵی و خۆڵه‌که‌یان له داشقه‌کانیان ده‌نا ئه‌و داشقانه‌ی ڕێک له‌داشقه‌ی خه‌ڵوزوزه‌که‌ی من ده‌چوو، ئێمه هه‌موومان له‌یه‌ک ده‌چووین. گوندنشینه‌کان باره شه‌مامه‌یان ده‌هێنا بۆ شار، تاکو هه‌نووکه بۆنی ئه‌و شه‌مامانه هه‌ر له‌گه‌ڵمدا ده‌ژین، نیوه‌ڕوانیش خێرا خێرا نانی گه‌رمم بۆ میوانه‌کان ده‌هێنا و گوپه برژاوه‌کانم ده‌نایه ناو زارمه‌وه، ئای که تامێکی خۆشی هه‌بوو، وه‌ستاکه‌م ئۆتۆمۆبێلێکی فیاتی وه‌رگرتبوو، که نه‌ی ده‌توانی بیهاژووێ، شه‌وانه که دوکانمان ده‌شت و داده‌خست منیان ده‌گه‌یانده‌وه ماڵه‌وه، خۆی فێرده‌کرد، ئه‌وه‌ی فێری ده‌کرد درێژێک بوو سه‌ری له بنمیچی ئۆتۆمۆبیله‌که ده‌دا له پێشه‌وه داده‌نیشت و ڕێنمایی وه‌ستاکه‌می ده‌کرد، دوا نیوه‌ڕۆ دره‌نگیش ده‌چووم ڕۆژنامه‌یه‌کی وه‌رزشم بۆ کوڕی پوره‌که‌م ده‌کڕی که به‌زمانی عه‌ره‌بی بوو، ئه‌وان ماڵه‌که‌یان له ته‌نیشت که‌بابخانه‌که بوو، هێشتا ده‌بۆکه تێک نه‌درابوو به به‌ر ده‌می باتادا ده‌ڕۆیشتم سه‌یری ئه‌و پێڵاوه‌م ده‌کرد، که دڵم تێی چووبوو بیکڕم بۆ قوتابخانه. من هه‌موو ڕۆژێک سه‌یرم ده‌کرد، منیش وه‌ک منداڵ خه‌ونی منداڵانه‌ی خۆم هه‌بوو.
من جارێ سه‌مه‌دی بێهره‌نگیم نه‌ناسیبوو، چیرۆکی 24 سه‌عات له‌خه‌وبێدارییه‌که‌یم نه‌خوێندبووه‌وه. من له کتێبی قوتابخانه و ده‌فته‌ری سروود گوزه‌رابێ، هیچی ترم نه‌خوێندبووه‌وه. که بیر له‌و ڕۆژانه ده‌که‌مه‌وه هه‌موو ئه‌و شه‌قامه‌م دێته به‌ر چاو، دوکان به دوکان، هه‌موو ڕۆژێکیش ڕیکلامی فلیمێکی سینه‌مایم له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌هێنایه‌وه، ئیستاش شێوه‌ی ئه‌و پیاوه‌م له‌به‌ر چاوه، که یانه‌سیبی ده‌فرۆشت، زۆر لێزان بوو، جارێک خه‌ریک بوو منیش فریوبدات و بلیتێکی لێبکڕم، وه‌ستاکه‌م نه‌ی هێشت، که‌چی خۆی باخه‌ڵی پڕ بوو له بلێت.
دوای نیوه‌ڕۆیه‌ک، که له ڕۆژنامه‌کڕین هاتمه‌وه، پۆستکارتێکی گه‌وره به پایه‌ی دوکانه‌که‌ماندا هه‌ڵواسرابوو، چوار سه‌ر (مشێڵ عه‌فله‌ق، شه‌بڵی عه‌یسه‌م، ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر، سه‌دام حسێن) زۆر شتی له سه‌ر نووسرابوو (به‌عس، وحده، حریه، اشتراکیه)، هه‌رکه‌س له‌وێ ده‌گوزه‌را له‌و تابلۆیه‌ی ده‌ڕوانی، منداڵ ژن به عه‌باوه، پیاوی پیر، پۆلیسی هاتوچۆ، بۆیاخچی، کرێکار، خوێنکار، ته‌نانه‌ت شێت و حه‌ماڵی زه‌میله‌ش ئیستێکیان ده‌کرد. له ڕاستییدا به ڕیز ئاپووریان دروست کردبوو، بۆ وه‌ستاکه‌م هه‌ر جێی قبوڵ نه‌بوو، ئه‌و به‌حه‌ق و ناهه‌ق خه‌ڵکی ده‌رده‌کرد. ئاخر من گومانم نه‌بوو زۆری له‌وانه‌ی ده‌وه‌ستان هه‌رخوێنه‌وارییشان نه‌بوو. که تاریک داهات وه‌ستاکه‌م ئاگری گرتبوو تاکه تاکه خه‌ڵکییمان به سه‌ر‌شه‌قامی مه‌وله‌وییه‌وه ده‌بینی خێرا ده‌ڕۆیشتن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ڕاویان بنێن. وه‌ستاکه‌م به‌منی ووت ئاده‌ی ئه‌وکاغه‌زه به‌ڵایه‌م بۆ بێنه‌خواره‌وه، منیش له چاوتروکانێکدا ئه‌و ته‌نه‌که ژه‌نگاوییه‌م هێنا که له کاتی پیاز پاکردندا له‌سه‌ری داده‌نیشتم و ئه‌و چه‌قۆیه‌شم هێنا، که په‌نجه‌ی دۆشاو مژه‌ی پێش چه‌ند ڕۆژێک بڕیبووم، ده‌ستم کرده پارچه‌پارچه‌کردنی سه‌ری دیکتاتۆره‌کان، لێ باش لێنه‌ده‌بووه‌وه، بۆیه به وه‌ستاکه‌م ووت زۆرم لێکرده‌وه به‌س پێوه‌ی ماوه، ووتی ئیستا دایکی هه‌موویان....... م جیزه‌ره‌که‌ی داگیرساندوو سۆنده‌ی ئاوه‌گه‌رمه‌که‌ی گرت و منیش به‌ته‌لی حاجه‌ت شتن که‌وتمه وێزه‌یان له ناکاوێکدا چه‌ند چه‌کدارێک له هه‌ردوو لاوه به‌ڕاکردن به‌جوێن دانی عه‌ره‌بی، به‌ره‌و ڕوومان هاتن، من له‌سه‌ر ته‌نه‌که‌که بازم دا‌و له سه‌ر کاشییه‌کان که‌وتم، شه‌قێکی مزرم خوارد، قاچی ڕاستم تا ماوه‌یه‌کی زۆریش هه‌ر ئازاری تێدا مابوو، من له‌ده‌ستیان قوتار بووم، به به‌ر ده‌م ئه‌و کۆڵانه‌ی که له‌دیواره‌که به ناڕێکی نوسرابوو(میزکردن لێره پێشه‌ی حه‌یوانه) دوایی به‌کۆڵانی سه‌گی هاوڕێکه‌مدا هه‌ر ڕامده‌کرد، من که‌سم به‌دواوه نه‌بوو که‌چی هه‌ر ڕام ده‌کرد، نه‌م ده‌زانی یاریم به‌چ ئاگرێک کردووه؟ شه‌قامی مه‌وله‌ویم جێهێشت له‌به‌رده‌م باخچه‌ی گشتیی‌دا به‌شاهیدی هه‌موو باڵنده‌کانی سه‌ر سنه‌وبه‌ره باڵابه‌رزه‌کانی ناو باخچه‌که، من دوا هه‌مین ڕێبواری ئه‌و شه‌وه بووم، ڕێکه‌وتێکی چه‌ند سه‌یر بوو، دوا پاس به‌ره‌و ویزگه‌که‌ی ده‌چوو، سوار بووم دڵم خه‌ریک بوو له سینه‌م ده‌هاته ده‌ره‌وه.
پێش دوو ساڵ پێشمه‌رگه‌کان به‌جامانه‌ی سپییه‌وه لێره ڕیز ببوون بڕنه‌وه‌کان، لوله‌کانیان ڕووه‌و زه‌وی بوو، ته‌سلیم بوونه‌وه چه‌نده گوناح بووم بڕنه‌وه‌کانی شانیان له تفه‌نگی دارینه ده‌چوو. ئای چه‌نده ئاواتم به بڕنه‌وێک ده‌خواست، له تاو ئازاری ڕانم ده‌ستم کرده گریان، گریانێک که بووه هۆی ئه‌وه‌ی شوفێری پاسه‌که بووه‌ستێ و پرسیارم لێبکات داخۆ بۆ ده‌گریم ؟ که گه‌یشته لای گه‌راجی مه‌سڵه‌حه‌که، ووتی: ئیتر من ناتوانم له‌مه‌زیاتر بڕۆم، من به سانای ژیر نه‌ده‌بومه‌وه. شوفێری ئازیز خۆزگه ده‌م زانی ئێستا ماویت یان ده‌ستاڕی زه‌مه‌ن تۆشی هاڕیوه ؟ منی گه‌یانده خانووه‌کانی کارگه‌ی جگه‌ره، وه‌ستا تاله چاوی ون بوو، وه‌ک شه‌وان له سه‌ربان له‌سه‌ر گازه‌رای پشت بۆی که‌وتم و ڕقی خۆم به‌ئه‌ستێره‌کان ده‌ڕشت سه‌یری جوانییانم نه‌ده‌کرد، قینی دنیام له دراوسێکه‌مان بوو، که ڕادوێکه‌ی به‌ده‌نگی به‌رز لێده‌دا، له شوتی جنراویش تۆرام، هه‌موو شت به‌زارم تاڵ بوو، ئه‌و شه‌وه له‌هیچ شه‌وێکی تر نه‌ده‌چوو. که دایکم لێی پرسیم ده‌ستم کرده گریان.. نه‌م توانی ڕووداوه‌که‌ی وه‌ک خۆی بۆ باس بکه‌م.
به‌یانی که ڕۆژ بووه‌وه، بۆ من ئاسان نه‌بوو بزانم چۆن ڕۆژ بۆته‌وه، شه‌رمم ده‌کرد، که وه‌ستاکه‌م جێ هێشت بوو، وام ده‌زانی تاوانم کردووه، دوای فه‌راڤین له‌گه‌ڵ باوکم ڕۆیشتم تا سۆراغێ بکه‌ین، وه‌ستاکه‌م قۆڵی چه‌پی له ملیا بوو له‌زگه‌یه‌کیش نووسابو به‌لاچاویه‌وه، که سه‌یری پایه زه‌به‌لاحه‌که‌م کرد شوێنی که‌تیره‌ی پێوه مابوو ڕه‌ش داگه‌ڕابوون جێگاکان وه‌ستاکه‌م به‌ده‌ستی ڕاستی سه‌رخوراند تۆزێ له‌گه‌ڵ باوکمدا قسه‌ی کرد، نه‌مزانی باسی چی‌یان کرد، داخۆ باسی له‌هه‌ڵوێستی من کردبێ من فه‌دیم ده‌کرد، ئه‌مویست بۆی بسه‌لمێنم که نه‌ترساووم، هیچم نه‌وت ئه‌ویش هیچی نه‌وت، ده‌ستی گێرابه گیرفانی شه‌ڕواڵه‌که‌یدا و
چاره‌که دینارێکی ده‌رهێنا و دایمێ، ووتی: جارێ له ماڵه‌وه پشوو بده، تا ده‌نێرمه‌وه به‌دواتا، ویستم پاره‌که‌ی لێ وه‌رنه‌گرم، به‌ڵام زۆری کرد منیش لێم وه‌رگرت، تاماوه‌یه‌کی زۆر ئه‌و چاره‌که دیناره‌م پێ مابوو، ئیتر له دوای ئه‌وه من هه‌رگیزاو هه‌رگیز نه‌بومه‌وه به‌شاگرد، به‌ڵام خه‌ونه په‌مه‌ییه‌کانم نه‌مردن و له بارنه‌چوون، تۆڵه‌ی ئه‌و شه‌قه‌شم به‌زیاده‌وه کرده‌وه، له گه‌وره‌بووندا خۆشبه‌ختانه عه‌ره‌بییشم، نه‌زانی تا بزانم جوێنه‌کانیان چی‌بوو که پێیان داین.
ڕزگار ڕانگور
*خوله‌بووز
شێتێکی بێوه‌ی بوو هه‌میشه له‌شه‌قامی مه‌وله‌وی ده‌سوڕایه‌وه
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست