کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئەوەی كۆمەكی پێویستە؟!

Tuesday, 19/02/2013, 12:00




بارودۆخ و رەوشی ئاڵۆزی سوریا بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو درێژەی كێشا بەجۆرێ كە خەڵكی ئەو وڵاتە بەتەواوی گیرۆدەی مەرگەسات و نەهامەتی و ماڵوێرانی بۆتەوە، گەلانی سوریا بە پێكهاتەی نەتەوەیی وئاینی و ئاینزایەوە ئەگەر لە لایەكەوە بەتێكڕایی پریشكی ئاگرەكەیان بەركەوتبێت، ئەوا گەلی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان كە بەشیكە لە سوریا لە چوار لاوە ئاگر شاڵاوی بۆ دەبات، تاكە پارێزەریش بۆ پاراستنی گەل و خاكی ئەو بەشەی كوردستان تەنها دڵسۆزانی خودی رۆژئاوای كوردستانن كە ئێستا بەهەزاران كچ و كوڕی گیانبەخش بەبێ لە بەرچاوگرتنی هیچ بەرژەوەندیەكی تایبەت بە شەو و ڕۆژ لە ئامادەباشیدان و ڕووبەڕووی سەرجەم ئەو هێرش و پەلاماردانانە دەبنەوە كە دوژمنانی گەلی كورد لە هەموو لایەكەوە دەكەنە سەرئەو شار و گوند و ناوچانەی ئازاد كراون، نمونەی بەرچاویش ئەو پەلاماردانە دڕندانەیەی گروپە تونڕەوەكانە لە سەریكانی كە هاوسنورە لە گەڵ باكوری كوردستانی داگیركراوی بندەستی رژێمی توركیا، حكومەتی توركیای بەناو موسڵمانی دۆستی نزیكی ئەمریكا و ئیسرائیل و ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ لە لایەك هاوسۆزی خۆی بۆ هاوڵاتیانی سوریا دەردەبڕێت و ئیدانەی كردەوە ناڕەواكانی ڕژێمی بەعسی و بەشار ئەسەد دەكات، لەلایەكی تر بە شێوەیەكی نامرۆڤانە كەوتۆتە دژایەتی كردنی گەلی كورد لە دەڤەرە ئازادكراوەكانی رۆژئاوای كوردستان، پەلاماردانەكانی توركیا بۆسەر گەلی كورد لە رێی چەتەكانییەوە هەموو پێوانەیەكی دوژمنكارانەی تێپەڕاندووە، كۆمەك و هاوكاریكردن و پڕچەككردنی چل و حەوت كەتیبەی تونڕەوی دژە كورد و دژە ئازادی و دیموكراتی ئەگەر لە لایەن هەر وڵاتێكی ترەوە بكرایە بێگومان هەر وەكو وڵاتی "مالی" دەكەوتە بەر هێرشی هێزەكانی ناتۆ و هاوشێوەی ئەو هێرشەی فەرەنسا دەكات و ئەمریكا پشتیوانی لێدەكات، بەڵام توركیای هاوپەیمانی ناتۆ هەمان ئەو گروپانەی كە سەربە رێكخراوی قاعیدەیە بەرەداتە وێزەی كورد و سیاسەتی دوو ڕوویی و دووفاقی ئەمریكاش ڕوون و ئاشكرایە و بانگەشەی دیموكراتی و مافی مرۆڤ ئەو وشە بریقەدارانە تەنها درۆیەكی زەبەلاحە، بێگومان پێكهاتەی سەرەكی وڵاتی سوریا لە رووی نەتەوەییەوە بریتیە لە كورد و عەرەب جگە لە چەند كەمینەیەكی تر ئاماژەم بەوە كرد كە ئاگری دیكتاتۆریەتی ڕژێمی بەعس هەموو لایەكی گرتووەتەوە، بەڵام كورد لە چوارلاوە گیرۆدە بووە، یەكەم، ئەو ماڵوێرنییەی تەواوی وڵاتی گرتووەتەوە كە حكومڕانی ڕژێمی بەعسی كەمینەی عەلەوی هۆكارەكەیەتی. دووەم، دژایەتیكردنی كوردی ئازادیخواز لە لایەن ئیخوانە سوننە مەزهەبەكان كە هیشتا نەگەیشتوون بە دەسەڵات ئامادەنین هیچ مافێك بە كورد ڕەواببینن، سێیەم، دژایەتی و دەستێوەردانە ئاشكراكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان كە پیشتر ئاماژەم پێكرد. چوارم، چاوپۆشیكردنی وڵاتە زلهێزەكانی جیهان لەو هێرش و پەلاماردانەی لە هەموو لاوە دەكرێتە سەر كوردستان كە سیاسەتی بانێك و دوو هەوا پەیڕو دەكەن لە هەمبەر گەلی كورد. بەو شێوەیە چوار لای رۆژئاوای كوردستان گەمارۆ دراوە بە ئاگری داگیركەر و شەڕەئەنگێز و بەرژەوەندیخواز و دووژمنی سەرسەخت، لە كاتێكی وادا ناكرێت گەلی كورد لەوبەشە داگیركراوەی كوردستان كە بە برای بچوكی بەشەكانی تر پێناسە دەكرێت بەتەنها بمێنێتەوە، ئەركێكی نەتەوەیی، نیشتمانی، ئاینی، ئەخلاقی و مرۆڤایەتی تەواوی بەها پیرۆزەكانی مرۆڤ دەكەوێتە سەر شانی سەرجەم نەتەوەی كورد لە هەر سێ بەشەكەی تری كوردستان و هەموو جیهان كە بە هەوو توانایەكەوە پشتیوانی لە خەبات و تێكۆشانی گەلەكەمان بكەن لە ڕۆژئاوای كوردستان. ئێستا خەباتكاران و پارێزەرانی رۆژئاوای كوردستان لە دوو بەرەی شەڕدا بەرخۆدان دەكەن لە لایەك ڕووبەڕووی چەتەكانی سەربە ڕژێمی توركیا و قاعیدە وەستاوەن لە لایەكی ترەوە لە شاری حەلەب دوو گەڕەكی كوردنشین لە شەبیحە خوێنمژەكانی ئەسەد دەپارێزن و لە سەنگەری گەلپارێزیدا خەبات دەكەن. ئەركی سەجەم هێز و لایەنەكانی كوردستانە كۆمەك و هاوكاری گەل و یەكینەكانی هێزی پاراستنی گەلیش بكەن، ئەگەر وەك ئەركێكی نەتەوەیی هاوكاری هیزی پارستنی رۆژئاوای كوردستانیش نەكەن، پێویستە بەهەر شێوەیەك بێت كۆمەك و هاوكاری گەلی كورد بكرێت لە شار و گوندەكاندا بۆ ئەوەی لەوە زیاتر گیرۆدەی نەهامەتی نەبن، كۆمەك و بەدەنگەوەچونی ئاوارەكان لە باشوری كوردستان جێگەی ڕێز و دەستخۆشییە، بەڵام ئەوە بە تەنها بەس نییە و لەوە گرنگ تر هاوكاری ئەو كەسانەیە كە لە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ماونەتەوە لە ڕەوشێكی نالەباردا ژیان دەبەنە سەر، ئەگەر حاڵ وگوزەرانی خەڵكی باشوری كوردستان لە ساڵانی نەوەدەكاندا بێنینەوە بەچاو تێدەگەین ئێستا خەڵكی رۆژئاوای كوردستان چەند پێویستی بە هاوكاری كردنە، ئەگەر كۆمەك و هاوكاریەكان تەنها لە چوارچێوەی كەمپەكاندا بێت بەجۆرێك لە جۆرەكان هاندانی خەڵكی ترە بۆ ئەوەی رووبكەنە رێگای ئاوارەیی و چوڵكردنی ماڵ و زێدی خۆیان. ئەگەر ڕەوشەكە لەوە زیاتر درێژە بكێشێت و ژیانی خەلك لەوە زیاتر بەرەو خەراپی بڕوات دوور نییە كۆڕەوی میلوێنی ڕووبدات لە كاتێكی واشدا ریسەكەی كورد دەبێت بەخوری و دوژمنان ئامانجی خۆیان دەپێكن. ئەركی هەموو هاوڵاتیەكی كوردە بە تایبەتی حزبەكان و بەتایبەت تر حكومەتی هەرێم هاوكارییەكی جددی بكەن لە سوتەمەنی و خۆراكی وەك ئارد و برنج و رۆن و شیری منداڵ بۆ خەڵكی رۆژئاوای كوردستان. بیگومان ئەوەی كۆمەكی پێویستە ئەوكەسانەن كە ئامادە نین كوردستان بۆ ناحەزان چۆڵ بكەن بۆیە ئێستا كاتی هیمەتی كوردانەیە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە