کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەردەمی كەوتنی بتەكان...!!

Tuesday, 01/02/2011, 12:00


كە سەدام كەوت هەمومان بەدیار تەلەفزیۆنەكانەوە گریاین، ئاخر

كەوتنی بتێكی وەكو سەدام خەون بوو، خەیاڵێكی بەدینەهاتبوو،لەئەفسانە دەچوو تاوەكو حەقیقەت، لەدرۆ دەچوو تاوەكو راستی.

پەیكەرەكانی سەدام كەوت و ئێمە شانسی ئەوەمان هەبوو بەچاوی خۆمان بیبینین، ئەسەف بۆ ئەوانەی ساڵانێكی زۆر خەباتیان كردو خۆیان بەكوشتدا لەپێناوی لەحزەیەكی وەهادا كەچی نەیاندی، ئێمە شانسمان هەبوو بەزیندویی لەسەردەمی سەدامەوە پێمان نایە ناو سەردەمێكی دیكە.

بەكەوتنی سەدام ئێمەی عیراقی و كوردستانی لەوەتێگەیشتین دیكتاتۆرەكان چەندە بەهێزبن دواجار لەناودەچن، حزبەكانیان چەندە ئەندامی ملیۆنیان هەبێـت لەشەو رۆژێكدا هەمویان دەبنە بڵقی ئاو، دەبنە هەڵمی دەریا، سوپاكان و دەزگا داپڵۆسێنەرەكانیشیان چەندە بەهێزبێت ئیدی بەرگەی جەماوەر ناگرن و لەبەردەمیاندا هەڵدێن، سامان وكۆشكەكانیشیان چەندە زۆر و بەرزبن فریای چركەیەك زیاتری ژیانیان ناكەوێت.

مێژوو هەمیشە درۆزن نەبووە، ئەوانەشی وا لەمێژوو گەشتون كە رووداو گەلێكە دوبارە نابێتەوە زۆر بەهەڵەداچوون، چونكە ئێمە ئێستا لەمێژوویەكدا دەژین تەنها لەكتێبەكانی ناوەندی ودواناوەندی ناو خوێندنگاكاندا خوێندومانەتەوە.

ئەم لەحزانەی كە ئێستا رادەبورن لەسایەی شۆڕشی تەكنەلۆژیاو كەناڵە ئاسمانیەكان و تۆڕەكانی ئەنتەرنێتەوە ساتگەلێكی سەیرو ناوازەن ودوبارەبونەوەیان تەمەنێكی دیكەی دەوێت.

ئێمە كەخوێندكاری ناوەندی ودواناوەندی بوین لە كتێبەكانی مێژوودا دەمانخوێند كە میللەتان چۆن راپەڕیون و چۆن چۆنیش ستەمكارو داگیركەرانیان راماڵیوە، من بۆخۆم لە پۆلی پێنجی وێژەیی سەدان جار شۆڕشی فەرەنسیم دەخوێندەوە و شەوە درێژەكانی زستانم لەگەڵ روداوەكانیدا بەسەردەبرد، لەدڵی خۆمدا دەموت خودایە تۆبڵێی ئێمەش سەردەمێكی وەها ببینین؟.سەردەمی حەماسەتی جەماوەر و خرۆشانی توێژە هەژارەكانی كۆمەڵگا، سەردەمی گۆڕینی مێژوو لەلەحزەیەكەوە بۆ لەحزەیەكی دیكە كە هەموو شتەكانی ناویشی بگۆڕدرێت.

دیكتاتۆرەكان ترسۆكنترین بونەوەرن، كە دەگەنە كۆتایی یاخود خۆیان دەكوژن(وەك هیتلەر) ، یاخود خەڵكی بەزەلیلی دەیانگرن (وەك سەدام) ودەیانكوژن(وەك چاویسكۆ)، یاخود بستە زەمینێك شك نابەن تیایدا بژین (وەك بن عەلی).

هەرەسهێنانی دیكتاتۆرەكان زۆر سەیرە، تەنانەت خۆشیان بەخەیاڵیاندا نایەت بەو شێوە كتوپڕە كۆتاییان پێبێت،ئەوان هێندەلەخۆیان باین و بەرچاویان گیراوە راستیەكان نابینن و درۆكانیشیان لێ دەبێـتە حەقیقەت.

ئێمە شانسمان هەبوو، خودایە سوپاس، یەك لەدوای یەك كەوتنی بتەكان دەبینین، وەك سەردەمی موسا پێغەمبەر، وەك سەردەمی ئیبراهیم، وەك سەردەمی موحەمەد.

تەنها جیاوازی نێوان بتەكانی ئەو سەردەمانە و بتەكانی ئەم سەردەمە ئەوەیە كەئەوان پێغەمبەران دەیانشكاندن، بەڵام بتەكانی ئەم سەردەمە خەڵكی دەیانشكێنن.

ئێمە ئێستا لەخۆشترین ساتی تەمەنماندا دەژین، هەرەسی ئەو رژێمانە دەبینین كە چەندین دەیەیە بەئاگرو ئاسن وخوێن حوكم دەكەن، هەرەسی دیكتاتۆرەكان، ئەوانەی بەزمانی میللەتەكانی خۆیان دەدوێن، سوتانی باڵەخانەكانی ئەمن و پۆلیس و پۆلیسی نهێنی دەبینین، مەكتەب سیاسی حزبی حاكم دەبینین كە چۆن لەچاوتروكانێكا دەسوتێت و دوكەڵەكەی دەچێت بەئاسماندا، ئەندامانی حزبی تاك و ئەوحەدو حاكم دەبینین چۆن خۆیان دەشارنەوە و چۆن چۆنی جلی ژنانە دەكەنە بەریان بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە.

ئەم زەمەنە زەمەنی روخانی دیكتاتۆرەكانە، عەرەبەكان پێشوتر هەمیشە رەخنەی ئەوەیان لێدەگیرا كە میللەتێكی ترسنۆك و رازین بەهەموو شتێ، ئەگەر ئەم قسەیە بۆ سەردەمێك راست بێت بەڵام دوای رودانی شۆڕشەكەی تونس جگە لەوەهمێك هیچی دیكە نیە.
ئەوەتا عەرەب یەك لەدوای یەك ستەمكارەكانیان هەڵدێت،ئیدی نە ئەمن فریای كەسیان دەكەوێت و نەسوپا و دەزگا ملیۆنەكانیان، ئیدی نەسەروەت و نەحزبە كارتۆنیەكانیان.
ئێستا نۆرەی میسرە، موبارەك دوارۆژەكانی ژیانی دەژی، رژێمەكەشی كۆتاییەتی.
لەهەركۆییەك ستەمكاری هەبێت، پاوانكردنی دەسەڵات هەبێـت، لەبری فرەیی وجیاوازی بنەماڵەیەك یاخود چەند بنەماڵەیەك حوكم بكات،ئابوری قۆرخبكرێت، گەندەڵی هەبێت، دز دەسەڵاتداربێت، گەنج پەراوێز بخرێت، سەرۆك تادەمرێت سەرۆك بێـت، دەبێت چاوەڕێی دوبارەبونەوەی ئەزمونی تونس و میسرو شوێنانی دیكە بین.

دەی خودایە لێگەڕێ باكەوتنی یەك لەدوای یەكی بتەكان ببینین، ئەو بتانەی لەپارەی ئێمە دەدزن و لەپارەی ئێمە مناڵەكانیان دەنێرنە بەر گرانترین خوێندن لەدورترین وڵات، لەپارەی ئێمە كۆشكەكانیان دەڕوات بەئاسماندا،ئەو سەرۆكانەی بەپارەی ئێمە دەرۆنە گرانترین نەخۆشخانە بۆ ئەوەی چرچ و لۆچەكانی دەموچایان نەهێڵن تا گەنجتر ببنەوە
خودایە لێگەڕێ وەك هەرەسی بەفر ، وەك هەڵكردنی رەشەبا، وەك رودانی بومەلەرزە پەیكەرەكانیان یەك لەدوای یەك بكەوێـت، ئێمەش وەك چۆن سەدام، وەك بن عەلی ،وەك موبارەك،وەك.... بەدیار تەلەفزیۆنەكانەوە دابنیشین و لەخۆشی شكانیان ، لەخۆشی هەرەسیان ، لەخۆشی نابوتبونیان بگریین...خودایە..دەلێگەڕێ بایەك لەدوای یەك بكەون..خودایە دەلێ گەڕێ.

دەربەندیخان

[email protected]


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە