بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


"با رێڕەوی وتاری نووسەرەکانی کوردستانپۆست بگۆڕدرێن"

Friday, 22/08/2014, 12:00





دێمۆکڕاسی واژەیەکی یونانییە کە لە دوو بەش پێکهاتووە (دێموس... و.. کڕاتۆس). دێموس هەم دەتوانێ مانای ئەو کەسانە بدا کە هاوڵاتی یەکترن یا مانای خەڵکانی ئاسایی یامانای چین وتوێژی/ لۆمپەن یا چین وتوێژی خوارووی کۆماڵگا.
کڕاتوس، بە مانای، هێزیا یاسا، پێناسە دەکرێ بەو واتایە لە هەر شوێنێک، هێز و یاسا وجودی هەبێ مەرج نییە، کە دێمۆکڕاسی بونی هەیە. مانای دێمۆکڕاسی لە چەند روانگەوە:

یەک :
مینی مالیزم، خەڵک تاقمێک هەڵدەبژێرن کە حکومەتیان بەسەردا بکات.

دوو:
مانای گشتی، دەسەڵات یاساکانی بەسەر دوو چین وتوێژدا دابەش دەکا، چینی چەپ، چینی راست.

سێ:
دێمۆکڕاسی هاودەنگی: دەسەڵات لەسەر پایەی، دەسەڵات وخەڵک بە شێوەی هاودەنگی بە ڕێوە دەچێ.

چوار:
دێمۆکڕاسی دیرەکت (راستەو خۆ)، خەڵک راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر یاسادانان وبەڕێوە بردنی سیاسەت.

پێنج:
مانایەکی دیکەی دێمۆکڕاسی ئەوەیە کە بەرابەری سیاسی لە نێوان تەواوی هاوڵاتیاندا وجودی هەیە.

رووداوەکانی چەند مانگی رابوردوو لە بەشێک لە باشوری وڵات پێوانەی هێزو توانای بە ڕێوەبردنی کۆمەڵگا وخەڵکی بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو گۆڕی. ئەگەر هەتا دوێنێ خەڵک پێیان وابوو دەسەڵاتی عەشیرە و بنەماڵەیی توانای پاراستنی ئەو بەشە لە وڵاتییان هەیە زوو دەرکەوت کە ئەو سیستمە تەنیا مانگێک ناتوانێ بە بێ یارمەتی دونیای دەرەوە لەسەر پێی خۆی رابوەستێ. لەوەش بترازێ ئەو چەند ساڵە هێدی هێدی دەردەکەوێ کە دیکتاتۆڕ نۆکەرەکانی دەستکردی زلهێزەکان بونەتە خۆرە بۆ گیانی تاک تاکی کورد کە بەرەو هەڵدێری بێ ئیرادەیی ولاوازی پاڵمان پێوەدەنێن.

زۆرم فکر لێکردەوە لەو پێنج خاڵەی سەروو کە تاریف لە دێمۆکڕاسی کراوە، تەنیا خاڵی یەکەم (مینی مالیزم) پڕ بە پێستی ئەو دەسەڵاتەیە لە کوردستان کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی دونیای دەرەوە بوونەتە کوێخا و ئاغای دمڕاست. نە ئەو دەسەڵاتە رێگای دێمۆکڕاسی گرتۆتە پێش نە عێڕاقیش فدڕاڵییە. فڕی بەسەر ئازادییەوە نییە. پرسی یەکەم ئەو بارودۆخەیە کە ئایا ئامریکا و ئورووپیەکان دەزانن کە هیچ روانگەیەکی نوێ شک بەرن بۆ ئاڵوگۆڕی بنەڕيتی لە سیاسەتی ئەو دوو بنەماڵەیە؟ ئەگەر بڵێم نازانن! راست نییە. چون لە بارزانی و تاڵەبانیان باشتر وەگیر ناکەوێ. بێگومان ئەو سیستمە هەم توانیویە ئازادی سەرکوت بکات، هەمیش رێگای خۆش کردووە بۆ بەدەست هێنانی قازانجی سیاسی و ئابوری زلهێزەکان. مەلامستەفایان بە دوو فوو کوژاندەوە داواکاریەکانی کورد کۆتایی نەهات. گوتیان کوڕەکانی وا لێ ناکەین دیانکەینە پیاوی خۆمان باشترە!

چۆن دەبنە پیاوی بیانی؟
چاو لەو وڵاتانە بکە، ئامریکا، فەڕانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، کۆماری ئیسلامی، ئینگلیز، و.... ئەو رۆژانە کێبڕکێیانە بۆ ناردنی چەکی قورس! هەرکام لەو وڵاتانە یەک بە یەک لە کاتی خۆیدا گەورەترین نەهامەتیان بەسەر کورد هێناوە! پرسی دووهەم ، ئەوە هاتوو ئەو وڵاتانی هیچ جۆرە هاوکاری دەسەڵاتیان نەکردبا، ئەوە فڕۆکەکانی ئامریکا لە لێدانی داعش خۆیان بەدوور راگرتبا؟ ئێوە حاڵ و رۆژتان چۆن دەبوو؟ خەڵكی هەژار بەرەو کوێ رایکردبا؟ داعش نەگەیشتبووە هەولێرێ خەریک بوو پاتەختی بارزانی ساف لە ساف چۆل بێ! خاڵی چواری ئەو بابەتە قسە لەسەر دێمۆکڕاسی / دیرەکت / دەکا. بەشی هەری مەزن پشکی نووسەر، رۆژنامەوان، مامۆستای زانکۆ. بازاڕی، رووناکبیرەکە بەرپرسایەتی دەکەوێتە ئەستۆی.

هیچ کام لەو چین وتوێژانە توانای لابردنی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵەیان نییە. بەڵام توانای هوشیار کردنەوی کۆمەڵگایان هەیە. بە باوەڕێ من لەمەودوا بابەتی وتارەکان با رووی لە دونیای دەرەوە بێ. باشە، بۆ ئامریکا و ئەوانی دی ئاوامان لێ دەکەن. هەتا کەنگێ کورد دەبێ چزووی ژاری ئەو دەوڵەتانە بکێشێ؟ هەتا کەنگێ دیکتاتۆڕمان بۆ دروست دەکەن و لە کاتێکی ناسکدا جێمان دێڵن؟ وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا لە تەنیشت کاک مەسعود فەرمووی: باس لە دەوڵەتی کوردی بکەی داعش و تێبەردەدین! و هاوکاریتان ناکەین. بۆ کوشتنی منداڵی ئەنفال دەڵێی داشە هارەن و لەحاند بیانیش وەکو رێوی دەچن. گۆیا لە رێگای پاپۆڕەکانی ئەمریکی چەکی قورس دەگاتە باشور ئەو چەکانە دەدرێن بە کێ؟ کەس نازانێ؟ لە رابوردوودا پێشمەرگە هێمای بەرخۆدانی کورد بووە. ئێستێ ئامریکا دەڵێ پێشمەرگە شەڕمان بۆ دەکات! چەکی ئەمریکی، پێگەی مەزنی جببەخانەی ئەمریکی لە هەولێر، فڕۆکەی هەوایی ئەمریکی، پسپۆڕی فێرکار بۆ پەروەردەکردنی پێشمەرگە، و دەیان بابەتی دیکە لە کوێ بەرەو سیاسەتی سەربە خۆ دەڕۆین؟ کوا لە تواناماندا هەیە سەردەزیەک بۆ خۆمان دروست بکەین؟ کەس حاشا لە پەیوەندی دونیای دەرەوە ناکات، بەڵام نە بە هەر بەهایەک. نەتەوەیەک چوک کەیەوە بۆ ئەوی دوو بنە ماڵە دەسەڵاتیان لەدەستدا بمێنێ.

کوڕەکەی تاڵەبانی بە فشە بەبێ ئەوەی یەک فیشەکی تەقاندبێ جێگای بابی گرتەوە! کەس دەنگی نەکرد! گوتیان دەرس خوێندەی ئینگلستان و ئامریکایە و زیرەکە! مەسعود بارزانی پێنج  کوڕێ هەیە جگە لە ئەوانی دی، هەر کام لەو کوڕانە 30 ساڵ کار بەدەست بن دەکاتە 150 ساڵ! شاعیری نەمرو شۆڕشگێڕی شیلی،، پابلۆنۆڕادا،، لەکاتی خۆیدا بە شێعرەکانی دونیای هەژاند بوو بە رەمزی هوشیاری نەتەوەکەی. ئایا شاعیر و نوسەرو روناکبیرو مامۆستای وڵاتی ئێمە توانیویانە بارێکی بچوک لەسەر شانی کورد لابەرن؟ تەنیا وتار نووسین لەسەر ئەو دەسەڵاتە بەس نییە. با دونیای دەرەوەش لە هەمووە تڕاژیدیایەی کە بەسەرمان دێنن بێ دەنگ نەبین. کەم نووسەرمان هەیە کە بە زمانی بیانی بابەت بنووسێ. بەڵام دەکرێ بە زمانی کوردی رێگای هوشیاری نەتەوەیی بدۆزرێتەوە.

رێگای چارە چییە؟:
من مافی ئەوەم هەیە رای خۆم دەرببڕم. هەر چەند زەحمەتیش بێ. من لە نێوان خراپ و خراپترین هیچکامیان هەڵنابژێرم. بەڵام لە نێوان باش و باشتریندا بێگومان باشترین هەڵدەبژێرم. کادرۆی پ،ک،ک، ش نیم. چون تەمەنم ئیزن نادا. بەڵام لەو هەموو شۆڕشانەی کە بەسەرمان هاتووە ئەو یەکەم جارە سەرهەڵدانێک دروست بووە. کە توانیویە لەسەر ئیرادەی خەڵکی کورد بەرەو پێش هەنگاو بنێ. تاڵەبانی و بارزانی زۆریان حەول دا ئەوانیش بکەنە ئوردوگانشێن ، نەیانتوانی. سەدان کادرۆیان لێ جودا کردنەوە سەرنەکەوتن. پرس ئەوەیە بۆچی ئامریکا و ئەوڕوپییەکان خۆ لە پ. ک. ک بەدوور رادەگرن؟ ئەگەر دەسەڵاتی باشوور نەزانێ ئەوان بۆ خۆیان باش دەزانن. ئەوەندی من لەبیرم بێ لەماوەی نزیک 15 ساڵی زیندانی رێبەر ئاپۆدا 3 جار وشەی ،، ئیمپریالیزمی،، لە گوتنەکانی خۆیدا بە کار هێناوە. هەتا ئێستێش گریلا یەک سەربازی ئامریکایی نەکوشتووە. باشە لیستی ترۆری (فشە لیستە) ئامریکا لەسەر کام حیساب ناوی پ،ک،ک، لە خۆدەگرێ؟ ئەمن دەزانم، چون ناخوازن وەک تاڵەبانی بارزانی بن.

ئەگەر تاکی کورد بڕێک ئینسافی هەبێ دەبێ پێش کەوتنەکانی 15  ساڵی رابووردووی باکوری وڵات بنرخێنێ (ناڵیم قەبوڵی بکات) رووداوەکانی 23 ساڵ دەسەڵاتی عەشیرەتەکانی بارزانی و تاڵەبانێش بنرخێنێ. کامیانی پێ باشترە لە سەری بدوێ؟ من ناڵێم لە باکور هەڵە و کەموکورتی نەبووە. بەڵام دەڵێم ئەوان لە کوێڕا دەستیان پێکرد ئێستێ لە کوێن؟ لە باشوور دەسەڵات لەسەر خێر و سواڵی بیانی دەمەشێ، لە باکور شەڕ لەگەڵ تورک و ناتۆ و هاوپەیمانەکانی تورکیە مەشاوە. بۆ ئاڵو گۆڕی سیستمی دەسەڵاتی ئەو چووتە بنەماڵەیە شێوەی کار و سیاسەتی براکانمان لە باکور باشترین ئاڵتڕناتیڤە. لەوەش بترازێ بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی وڵاتیش رێگایەکی جێی متمانەیە. هەر چەند ئەو کارەش هاسان نییە. ئەرکی چین وتوێژی پێشەنگی کۆمەڵگا بەرەو کوێ دەڕوا پرسێکی قورس و گرانە. با نووسەری وڵاتپارێز رێڕەوی وتاری بگۆڕێ و بۆ هوشیاری کۆمەڵگاکەی نوکی پێنوسی تیژ بکات. نە ئامریکا، نە ئەوروپییەکان و نە هیچ وڵاتێک بەرژەوەندی خۆیان وەپێش بەرژەوەندی کورد ناخەن. قسەی سەرەکی ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەیکەن. ئەو ئیرادەیەش بەو دەسەڵاتەی ئێستێ قەت پێک نایە.

جەعفەر کەریمی
٢١/٨/٢٠١٣

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە