شرینقە و قەنەفە
Sunday, 14/04/2013, 12:00
ئەمڕۆ لەگەڵ ناسیاوێکمان لەسلێمانی قسەمان ئەکرد و هەواڵی خانوە تازەکەمان لێ پرسی کە ئایا تەواو بوەو چوونەتە ناویەوە.. ئەویش ووتی وەڵا تەواو بوە بەڵام جارێ هەندێ شتی ووردی ماوەو بەنیازیشین هەندێ کەلوپەلی تازەی بۆ بکڕین و بەشتی نوێوە بچینە ناوی و تیا بسرەوێین. لەسەر قسە کردن بەردەوام بوو ووتی؛ قسەیەکت بۆ ئەکەم لەوانەیە باوەڕنەکەی، منیش ووتم چیە؟ ووتی: ماوەی مانگێکە هەندێ کورسی و قەنەفەی تورکیم کڕیوە ئەمڕۆ چووم بۆ لای کابرای مۆبێلات و ووتی بەخوا ئێشتا بەدەستمان نەگەیشتوە و لەژێر (کواڵتی کەنترۆڵ)دایە.. منیش دامە پڕمەی پێکەنین و کابراش وا بزانم پێی ناخۆش بوو. ئێ باشە لەدڵی خۆمدا ووتم: لەم ووڵاتەی ئێمەدا ئەوەی پێوستە بخرێتە ژێر کواڵتی کۆنترۆڵەوە ناخرێت و ئەوەی کە پێوست ناکا بۆ ئەبێ بخرێتە ژێر ئەم پرۆسەیەوە.
وەڵڵا کە تەواو بوو لەقسەکەی خۆی، منیش ووتم دەی بۆ ئەوەندە دۆ بڕن و شکوری خوا ناکەن و ٢٤ سەعاتە دوعا بۆ ئەم حکومەتە ناکەن، ئەوەتا ئەوەندە بەتەنگ دانیشتن و شان دانانی هاوڵاتیانەوەیە حەز ناکەن کەس ئەو قەنەفەیەی لەسەری دائەنیشی ناڕەحەتی بکا و بێزار ببێ. ووتم: ئەم حکومەتە هەرچی دەرمان و شریینقەی خراپ و بەسەرچوو هەیە ئەی هێنێتە کوردستان و بینانی لەچاوان نەهێشتۆتەوە، نیوەی عالەمەکە تووشی چەندین نەخۆشی سەیر سەیر و مەترسی بونەتەوە، کەم کەس هەیە لە کوردستان بە ساغی مابێتەوە. ئاخر کەی بووە لەکوردستان ژمارەی ئەو هەموو خەڵکەی کە تووشی ئایدز، شەکرە و شێرپەنجە بووە لەچاو ژمارەی هاوڵاتیاندا لەهەموو ٢ هاوڵاتی یەکێکیان نەخۆش و کەنەفتە بێ؟ ئەمڕۆ ئەوەندەی خەڵکی بەنەخۆشیەوە سەرقاڵە، ئەوەندەی سەردانی کلینك و دکتۆر و نەخۆشخانەکان ئەکەن، ڕەنگە نیو ئەوەندە نەیان پەرژێتە سەر ژیانی ئاسایی خۆیان. هاوڵاتیان لەبەر چاوچنۆکی مافیاکانی دەسەڵات و سیاسیە بێ مۆڕاڵەکان ئەنفالێکی سپیان بەسەریاندا کردون و کە لەوەی سەدام خراپترە. خۆ ئەوە باس لە مردن و پرسەکان هەر ناکرێ کە بەهۆی نەخۆشی کتووپر و لەخۆوە هەموو تەمەنەکانی گرتۆتەوە و کەم شوێن هەیە و کەم مزگەوت هەیە کە ڕۆژانە پرسەی تیا نەکرێ.
خەڵکینە بەچاوی خۆتان بینیتان کەوا لە ماوەی ئەم هەفتەی ڕابردوە چەندین کەس لە شاری هەولێر بەدەرزی و شرینقە تووشی لەدەست چوونی بینایی بوون. بێ ئەوەی کەسێ لەسەری دادگایی بکرێ و بێ ئەوەی ئەم جۆرە دەرزیانە بە (کواڵتی کۆنترۆڵ)دا تێپەڕ بووبێ. کەچی لەولاوە و ئەو شتەی کە هیچ مەترسی نیە بۆ سەر گیانی هاوڵاتی بۆ ماوەی مانگ و زیاتر ئەیهێڵنەوەو نایەڵن بەئاسانی هاوردە بکرێ، دەی باشە هەقی خۆیەتی کە مەسعود بارزانی نەك هەر ٢ ساڵی زیاتر بدەن بەدەم ئەم خولی دووەمی سەرۆکایەتی، بەڵکە لەبەرکارایی و خۆشەویستی بۆ هاوڵاتیان و بەتەنگ هاتنیەوە بۆ سەرجەم ساغ و نەخۆشەکانی کوردستان.. کە چیتر هەڵبژاردن نەکرێ و لەجیاتی سندووقی دەنگدان هەقی خۆیەتی هەروەك چۆن جاران مجەوری مزگەوتەکان بە قوڵینەیەکەوە ئەگەڕان بۆ نان و جەژنانەی فەقێ. ئێستاش مەسعود و یەکێتیە پارتیەکان بەهەمان شێوە لەبەردەم لق و مەڵبەند سەر قوڵینەیەك دابنێن و داوای دەنگی هاوڵاتی بکەن و بەشکم خوایە دڵی هاوڵاتیان نەرم بکەن و دەنگیان پێبدەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست