کاروان کەمال و ڕاپەڕینی گەنجانی فەڕەنسا
Tuesday, 28/06/2011, 12:00
لە ١٩ ی ئاپریلەوە کە سەرا درایە بەر گوللە و شەقام سڕکرا گوێمان لە زۆر دیالۆگ و پێش وەختکەوتنی ڕوداوەکان بووە، لە هەمویان سەرنجڕاکێشتر ئەوەیانە کە دەڵێت هەرچەند ڕاپەڕینی گەنجان و خەڵکی کوردستان لە دژی دوو بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی سەرکوتکرا، هەندێک هێما و پرنسیپ هاتونەتە پێشەوە کە تازە مەحاڵە ژێرپێبخرێن، ئەوانەش مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤن.
ئەم گوتەیەش بە پشتبەستن بە ئەزمونی ڕاپەڕینی گەنجانی فەڕەنسا لە ٦٨ دا و دەرئەنجامەکانی و کاریگەرییەکانی لەسەر وڵات و کۆمەڵگەی فەرەنسی دەوترێت و، کوردستان و ڕاپەڕینی گەنجەکانی بەوەی ئەوێ دەچوێنرێت.
دەستدرێژیەکانی دەسەڵات بۆ سەر چالاکەکانی خۆپیشاندانەکان و بڕیارەکانی مەسعود بارزانی و هەڵسوکەوتەکانی تاڵەبانی و، بێباکییان بۆ داواکاریەکانی خەڵک و شەقام و، سوربوونیان لەسەر سزادان و تۆڵەلێکردنەوەی ئازادیخوازان و، دەستیدەستیکردن بە ئۆپۆزسیۆن و، وەڵامدانەوەکانی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تەواو پێچەوانەی ئەو بۆچونەی سەرەوە دەکەوێتەوە.
کوردستان و سلێمانی نابنە فەڕەنسا و پاریس، چونکە لە فەرەنسا و پاریس کەسانێک لە دەسەڵاتدا بوون کە بە هۆش خۆیاندا هاتنەوە و، لە خەمی ئایندەی وڵات و میللەتەکەی خۆیاندا بوون، بە پێچەوانەوە لە کوردستان دوو بنەماڵە و دوو کەسی نائارامی ڕقئەستوور بە لەشکرێکی گەورەی گەندەڵی مافیاییەوە حوکم دەکەن کە ئەوەی بیری لێنەکەنەوە وڵات و میللەتە. کوردستان نابێتە فەرەنسا و، بەرنامە و عەزمی دەسەڵات و دەستوپێوەندەکانی دەسەڵات گەر بۆیان بچێتە سەر کوردستان زۆر خراپتر لێدەکەن لەوەی لە پێش ١٧ ی شوباتدا لە ئارادا بوو. بڕیاری پێکهێنانی لیوا نوێکان و، گرتنەدەستی پۆستە ئەمنییەکان لە لایەن بارزانی و مەسروری کوڕییەوەو، خەڵاتکردنی بکوژەکان و ڕاوەڕێویەکانی دەسەڵاتدارانی سلێمانی چییە گەر بەرنامە و عەزمیان نەبێت بۆ ئەوەی کە لە ئایندەدا بە نیازن بیکەن، کە وڵات بکەن بە دۆزەخێک بڵێین سەد خۆزگەمان بە سەردەمی سەدام.
ئاشکراکردنی نیازەکانی مەسرور بۆ بوون بە سەرۆکی کوردستان چییە گەر تەواو پێچەوانەی ئەو گوتەیەی سەرەوە نەبێت.
لە فەرهەنگی دیکتاتۆرە زەلیلەکاندا سنگفراوانی و دەرسوەرگرتن بە سوودی میللەت زاراوەی سڕاوەن.
لە گرتن و ئەشکەنجەدانەکانی ڕێبین و سمکۆ و یادگار بە دواوە لیستە ٢٠٠ کەسێکەیان پێکهێناوە بۆ سزادان و چاوترساندن و، تیرۆرکردنی چالاکەکان و، تەمبێکردنی خەڵک. ئەوان بە تەنیا نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پێش ١٧ی شوبات بەڵکو دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ خراپترین ڕۆژەکانی ئەنفال و لە سێدارەدان و ماڵڕوخاندن و سوتاندن و بە کۆمەل کوشتنی گەنجەکان و ئازادیخوازان. نەمانبینی ماڵی کەسوکارەکەی پشتیوان عەبدوڵایان سوتاند؟
ئێستە کاتی ئەوە هاتووە شەقام بێباکانە لە دەسەڵات و لە ئۆپۆزسیۆن و چاوەرێکردن قسەی خۆی بکاتەوە و، نەبێتە بینەر لە ئاست تیرۆرکردن و سزادان و دەمکووتکردنی گەنجەکان و ئازادیخوازاندا. ئیتر هیچ بیانوویەک بەدەستەوە نەماوە بۆ بێدەنگی. ئەمجارە کۆبونەوەی مەیدانەکان بە تەنیا بەس نییە بەڵکو شێوازی چالاکی زۆر بەرچاو و کاریگەر پێویستە. شەقام گەر ئیتر بێدەنگ بێت و جێدەستی دیارنەبێت یەکەیەکە گەنجەکانی تیرۆر دەکرێت و، دەسەڵاتیش بەرنامەی دۆزەخیانەی خۆی جێبەجێدەکات.
دەستدرێژیکردنە سەر کاروان کەمال و هاوڕێکانی چییە گەر تۆڵەکردنەوە و چاوترساندن و سەرکوتکردن و بێدەنگکردنی جەماوەر و خەڵک نەبێت! ئایا ئەمەیە بە پاریسبوون و بە فەڕەنسابوون؟ ئەمەیە پاراستن و پێشخستنی کەرامەتی ئینسان و مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان.
مانگەشەو سەر لە ئێوارە دیارە.
ئەو ئێوارەیەی سەرا درایە بەر دەستڕێژی گوللە و کاکە هەردی شەهیدکرا دەریخست ئەوانەی لە کوردستان دەسەڵاتدارن پاریسێک و فەڕەنسایەکیان بۆ بنیاتنانرێت و نیازیشیان نییە بنیاتی بنێن. ئەوان بەردەوام لقی چوار و هەڵەبجە و سەرا دروستدەکەنەوە و هیچی تر.
شەقام نابێت ئەمە قبوڵبکات، گەر قبووڵی کرد ٥٠ ساڵ بەرەودوا دەکشێتەوە. نابێت فریو بەوە بخوات وەکو فەڕەنسا و پاریسی لێبێت، لە فەڕەنسا و پاریسیش گەر بارزانییەک و تاڵەبانییەک حوکمیان بکردایە ئێستا ئەوێش جێنزرگەی لاوانی تیرۆرکراو و قەبرسانی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و، بێکەرامەتیکردن بە مرۆڤ دەبوو.
ئەو گوللانەی جەستەی کاروان و هەڤاڵەکانی پێکا گوللەی تریان بەدوادا دێت. ئەمڕۆ ئەوان سبەینێ یەکێکی تر!
بێدنەگ مەبن، بڕژێنەوە سەر شەقام، ئەوە تاقە ڕێگەی نەجاتە و هیچی تر!
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست