کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سکۆلاریزم یا دەوڵەتی ئیسلامی

Sunday, 22/02/2015, 12:00





داعش ،خەلافەتی ئیسلامی وەک بەدیل بۆ ئەزمەی دەسەڵات لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا زەقکردۆتەوە .لە کێشەی بنبەستی سیاسی و ئابوری لە جیهانی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوڵەتی ئیسلامی بەدیلی هەموو باڵەکانی ئیسلامی سیاسی و ستراتیژی هاوبەشی بزوتنەوە ئیسلامیەکانە بەرامبەر بە سیستەمی ناسیونالیستی وعەسکەری فەرمانڕەوا .
لە شەڕی ئەم بەدیلە بورژوازیانەدا خاڵی لاوازی ئەم سیستەمە فەرمانڕەوایانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونی ئیسلامە وەک یاسا و دینی ڕەسمی دەوڵەت یاخود وەک بەرنامەی سیاسی و بنەماکانی دەسەڵاتدارێتیان . ئیسلام خۆی کۆڵەکەیەکی ڕاگرتنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆریانەیە هەربۆیە بەدیلی ئیسلامی سیاسی زەمینەکانی جێگیربونی لەخودی ئەم سیستەمانەی ئێستادا بۆ فەراهەم کراوە . کوردستانیش کە لەشەڕدایە لەگەڵ داعشدا ،فاکتەرە ناوخۆییەکانی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی کوردستان هەمان خاڵی لاوازی هاوبەشی هەیە لەگەڵ سەرجەم ئەو سیستەمە سیاسیانەی لەم ناوچەیەدا لە شەڕەدان لەگەڵ داعش. هەربۆیە لەشەڕی دژی داعشدا هەمیشە ئیسلام وەکو "ئەسپی تەروادە" ئیمکانی هەیە دەستی بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامی بگەیەنێتە دەسەڵات لەم ناوچەیەدا.

ئەزمەی سیستەم و بەدیلی ئیسلامی
ڕیشە ئابوری و سیاسیەکانی ئەم قەیرانەی ناوچەکە لە بنبەستی سیستەمێکدایە کە لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی عەرەبیدا جێگیربوە. شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی تەقینەوەی ناکۆکی و دژایەتیانەی ئەم سیستەمە بوو لەگەڵ ژیانی سەدان ملێۆن ئینسانی کرێکاروهەژاری ئەم ناوچەیەدا. دابەشکردنی ئەم ناوچەیەی بە چەند شێخنشینێک کە داهاتێکی خەیاڵی نەوت و گازیان لەبەردەستدایە بەژمارەیەکی کەمی چەند ملێونی دانیشتوانەوە و بوونی چەندین دەوڵەتی گەورەی وەک میسر و تونس و ئوردون و سوریا بەچەند سەد ملێون بێکارەوە. ئەم دابەشکردنە ئیمپریالیستیەی بازاڕی کاروسەرمایە بوەتە مایەی کەڵەکەبونی سەرمایەی نەوتی لەدەستی شاو ئەمیرەکانی کەنداو و دیکتاتۆرەکانی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەک و ڕاگرتنی هێزی کاری هەرزانی کرێکاران و بێ مافی سیاسی و ئابوری زۆربەی دانیشتوانی هەژاری ئەم ناوچەیە لەلایەکی ترەوە. ئەمریکا و هاوپەیمانە ئیمپریالیستەکانی لەڕێگەی کۆنترۆڵی بازاڕوقەرزدارکردنی ئەم ناوچەیە و کۆمەک بەسوپا ودەزگای جاسوسی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی و دانانی بنکەی سەربازی ئەمریکی و بەرپاکردنی دووشەڕی کەنداو و درێژەدان بەپشتیوانی داگیرکردنی فەلەستین ،وەک سەرچاوەی نەهامەتیەکانی خەڵکی ئەم دەرکەوتوە و فاشیزمی ئیسلامی ئەلقاعیدە و داعش بەهەمان شێوەی نازیزمی ئەڵمانی دەتوانێ ڕێگای دەرچونی خەڵکی هەژاری ئەم ناوچەیە لەدەست ئەمریکا و شێخنشین و دیکتاتۆرە ناسیونالیستەکان بە ئایدیۆلۆژی و بەدیلی خەلافەتی ئیسلامیەوە گرێ بدا .
ئەم قەیرانە سیاسیە ،بەشێکیشی ئاکامی شەڕودەستێوەردانی ئەمریکا و ڕۆژئاوایە لە عێراق وسوریا و ململانێی نێوان دوو قوتبی دەوڵەتەکانی ناوچەکەیە ،کە لایەکی ئێرانە ولاکەی تری تورکیا وسعودیە و خلیجە. لە تێکچونی هاوسەنگی هێزە ناوخۆیی و ناوچەیەکان و داڕمانی دەوڵەت و گۆڕانی شارەکان و شوێنی ژیان بە مەیدانی جەنگێکی تیرۆریستی فراوان ،زەمینەی سیاسی و سەربازی بۆ فاشیزمی ئیسلامی دروستکرد کە هێزکۆبکاتەوە و لەڕێگای سود وەرگرتن لە پشتیوانیەکانی ئەمریکا و تورکیا و خلیجەوە وەک هێزێکی ناوچەیی دەوربگێڕێ و ئێستا شەڕ دەکا لەپێناو سەپاندنی بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامیدا.
دوو دەیەی ڕابردوی مێژووی شەڕی باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکە و سیستەمە نوێیە تاک هێزە جیهانیەکەی ، فاشیزم و تیرۆریزمی ئیسلامی کردۆتە بەشێکی جیانەکراوەی ئەم سیستەمە .داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی بۆ قبوڵکردنی لەلایەن ئەمریکا و ئیمپریالیزمی ڕۆژئاواوە وەک بەشێک لە سیستەم ودەسەڵاتی ناوچەکە شەڕ دەکا. ستراتیژی نادیار و چاوەڕوانی شەڕی درێژخایەنی چەند ساڵی ئەمریکا لەگەڵ داعش و بزوتنەوەی فاشیزمی ئیسلامیدا نیشانەی ئەم واقعیەتەن. ئیسلامی سیاسی لەم ئەزمەیەی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا خۆی وەک بەدیل و ئیسلام چارەسەر نیشان دەدا بەڵام لەڕاستیدا خۆیان یەکێک لە دەرکەوتە و نیشانەکانی ئەو نەخۆشی و ئەزمەیەن، وەک کارل کراوس دەڵێ" ئەمە نەخۆشیەکەیە کە توش بوەکان خۆشخەیاڵن بەوەی کە ئەوە دەرمانەکەیە".
چارەسەری ڕیشەیی ئەم ئەزمەیەی سەرمایەداری و بنبەستە ئابوری و مۆدیلی سیستەمی سیاسی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک هەموو شوێنەکانی تری دنیای سەرمایەداری گۆڕینی سەرجەم سیستەمەکەیە بە سیستەمێک کە لەسەر بنەمای چەوسانەوەی سەدان ملیۆن ئینسان لەلایەن چەند بنەماڵەیەکی دیکتاتۆر و خاوەن چاڵە نەوت و مێزەربەسەرەوە دانەمەزرابێ و ژیان و کاریان بەپێی پێوەری کۆیلایەتی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و ڕۆژئاواوە لە دابەشکردنی بازاڕی جیهانی سەرمایەدا دیاری نەکرابێ ،ئەم بەدیلە سۆشیالیستیە شۆڕشگێڕانەیە دەتوانێ چارەسەری ئەو نەخۆشی و ئەزمەیە بکا کە بەدیلە دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیە ئیسلامیەکان لەسەر هێشتنەوەی و سەپاندنی بەسەر خەڵکی کرێکار وچەوساوەدا شەڕیانە.
لەم هەلومەرجەدا کە لەلایەک هەڕەشەی ئیسلامی سیاسی و شەڕی داعش و بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامی لە لوتکەدایە وە لەلایەکی تریشەوە دەسەڵاتە ناسیونالیست و دیکتاتۆریە عەسکەریەکانەوە ئیسلام وەک چەکێکی ئایدیۆلۆژی و فکری بۆسەرکوتی ماف و بیروباوەڕی یەکسانی خوازی و ئازادایخوازی شۆڕشگێڕانە بەکاردەهێنن، پایەیەکی ئەم بەدیلە شۆڕشگێڕانەیە و هەنگاوێکی گرنگی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی ئەم ئەزمە و جەوی شەڕی بەدیلە کۆنەپەرستەکان ،جیاکردنەوەی دین لەدەوڵەت و سکۆلاریزەکردنی سیستەمی دەسەڵاتدارێتیە. بەربەریەتیەک کە ئاڵای دەوڵەتی ئیسلامی هەڵکردوە و کۆنەپەرستیەک کە پێشبڕکێ لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی پاراستنی ئیسلام دەکا دەبێ وەک پاکێجێکی دوانەی کۆنەپەرستی لە سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەسەڵاتدارێتیدا بخرێنەلاوە و کۆمەڵگە و یاسا و خویندن و پەروەردە و ژیانی مەدەنی لەم کۆنەپەرستیە ڕزگاربکرێ و ڕوخساری مەدەنیەت و سکۆلاریستی کۆمەڵگە بتوانێ ئینسانیەت و کەرامەت و ماف و ئازادیەکان لەجێگایان جێگیربکرێ.ئەمە وەلامی شۆڕشگێڕانەیە بە ئەزمەی ئێستا کە شەڕی داعش و کۆنەپەرستی ئیسلامی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کرێکار و خەڵکی ئازادیخوازی ناچارکردوە کە بۆڕزگارکردنی ئینسانیەت لەدەست ئەم بەربەریزمە دەبێ چەکی ڕادیکال بۆ گۆڕینی ڕیشەیی لە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستەوە بگرێ.


دۆزینەوەی " ئەسپی تەروادە" لە سیستەمی فەرمانڕەوادا
لە سیستەمە فەرمانڕەواکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا ئیسلام وەک یاسا و دینی ڕەسمی دەوڵەت یاخود وەک بەرنامەی سیاسی و دەزگای ڕەسمی کۆڵەکەیەکی ڕاگرتنی ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆریانەیە .هەربۆیە بەدیلی ئیسلامی سیاسی زەمینەکانی جێگیربونی لەخودی ئەم سیستەمانەی ئێستادا بۆ فەراهەم کراوە و ئەمانە وەسیلەی ئیسلامی سیاسین بۆ هێزپەیداکردن و گەیشتن بەدەسەڵات.
لە هەرێمی کوردستانیشدالە بڕگەکانی دەسەڵاتی تەنفیزی و یاسایی و پەروەردەیی دەسەڵاتی ناسیونالیزمی کوردا دینی ئیسلام ڕەگی داکوتاوە . وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی فتوا و یەکێتی زانایانانی ئیسلامی وەک بەشێک لەدەسەڵات ڕیکخراوە. پەروەردەکردنی کادر و جەنگاوەری عەقیدەتی ئیسلامی لەڕێگای کۆلیژەکانی شەریعەتی ئیسلامی و خوێندنی دینی ئیسلام لەهەموو قۆناغەکانی خوێندنەوە لە بەرنامە و ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە.هاوکات ئیسلامی سیاسی خاوەنی چەند حزبی سیاسی و سەلەفیە ، کە بەشدارن لەدەسەڵات و لەلایەن دەسەڵاتەوە پشتیوانیان دەکرێ. ئەمانە هەموو کۆڵەکە و پایەی هێزپەیداکردنی زیاتری بەدیلی ئیسلامیەکانی کوردستانە. لە هەر ئاڵوگۆڕێکی ناوچەییدا ئەمانە دەبنە هێزی پشتی جەبهەی خەلافەتی ئیسلامی داعش و ئومێد دەبەخشنە پەلامارە عەسکەریەکانی داعش بۆسەرکوردستان ،هەرچۆن تا ڕوخانی بەعس ئەمانە پشتیوانی ئەلقاعیدە و زەرقاوی بون و خۆیان گروپی تیرۆریستی ئەنسار ئیسلام بوون.
سیاسەتی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی عەرەبیدا پشتیوانی کردنی ئەم دەسەڵاتەی ئیسلام بوە چ بە شێوەی هاوپەیمانی لەگەڵ سعودیە و شێخنشینەکانی کەنداو و چ بە پشتیوانی ئیسلامیەکان لە بەرامبەر دەسەڵاتە نەیارەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا یاخود لەبەرامبەر بلۆکی سۆڤیەتی جاراندا. لەم سەدەی بیست ویەکەشدا ئەمریکا و لیبرالیزمە نوییەکەشی سیاسەتی سازانی لەگەڵ ئیسلامی سیاسیدا گرتەبەر تا وەک بەشێک لە پێکهاتەی سیستەمی دەسەڵاتداری ناوچەکەدا جێگایان هەبێت . نمونەی دیموکراسیە شیعی و سونیەکەی عێراق و دانانی شەریعەتی ئیسلام وەک سەرچاوەیەکی دەستوری عێراق و سازان لەگەڵ ئیخوان موسلمین لەمیسر و لەسوریاش تادوێنێ پشتیوانی فاشیزمی ئیسلامی و ئێستاش پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی "میانەڕەو" دەکا. ئەم سیاسەتە کۆنەپەرستانەی ئەمریکا لەبەرامبەر ترسێک کە شەپۆلی شۆڕش و بەهاری عەرەبی بۆ گۆڕینی ئەم ناوچەیە هێنای درێژەی پێدەدرێ . هەرچەند کێشەی لەگەڵ داعش وئەم بەدیلی خەلافەتە ئیسلامیەدا ناجێگیریەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی دروست کردوە کە لەوانەیە ڕەقیبە جیهانی و ناوچەییەکانی ئەمریکا وەک ڕوسیا وئێران سودی لێوەرگرن و باڵانسی هێز لەم ناوچەیە لەدژی ئەمریکا بچەرخێ.
ئەم ڕاستیانەی سەرەوە نیشانی دەدا کە لە شەڕی بەدیلەکاندا بۆ سازدانەوەی نەخشەی سیاسی و سیستەمی دەسەڵاتدارێتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا هیچ ئامادەیی و ئیرادەیەک لەلای باڵە ناسیونالیستەکانی ناوچەکە و لیبرالیزمی ڕۆژئاواوە نیە بۆ چارەسەرکردنی ڕیشەیی و ڕادیکالی خەتەری بەدەسەڵات گەیشتنی بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامی لەهەموو ناوچەکەدا. بنبەستی دەسەڵاتە ناسیونالیست و عەسکەریەکانی ناوچەکە و سیستەمی نوێی جیهانی ئەمریکا لە دوودەیەی ڕابردودا دژی تیرۆریزمی ئیسلامی و بن بەستی هاوپەیمانی جیهانی دژی داعش لە ئێستادا ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ کە کۆتایی هێنان بەدەسەلاتی ڕەسمی و دەوڵەتی دین و ئیسلام و جیاکردنەوەی ئیسلام لە دەوڵەت لەبەرنامەی کاری بورژوازی ناوخۆ و جیهانیدا نەبوە ونیە.
ڕێگاچارەیەک کە دوو سەدە لەمەو پێش شۆڕشی فەرەنسا و بورژوازی ئەوروپا بە رامبەر بە دەسەڵاتی دوانەی کەنیسە و دیکتاتۆری پاشایەتی گرتیانەبەر و توانی کۆمەڵگە لەداوی دەق و یاسا مەسیحیەکان و پیرۆزیەکانی پاشا ودەرەبەگەکان ڕزگاربکا و گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و فکری دنیای کۆنی بەشێوەیەکی شۆڕشگێڕانە گۆڕی،بۆ سەرمایەداری سەدەی بیست ویەک بزوێنەر و بەدیلی سیاسی سیستەمی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەراست نیە. ئەمڕۆ بورژوازی ڕێگای گەشە و قازانجی سەرمایە لەم ناوچەیەدا لە ڕزگارکردنی مافە سیاسی و ئابوریەکانی تاکدا نابینێ و دەمیکە ئەم سیستەمە نیشانی داوە کە لیبرالیزمی ئابوری پیویستی بە لیبرالیزمی سیاسی و ئازادی نیە و سەرمایە دەتوانێ لەسایەی وەهابیزمی سعودیەدا گەشەبکا و هاوپەیمانی دیموکراسی ئەمریکاش بێت.
هەربۆیە ڕێگاچارەیەک بۆ ئەم هەلومەرجە چ لە کوردستان و چ لەناوچەکەدا کە توانای ئەوەی هەبێت ڕێگا لە سەرکەوتنی بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامی بگرێ هێزێکە لە چین و توێژە چەوساوەکان وشۆڕشگێڕەکانی خوارەوە دایە ،لەنێو کرێکاران و فەرمانبەران وکاسبکاران و خوێندکاران و ژنان و لەدەرەوەی سیستەم و دەسەڵاتی ئێستایە ،وە خوازیاری گۆڕینی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ئێستایە بە سیستەمێکی سکۆلار.
شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبی و هەستانی جەماوەری ١٧ شوباتی کوردستان خواست وتوانای جەماوەرێکی کرێکار و هەژار و گەنجانی ئازادیخواز و گروپ و ڕیکخراوە چەپەکانی نیشاندا کە خوازیاری ئاڵوگۆڕن لەم کۆمەڵگەیانە دا بەئاراستەی سیستەمێکی سیاسی کراوە و پێشکەوتو کە ماف و ئازادیەکان دابین بکا و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری ئابوری و ئەمنی بەدی بێنێ. ئەم شۆڕش و خەباتە جەماوەریە شکستی هێنا لە گەیشتن بەم ئامانجانەیدا . فاکتەرێکی ئەم شکستە نائامادەیی بوو لە ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ بەدیلی ئیسلامیدا کە ئامادەیە بۆ جێگرتنەوەی سیستەمە دیکتاتۆریە ناسیونالیستەکان. لە ئاکامدا ئیسلامی سیاسی لە میسر و تونس هاتنەسەرکار وە لیبیا و سوریایان کردە مەیدانی نیشاندانی ئاستی توندڕەویە بەربەریەکانیان . هەربۆیە خەبات بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئێستا بەبێ شەڕ لەگەڵ بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامیدا توشی هەمان شکستی بەهاری عەرەبی دەبێتەوە. بەم پێیەش خەبات بۆ گۆڕینی شۆڕشگێڕانەی ئەم هەلومەرجەی شەڕی داعش و فاشیزمی ئیسلامی هێناویەتە ئاراوە خەباتە بۆ گۆڕینی پایەکانی دەسەڵاتی ئیسلام و ئیسلامی سیاسی لە حکومەت و سیستەمی دەسەڵاتدارێتیدا و جیاکردنەوەی ئیسلامە لە دەوڵەت و حکومەت و پەروەردە وفێرکردن و یاساکان و دامودەزگا ڕەسمیەکانداو سکۆلاریزەکردنی سەرجەم پایەکانی دەسەڵات و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەیە.
زەمینە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی سکۆلاریزم لە کوردستان
لە ٢٠٠٣ەوە حزبە دەسەڵاتدارەکان لە بودجە وداهاتی نەوت وئیمکاناتی زۆروزەبەندی کوردستان بازاڕیکی ڕەشیان بۆ کەڵەکەی سەرمایەی بنەماڵە و بەرپرسەکانی دەسەڵات ڕێکخستوە کە بنەماکانی ئابوری دەوڵەتداری مۆدێرن نایانگرێتەوە و شێوازی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکانە بۆ چەند پڕۆژەی خزمەتگوزاری . ئەم شێوازە بەڕیوەبردنە ئابوریە میلیشییایی و مافیاییە کاریگەری لەسەر دەوری دەزگاکانی یاسادانان و دادوەری و تەنفیزی هەیە کە هیچ کام لە بنەما لیبرالیەکانی مافی مرۆڤ و دورخستنەوەی دەوری دین لە دەوڵەت و بەڕیوەبردندا نایەتەوە لەگەڵ ئەم شێوازە ئیداری و سیاسیەدا. ناسیونالیزمی کورد خۆی هاوبەشی بەها و ئایدیۆلۆژی کۆنەپارێزە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و مافی ژنان و نەتەوە و زمان و فەرهەنگەکانی تر.
چینی ناوەند و خوێندەواری کوردستان کە لە ژیر کاریگەری ناسیونالیزمدان لە ئاست ئیسلام وەک ئایدیۆلۆژیا و ڕای گشتی خۆپارێز و کۆنەپارێزە و دوورە لەهەر ڕەخنەیەکی ڕادیکاڵ و ئاشکرا لە ئیسلام و دەوری لەژیانی گشتی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا . لیبرالیزمی بورژوازی نە لەقاڵبی حزب و نە بزوتنەوەی کۆمەڵایەتیدا وجودی نیە .نوێنەرەکانی ئەم لیبرالیزمە لە ڕۆژنامەی "ئاوێنە"دا بەدیلی ئەم خەتەرەی سەلەفیەتی ئیسلام بە دایەلۆگ لەگەڵ حزبە ئیسلامیەکاندا دەبیننەوە کە ئەگەر پلۆرالیزم قبوڵ بکەن ئیتر کوردستان و ناوچەکە لە خەتەری داعش و خەلافەت و بەدیلی ئیسلامی ڕزگاری دەبێ.
بەشێک لە کرێکاران و توێژە هەژار و کەم دەرامەتەکان و گەنجانی ئەم چین و توێژانە لە سایەی فشاری باری ئابوری و بێکاری و گەندەڵی ئیدارە و دەسەڵاتی میلیشیاییدا کەوتونەتە ژێر کاریگەری دین و بەهۆی بێ ئومێدی لە گۆڕانی ڕیشەیی لەژیاندا ،ئەمڕۆ بونەتە زەخیرە و ئۆدیەنسی مەلا و بانگخوازە سەلەفی و حزبە ئیسلامیەکان و لە ئایندەدا دەبنە سوتەمەنی گروپە جیهادی و داعشەکانی ناوخۆ.
ئەمانە زەمینە و بنەماکانی مانەوەی خەتەری بەدیلی خەلافەتی ئیسلامی و داعشە لەسەر کوردستان و هەروەها خەتەری سود وەرگرتنی پارتیە لە پەرە دان بە سەلەفیزم و ئیسلام تا وەک بەشێک لە سەرخانی فکری و کۆنەپارێزی فکری بۆ سەپاندنی دەسەڵاتدارێتی بنەماڵەنشینی بەکاری بهێنێ لەچەشنی سیستەمی شێخنشینی و سوڵتانی. یاخود ئیسلامچێتی بزوتنەوەی گۆڕان و هاوسەنگەری لەگەڵ ئیسلامیەکاندا بۆ ڕاگرتنی پایەی جەماوەری بەشە دەسەڵاتەکەی. یاخود هێشتنەوەی ئیسلامە لە یاسا و حکومەتدا لەلایەن یەکێتیەوە بۆ دڵ ڕزی کردنی ئێران.
بەپێچەوانەی ناوێکی عەلمانی کە حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و حکومەتە ناسیونالیستە دیکتاتۆریەکانی وڵاتانی عەرەبی لەخۆیان ناوە ،هیچ کام لەم هێزانە سکۆلارنەبون و هیچ کات خوازیاری جیایی دین نەبون لە دەسەڵات و حکومەتەکانیان .ئەمانە هەمویان دین و ئیسلامیان وەک سەرچاوەیەکی پیرۆزکردنی دەسەڵاتی سەرکوتیان و پیرۆزکردنی پێشێلکردنی ماف و ئازادیەکان بەکاریان هێناوە. ئەم دێوە جادوگەرەی دین ئێستا کەوتۆتە دەستی ئیسلامیەکان . ئەم هێزانە ئێستا داوای مافی خاوەندارێتی ئەم دینە لە "عەلمانیە دەسەڵاتدارەکان" دەکەن و ئەم جادوە دینیە بەسەر خاوەکانی پێشویدا کودەتای کردوە و دەیەوێ خاوەنە ئیماندارەکانی بگەیەنێتە سەر تەختی دەسەڵات. پێشبڕكێیەک کە ئەم دەسەڵاتدارانە دەیکەن لەسەر وەرگرتنی خەڵاتی ئیسلام بوون و پەرە دەدەن بە گەشەپیدانی فکر و شەریعەتی ئیسلامی لە دامودەزگا و کاروباری دەوڵەتدا ،سیاسەتێکە کە خزمەت بە هێزکردنی نەیارە ئیسلامیەکانیان دەکەن و خەتەری ئەم کۆنەپەرستیە لە کۆمەڵگەدا زیاد دەکا بەڵام لەترسی ڕادیکال بونەوەی کۆمەڵگە ئامادەن بەناچاری ئەم تیرە لەقاچی خۆیان بدەن.
تایبەتمەندیەکی کوردستان ئەوەیە کە ئەم شەڕە لەگەڵ داعشدا زەمینەی ڕادیکال بونەوەی خواستی بەرەنگاربونەوەی ئیسلامی سیاسی هێناوەتە ئاراوە و لەم شەڕەدا کوردستان لە چوارچێوەی شەڕی سونە و شیعەدا نیە. هەرچەند بەرژەوەندی سیاسی یەکێتی وپارتی چارەنوسی کردۆتە بەشێک لەم شەڕەی تایفی و مەزهەبیەی لایەنەکانی دەسەڵاتی شیعە و سونە لەعێراقدا لەئارادایە و لەپاڵ ڕێگادان بەستێوەردانی جمهوری ئیسلامی ئێران و تورکیا و کەوتنەدوای سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراقدا .

شەڕ دژی داعش ڕێگای بۆ خەباتی جەماوەری بۆ کۆتایی هێنان بەم سیاسەتانەی دەسەڵات کردوە و بزوتنەوەی سکۆلاریزم لە نێودڵی خەباتێکی سیاسی و چەکداری دژی داعش و بەدیلە ئیسلامیەکەی دەچێتە پێشەوە. کاتێک لەبەرەکانی شەڕ و لەخۆپیشاندانی ناوشارەکاندا ئاڵای دەوڵەتی ئیسلامی دەسوتێنن زەمینە لەباردەکا بۆ پێشڕەوی دژی داعشە نوستوی نێو یاسا و دەزگای حکومەت و نێو پەرلەمان و ناوشارەکان. ئەم شەڕەی دژی داعش ناکۆکی خستۆتە نێوڕیزەکانی دەسەڵاتەوە لەسەر هەڵوێستگرتن لەسەر ئەم داعشە ناوخۆیانە. ناڕەزایەتی لەنێو خەڵکی ئازادیخواز و ئەو چین و توێژانەدا کە نایانەوێ کوردستان تەسلیمی بەدیلی ئیسلامی بکرێ سەری هەڵداوە . سەرکەوتنی ژنان و پیاوانی کۆبانی بەسەر داعشدا و دەرکردنی یاسای یەکسانی لە کانتۆنی جزیرە ورە و ئیرادەی لای خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان زیادکردوە کە دەنگ بەرامبەر ئیسلام و نوێنەرە سیاسیەکانی ،کۆمەڵ ویەکگرتو وسەلەفیەکان ،بەرزکاتەوە و فشاریان لەسەر دانێ و پاشەکشەیان پێ بکرێ لە فەزای گشتیدا.ئەم واقعیەتە وای کردوە کە خەڵکی کوردستان پێویستیان بەگەڕان بەدوای بەدیلێکدا بێ لەدەرەوەی دەسەڵات بۆ بچڕاندنی ئەم وێڵاشە ئیسلامیەی کە هەر ڕۆژەی هەواڵی پەیوەست بونی مەلایەکی وەزارەتی ئەوقاف یان پەیامی پشتیوانی سەرکردەیەکی ئیسلامی وەک دڵشاد گەرمیانی و مەلا کرێکار بە داعش دەدەن.
ئەمڕۆ سکۆلاریزم ، واتە جیاکردنەوەی ئیسلام لە دەسەڵات و یاسا و بەڕیوەبردن و پەروەردە ڕێگا چارە و هەنگاوێکی فەوریە لە بەرامبەر ئەم هەلومەرجەدا. سکۆلاریزم ئەمڕۆ خواستێکی سیاسیە کە بەردەگرێ بە خەتەری بەدەسەڵات گەیشتنی بەدیلی ئیسلامی و خەتەری گەشتنی دەسەڵاتی داعش بە کوردستان . ئەگەر خەتەری داعش تەنیا وەک هێزێکی عەسکەری دڕندە نەبینین و بزانین کە ئیسلامی سیاسی و هەڵوێستە نەرم و شەرمنۆکەکانی یەکگرتو و کۆمەڵ و هەڵوێستی ئاشکرای پشتیوانی سەرکردە و گروپە جیهادیەکانی نێو ئەم بزوتنەوە ئیسلامی و سەلەفیە ستراتیژی بەدەسەڵات گەیشتنی خۆیان لە سەرکەوتنی داعش و ئەلقاعیدە و بۆکۆحەرام و بەرەی نوسرەدا دەبیننەوە و هەر مانەوەیەکی کوردستان لە سایەی پشتیوانی یاسا ئیسلامیەکان و وەزارەتە ئیسلامی ئەوقاف و لیژنەی فەتوا و هەڵوێست نەنواندن بەرامبەر پشتیوانانی داعش لە کوردستان جەبهەی شەڕەکانی داعش گەرمتردەکا.
نمونەیەکی ئەم خەباتە سکۆلاریستیە لە ناوچەکەدا ئەمڕۆ لەتونسدا دەبینین. هەرچەند بەهاری عەرەبی ئیخوانەکانی هێنایە سەر دەسەڵات بەڵام بونی بزوتنەوەیەکی سکۆلاریستی کە خۆی لە چەندین حزبی چەپ و یەکێتی کرێکاری و لیبرالەکاندا دەبینێتەوە توانیان پاشەکشە بە ئیسلامی سیاسی بکەن کە هەم لە دەسەڵاتدا ڕێژەی کورسی و دەنگەکانی بهێننە خوارەوە و هەم لە دەستوردا ئیسلام وەک سەرچاوەی یاسادانان لابەرن. ئەم بزوتنەوە سکۆلاریستە لە کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بەم جۆرە هەنگاوانەیە کە وەک بزوتنەوەیەکی جەماوەری و سیاسی خۆی ڕیک بخا و فشاری لەسەر دەسەلات و دەستور و سیستەم دابنێ بۆ دورخستنەوەی ئیسلام لەم پایانەی دەسەڵات و ئیسلامی سیاسی لە کوردستان ناچار بە پاشەکشەیەک بکا وەک ئیخوانەکانی تونس خەونی سەپاندنی دەوڵەتی ئیسلامیان شکست پێ بێنێ.
هەربۆیە ڕێگاچارەی سکۆلاریزم تەنیا ڕاگەیاندنێک نیە بەرامبەر بەدەسەڵات و ئیسلامیەکان، بەڵکو بزوتنەوەیەکی جەماوەری و شۆڕشگێڕانەیە کە خوازیاری ئاڵوگۆڕە لە سیستەمی سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایەتی کوردستاندا. سکۆلاریزم بریتیە لە فشاردانان لە سەر دەسەڵاتی هەرێم بۆ گۆڕینی یاسای فرەژنی بەیاسای یەکسانی ژن وپیاو و بە لابردنی ئیسلام وەک سەرچاوە بۆ یاسا و دەستوری پێشنیارکراو. بریتیە لە گۆڕینی وانەی خوێندنی ئاینی ئیسلام بە خوێندنی مێژووی دینەکان و لابردنی کۆلیژەکانی شەریعەتی ئیسلامی.هەنگاونانە بۆلابردنی لیژنەی فەتوا و هەڵوەشانەوەی وەزارەتی ئەوقاف. قەدەغەکردنی سەرفکردنی بودجەی حکومەتە بۆ هیچ لایەن و کارێکی دینی . لێپرسینەوە وسزادانی هەر بانگخواز و هەڵسوڕاوێکی ئیسلامیە بۆ بانگەشەی دژی مافەکانی مرۆڤ و بڵاوکردنەوەی ڕق و دەمارگیری و کاری توندوتیژی.بەکورتی کردنی ئیسلام ودینە بەکاری شەخسی ئینسانەکان و جیاکردنەوەیەتی لە دامودەزگای حکومی و ڕەسمی. بەڕەسمی ناسینی ئازادی ڕادەربڕین،ئازادی ڕەخنەگرتن ،ئازادی ویژدان و مافی بێ دینی و لابردنی ناونیشانی دینی ڕەسمی لەسەر هەر بەڵگەنامەیەکی ڕەسمی و حکومیدا و دەرکردنی یاسای یەکسانی ژن و پیاو.ئەمانە وشک کردنی جۆگە یاسایی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی دەمارگیری دینی و توندوتیژی ئاینین و ڕێگاگرتن لە ئیسلامی سیاسیە بۆ بەکارهینانی دین وەک دامودەزگا و وەسیلەیەکی ڕێگاپیدراوی ڕەسمی بۆ کۆکردنەوەی هێز لەپێناو سەپاندنی بەدیلی دەوڵەتی ئیسلامیدا.
بەرەی چەپی کۆمەڵگەی کوردستان کە خۆی لە کۆمۆنیست و ئازادیخواز و سکۆلاریست و کرێکاران و چینە کەم دەرامەتەکان و ڕۆشنبیرانی ناڕازیدا دەبینیتەوە دەتوانن ئەم بەرە سکۆلارە پێک بێنن و بیکەنە بزوتنەوەیەکی جەماوەری و سیاسی کە ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی ئیستادا پێک بێنێ و دەزگا سیاسی و یاسایەکان و ڕای گشتی سکۆلاربکا. زەمینەکانی گەشەی ئابوری و بەدیهاتنی مافە سیاسی و مەدەنیەکان و ئازادیەکان پەیوەستن بە توانا و هێزی ئەم بزوتنەوە سکۆلارەوە کە کوردستان لەدڵی بەدیلی ڕەشی ئیسلامەوە بگوێزێتەوە بۆ کۆمەڵگەیەک کە ئیسلام و دینی لە دەسەڵاتی وێرانکاری دورخستبێتەوە. نمونەی سەرکەوتنی حزبی سیریزای یۆنانی لە خەباتی جەماوەری و سیاسی چەپی ڕادیکال و گرتنەدەستی دەسەڵات ئەو ڕاستیە نیشان دەدا کە لە ئەزمەی بەدیلە کۆنەپەرستەکانی بەرەی ڕاستی بورژوازی کۆمەڵگەدا ،ئەمڕۆ چەپێکی شۆڕشگێڕ دەتوانێ ببێتە بەدیلی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و دورخستنەوەی کۆمەڵگە لە خەتەری تەسلیم بون بە دەوڵەتی ئیسلامی و تێکشکانی پایەکانی هێزپەیداکردنی بەدیلی ئیسلامی لە کوردستان لەڕێگای سکۆلاریزەکردنی دەسەڵات و دەزگاکانی بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەوە. شەڕیک کە ئێستا دەوڵەتی ئیسلامی لەگەڵ خەڵکی کوردستان و ناوچەکەدا دەیکا دەبێ وەڵامەکەی ڕێگاچارەی سکۆلاریزم بێت تا سەرکەوتن بەسەر ئەم بەدیلە دینیەدا مسۆگەربکرێ. سوتاندنی ئاڵای داعش دەبێ بەرەو لابردنی هەموو ئەو یاسایانەی داعش بچێ کە لە یاسا و دادگا و خوێندن و دەزگا حکومیەکاندا کاریان پێ دەکرێ. ئەمە سەرکەوتنی سکۆلاریزمە لە شەڕی بەدیلەکاندا. کۆبانی و جزیرە نیشانەکانی ئەم پۆتانسێل و هێزە لە کوردستان و ناوچەکەدا نیشان دەدا کە کاتێک جەماوەری ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و سکۆلار لە کۆنەپەرستی ئیسلامی ڕادەپەڕن نەک هەر لە ڕوی سەربازیەوە ئەم بەدیلە ئیسلامیە دەتوانن بشکێنن بەڵکو گۆڕانکاری لە بەها و بیروباوەڕەکانی خۆشیاندا دروست دەکەن و یاسای فرەژنی و کوشتنی نائیسلامیەکان لەگەڵ داعش و داعشیەکاندا لە پەرلەمان و کۆڵان و بازاڕوخوێندنگە و شوێنەگشتیەکاندا وەک ڕەمزی کۆیلایەتی و بەربەریەت فڕێدەدەن و یاسای مافەکانی جیهانیەکانی ئازادی و یەکسانی مرۆڤ دەکەنە ڕێنمایی ژیانی سیاسی وکۆمەڵایەتیان. ئەم پرسیارە مێژووییە دەبێ نەوەی ئەمڕۆ وەڵامی بداتەوە یا سکۆلاریزم و ئینسانیەت یا بەدیلی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و بەربەریەت.
‏2015‏/02‏/15

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە